Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 03:15

عەلای سەلاحیان .. دەنگێكی بەسۆز و دڵنشینی شاری سنە ...!

کوردستان TV
100%

بۆ بەسەركردنەوە و هەڵدانەوەی لاپەڕە جوان و شیرینەكانی هونەرمەندانی نەتەوەكەمان بەتایبەت ، بواری مۆسیقا و گۆرانی ، ئەمجارەش هەوار دەبەینەوە ناوچە بەرین و فراوان و دەوڵەمەندەكەی ئەردەڵان و لەبناری كێوی ئاویەرەوە لەجوانی و دڵڕفێنی پایتەختەكەی میرنشینی ئەردەڵان شاری ( سنە) و كوچكەڕەش و شیشەڕسێ و گووژە و قەرەوڵ دەڕوانین، دەنگی مەلان  و چریكە و سەدای سەی ئەسكەر شنەی شەماڵ لەسەڵوەتاواوە دەیهێنێ و دڵ و ڕۆح ئارام دەكاتەوە، هەروەك چۆن مامۆستا هێمن لە هۆنراوەی ( بەهاری ئاڵ) دا فەرموویەتی:
( لەمێژە ئاواتی منە ، ببینم وڵاتی سنە
زێدی كۆن و ڕەسەنی كورد، بەدرێژایی تەمەنی كورد) 
كەواتە  سنە ئەوشارە گەورەو گرنگ و مێژووییەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە ، كەبەشاری  ڕۆشنبیر و ئەدەب وهونەر ناسراوە، لانكەی دەیان تێكۆشەر ، نووسەر ، شاعیر ، هونەرمەند بەهەموو بەشەكانییەوە خۆی ناساندووە، خزمەت و بەرهەم و تێكۆشانی ڕۆڵەكانی  وەك تیشكی خۆر ڕەنگدانەوەی بۆ هەموو كوردستان بووە.
باسەكەمان تەرخانە بۆ ناساندن و هەڵدانەوەی لاپەڕە جوانەكانی ژیانی هونەرمەندێكی دەنگخۆش و دەنگ زوڵاڵ و خەمڕەوێن و ئارام بەخش  كەدەڕژێتە گوێی بیسەری گۆرانیەكانی ، ئەویش هونەرمەندی خۆشخوان و چێژبەخش بەڕۆحی گوێگر هونەرمەند ( عەلای سەلاحیان) ە.
بەرلەوەی ڕۆبچینە نێو دنیای تایبەتی و ژیانی هونەری هونەرمەند عەلای سەلاحیان، مەبەستمە ئاماژە بەو ژینگە پاك و جوانەی شاری سنە و دەوروبەری بدەم كە لەبواری مۆسیقا و گۆرانیەوە فرە دەوڵەمەندە، بەدەیان هونەرمەندی ژەنیار و گۆرانیبێژی بەتوانا و سەركەوتووی تێدا هەڵكەوتووە، كەلەمێژووی مۆسیقا و گۆرانی كوردیدا، بە دەست و پەنجەی ژەنینی پڕ هونەرییان و دەنگی خۆش وهونەری بەرزیان ناو  و ناوبانگی خۆیان و شارەكەیان نەخشاندووەو بۆهەمیشە جێی ستایش و ڕێزگرتنن، ئەگەر مەبەستمان بێت ناوی یەك بەیەك لەو هونەرمەندە مۆسیقی و خۆشخوانە گەورانەی هەردوو ڕەگەزی ئەو ناوچەو شاره مێژووییە لێوان لێوە لەهونەری ڕەسەن‌ بنووسین، بێگومان بەیەك دوو پەرەگراف ناویان كۆتایی نایەت و ، ئەوكاتە دەكەومە‌ بەرڕەخنه تیر و توانج،‌ ئەگەر ناوی یەكێكم لەیادكردبێت، بەڵام دەڵێم سوپاس  و ستایش بۆ دەست و پەنجەی گەوهەری ئاواز ژەنین تان و گەرووی ڕەسەنی كوردانەی هەرهەمووتان خۆش بێت، بۆئەو هەموو تێكۆشان و خزمەتەی پێشكەشی نەتەوەی كوردتان كردووە، خەرمان بەرەكەت و شاری سنە هەمیشە ئاوەدان و بەردەوام بێت كاروانی پیرۆزی هونەری لەوشارە.
