Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 03:18

گوڵستان په‌روه‌ر.. ئه‌و خاتوونه‌ سترانبێژه‌ی‌ له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ خزمه‌ت به‌نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كات ..!

به‌ئاواتم كوردستان ببێته‌ وڵات و خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی بێ و منیش وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك خزمه‌ت به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌م بكه‌م
کوردستان TV
100%

گوڵستان په‌روه‌ر ، ناوێكی دیاری بواری هونه‌ری مۆسیقا و سترانی كوردی، له‌نێوخه‌رمانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی  كوردیدا، جیاله‌ده‌نگی پیاو كه‌پشكی شێریان به‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام خۆش به‌ختانه‌ له‌ده‌نگی كچ و ژن و ئافره‌تیشداهه‌ژار نین و خاوه‌نی ده‌یان ده‌نگی مێینه‌ین ، سه‌ره‌ڕای بارودۆخی ناهه‌مواری كۆمه‌ڵی كورده‌واری ئافره‌ت و ژنی كورد له‌وبواره‌دا سه‌ربه‌رزانه‌ ڕچه‌شكێن بوون و به‌ده‌نگی به‌سۆزیان خه‌رمانی مۆسیقا و گۆرانی كوردییان ده‌وڵه‌مه‌ندتر كردووه‌،

له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی پێشوو ، به‌تایبه‌ت له‌ سییه‌كانی سه‌ده‌ی پێشووه‌ وه‌ هه‌ندێك ده‌نگی به‌سۆزی ئافره‌تی كورد له‌ڕێی ( گرامافۆن _ قه‌وان) به‌كوردستاندا بڵاوبۆوه‌ و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی گوێگر داناوه‌‌ و، هانده‌رێكیش بوون كه‌ هونه‌ره‌كه‌یان كاریگه‌ر له‌سه‌ر هه‌ست و سۆزی ئافره‌تی كورد له‌دوای خۆیان دابنێن.

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ( مه‌ریه‌م خان 1904_ 1949) یه‌كێكه‌ له‌و ده‌نگه‌ به‌سۆز و هه‌ست بزوێنه‌‌ كه‌ له‌ڕێی ستران و لاوكه‌كانی وه‌ك ( لێ لێ وه‌سۆ ، ترسم ئه‌زبمرم، لێ دایێ ، لۆلۆسوارۆ و لاوكی محه‌مه‌د ڕۆنییه‌ و ،،،تاد) كاریگه‌ریی بێ ئه‌ندازه‌ی له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند گوڵستان په‌روه‌رداناوه و ‌، به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی خۆی و پشتگیری و هاوكاری هاوسه‌ره‌كه‌ی  هونه‌رمه‌ند( شڤان په‌روه‌ر) توانیویه‌تی ببێته‌ ده‌نگبێژ و سترانبێژێكی به‌توانای ناوداری گه‌له‌كه‌مان.

گوڵستان په‌روه‌ر له‌باكوری كوردستانه‌وه‌  بۆ نێو دنیای سترانبێژی.

  وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا كه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد خاوه‌نی ده‌یان سترانبێژ و لاوكبێژ و به‌یت بێژ و هۆره‌ و سیاچه‌مانه‌چڕی ئافره‌ته‌ ، له‌هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان، ( مه‌ریه‌م خان ، دایكی جه‌مال ، مه‌نیج حه‌یران ، نه‌سرین شێروان ، ئه‌ڵماس خان ، ئایشه‌شان،فه‌وزیه‌محه‌مه‌د، نازدار و ئه‌سمه‌ر فه‌رهاد و ،،، تاد ) ده‌نگ و هونه‌ر‌ی ئه‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ بوونه‌ته‌ قوتابخانه‌یه‌كی گرنگ و پڕ به‌هره‌ی هونه‌ریی بۆ خانمانی ده‌نگبێژ و سترانبێژی دوای ساڵانی حه‌فتاكان، هه‌ریه‌ك به‌ئه‌ندازه‌ی خۆی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ڕۆحی خانمه‌ هونه‌رمه‌ندانی سترانبێژی ئه‌مڕۆی مۆسیقا و گۆرانی كوردی داناوه‌، خانمه‌ هونه‌رمه‌ند گوڵستان په‌روه‌ر له‌باخچه‌ڕازاوه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌و هونه‌رمه‌ندانه ‌گوڵی چنیوه‌ و بۆن و به‌رامه‌ی ده‌نگی ڕه‌سه‌نیان ڕۆح و هه‌ستی گوڵستان په‌روه‌ریان ئاوداوه‌و پاراو به‌جۆش و خرۆشتر كردووه‌، ئه‌م خانمه‌ سترانبێژه‌ جیا له‌ده‌نگی ئافره‌تانی گۆرانیبێژ، هه‌ست و سۆز و ڕۆحی  هونه‌ری به‌ده‌نگی گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( محه‌مه‌د عارف جزیری ، جه‌سه‌ن جزیری ، عه‌لی مه‌ردان ، كاوێس ئاغا ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ، محه‌مه‌د شێخۆ ، ئارام تێگران، سه‌عیدئاغای جزیری و شڤان په‌روه‌ر ) ئاوداوه‌و هه‌ریه‌ك له‌و ده‌نگه‌ ڕه‌سه‌نانه‌ چێژییان پێ به‌خشیوه‌ و، به‌ده‌نگ و شێوازی گوتن و تێكست و میلۆدی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ پاشخانی هونه‌ری خۆی پێ ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه‌.

 گوڵستان په‌روه‌ر، ( گوڵستان محه‌مه‌د شێخی) خانمه‌ ده‌نگخۆشیی گه‌لی كورد ، له‌ڕێكه‌وتی ( 25/6/1962) له‌بنه‌ماڵه‌و خانه‌واده‌یه‌كی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی ، له‌نێوان ماڵباتی باوكی و دایكیدا، له‌گوندی ( وان گۆك) له‌ناوچه‌ی ( سویرك و ئورفا ) له‌باژێری ( ڕوها یان ڕوحا) چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه‌،(1) .

باوكی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئاغای گوندی( وان گۆك) بووه‌، دایكی گوڵستان ( نه‌سیبه‌ خانم) كچی ( شێخ عه‌بدولقادری قه‌ره‌چداغ ) ه‌ ، دایكی له‌بنه‌ماڵه‌ی شێخه‌كانی قه‌ره‌چداغی سه‌ربه‌شاری دیاربه‌كرن، باوكی له‌ماڵباتێكی مه‌لا و ،دایكی له‌ ماڵباتێكی شێخی ( زراڤ) یه‌كێك له‌شێخه‌ دیار و ناسراوه‌كانی باكووری كوردستانن.

گوڵستان په‌روه‌ر له‌ناو ئه‌و ماڵباته‌ ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ داو له‌ناو خانه‌واده‌كه‌یدا خاوه‌نی ( 6براو 2 خوشك ) دا په‌روه‌رده‌و  گه‌وره‌ بووه‌، تاته‌مه‌نی (6) ساڵی له‌گوند ماوته‌وه‌ و دواتر هاتۆته‌  شار و تێكه‌ڵاو به‌فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری شاربووه‌، به‌ڵام وابه‌سته‌ به‌ كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگی‌ جوان و ده‌وڵه‌مه‌ندی گونده‌كه‌یی پاراستویه‌تی.

گوڵستان منداڵێكی خۆشه‌ویست و نازداری باوك و دایكی بووه‌،  خانه‌واده‌یه‌كی ئاغا و شێخ به‌ڵام كراوه‌و حه‌ز به‌زانست و په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانیان بوون، له‌سه‌ر بڕیاری دایك و باوكی گوڵستان ده‌خه‌نه‌ به‌رخوێندن، له‌سه‌ره‌تاوه‌ گوڵستان دووچاری گرفت ده‌بێته‌وه‌ ، له‌به‌رئه‌وه‌ی منداڵێكی گوندی و ئاشنا نه‌بوو به‌زمانی خوێندن كه‌زمانی توركی بووه‌، له‌لایه‌ن هاورێ قوتابیه‌كانیه‌وه‌ سه‌رزه‌نشت و گاڵته‌ی پێكراوه‌، گوڵستان به‌چاوی پڕ به‌فرمێسك و به‌دڵێكی شكاوه‌وه‌ ئه‌وساڵه‌ ناتوانێ درێژه‌ به‌خوێندن بدات،

