Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 02:56

شكور خه‌یات.. ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی له‌یارغه‌زاله‌وه‌ به‌ڕۆح و هه‌ستمان ئاشنابوو ...!

مامۆستا ( هێمن) له‌ شیعری ( گڵێنه‌ی شاعیر) دا ، نوسیویه‌تی : ( هونه‌ر گه‌رخۆی په‌رێشانی نه‌بایه‌ له‌م وڵاته‌یدا به‌شی من بۆ ده‌بوو چاره‌ڕه‌شی و خانه‌خه‌رابی با) .
کوردستان TV
100%

به‌ش به‌حاڵی خۆم هه‌موو كات خۆم به‌قه‌رزارباری هونه‌رمه‌ندان به‌گشتی و هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگبێژ ،به‌یت بێژ و لاوكبێژ و  مه‌قامبێژ و سیاچه‌مانه‌و هۆره چڕ و حه‌یرانبێژ و‌خۆشخوانی خۆڕسك وبێ خه‌وشی نه‌ته‌وه‌كه‌م ده‌زانم، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ له‌ناو هه‌موو ئه‌و كاره‌ساته‌ تراژیدیانه‌ی به‌سه‌ر گه‌لی كورد دا هاتووه‌، تێ نه‌كۆشابان و ڕووبه‌ڕی سه‌ختییه‌كانی ژیان نه‌بونایه‌ته‌وه‌، بێگومان ئێستا نه‌ زمان و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووره‌كه‌مان ، وه‌ك هه‌موو پیرۆزییه‌كانی نیشتمان له‌لایه‌ن داگیركه‌ر و تاڵانكه‌ری كوردستانه‌وه‌ دزراوه‌و  كردویانه‌ته‌ موڵكی خۆیان،  بێگومان نه‌ده‌بووینه‌ خاوه‌نی هیچ یه‌كێك له‌خه‌سڵه‌ته‌كانی بوونی میلله‌ت، كه‌واته‌ هونه‌ر به‌گشتی هه‌میشه‌ له‌سه‌نگه‌ری خۆڕاگری و به‌رخوردانی به‌رده‌وام دا بووه‌ له‌پێناو پاراستنی فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور  و زمانی شیرینی كوردی ،به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر ‌له‌سه‌ره‌تای ژیانه‌وه‌، زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ هونه‌رمه‌ندی كورد بڕه‌خسایه و ، ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ر و خانه‌ خه‌رابی نه‌دیبایه‌ ،  له‌كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئارامدا ژیانی  به‌ڕێ بكردایه‌ ، ده‌بوو چ به‌رهه‌مێكی جوانتر و به‌چێژتریان بخوڵقاندایه‌ ، بۆیه‌ ده‌بێژم كه‌ خۆم به‌قه‌رزارباریان ده‌زانم له‌به‌ر ئه‌و  هۆكاره‌یه‌ كه‌ چ زه‌حمه‌تێكیان كێشاوه‌ و چه‌ند هه‌ورازو نشێو گه‌رمی و ساردی و تاڵییه‌كانی ژیانیان چه‌شتووه‌، تا هونه‌ری مۆسیقا و ئاوازی كوردی بپارێزن و به‌ره‌وپێش و سه‌رخستن تالوتكه‌ی جوانی هونه‌ری به‌رن.

 یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگ زوڵاڵ و خۆشخوان و مه‌قامبێژ و به‌سته‌ بێژه‌كه‌ی گه‌رمیان و كوردستان ( شكور خه‌یات) ئه‌گه‌ر به‌وردی لاپه‌ڕه‌ پڕ حه‌سره‌ت و ئاوات و ئاره‌زووه‌كانی هه‌ڵبده‌یته‌وه‌، لێوڕێژه‌ له‌ نه‌هامه‌تی و چه‌رمه‌سه‌ری و ده‌ربه‌ده‌ریی و دورخرانه‌وه‌له‌زێدو نیشتمانه‌كه‌ی ، له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو تاڵیی و سه‌ختیانه‌ی به‌هۆی  كوردبوونه‌وه‌ چه‌شتوویه‌تی ، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ژیانی هونه‌ری  لێوان لێوه‌ له‌نه‌غمه‌و ئاوازی به‌سۆز و هه‌ست بزوێن،له‌مێژووی هونه‌ریی  شكور خه‌یات دا هه‌وڵدان تێكۆشانی به‌رده‌وام ، خه‌مخۆریی و دڵسۆزیی و ئاوێزانی بۆ هونه‌ری مه‌قامبێژی ڕه‌چاوده‌كرێت.   