هونەرمەند عەلای سەلاحیان ، زادەی ئەو ژینگە جوانەی شاری سنەیە و لەوشارەدا گەورە بووە و چرۆی هەستی هونەریی تێیدا پەروەردەوگەشەی كردووە.
  هونەرمەند عەلا سەلاحیان لەیەكێك لەگەڕەكە كۆنەكانی شاری سنە بەناوی ( چوارباخ)  لەرێكەوتی ( 26/2/1953) چاوی بە ژیان هەڵهێناوە، هونەرمەند تەنها خاوەنی (3) خوشك بووە ( ڕۆحیان شادو یادیان بەخێر و ئازیزانیان سەلامەت بن) هیچیان لەژیاندا نەماون..!
هونەرمەند وەك هەرمنداڵێكی ئاسایی خراوەتە بەرخوێندن لە قوتابخانەی ( شەكیبا)، لەتەمەنی منداڵییەوە عاشق و هۆگری گۆرانی و مۆسیقا بووە و ، ڕۆژ بەرۆژ گوێی و هەست و نەستی  بەئاوازی گەڕیان و میلۆدییە خۆشەكانی دەڤەرەكەیی و دەنگی بەسۆزیی هونەرمەندان ( سەیدعەلی ئەسغەری كوردستانی  1882_1937 )،( عەلای باباشەهابی 1939_2014  ) و گۆرانیبێژە كۆنەكانی شاری سنە) گۆش كراوە ‌ ‌،  هونەرمەند  لەقۆناغی سەرەتایی خوێندنیدا لەنێو هاوڕێ و هاوپۆلەكانی قوتابخانەی هەست بەتوانای چڕینی گۆرانی و دەنگخۆشیی كراوە ، لەتەمەنی (6) ساڵیدا بۆیەكەم جار بەشداری لە ئاهەنگی  قوتابخانەكەیدا كردووە و گۆرانی خوێندووە، ( یەكەم كاری هونەریم لەتەمەنی شەش ساڵیدا لەجێژنی خانەو مەدرەسە لەقوتابخانەی شەكیبا بوو) (1).
ئەم دەركەوتن و نواندنی چالاكییە هونەرییە لەڕێی قوتابخانەكەیەوە دەروازەیەكی ڕۆشن و فراوان دەبێت بۆ هەنگاونان بۆنێو دنیای هونەری ئاوازو  گۆرانی،لەلایەن مامۆستا و هاوڕێكانی و خانەوادەكەیەوە زیاتر پشتگیری  و تەشویق دەكرێت.
یەكێك لەو مامۆستا و هونەرپەروەر و دەنگناسانەی لەوسەردەمەی شاری سنەدا دڵسۆزانە وەك مامۆستایەك كاری هونەری كردووە هونەرمەند ( گریشا میكائیل زادە 1929_6/4/1999)بووە ، بۆتە ڕێنیشاندەر و یارمەتیدەر و هاوكار بۆ هونەرمەند عەلای سەلاحیان و ڕۆژ بەڕۆژ گەشەی زیاتر دەكات و تا لەقۆناغی ( دەبیرستان _ ناوەندی)  بەدەنگ و هونەرەكەی خۆی بە جەماوەر ئاشنا دەكات ، لەچالاكییە هونەرییەكاندا ڕۆڵێكی گرنگ دەبینێ ( لەدەورانی دەبیرستان دا چەند جار لەلایەن ئوموری تەربیەتی ئامۆزش پەرۆشەوە واتە ( كاروباری ڕاهێنانی پەروەردەو فێركردنەوە) عەلای سەلاحیان ناردووە بۆ ئۆردوی ڕامسەر، لەوێ چەندین بەرنامەی هونەری ئەنجامداوە) (2).