به‌ڵام دایكی خاوه‌نی بڕیاری خۆیه‌تی و  مه‌به‌ستیه‌تی منداڵه‌ ئازیزه‌كه‌ی بخوێنێ و فێری نوسین و خوێندنه‌وه‌ ببێت، بۆساڵی ئاینده‌ ده‌یخاته‌وه‌ به‌رخوێندن، گوڵستان له‌ده‌ستپێكی خوێندن دا به‌ گوڕو تینێكی زۆره‌وه‌ بوونی خۆیی و زیره‌كی خۆی ده‌سه‌لمێنێ و خۆی له‌گه‌ڵ زمانی توركیدا ده‌گونجێنێ ، له‌به‌ر زیره‌كی و لێهاتوویی و سه‌ركه‌وتنی له‌وانه‌كاندا ، گوڵستان ده‌بێته‌ جێی سه‌رنج و سه‌رسامی هاوپۆله‌كانی، تاته‌واوكردنی قۆناغی سه‌ره‌تایی گوڵستان له‌ته‌مه‌نی (13) ساڵیدا باشترین و به‌رزترین نمره‌ به‌ده‌ست دێنێت.

گوڵستان له‌لایه‌ن خانه‌واده‌كه‌یه‌وه‌ هه‌ست به‌زیره‌كی و لێهاتوویی ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت یه‌كێك له‌خاڵه‌كانی به‌ناوی ( لوتفی) خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی به‌رزو كه‌سێكی ڕۆشنفكر بووه‌، ئه‌م خاڵه‌ی ده‌بێته‌ ڕێنیشانده‌ر و ئاشناكردنی به‌ئه‌ده‌ب و هۆنراوه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، ئه‌ویش له‌ڕێی پێشكه‌شكردنی دیوانی شاعیری مه‌زنی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ( جگه‌رخوێن) به‌ومه‌به‌سته‌ی فێربوون و ئاشناكردن و شاره‌زایی زێده‌تر له‌ زمان و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌كه‌ی.

ئه‌وه‌ وه‌رچه‌رخاندنێكی گه‌لێك مه‌زن ده‌بێت له‌ هزر و بیر و بۆچوون و چرۆكردنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی  له‌ژیانی گوڵستانی ته‌مه‌ن (15) ساڵیدا ،ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌ به‌نرخه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی، له‌وسه‌ر‌ده‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاتی توركیه‌دا، ئاخاوتن به‌زمانی دایك ، بیركردنه‌وه‌ له‌هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی ، تێكۆشان و كاری سیاسی ئه‌مانه‌ هه‌موو یاساغ و قه‌ده‌غه‌بوون، گوڵستان هه‌نگاو بۆ تێكۆشان و چالاكی سیاسی هه‌ڵده‌گرێت و ڕوو ده‌كاته‌ ڕێكخراوێك، له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ناو شاری ( وێرانشار) دامه‌زراوه‌ به‌ناوی ( كچاكورد) ‌ ده‌ست به‌تێكۆشان ده‌كات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن سیخوڕ و ناپاكاوه‌ ده‌سه‌ڵاتی تورك ئاگادار ده‌كرێت و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دژ به‌مرۆڤایه‌تیه‌، هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌و ڕێكخراوه‌ قۆڵبه‌ست ده‌كات و له‌ژووره‌ تاریكه‌كانی زیندانیان توند ده‌كات،

گوڵستان  كچی ئاغا و شێخی ناوچه‌كه‌و خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی به‌رزن ، له‌به‌رچاوی جه‌ماوه‌ره‌و به‌ره‌و زیندانی ده‌به‌ن، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر ماڵباته‌كه‌ی داده‌نێ .

له‌وكاته‌دا سه‌رۆكی شاره‌وانی وێرانشار ، ئامۆزای دایكی ده‌بێت هه‌وڵی زۆری بۆ ده‌دات و ناهێڵێت كه‌ گوڵستانی  عاشق به‌فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب و زمانی شیرینی كوردی زۆر له‌ زینداندا بمێنێته‌وه‌و ئازادی ده‌كات.