له‌قه‌ڵخانلوی مه‌ركه‌زه‌وه‌  بۆ بنه‌سڵاوه‌...؟!

هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات ، زاده‌و هه‌ڵكه‌وته‌ی ناوچه‌ی گه‌رمه‌سێر و گه‌رمیانه‌، ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ جوان و شیرینه‌ی كوردستانه‌، كه‌ زۆرترین نه‌هامه‌تی و به‌دبه‌ختی و داگیركاری به‌خۆوه‌ دیوه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌بواری  هونه‌ری به‌سته‌و مه‌قامدا ناوچه‌یه‌كی هێجگار ده‌وڵه‌مه‌نده‌و نه‌وه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كانیان نه‌یانهێشتووه‌ ئه‌و هونه‌ره‌ به‌رزه‌ بفه‌وتێ و نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ڕاده‌ستی یه‌كترییان كردووه‌ و هونه‌ری به‌سته‌و  مه‌قامه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی ناوچه‌ی گه‌رمیان یان پاراستووه‌و  به‌ته‌واوی كوردستان ئاشناكردووه‌.

( شكور محه‌مه‌د قادر زۆراب) ناسراو به‌  هونه‌رمه‌ند ( شكور خه‌یات) له‌خانه‌واده‌یه‌كی جوتیاری زه‌حمه‌تكێش و هه‌ژاری ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی زه‌وی كشتوكاڵی  خاكی پیرۆزی كوردستان ، له‌ساڵی ( 1940) له‌ئاوایی

 ( قه‌ڵخانلوی مه‌ركه‌ز)  سه‌ربه‌ شارۆچكه‌ی

( دووزخورماتوو) له‌دایكبووه‌، ئه‌و خانه‌واده‌ زه‌حمه‌تكێشه‌ جیا له‌وه‌ی وه‌ك پیشه‌ جوتیار و قوتی ژیانی ڕۆژانه‌یان له‌هه‌ناوی زه‌وییه‌وه‌ په‌یداكردووه‌، به‌ڵام خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌رپه‌روه‌ر و هونه‌ردۆست بوون، 

باوكی هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د قادر زۆراب) خاوه‌نی

( 4  كوڕو 5 كچ ) بووه‌، كه‌سێكی ماندووی ژیان ، به‌ڵام ده‌نگخۆشێكی خۆڕسك و مه‌قام زان و مه‌قامبێژێكی لێهاتوو بووه‌ ، دوای كاركردن و پشوودان له‌ماڵ بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی ناخ و ده‌روونی شه‌كه‌ت و ماندووی تێیچریكاندووه‌ و مه‌قامه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی ناوچه‌ی گه‌رمیانی بۆ خانه‌واده‌و منداڵه‌كانی گوتووه‌، له‌ناو خانه‌واده‌ی هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات براگه‌وره‌كه‌ی ناوی ( عه‌لی ) ئه‌ویش یه‌كێك بووه‌ له‌خاوه‌ن ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كانی خانه‌واده‌كه‌یی و ئاوایی و ناوچه‌كه‌یان، بوونی ئه‌و دوو ده‌نگ خۆشه‌ مه‌قام چڕه‌( باوكی و عه‌لی ) برای و مه‌قام زان و مه‌قامبێژه‌كانی گه‌رمیان  وه‌ك (حه‌مه‌ی كۆتره‌ مل ، سه‌ید محه‌مه‌د زنه‌ خۆر ، ئه‌حمه‌د و محه‌مه‌د ڕه‌زا، خدربارام چاوه‌ش ، عه‌به‌ی سه‌عه‌ عه‌ربه‌تی، كامیل ته‌په‌لو ، قه‌مه‌ر به‌گله‌ر و ئه‌حمه‌د تاهیر ) بۆته‌ ده‌ستپێك بۆهونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات له‌ناو ئه‌و ده‌نگه‌ به‌سۆزانه‌دا گه‌وره‌ بووه‌ و به‌دنیا جوان و شیرینه‌كه‌ی هونه‌ری مه‌قام و به‌سته‌ ئاشنا بووه‌ ، ژینگه‌و خانه‌واده‌كه‌ی فێرگه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند و هانده‌رێكی بێ ئه‌ندازه‌ بووه‌ تا ئه‌ویش ببێته‌ ڕێبواره‌ دڵسۆزو به‌ئه‌مه‌كه‌كه‌ی هونه‌ری مه‌قام چڕین و به‌سته‌بێژ.