یەكێك لەو كارو چالاكییە هونەرییانەی كەلەڕامسەر بەدەنگە ناسك و خۆشەكەی سەرنجی ئامادەبووانی ڕاكێشاوە لەساڵی (1351 ی هەتاوی بەرامبەر 1972ی زاینی) بەهاوكاری دەست و پەنجەی هونەرمەندان  ( گریشا میكائیل زادە _ڤیۆلۆن ، سیروس نیرومەند_ ڤیۆلۆن ، ئیقبال دیهزەنی _ زەڕب) .
دوای ئەو چالاكییە هونەرییانە هونەرمەند لەشاری سنە و ڕامسەر ئەنجامی دا، گرنگی زیاتر دەدا بە گۆرانی فۆلكلۆر لەبەرئەوەی كە ئەو گۆرانیانە لەناو قوڵایی فەرهەنگ و كەلتووری نەتەوەكەمانەوە سەرچاوەی گرتووە و هیچ كات ڕەسەنایەتی خۆیان لەدەست نەداوە ، لەم گۆرانییە فۆلكلۆرییانەی شاری سنە و دەوروبەری كەڵك وەردەگرێ و پاشخانی هونەری خۆی پێ دەوڵەمەند دەكات،لەلایەكی دیكەوە  دەكەوێتە ژێركاریگەری دەنگی بەسۆزو زوڵاڵی هونەرمەندان ( مەزهەری خالقی ، جەلیلی عەندەلیبی ، ئیسماعیلی سابوور)  و ئەویش بەعەشق و ئەوینێكی زۆرەوە دەنگی لەپاڵ  پانتایی گوڵزاری ئەو دەنگە بەسۆزانەدا دەبینێتەوەو گەشە بەدەنگ و هونەرەكەی دەدات.
هونەرمەند لەتەمەنی (17) ساڵیدا ڕوودەكاتە  فەرهەنگ و هونەری شاری سنە و ماوەیەك لەوێ دا كاردەكات،ئەوەش دەبێتە دەرفەتێك كەلەلایەن ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی سنەوە بانگهێشت بكرێت و گۆرانی بۆتۆماربكەن، 
هونەرمەند عەلای سەلاحیان لەتەمەنی (18) ساڵیدا واتە (1971) لەڕادیۆ و تەلەفزیۆنی سنە گۆرانییەك بەناوی ( غەریب) لەهۆنراوەی هونەرمەند ( عەباس كەمەندی 1952_2014)  و ئاواز و دابەشكردنی مۆسیقا هونەرمەند گریشا میكائیل زادە تۆماردەكات ، لەو تەمەنەوە هونەرمەند دەبێتە گۆرانیبێژی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن ،بەردەوامی دەدات بەكارو تێكۆشانە هونەرییەكانی لەو ماوەیە ‌لەڕادیۆ و تەلەفزیۆنی سنە بەهاوكاری  هونەرمەند گریشا میكائیل زادەو  هونەرمەندانی ئۆركێستری ڕادیۆ و تەلەفزیۆن ، عەلای سەلاحیانی دەنگ بەسۆز  (15) گۆرانی تۆماردەكات ، جیالەبەشداریكردنی لە بەرنامەی هونەری تەلەفزیۆن و كۆنسێرت .
 هونەرمەند عەلا سەلاحیان لەگەڵ هەنگاونانی لەڕێگا  پیرۆزەكەی هونەردا ، خوێندنی فەرامۆش نەكردووە و بەردەوام بووە تا بڕوانامەی ( فەوق‌ دیپلۆمی بانكداری _ پەیمانگا) بەدەست دێنێت، وەك فەرمانبەرێكی میری دادەمەزرێت و دەبێتە بەڕێوەبەری بانكی میللی بانە،
بەهۆی نائارامیی دۆخی ئێران و هونەرمەند تێكەڵاوبوون بەكاری سیاسیەوە،  ڕژێمی ئێران بەڵێن نامەی پێ پڕدەكاتەوە ‌، كە چیتر نەكاری هونەری  و سیاسی نەكات ، لەو دۆخە دژوارەدا ئەم بولبولە خۆشخوانەچرینی ئاوازو گۆرانی لێ قەدەغە دەكەن ، ئەوەش لەباری ڕۆحییەوە كاردانەوەی نائومێدی لەسەر ژیانی هونەری هونەرمەند عەلای سەلاحیان دادەنێ، ڕژێم نایەڵێت كە بەئاسوودەیی لەزێدو نیشتمانەكەی دا بچریكێنێ و ئاوازی خۆش بكاتە باڵای هۆنراوەی شاعیران و بەرهەمی نوێتر بخاتە سەرخەرمانی هونەری خۆی، هونەرمەند عەلای سەلاحیان  ناچار دەبێت وڵات بەجێ بێلێت و ڕووبكاتە هەندەران.
