Erbil 16°C سێشەممە 05 تشرینی دووەم 22:16

رۆژنامەیەكی ئەمریكی: هەژموونی ئێران لەعێراق لاوازتر دەبێت

کوردستان TV
100%

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی، كەمبوونەوەی كاریگەری تاران لە عێراق مەترسییەكی ئەگەری دروست دەكات بۆ سەر ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی تاران و كاریگەریی ئەمریكا لەوێ و گواستنەوەی چەك لە رێگەی دراوسێی رۆژئاواییەوە بۆ سووریا و ناوچە جێناكۆكەكانی دیكە.
راپۆرتی رۆژنامەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە درێژەی قەیرانی سیاسی عێراق كە تا ئێستا نزیكەی 11 مانگی خایاندووە و پێش ئەوەش قەیرانی خۆپیشاندان و رووخاندنی حكومەتی پێشوو، رەنگە لە راستیدا ئاماژە بێت بۆ كەمبوونەوەی رۆڵی تاران و بەردەوامبوونی بەهێزی كاریگەری لەسەر هاوسەنگی هێز لە بەغدا.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ئێران كاریگەرییەكی فرە چینی لەو وڵاتەدا هەیە، جگە لە پەیوەندییەكی بەهێزی سیاسی، ئایینی و ئابووری، نزیكەی دوو دەیەیە پاڵپشتی "تۆڕێكی میلیشیاكان دەكات كە یارمەتی تاران دەدات بۆ فراوانكردنی كاریگەرییەكانی".
بەپێی راپۆرتەكە ئێستا كوتلە شیعەكان بە قووڵی دابەشبوون، بەو پێیەی شوێنكەوتوانی موقتەدا سەدر ،سەرۆكی رەوتی سەدر ماوەی چوار هەفتەیە لەنێو بارەگای پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەماندان . لە كاتێكدا ركابەرە شیعەكانیان، چوارچێوەی هەماهەنگی، لە هەوڵی پێكهێنانی حكومەتدان” .
بە گوتەی فەهد جبووری، سەركردەی بزووتنەوەی حیكمە، تاران هەوڵدەدات "ئامۆژگاری پێشكەش بكات"، بەڵام جبووری بە ڕۆژنامەكە دەڵێت :گوێ لە هەموو ئامۆژگارییەكانی ئێران ناگرن.
هەروەها رۆژنامەكە لە زاری ئیبراهیم جابری، بەرپرسی نووسینگەی سەدر لە بەغدا بڵاویكردووەتەوە، "ئێران هەرگیز ناتوانێت موقتەدا سەدر كۆنتڕۆڵ بكات".
لە راپۆرتەكەدا هاتووە كە پێكدادانی چەكداری لەنێوان كوتلە شیعەكان كە بە قورسی چەكدارن لە عێراق، یەكێك دەبێت لە خراپترین دەرەنجامەكان بۆ تاران.
لەوبارەیەوە لەیس شبر، ڕاوێژكاری پێشووی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق بڵاویكردەوە، ئامانجی سەرەكی و یەكەمی ئێران لەم كاتەدا ڕێگریكردنە لە هەر شەڕێكی شیعە و شیعە، چونكە ئەم جۆرە شەڕانە لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی كاریگەری ئێران لەسەر عێراق.
هەروەها ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە یەكێك لە چەند تێبینییە گشتییەكانی تاران سەبارەت بە كێشەكانی عێراق دەڵێت: ئێمە لە نزیكەوە و بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتەكانی عێراق دەكەین، هەوڵیش دەدەین بۆچوونە جیاوازەكانی فراكسیۆنە عێراقییەكان نزیك بكەینەوە.
خۆپیشاندەرانی دژە گەندەڵی عێراق بەدرێژایی چەند مانگێك لە خۆپیشاندانەكان ڕەخنەی توندیان لە ئێران گرتووە و پێدەچێت ئەو دروشمانە بە گوێی تاران گەیشتبێت.
لەوبارەیەوە كازم فەرتووسی، وتەبێژی لیواكانی سەید ئەلشوهەدا كە یەكێكە لە میلیشیا سەرەكییەكان، دەڵێت: نەبوونی جەماوەرێتی تاران دوای ساڵانێك لە دەستێوەردان لە كاروباری عێراق، پاڵی پێدەنێت بۆ پاشەكشەكردن سەبارەت بە دۆسیەی عێراق.
ئاماژەی بەوەشكردووە ئێرانییەكان پێیان گوتین : تووشی كاردانەوەی نەرێنی عێراقییەكان بوون، بۆیە ئەمجارەیان رێگە بە عێراقییەكان دەدەن مامەڵە لەگەڵ كاروباری خۆیاندا بكەن.
جێگای ئاماژەیە سەرەتای ئەم مانگە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چارەسەركردنی چەقبەستوویی دۆخەكە گەیشتە عێراق، بەڵام فەهد جبووری، سەركردەی بزووتنەوەی حیكمە، بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، كە قائانی جیاوازە لەقاسم سلێمانی، لاوازترە و شتەكان لەسەر دەستی ئەو كۆنابنەوە.
بەپێی راپۆرتەكە، ئەو میلیشیا شیعانەی كە تاران یەكەمجار لە بەرەنگاربوونەوەی بوونی سەربازیی ئەمریكا لە دوای رووخانی سەدام حوسێن و لەم دواییانەشدا دژی داعش پشتیوانیی كرد، نیشانەكانی دووبەرەكیی ناوخۆیییان نیشانداوە، ئەمەش زیاتر تەحەدای كۆنترۆڵی ئێرانیان كردووە.
بەشێك لە میلیشیا توندڕەوەكان بەردەوام بوون لە ئەنجامدانی هێرشی مووشەكی بۆ سەر دامەزراوەكانی ئەمریكا لە عێراق، هەندێكی دیكەش بەڵێنیان دا كە پابەندی فەرمانەكانی حكومەتی عێراق بن لە دژی ئەو جۆرە هێرشانە.
هەروەها بەشێك لە عێراقییەكان پێیان وایە، رەنگە هێشتا لایەنە شیعە دابەشبووەكان ناچاربن بگەڕێنەوە تاران .
لەوبارەیەوە كازم فەرتووسی، وتەبێژی لیواكانی سەید ئەلشوهەدا بە ڕۆژنامەكەی راگەیاندووە، پێمان وایە هێشتا ناكۆكیەكان ئەوەندە گەورەن كە لە داهاتوودا بگەڕێینەوە بۆ ئێران بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە چارەسەركردنی كێشەكانمان.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.