هونه‌رمه‌ند وه‌ك كوڕه‌ جوتیارێك له‌نێوان خانه‌واده‌و كێڵگه‌ی به‌پیت و فه‌ڕه‌كه‌یان دا هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌ و نوسینیش ده‌دات، له‌ناو ئه‌و ژیانه‌ سه‌خته‌ پڕ هه‌ژارییه‌داتێده‌كۆشێت  و تا  بڕوانامه‌ی پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی به‌ده‌ست دێنێت، هه‌روه‌ها له‌پاڵ خوێندنه‌كه‌شیدا بۆته‌ شاگرد به‌رگدروو له‌لای وه‌ستا عه‌لی برا گه‌وره‌ی كه‌ باشترین به‌رگدرووی ناوچه‌كه‌ بووه‌.

له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ ڕۆژانه‌ گوێ و هه‌ستی ناسكی لێوڕێژ ده‌بێت به‌ مه‌قام و به‌سته‌ و ده‌نگی خۆشی  باوكی و كاكه‌ عه‌لی برای و هونه‌رمه‌ندانی ناوچه‌كه‌ی له‌ڕێی كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی مه‌قامبێژه‌كان له‌دیوه‌خانه‌كاندا و، هه‌روه‌ها ده‌نگ و سۆزی خۆشی هونه‌رمه‌ندان ( سه‌یدعه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی و عه‌لی مه‌ردان)  ئه‌و دنیا لێوڕێژه‌ له‌سۆزی هونه‌رێكی بێ خه‌وش و ڕه‌سه‌ن، ڕۆژانه‌ هه‌ستی هونه‌رمه‌ند ده‌بزوێنێ و له‌ناو هاوڕێكانیدا تێده‌چریكێنێ و مه‌قام و به‌سته‌ ده‌خوێنێ،

ده‌نگی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر داده‌نێت و له‌وكه‌م ته‌مه‌نه‌دا بیرو ئه‌ندێشه‌ی له‌لای ئه‌و كه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده‌ ده‌بێت و به‌رده‌وام گوێی له‌مه‌قامه‌كانی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان گرتووه( خاوكه‌ر ، ئه‌ڵڵاوه‌یسی ،خورشیدی ، به‌یات ، ڕاست ، نه‌هاوه‌ند ، عه‌جه‌م ،هه‌مایۆن ، به‌یاتی كورد ، به‌یاتی شوور و حیجاز) دیاره‌ خۆشیی گوێیه‌كی هه‌ستیاری به‌هێزی هه‌بووه‌ له‌وه‌رگرتنی شێوازی وتن و ئه‌دای ئه‌و مه‌قامانه‌ و لێیانه‌وه‌ فێربووه‌ و  تامه‌زرۆیی دیداری ده‌كات،هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات باس له‌و ڕۆژه‌ده‌كات كه‌مامۆستا عه‌لی مه‌ردانی دیوه‌و  چی پێ وتووه‌ ..! ( ساڵی (1950) بیرمه‌ هونه‌رمه‌ند (عه‌لی مه‌ردان) هاته‌ ماڵمان ،بۆئه‌وه‌ی عه‌لی برام بباته‌ ئیزگه‌ و مه‌قام و گۆرانیی پێ تۆماربكات،به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ باوكم ڕازی نه‌بوو، ئیتر منیش منداڵ بووم و ده‌نگیشم خۆش بوو بردمیانه‌ لای مامۆستا عه‌لی مه‌ردان و گۆرانی ( گیان ئازیزه‌كه‌م) بۆی وت ، ده‌ستی به‌سه‌را هێنام و وتی : ئه‌م مناڵه‌ دواڕۆژێكی سه‌ركه‌وتووی ده‌بێ) (1).  