لەدوای دەربازكردنی ژیانی و یەكەم وێستگەی گەیشتنی بۆ‌ئەوروپا لە رێكەوتی ( 30/6/1988) لەوڵاتی (نەمسا) دەگیرسێتەوە.
كاتێك دەنگۆی گەیشتنی هونەرمەند بە هەندەران ، لەلایەن دۆستان و ئازیزان و هاوشارییەكانیەوە، وێڕای خۆشحاڵیان داوا لە هونەرمەند دەكەن كە سەرلەنوێ ئەسپی خۆی تاو بداتەوەو  بەردەوام  و درێژەپێدەری كاروانە هونەرییەكەی بێت ، لەشاری سنە هاوكار و پشتیوانی  هونەرمەند ( گریشا میكائیل زادە) و لەوڵاتی نەمساش هونەرمەند ( ڕزگار خۆشناو) دەبێت.
لەپێناو بەرزی هونەری مۆسیقا و گۆرانی نەتەوەكەی هونەرمەند لەهەندەران بەگیان و بەدڵ و باوەڕبەخۆبوونەوە دەست بەكاری هونەری دەكاتەوە، وەك سەرەتایەك بۆ درێژەپێدانەوەی هونەرەكەی ، عەلای سەلاحیان لەگەڵ هونەرمەند ڕزگار خۆشناو(8) گۆرانی تۆماردەكات ، واتە ئەلبومێك بەناوی ( من و ساقی)  بڵاودەكاتەوە.
لەدوای ئەو بەرهەمە هونەرمەند لەهەندەران بەشداری لەبۆنە نەتەوەیی و نیشتمانی و ئاهەنگ و یادەكان لە تەواوی ئەوروپا و ئەمریكادا دەكات ،
هەروەها لەچەندین بەرنامەی هونەری لەكەناڵەكانی 
( مەد تیڤی ، میدیا تیڤی ، نەورۆز و Sterk و كوردسات و ڕۆژ تیڤی) بەهاوكاری هونەرمەندانی ژەنیار لەوبەرنامە هونەرییانەدا چەند گۆرانییەكی بەهەستی جوان و دەنگە خۆشەكەی پێشكەشی بینەران كردووە.
هونەرمەند عەلای سەلاحیان ، شارەزایی لەچڕینی مەقامەكانیشدا هەیە ، چونكە باوەڕی وایە كە دەبێت هونەرمەندی گۆرانیبێژ گەرەكی بێت سەركەوتوو بێت ، پێویستە شارەزایی لە ناسین و چرینی مەقامدا هەبێت، چونكە زۆر گرنگە بۆ هونەرمەندی گۆرانیبێژ ، هونەرمەند جیالەوەی كەگۆرانی فۆلكلۆر و گۆرانی هونەرمەندانی وەك مەزهەری خالقی و ئیسماعیل سابووریی و عەلای بابا‌شەهابی و هونەرمەندانی دیكەی بەشێوازو ئەدای چڕینی خۆی دووبارە كردۆتەوە، بەڵام لایەنی ئاوازدانانی بۆ بەرهەمەكانی خۆی فەرامۆش نەكردووە و لەوبوارەشدا كاری كردووە، لایەنێكی دیكەی ژیانی هونەری هونەرمەند شارەزایی لەژەنینی ئامێرەكانی مۆسیقادا هەیە وەك( سێ تار ، دەف ، كیبۆرد  و عوود) .