دوای ئازادكردنی له‌زیندان ، گوڵستان له‌لایه‌ن خانه‌واده‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر پاڵه‌په‌ستۆوه‌ و چیتر نه‌توانێت به‌ئازادانه‌ هه‌ست وبیری  خۆی ده‌رببڕێت، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر نه‌ریتی باری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا ژیاوه‌.

هونه‌رمه‌ندی سترانبێژ و سروودبێژ (شڤان په‌روه‌ر _1955) به‌هۆی په‌یوه‌ندی خزمایه‌تیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ماڵباتی گوڵستان ، له‌ڕێی نامه‌وه‌ په‌یوه‌ندی له‌نێوان گوڵستان و شڤان په‌روه‌ر ئاڵوگۆڕده‌كرێت ، له‌وكاته‌دا هونه‌رمه‌ند شڤان په‌روه‌ر خاوه‌نی (4) ئه‌لبومی هونه‌ری بووه‌ هونه‌رمه‌ندێكی دیاری كوردبووه‌ و له‌وڵاتی ( ئه‌ڵمانیا) ژیاوه له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیاوه‌ فه‌رمانی  ده‌ستگیركردنی هه‌بووه‌‌،

خانمه‌ هونه‌رمه‌ند گوڵستان تا له‌ناو خانه‌واده‌كه‌یی ‌و كوردستان ژیاوه‌ ، كاریگه‌ری ده‌نگبێژان و هونه‌رمه‌ندانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌یی و كوردستانی له‌سه‌ر بووه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ زیره‌كی و هوشیاری و ده‌نگی خۆشیی دایكی ،  گوڵستان په‌روه‌ر له‌دیمانه‌یه‌كدا سه‌باره‌ت به‌ كه‌سایه‌تی و ده‌نگی خۆشیی دایكی ده‌ڵێت( دایكم زۆر ده‌نگی خۆشه‌، هه‌روه‌كو گوتم ئه‌و كچه‌ شێخ بووه‌ ، له‌بیرمه‌ ده‌روێش ده‌هاتن و ده‌ستی دایكمیان ماچ ده‌كرد، دایكم له‌گه‌ڵ ئه‌وان گۆرانی دینی ده‌گوت، كاریگه‌ری ده‌نگ و به‌یت و گۆرانییه‌ دیینی یه‌كانی دایكم له‌سه‌ر من بوون و بوه‌ هۆی پاڵپێوه‌نانم به‌ره‌و هونه‌ری گۆرانی گوتن) (2).

گوڵستان په‌روه‌ر تا له‌كوردستان بووه‌ به‌رله‌وه‌ی ڕووبكاته‌ هه‌نده‌ران گۆرانی نه‌خوێندووه، واته‌ ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریی و ناساندنی له‌ئه‌وروپاوه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ به‌سۆزو زوڵاڵه‌ له‌نێو جه‌ماوه‌ردا ئاشنا بووه‌.

خانمی هونه‌رمه‌ند له‌ته‌مه‌نی ( 16) ساڵیدا ، واته‌ ساڵی (1978) باكوری كوردستان به‌جێ دێلێت و ڕووده‌كاته‌ شاری ( كۆڵن) له‌وڵاتی ( ئه‌ڵمانیا) و له‌ڕێكه‌وتی

( 1/1/1979) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (شڤان په‌روه‌ر)  هاوسه‌رگیری و ژیانی هاوبه‌ش پێكدێنێت.‌

له‌وژیانه‌ نوێیه‌دا خانمه‌ هونه‌رمه‌ند گوڵستان درێژه‌ به‌خوێندن ده‌دات ، تا بڕوانامه‌ی ( به‌كالۆریۆس له‌به‌شی مێژوو) به‌ده‌ست دێنێت، به‌روبوومی ژیانی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند شڤان په‌روه‌ر ، له‌ساڵی (1980) په‌روه‌ردگار كوڕێك به‌و دوو مرۆڤه‌ عاشق به‌كوردستان و هونه‌ر و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری كورد ده‌به‌خشێت و ناوی ده‌نێن ( سه‌رخۆبوون).

 گوڵستان و هه‌ڵاتنی خۆری هونه‌ری له‌ ئه‌وروپاوه‌..!