كوڕه‌ هه‌ژارو جوتیاره‌كه‌ی قه‌ڵخانلوو، له‌ته‌مه‌نی (15) ساڵیدا، ساڵی (1955) ،ئه‌م لاوه‌ دێهاتییه‌كه‌ هه‌میشه‌ چاوه‌كانی و هه‌ست و هۆشی به‌ڕوانینی  فراوانی بۆ ده‌شتی  كاكی به‌كاكی ڕاخراوی له‌‌ گوڵ و گوڵزار و گیا خه‌مڵیوه‌كان ڕاهاتووه‌ دێته‌ شار و  ماڵئاوایی له‌ژیانی گوند ده‌كات و به‌ره‌و دنیایه‌كی دیكه‌ هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت و ڕووده‌كاته‌ شاری كه‌ركوك  و له‌گه‌ڕه‌كی ( شۆڕیجه‌) نیشته‌جێ ده‌بێت و ، تێكه‌ڵاو به‌ژیان و ژینگه‌ی شارده‌بێت و ده‌ست ده‌كات به‌كاركردن ده‌كاته‌وه‌ له‌لای وه‌ستا عه‌لی برا گه‌وره‌ی و هونه‌ره‌كه‌شی فه‌رامۆش ناكات ، زۆر به‌زوویی له‌ڕێی ‌كه‌سایه‌تی و ده‌نگه‌ به‌سۆزو خۆشه‌كه‌یه‌وه‌ خۆی ده‌ناسێنێت و‌ ده‌بێت به‌ ئاشنای هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شاری كه‌ركوك  به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ندی  باڵه‌بانژه‌نی به‌توانا ( ئه‌حمه‌د داوده‌ 1926_ 19/1/1979)،

بۆیه‌كه‌مجار هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ و باڵه‌بانه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی له‌ساڵی (1958) له‌چایخانه‌كه‌ی ( حه‌مه‌ی گوڵناز) له‌گه‌ڕه‌كی شۆڕیجه‌ ( یارغه‌زاڵ  و به‌سته‌ی سه‌وزه‌ سه‌وزه‌) ده‌خوێنێ، لێره‌وه‌ ده‌نگ و سه‌داو چریكه‌ی شكور خه‌یات سه‌رنجی گوێگران و ئاماده‌بووان  كه‌مه‌ندكێش ده‌كات و ناو و ناوبانگی زیاتر بڵاوده‌بێته‌وه‌.

هه‌رگیز نه‌بووه‌ هونه‌رمه‌ندی كورد به‌هونه‌ره‌كه‌ی بژی ، به‌ڵكو هونه‌رمه‌ند شوكر خه‌یاتیش بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی كارێك ده‌دۆزێته‌وه‌ و  دوای ماوه‌ی (9) ساڵ شاگردی به‌رگدروو، خۆیی به‌زیره‌كی و لێهاتوویی ده‌بێته‌ وه‌ستایه‌كی كارامه‌و دڵسۆز بۆ جل و به‌رگی كوردی و دوكانی به‌رگردوو له‌شۆریجه‌ داده‌نێت ، هونه‌رمه‌ند  پیشه‌كه‌یی و هونه‌ره‌كه‌ی به‌یه‌ك ئاراسته‌ گه‌شه‌ پێده‌دات ، له‌كاری به‌رگدروویدا  هێنده‌ كارامه‌و لێهاتوو و شاره‌زا ده‌بێت ، وشه‌ی به‌رگدروو یان خه‌یات ، ده‌بێته‌  پاشگری ناوه‌كه‌ی و له‌نێو كۆڕو كۆمه‌ڵی دۆستان و هونه‌رمه‌نداندا به‌

 ( شكور خه‌یات) ده‌ناسرێت و ناوده‌برێت.

هێدی هێدی هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات خۆی له‌ناو كۆڕی زیكری به‌سته‌و مه‌قام و خۆشخوانه‌ به‌تواناكانی شاری كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری ده‌بینێته‌وه‌ وه‌ك ( سه‌لاح داوده‌ ، فایه‌ق داوده‌ ، ئه‌حمه‌د داوده‌ ، حوسێن عه‌لی ، ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ ، خێروڵڵا خه‌یات ، كه‌ریم بنگردی و سابیر كوردستانی .....تاد ) به‌هۆی كه‌سایه‌تیه‌ هێمن و زمان شیرینی  و هه‌سته‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كه‌یه‌وه‌ ، له‌ڕێی ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌كه‌یه‌وه‌ خۆی له‌نێو دڵی جه‌ماوه‌ر و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانیه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌و  پێگه‌یه‌كی به‌رزی هونه‌ری بۆخۆی بنیات ده‌نێ و دواتر له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندانه‌ كاری هونه‌ری ئه‌نجام  و تۆمار ده‌كات.