لەسەرەتای دەستپێكی كاری هونەرییەوە  هونەرمەند كێوماڵی بەنێو  دیوانی شاعیرانی گەلەكەماندا كردووەو  ، سوودی لەهۆنراوەی ئەم شاعیرانە وەرگرتووەو خوێندوویەتی  وەك ( حەریق ، عەباس كەمەندی ، هێمن ، مەولەوی ، ناسر ڕەوشەن و ڕزگار خۆشناو  و ...تاد).
 هونەرمەند لەباری كۆمەڵایەتیەوە خێزاندارە ، لەساڵی (1979) هاوسەرگیری كردووە و خاوەنی (3) جگەرگۆشەیە.دوای نیشتەجێ بوونی ماوەی (16) ساڵ لەوڵاتی نەمسا ، لەساڵی (2004) ڕوودەكاتە وڵاتی ( ئەڵمانیا ) و لەشاری ( فرانكفۆرت) ، ئێستا لەوڵاتە خۆیی و هەستە جوان و دەنگە ناسكەكەی لەتەك ئامێرە مۆسیقییە خۆشەویستەكانیدابەتەنیا دەژی.
گەڕانم بەدوای زانیاری دەربارەی هونەرمەند عەلای سەلاحیان ، لەژێر یەكێك لەگۆرانییەناوازەكانیدا لە ( یوتوب) خوێندنەوەیەكی زۆر جوان و شیاوم هاتە بەردییە ، ئەویش هەڵقوڵاوی هەست و سۆزی هونەرمەندێكی دەست ڕەنگینی شاری سنە ( سابیر مەحمودی) بەرامبەر عەلای سەلاحیان نوسیبووی ، لەبەر ناسكی وشەكان و دەربڕینە جوانەكەی بەپێویستم زانی كە بابەتەكەمی پێ دەوڵەمەندبكەم ( مامستا عەلا سەلاحیان ، دەنگێكی ڕەسەن و سەركەوتوویان هەیە و یەكێ لەدەنگخۆشانی بلیمەتی شاری سنەن و جێی شانازیی و سەربەرزیی نیشتمانە، جیالەوە هونەرمەندێكی بەڕەوشت و دەنگ خۆشی دیار و بەرچاون، بەرهەمەكانیی نیشاندەری شارەزایی شیاو و بەرزو بەرچاون لەبواری زانستی عیلمی مۆسیقاشدا،كارو تێكۆشانی و ماندوویی نەناسانەی بەڕێزیان لەڕێی بووژانەوەی گۆرانییە ڕەسەنە كوردییەكان دا ، كتێبخانەیەكی دەوڵەمەندی نیشتمانن).
 كۆی بەرهەمە هونەرییەكانی هونەرمەند (37) گۆرانییە ، بەداخەوە پەرش بڵاون و ماوەیەك لەكاری هونەری دابڕاوە بەهۆی ئەوەی كەڕێگری لێكراوە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ، تا لەئەوروپا دەستی بەكاری هونەری كردۆتەوە، (27) گۆرانی بۆتۆماركراوە ، (11) گۆرانی لەشاری سنە و (16) گۆرانییەكەی دیكەی لەئەوروپا،
هونەرمەند لەماوەی تەمەنی هونەریدا لەگەڵ زۆر لەهونەرمەندانی ژەنیاری بەئەزموون و بەتوانا كارە هونەرییەكانی ئەنجامداوە ، هەردەم بەوپەڕی ڕێزو حورمەتەوە لە هاوكاری و پشتیوانی و دەست و پەنجە زێرینەكانی هونەرمەندانی ژەنیاری ڕوانیوەو لە ژەنینی مۆسیقا و ئامادەو دابەشكردنی  گۆرانییەكانی  و سوپاسگوزارییانە بۆئەو هەموو سۆزە بەرامبەر بەسەرخستن و تۆماركردنی گۆرانیەكانی لە شاری سنە و تەواوی ئەوروپا و شاری سلێمانی ، هونەرمەندانی  وەك ( گریشا میكائیل زادە ، سیروس نیرومەند ، ئیقبالی دیهزەنی ، حوسەین یوسف زەمانی ، فەلسەفی ، جەمشید عەندەلیبی ، عەباس نیرومەند، كەمالەدین فەرهەنگ، مەسعود فەرەیدونی ، حوسێن شەریفی  ، خەلیل چاڵە چالە ، ڕزگار خۆشناو  ، زانا مەحمود هەژار ، ئاكۆ عەزیز ، فاروق باپیر ، سەلاح عەزیز ، شازاد ، عادل محەمەد كەریم ، نیاز حەمەعەزیز، خەلیل عەبدوڵڵا نەیژەن، عومەر عەبدوڵڵا و.....تاد ) .