كاتێك خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ژینگه‌و وڵاته‌ شیرینه‌كه‌ی به‌جێدێڵێت ، كه‌شكۆڵه‌كه‌ی لێوانلێوه‌ له‌كۆمه‌ڵێك ئازار و سته‌م وچه‌وساندنه‌وه‌ ده‌رهه‌ق به‌نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كرێت ،  ڕێیی گرتۆته‌ به‌ر، ڕاسته‌ به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پشتیوانی و هاوكاری هاوسه‌ره‌ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی ، به‌ڵام به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و ئازارو به‌ش مه‌ینه‌تی میلله‌ته‌كه‌ی بووه‌، ده‌ڵێت ( وه‌ك تاكێكی  كورد هه‌ستم به‌ئازاری میلله‌ته‌كه‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ی ده‌كرد له‌لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌نگ و ئازار و چه‌وساندنه‌وه‌و هاواری دایكانی كورد نه‌هاتبایه‌ گوێچكه‌م و هه‌ستم به‌وئازاره‌ ناخ هه‌ژێنه‌ نه‌كردبایه‌ ، له‌وانه‌یه‌ ئه‌و ڕێچكه‌یه‌م كه‌‌ هونه‌ره‌ نه‌گرتبایه‌) (3) .

هونه‌رمه‌ند ( شڤان په‌روه‌ر) دوای هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ( گوڵستان) و درك به‌ده‌نگخۆشیی و توانای چڕینی ستران له‌گه‌رووی به‌سۆزی هاوسه‌ره‌كه‌یدا به‌دیده‌كات ، زۆر هانی ده‌دات و پتشیوانی و هاوكاری ده‌كات كه‌ ڕێچكه‌ی هونه‌ر بگرێته‌به‌ر و ستران بچرێت، شڤانی سروودبێژ و سترانچڕ ده‌ڵێت ( گوڵستان زۆر بۆ من چاكه‌ و هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری و خۆشه‌ویستی ئه‌و بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ كه‌سه‌ره‌ڕای بارودۆخی بنه‌ماڵه‌كه‌ی ڕوو له‌كاری هونه‌ری بكا) (4).

له‌ناو فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا، كاری هونه‌ری بۆ ئافره‌ت و ژنی كورد زۆر زه‌حمه‌ت بووه‌، به‌هۆی ئه‌و له‌مپه‌ر و به‌ربه‌سته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ ، كه‌نابێت ئافره‌ت و ژن و كچی كورد كاری هونه‌ری بكه‌ن ، چونكه‌ عه‌یبه‌و شووره‌ییه‌و خانه‌واده‌و ماڵباته‌كه‌ی له‌كه‌دارده‌كات، به‌ڵام گوڵستان په‌روه‌ر، وه‌ك خاتوونێكی ڕۆشنفكر و به‌ئاگا و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر دۆست و نیشتمانپه‌روه‌ر ، ئه‌و ڕچه‌یه‌ ده‌شكێنێ و هه‌میشه‌ له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌وه‌ له‌ هونه‌ر و كارو چالاكیی ئافره‌تی ڕوانیوه و كه‌هیچ كات ئافره‌تی كورد له‌پیاو ئه‌گه‌ر باڵاتر نه‌بێت‌ كه‌متر نییه‌ ( شێر شێره‌ ، چ ژنه‌ و چ مێره‌) .