گه‌شته‌كه‌ی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات و خێڕوڵڵا خه‌یات بۆ شاری به‌غدا و ، نه‌چوونیان بۆ ڕادیۆ...؟!

به‌مه‌ستی دیده‌نی و هه‌واڵپرسینی له‌ته‌ندروستی ، چوومه‌ خزمه‌تی هونه‌رمه‌ند شكوری خه‌یات ، كاتێك له‌نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا ده‌دوێیت ، هه‌روه‌ك چۆن ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی مه‌قام و به‌سته‌كانی ئارامیی ده‌به‌خشن به‌ ڕۆح، له‌ده‌موو دووشدا به‌هه‌مان شێوه نه‌رم و نیان و میهره‌بان‌ ، هه‌ست به‌ئارامیی و ئاسووده‌یی ده‌كه‌یت ، هونه‌رمه‌ندێكی دڵسۆز بۆ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی گه‌له‌كه‌ی ، له‌و دیداره‌دا كه‌مێك لاپه‌ڕه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانیم هه‌ڵدایه‌وه‌ ، یه‌ك دوو پرسیارم ئاراسته‌ كرد ،سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆ تائێستا هیچ به‌رهه‌مێكی تۆماركراوی له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا نییه‌ ..؟  خوێندنه‌وه‌ی بۆ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا عه‌لی مه‌ردان  چییه‌..؟  

( به‌داخه‌وه‌ قیسمه‌ت نه‌بووه‌ كه‌ به‌رهه‌م له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا تۆمار بكه‌م ، ساڵی (1963)  یه‌كێك له‌جه‌ژنه‌كان چاك بیرم نایه‌ت به‌ڵام سێیه‌م‌ ڕۆژی جه‌ژن بوو ، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی هونه‌رمه‌ندم به‌ناو ( خێروڵڵا خه‌یات) هونه‌رمه‌ندێكی به‌توانا و مامۆستایه‌كی زرنگ و پسپۆره‌ له‌ خوێندنی مه‌قامه‌كاندا ،  زیاتر له‌ ( 50) ساڵه‌ هاوڕێی هونه‌ریمه‌ ، ئه‌و كاته‌ هه‌ردوكمان گه‌نج بووین و تازه‌ ده‌ستمان كردبوو به‌ مه‌قام و به‌سته‌ خوێندن ، هه‌ردوكمان بۆكارێك چوینه‌ به‌غدا ، دوای ته‌واوبوون له‌كاره‌كه‌ی خۆمان هه‌ردوكمان بڕیارماندا بچینه‌ ڕادیۆ مه‌قام و به‌سته‌ تۆماربكه‌ین، له‌به‌رده‌م ڕادیۆ  له‌ ( ساڵحیه‌) كابرایه‌كی به‌ته‌مه‌ن له‌سه‌ر كورسییه‌ك دانیشتبوو، ئێمه‌ش سڵاومان لێكردو پێمان ڕاگه‌یاند ئێمه‌ هونه‌رمه‌ندین و هاتووین گۆرانی تۆماربكه‌ین،نه‌یهێشت بڕۆینه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ناو ڕادیۆ ، پێی وتین بڕۆن هه‌ریه‌كه‌تان عه‌رزو حاڵێك بنووسن  و بگه‌ڕێنه‌وه‌ ، ئێمه‌ش گه‌ڕاین به‌دوای عه‌ریزه‌نوسێكدا چه‌ندی گه‌ڕاین عه‌ریزه‌ نووسمان نه‌دۆزییه‌وه‌ جه‌ژن بوو كه‌سمان ده‌ست نه‌كه‌وت و دواتر  به‌دڵ ساردییه‌كه‌وه‌ هه‌ردوكمان گه‌ڕاینه‌وه‌ كه‌ركوك ..! ئیتر له‌وڕۆژه‌وه‌ ڕێم نه‌كه‌وته‌وه‌ ڕادیۆ، له‌سه‌رده‌می حیزبی به‌عسیشدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌چوومه‌وه‌ بۆ ڕادیۆ ده‌بوو به‌شان و باڵی ئه‌و حیزبه‌دا هه‌ڵبڵێم ، منیش خۆشه‌ویستیم بۆ خاك و نیشتمان و هونه‌ره‌كه‌م ڕێگه‌ی نه‌ده‌دام ئه‌و كاره‌ بۆ حیزبی به‌عس بكه‌م، نه‌چوومه‌وه‌ و دیاره‌ قیسمه‌تم نه‌بووه‌ له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا گۆرانی بڵێم.