 هونەرمەند عەلای سەلاحیان لەكەناڵی ئاسمانی كوردسات بەشداری پرۆگرامێكی هونەری كردو چەند گۆرانییەكی پڕ چێژی بەگەروە شیرین و ناسكەكەی پێشكەش كرد ، یەكێك لەو هونەرمەندە ژەنیارانەی ، وەك ژەنیاری ( نەی) لەپشتی كارە هونەرییەكانی هونەرمەند عەلای سەلاحیان ، هونەرمەند ( خەلیل عەبدوڵڵا ) كەبە ( خەلیلی نەی ) ناسراوە ، پێوەندیم پێوەكردو  بەخوێندنەوەیەكی جوان هاوكاری بابەتەكەم بوو ( سڵاو لەدەنگی پڕسۆزی هونەرمەند عەلای سەلاحیان ، هونەرمەندێكی خاوەن ئەزموون و دەنگێكی نەرم و مەخمەڵی زۆر جوانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ، كەسایەتیەكی نەرم و نیان  و خاوەنی دەنگێكی خۆش و نەرم و دڵ نشین ، هەستێكی هونەری بەرزو خاوەنی مێژوویەكی درێژ لە گۆرانی وتن ، هەتا ئێستاش ئاستی دەنگی بەباشی ماوەتەوە و ئەوەندەی من بەركەوتنم لەگەڵ بەڕێزییان هەبووە ، هونەرمەندێكی نەرم و دڵ پاك  و خاوەن دەربرینی ڕاستگۆیانەی هەبووە) (3).
بەرهەمە هونەرییەكانی هونەرمەند عەلای سەلاحیان:
1/ گۆرانی غەریب ، هۆنراوەی عەباس كەمەندی و ئاواز و دابەشكردنی هونەرمەند  گریشا میكائیل زادە.
2/ لەهێلانەی دڵی من 
3/ ماڵمان ئەمبەر و ئەوبەرە 
4/ گوڵی زەردو سوور 
5/ كوڵەنجە گیان 
6/ عیشقی وڵات
7/ بێقەرار 
8/ پەپولەی ئازادی ، هۆنراوەی ( عوسمان ئەحمەدی ) و ئاوازی هونەرمەند ( حەسەن یوسف زەمانی).
9/كرماشان بێ تۆ غەمینم  ، ئامادەو دابەشكردنی مۆسیقا  هونەرمەند ( فاروق باپیر).
10/ سەبری 
11/ گەوهەرفرۆش ، هۆنراوەی ( حەریق) ، پێشەكی و ئامادەكردنی مۆسیقا هونەرمەند ( زانا مەحمود هەژار).
( عاشقانی سەروی قەدت قومری سیفەت زاری دەكا
ڕووی گوڵی تۆ بولبولی دڵ فێری غەمخواری دەكا 
خۆت وەكو سوڵتان و چاوت حاكم و ئەبرۆتە شیر 
تیری موژگانت وەزیرە مەشقی خونخواری دەكا) (4) . 
12/كەمەرەشل
13/ یاڕەب ، ئەم گۆرانیە پێشتر هونەرمەندان ( هۆشەنگ شگرف و ئیسماعیل سابوور) خوێندوویانە ، پێشەكی و ئامادەكردنی مۆسیقا هونەرمەند ( زانا مەحمود هەژار).
