لە شاری کەرکوک بە ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ڕۆشنبیری عێراق، سێیەمین خولی شانۆی کەرکوک دەستی بەکارەکانی کرد.
لە ڤیستیڤاڵەکەدا وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا تیشکی خستە سەر پێگە و گرنگی شاری کەرکوک و بزاوتە ڕۆشنبیری و هونەرییەکەی.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەبوونی قەیرانی دارایی، لەڕابردوودا گرنگیی بە چالاکییە ڕۆشنبیری و هونەرییەکان لەکەرکوک داوە و بەردەوامیش دەبێت لە خزمەتی زیاتری کەرکوک و کەرکوکییەکان.
حەمەی حەمەسەعید داواشی لە هونەرمەندان و گرووپ و دەزگا هونەرییەکان کرد کە هەوڵبدەن پێکەوە و دوور لە بۆچونی حزبی و ئایینی و نەتەوەیی، خزمەت بە بواری ڕۆشنبیریی و هونەری و فەرهەنگی کەرکوک بدەن.
ڤیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک کە ئەمساڵ خولی سێیەمیەتی و لەژێر چاودێری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەسەرپەرشتی بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری کەرکوک و بەهاوکاری دەزگای ڤیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک و گروپی شانۆی هاوار ئەنجامدەدرێت، ماوەی هەفتەیەک دەخایەنێت و بەرهەمی شانۆکاران پێشکەش دەکرێت.
ئا- كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.