له‌و دیداره‌دا كه‌مێك لاپه‌ڕه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانیم هه‌ڵدایه‌وه‌ و زۆر به‌حورمه‌ته‌وه‌ كه‌وته‌ باسی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا( عه‌لی مه‌ردان)  و وتی : ئه‌و مامۆستا گه‌وره‌یه‌ قوتابخانه‌ی هونه‌ری مه‌قام و به‌سته‌ی كوردی بوو، مه‌حاڵه‌ جارێكی دیكه‌ درووست ببێته‌وه‌ ، هه‌روه‌هاسه‌باره‌ت به‌ هونه‌رمه‌ند( ئه‌حمه‌د داوده‌) ، یه‌كێك بوو له‌ هونه‌رمه‌نده‌ باڵه‌بانژه‌نه‌ به‌توانا و لێهاتووه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ، مێژوویه‌كی زۆر جوانمان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌و له‌چه‌ندین ئاهه‌نگ و تۆماركردنی كاسێتدا به‌باڵه‌با‌نه‌كه‌ی هاوكارم بووه و ڕۆحیه‌تیه‌كی زۆر سه‌یرو خۆشیی  و نه‌شئه‌ی زیاتری پێ ده‌به‌خشیم‌،

هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات  له‌و ڕۆژانه‌ی كه‌ ده‌نگ و سه‌دای له‌لوتكه‌ی چڕیندا بوو، به‌ گه‌رووه‌ گه‌رمیانیه‌كه‌ی مه‌قام و به‌سته‌ی بۆنه‌ته‌وه‌كه‌ی پێ چڕیوه‌، به‌ڵام داخه‌كه‌م وتی : ئای پیری هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌م یاده‌وه‌رییه‌كانم به‌جێم دێڵن و ئێستا ته‌مه‌نم گه‌یشتۆته‌ (82) ساڵ، به‌داخه‌وه‌ گه‌روه‌كه‌ی جارانم نه‌ماوه‌و كه‌گوێم له‌به‌رهه‌مه‌كانی خۆم ده‌بێت، فرمێسك به‌چاوه‌كانمدا دێنه‌ خوار و هه‌ست ده‌كه‌م پیری زۆری بۆهێناوم و گه‌روو و ده‌نگه‌كه‌ی لێ زه‌وتكردووم) ( 2) .

هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات و چرۆكردنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی...!

زێدی هونه‌رمه‌ند ناوچه‌یه‌كی به‌پیت و به‌ره‌كه‌تی خاكی كوردستانه‌، هه‌موو كات له‌لایه‌ن داگیركه‌ره‌وه‌ چاوی ته‌ماعكاری و داگیركردنی له‌سه‌ربووه‌، دانیشتوانه‌كه‌ی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌كی نامرۆڤانه‌ چه‌وسێنراونه‌ته‌وه‌و له‌سه‌ر ئاو  و خاكی باب و باپیرانیان دوورخراونه‌ته‌وه‌ و خاكه‌كه‌یان لێ زه‌وتكراوه‌ ، له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و بینینی ئه‌و زوڵم و سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌دا كاریگه‌ر له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات داده‌نێت ، به‌تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی كه‌له‌ شاری كه‌ركوك نیشته‌جێ بووه‌، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1959) وه‌ك لاوێكی پڕ هێزو ووزه‌ی گه‌رمیانی په‌یوه‌ندی ده‌كات به‌ (یه‌كێتی لاوانی كوردستان) و ئه‌ندامێكی چوست و چالاكی ئه‌و ڕێكخراوه‌ ده‌بێت ،له‌ساڵی ( 1961) بیری نه‌ته‌وه‌یی زیاتر له‌ناخیدا چرۆده‌كات و ده‌بێت ئه‌ندام و كادێری پارتی دیموكراتی كوردستان ، كارو چالاكییه‌كانی به‌نهێنی له‌شاری كه‌ركوك دا دڵسۆزانه‌ ئه‌نجام ده‌دات، هونه‌رمه‌ند له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ره‌وه‌ چه‌ند جارێك فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رده‌چێت و ، ناوه‌ ناوه‌ خۆی حه‌شار ده‌دات و ڕ‌ق ئه‌ستوور ده‌بێت له‌سه‌ر تێكۆشان و خه‌باتی نهێنی له‌شاری كه‌ركوك دا،  هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات  هاوشانی تێكۆشانی كاری سیاسیی ده‌روێشێكی ته‌ریقه‌ته‌ جوانه‌كه‌ی هونه‌ره‌ و ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌گه‌ڵ باڵای هونه‌ره‌ به‌رزه‌كه‌یدا گه‌شه‌ ده‌كات و ، هونه‌ر و چریكه‌ی به‌سۆزی له‌مه‌قام و به‌سته‌ چڕیندا سنووری جوگرافیای گه‌رمیان و شاری كه‌ركوك ده‌به‌زێنێ و به‌شار و شارۆچكه‌كانی كوردستاندا ، ته‌نانه‌ت‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش دا بڵاوده‌بێته‌وه‌ و هونه‌ره‌كه‌ی ده‌بێته‌ جێیی سه‌رسامی و ڕاكێشانی سۆزی هه‌وادارانی هونه‌ری مه‌قام و به‌سته‌ی كوردی و جه‌ماوه‌رێكی باش بۆ ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی په‌یداده‌كات ،