ئه‌م خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ ئه‌وه‌نده‌ عاشق به‌وڵات و خاك و نیشتمانه‌كه‌ی بووه‌ ، له‌ساڵی (1979) یه‌كه‌م سترانێك كه‌چڕیویه‌تی به‌ناوی ( كوردستانێ كوردستان ، باخچه‌ی گولان ده‌ردێ دلان) له‌ هۆنراوه‌ی ( جگه‌رخوێن) و ئاوازی ( شڤان په‌روه‌ر) بووه‌، ئه‌م گۆرانییه‌ ده‌بێته‌ ده‌ستپێكی هه‌نگاونانی بۆنێو دنیای هونه‌ری ئاواز و ستران و ئه‌م گۆرانییه‌ خۆشه‌ ده‌بێته‌ ناسنامه‌ی خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ( گوڵستان په‌روه‌ر) ، سه‌باره‌ت  به‌چۆنیه‌تی بڕیاردان و هاتنه‌ نێودنیای هونه‌ره‌وه‌  ده‌ڵێت ( من كاتێك ده‌ستم به‌كاری هونه‌ری كرد ، له‌ناو میلله‌ته‌كه‌مداڕاسته‌ گه‌لێك هونه‌رمه‌ندی ئافره‌ت پێشتر كاری هونه‌رییان كردووه‌، به‌ڵام له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ بۆ ژن و كچی كورد كارێكی نه‌شیاو و عه‌یبه‌ بووه‌،به‌ڵام من وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانی و شۆڕشگێڕی به‌ئه‌ركی خۆمم زانیوه، به‌ڵام كاتێك من ده‌ركه‌وتم و هاتمه‌ نێو كاری هونه‌رییه‌ شۆڕش له‌كوردستاندا هه‌بوو،له‌به‌رئه‌وه‌ش بوو بڕیارمدا وه‌ك ژنه‌ كوردێك له‌ڕێگه‌ی هونه‌ره‌كه‌مه‌وه‌ خزمه‌ت به‌نه‌ته‌وه‌و شۆڕشی گه‌له‌كه‌م له‌ڕێی ستران و سرووده‌وه‌ بكه‌م) (5).

 گوڵستان ئافره‌تێكی هونه‌رمه‌ندی تێكۆشه‌ر و هوشیاری بواری گۆرانی و سروود ، هه‌روه‌ها تێكۆشه‌ر و خه‌مخۆرێكی به‌رگریكار له‌دۆزی ئافره‌تانی كورد، له‌هه‌نده‌ران هاوشانی هونه‌رمه‌ند شڤان په‌روه‌ری هاوسه‌ری و زۆرجاریش به‌ته‌نیا به‌شداری ئاهه‌نگ و یاد و بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كردووه‌ و، ‌له‌ڕێی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یانه‌وه‌ توانیویانه‌ ده‌نگ و ڕه‌نگ و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان له‌ ته‌واوی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و ئاسیا بناسێنن و بێوچان خزمه‌ت به‌ هونه‌ری كوردی بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ردوو هاوسه‌ر كه‌هه‌ردوكیان ستران و سروود بۆنه‌ته‌وه‌كه‌یان بچڕن كارێكی زه‌حمه‌ته‌، به‌تایبه‌ت بۆ خاتوو گوڵستان ئه‌ركی به‌خێوكردن و په‌روه‌رده‌كردنی جگه‌رگۆشه‌كه‌یی و پشتیوانی و هاوكاری له‌ هاوسه‌ره‌كه‌یی و خودی خۆشیی سه‌رقاڵی كاری هونه‌ری بێت.

گوڵستان په‌روه‌ر وه‌ك ئافره‌تێكی چالاك ته‌نها له‌بواری هونه‌ردا له‌ئه‌وروپا ئه‌سپی خۆی تاونه‌داوه‌ ، به‌ڵكو له‌ڕاگه‌یاندنیشدا بۆماوه‌ی (11) ساڵ پێشكه‌شاری به‌رنامه‌ی ( باخچه‌ی گوڵان) ، له‌ساڵی (1997 تا 2008) ، واته‌ (206) به‌رنامه‌ له‌كه‌ناڵی ئاسمانی ( مه‌دتی ڤی ، میدیا تیڤی  و ڕۆژتیڤی) كۆتا به‌رنامه‌ی پێشكه‌ش كردووه‌.

دوای به‌سه‌ربردنی ژیانێكی پڕ هه‌ورازو نشێو له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا و سوید و به‌ریتانیا، دوور له‌نیشتمان و زێد ، خاوه‌نی ده‌نگه‌ زوڵاڵ و به‌سۆزه‌كه‌ی عاشق به‌ خاك و ئازادی كوردستان ،  گوڵستان په‌روه‌ر دوای به‌سه‌ربردنی ژیانی(25) ساڵ له‌تاراوگه‌، له‌ساڵی (2003) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ باكووری كوردستان و به‌ئاو و خاك و نیشتمانه‌ شیرینه‌كه‌ی شاد ده‌بێته‌وه‌،  له‌شاری ( باتمان ) گه‌وره‌ترین كۆنسێرت سازده‌كات ، وه‌ك ڕێزگرتن و به‌رزنرخاندنی مێژووی هونه‌ری گوڵستان په‌روه‌ر، له‌سه‌ر بڕیاری والی( باتمان) كۆڵانێك له‌باتمان به‌ناوی ئه‌و خاتوونه‌ هونه‌رمه‌نده‌شۆرشگێڕه‌وه‌ ناو ده‌نێن .