14/ ئای لەداوت  ، بۆئیادی ئەنفال ، هۆنراوەو ئاوازی ( محەمەد عەباس بەهرام )  ئامادەكردنی مۆسیقا هونەرمەند ( ئاكۆ عەزیز).
15/ بەهار ، ئاوازو ئامادەكردنی مۆسیقا  ( حوسەین یوسف زەمانی) .
16/ ئەی باخ و گوڵ و گوڵزاران.
17/ پیرت كردم ، هۆنراوەو ئاوازی فۆلكلۆر ، ئامادەو دابەشكردنی مۆسیقا  هونەرمەند ( گریشا میكائیل زادە.
18/ هاوار بەماڵی من هاوار،  ئامادەكردنی مۆسیقا هونەرمەند ( ئاكۆ عەزیز).
19/ عەزیزم  ، هۆنراوەو ئاوازی هونەرمەند ( ڕزگار خۆشناو).
20/ بەهاری كوردستان ، هۆنراوەی ( ناسر ڕۆشەن) ئامادەو دابەشكردنی مۆسیقا  هونەرمەند ( گریشا میكائیل زادە.
21/ من و ساقی  ، هۆنراوەی ( هێمن ) هۆنراوەو ئاوازی هونەرمەند ( ڕزگار خۆشناو).
22/ بەو بەو ، هۆنراوەو ئاوازی فۆلكلۆری كرماشان ، ئامادەكردنی مۆسیقا هونەرمەند ( ئاكۆ عەزیز).
23/ لای لای 
24/ نازدار نازدار یار 
25/ مەگری مەگری 
26/ كیژێ خۆی داوم نیشان
27/ خەیاڵی تۆ ، هۆنراوەی مەولەوی ، ئاوازو دابەشكردنی هونەرمەند ( رزگار خۆشناو).
28/ كراس كودەری ئاوریشم 
29/ ڕووناك 
30/گەڕیان.
هونەرمەند عەلای سەلاحیان ماوەی (35) ساڵە دوور لەزێدو نیشتمانەكەی دەژی، ژیانی غوربەت و تاراوگە نەبووە لەمپەر لەبەردەم كارە هونەرییەكانی و وەك ئەركێكی سەرشانی ، لەهەندەرانیش بەگەروە بەسۆز و ناسكەكەی خزمەتی بە هونەری مۆسیقا و ئاوازی كوردی كردووە، سڵاو لەمێژووی پڕ بەخششی هونەریتان و هیوای پڕ تەندروستی و بەردەوامی لە رێگا پیرۆزەكەی هونەردا بۆ دەخوازم.
جەمالی دەلاك  5/7/2022 هەولێر.
سەرچاوە:
(1)    پێوەندیم لەگەڵ هونەرمەند (عەلا سەلاحیان) لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ( ماسنجەر) ەوە لەڕێكەوتی ( 29/6/2022) ( هەولێر _ ئەڵمانیا ) ( ج،د) 
(2)    پێوەندیم لەگەڵ كاك (عابد مفتی زادە) هاوڕێ و هاوشاری هونەرمەند، لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ( ماسنجەر) ەوە لەڕێكەوتی ( 3/7/2022) ( هەولێر _ بەریتانیا ) ( ج،د) 
(3)    پێوەندیم لەگەڵ هونەرمەندی نەی ژەن (خەلیل عەبدوڵڵا) لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ( ماسنجەر) ەوە لەڕێكەوتی ( 3/7/2022) ( هەولێر _ سلێمانی ) ( ج،د) .
(4)    دیوانی  مەلاساڵحی كوڕی مەلانەسروڵڵای زێوێی ( حەریق) ئامادەكردنی ( سەیید نەجمەدین ئەنیسی) ، لاپەڕە( 176).
سوپاس و پێزانینم بۆ خودی هونەرمەند عەلای سەلاحیان ، عابد مفتی زادە ، هونەرمەند خەلیل عەبدوڵڵا و جەلال هانیسی و جەلیلی عەباسی و مستەفا زارعی ، بەزانیارییەكانیان هاوكارم بوون ، ( ج،د).


 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.