له‌گه‌ڵ تێكۆشانی هونه‌ریدا ، هونه‌رمه‌ندی ناودار

( ئه‌حمه‌د داوده‌) به‌رده‌وام هاوكار و پشتیوانی بووه‌، شكور خه‌یاتی خۆشخوان هه‌میشه‌ به‌ئه‌مانه‌وت و وه‌فا و حورمه‌ته‌وه‌ ناوی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌ی هێناوه‌ و ده‌ڵێـت ( سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نه‌یژه‌نێكی چاك و خاوه‌ن توانایه‌كی زۆر باش بوو له‌به‌كارهێنانی نه‌یدا ، ده‌ستێكی باڵاشی هه‌بوو له‌زانینی ئاوازه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی گه‌رمیان ، ئه‌و ده‌ورێكی دیاری هه‌بوو له‌هاندانی من و له‌ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ ئاواز و وتنی گۆرانییه‌كان هه‌وڵی زۆری دا بۆ دروست بوونم ) ( 3) .

له‌ساڵی (1967) به‌یاوه‌ری هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د داوده‌ له‌شاری سلێمانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ) كاسێتێك تۆمارده‌كات ، ساڵێك دواتر له‌ (1968) هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( ئه‌حمه‌د داوده‌و سه‌لاح داوده‌) دێنه‌ شاری سلێمانی ، له‌ماڵی ( غوص حاجی قادر موحسین گڵه‌زه‌رده‌یی، ناسراو به‌ عوسمانی غه‌وصه‌ی ته‌سجیلات 1946_ 8/9/2009) كاسێتێك تۆمار ده‌كه‌ن له‌ مه‌قامه‌كانی قه‌تار و خاوكه‌ر و ئه‌ڵلاوه‌یسی و خورشیدی و به‌سته‌، هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات فه‌رمووی ( كاك عوسمان زۆر زه‌حمه‌تی كێشاو لوتفی نواند له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجامدا ئه‌و كاسێته‌ی بۆتۆماركردین، شه‌ویش نه‌یهێشت بڕۆین له‌وێ ماینه‌وه‌و میواندارییه‌كی جوانی كردین، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌ ته‌نها ئه‌و كاسێته‌ی بۆتۆمار نه‌كردووین ، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د شه‌ماڵیش ئه‌و پیاوه‌ دڵسۆزه‌ زه‌حمه‌تی كێشا تۆماری كردووه‌) (4) .

شكوری خه‌یاتی مه‌قامبێژه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی گه‌رمیان له‌ ساڵی (1967) ژیانی هاوسه‌ری پێكدێنێ و به‌رهه‌می ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ ( 5 كچ و 3 كوڕ) بووه و‌،  ئه‌ركی سه‌رشانی قورستر ده‌بێت، درێژه‌دان به‌هونه‌ره‌كه‌ی ، ڕێبازی كوردایه‌تی و ئه‌ركی دابینكردنی ژیان بۆ خانه‌واده‌كه‌ی .

