كچە یاریزانی ئەمەریكی جێسیكا پێگولا نازناوی پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی ماستەرزی گوادالاخارای مەكسیكی لە یاری تێنسی سەرزەوی لە ئاستی خانمان بەدەستهێنا.
لە یاری كۆتایی پاڵەوانێتیەكەدا پێگولا بە دوو كۆمەڵەی بێ بەرامبەر لە ماریا ساكاری یۆنانی بردەوە، یاریەكە یەك كاتژمێرو یازدە خولەكی خایاند، سەرەتا پێگولا كۆمەڵەی یەكەمی بە ئەنجامی شەش دوو بە سوودی خۆی تەواوكرد، لە كۆمەڵەی دووەمیش كچە تێنسزانە ئەمەریكیەكە بە هەمان شێوە توانایەكی بەرزی پێشكەشكردو ئەم كۆمەڵەیەشی بە ئەنجامی شەش سێ بردەوەو نازناوی پاڵەوانێتیەكەی مسۆگەركرد.
بە بردنەوەی نازناوی ئەم پاڵەوانێتیە پێگولای تەمەن بیستوهەشت ساڵ دووەم نازناوی لە كاروانی پیشەگەری خۆی و یەكەم نازناوی لە پاڵەوانێتیەكانی ماستەرز بەدەستهێناو لە پلەی پێنجەمەوە سەركەوت بۆ پلەی سێیەمی ڕیزبەندی هەفتانەی كچە تێنسزانانی پیشەگەری جیهان، جێگای باسە ئەم پاڵەوانێتیە یەكەم پاڵەوانێتی ماستەرزە كە لە یەكێك لە وڵاتانی ئەمەریكای لاتین بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.