گوڵستان په‌روه‌ر، هونه‌رمه‌ندێكی نه‌فس به‌رزو متمانه‌ به‌خۆ و باوه‌ڕ به‌ هونه‌ره‌ به‌ره‌زه‌كه‌ی ، جوانترین و شیرینترین وشه‌ له‌لای ئه‌و خانمه‌ هونه‌رمه‌نده‌ وشه‌ی ( كوردستان) ه‌و به‌رده‌وام ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ كوردستان به‌ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی ببینێت،( به‌ئاواتم كوردستان ببێته‌ وڵات و خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی بێ و منیش وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك خزمه‌ت به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌م بكه‌م ) (6).

جیا له‌و هه‌موو ئاهه‌نگ و كۆنسێرتانه‌ی له‌ته‌واوی ئه‌وروپادا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی ( شڤان په‌روه‌ر) ئه‌نجامیان داوه‌ و شانازیی به‌ومێژووه‌ دوور و درێژه‌ پڕ تێكۆشانه‌ هونه‌رییه‌ی خۆی ده‌كات ، گوڵستانپه‌روه‌ر له‌ساڵی (2006) گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ باشووری كوردستان و له‌شاری هه‌ولێر و دهۆك چه‌ندین كۆنسێرت و ئاهه‌نگی ئه‌نجامداوه‌.

له‌نێو شاعیرانی گه‌له‌كه‌یدا (جگه‌رخوێن) به‌مامۆستای خۆی ده‌زانێ و هه‌ڵبه‌سته‌كانی زۆركاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی گوڵستان په‌روه‌رداناوه‌و، هه‌میشه‌ به‌رێزو حورمه‌ته‌وه‌ ڕوانیویه‌تیه‌ هونه‌رمه‌ندانی گه‌له‌كه‌ی.

هه‌رچه‌نده‌ به‌رهه‌مه‌كانی گه‌لێك زۆرن ، ته‌نها ناوی چه‌ندبه‌رهه‌مێكی دێنم وه‌ك ( كوردستانێ كوردستان ، چاڤی كلداری ، گازه‌نده‌ مه‌كه‌ ، سه‌برا دلا ، ئه‌م كارگه‌رو گوندینه‌ ، شۆرش ده‌ستپێكرد، زه‌مبیل فرۆش  و وڵات خۆشه‌ و به‌ژنازراڤ له‌گه‌ڵ شڤان په‌روه‌ر پێكه‌وه‌ خوێندوویانه‌ ،   و گولاسوور و ...تاد ) .

سڵاو و رێز له‌مێژووی پڕ به‌ره‌كه‌تی ئه‌و شێره‌ ژنه‌ گوڵستان په‌روه‌ر ، خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت بۆ هه‌موو ئه‌و به‌ره‌هه‌مه‌ ناوازانه‌ پێشكه‌شی هونه‌ری ئاواز و مۆسیقا و گۆرانی كوردی كردووه‌، به‌هیوای ته‌مه‌نداری و ژیانێكی پڕ ته‌ندروست له‌كوردستانی ئازاد.

جه‌مالی ده‌لاك  25/6/2022 هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌ :

و2 و6) گوڵستان ، كتێبی ئاوازو گۆرانی ، كورته‌یه‌ك له‌مێژووی ئاوازو گۆرانی كوردی ، حامیدگه‌وهه‌ری ، ستۆكهۆڵم _1994، لاپه‌ڕه‌( 93 و 107).

(3 و5) به‌نامه‌ی خانم، كه‌ناڵی ئاسمانی (وارتیڤی) پێشكه‌شكار ( په‌یمان خه‌واجه‌) له‌ (26/10/2016).

(4) شڤان په‌روه‌ر ، كتێبی ئاوازو گۆرانی ، كورته‌یه‌ك له‌مێژووی ئاوازو گۆرانی كوردی ، حامیدگه‌وهه‌ری ، ستۆكهۆڵم _1994، لاپه‌ڕه(64).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.