دوای ئه‌وه‌ی زیاتر ده‌ناسرێت له‌نێو جه‌ماوه‌ردا و ده‌نگ و سۆزی مه‌قام و به‌سته‌كانی به‌كوچه‌ و شه‌قام و گه‌ڕه‌كانی شاری كه‌ركوك و كوردستاندا بڵاوده‌بێته‌وه‌، له‌ساڵی (1971) هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات ده‌بێته‌ ئه‌ندامی ( كۆمه‌ڵ و هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی) له‌شاری كه‌ركوك.

له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول له‌ساڵی (1974) هونه‌رمه‌ند به‌هونه‌ر و چه‌ك و به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تی له‌ناو شۆڕشی كوردا خه‌بات ده‌كات، هونه‌رمه‌ند پێی ڕاگه‌یاندم : به‌ئه‌ركی سه‌رشانم زانی وه‌ك تاكێكی ئه‌م میلله‌ته‌ له‌به‌ره‌ی گه‌له‌كه‌مدا خه‌بات بكه‌م و چه‌كی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تی بكه‌مه‌ شانم و شان به‌شانی هاوزمانه‌كانم برا پێشمه‌رگه‌كانم دژ به‌ دوژمنی نه‌ته‌وه‌كه‌م خۆم له‌سه‌نگه‌ری به‌ره‌نگاری و پارێزگاری كردن له‌خاكه‌كه‌م تێبكۆشم ، ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت له‌ناو شۆڕش و برا پێشمه‌رگه‌  هاوخه‌باته‌كانم ڕێزێكی بێ ئه‌ندازه‌یان بۆ خۆم و هونه‌ره‌كه‌م داده‌نا، سه‌ربه‌رزم كه‌ڕۆژێك توانیومه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی دڵسۆز بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌م خه‌بات بكه‌م)(4).

مه‌خابن له‌ نسكۆی شۆرشی ئه‌یلول له‌ساڵی (1975) هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات وه‌ك زۆرینه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ كه‌پشتیوان و هاوكاری شۆڕش بوون، ڕووده‌كاته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌و ژیانه‌ ئاواره‌ییه‌دا و دوور له‌زێده‌كه‌ی له‌شاری ( پاوه‌) ی ڕۆژهه‌ڵات په‌روه‌ردگار (كچێك) یان پێ ده‌به‌خشێت، دواتر له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی له‌ ئۆردوگای ( ئه‌نزڵ) له‌نزیك ( سه‌رپێڵی زه‌هاو) ماوه‌ی ( ساڵێك و سێ مانگ) له‌ئۆردوگای ناوبراو ده‌مێنێته‌وه‌، له‌ساڵی (1976) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عێراق ، به‌ڵام به‌هۆی سیاسه‌تی چه‌په‌ڵی دوژمنانه‌ی حیزبی به‌عس ، ئه‌وانه‌ی كه‌ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ ناوی ( عائدون) ناویان تۆمارده‌كات و ڕێگری ده‌كات له‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدو نیشتمانه‌كه‌یان ، به‌بڕیارێكی شۆڤێنییانه‌ دووریان ده‌خاته‌وه‌ ( نه‌فی) یان ده‌كات بۆ خواروو و ناوه‌ڕاستی عێراقی عه‌ره‌بی، هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات و خانه‌واده‌كه‌ی ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ ( فه‌للوجه‌)ی سه‌ربه‌پارێزگای ڕومادی، له‌و ژیانه‌ نامۆیه‌دا له‌ژێر فشار و ڕه‌قیبێكی توند له‌لایه‌ن سیخوڕه‌كانی به‌عسه‌وه‌ ماوه‌ی (2) ساڵ ژیان به‌ڕێ ده‌كات، له‌و ژیانه‌دا كه‌هه‌موو شتێك به‌ ناخ و هه‌ستی خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی نامۆیه‌ ، له‌غوربه‌تدا په‌روه‌دگار ( كوڕو كچێكی ) دیكه‌یان پێ ده‌به‌خشێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌  دوای ماوه‌یه‌ك كچه‌كه‌ی گیان له‌ده‌ست ده‌دات و جه‌سته‌ی گۆڕغه‌ریب ده‌بێت...؟!

له‌ساڵی (1978) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان، جارێكی دیكه‌ حیزبی به‌عس ده‌بێته‌وه‌ ڕێگر و نایه‌ڵێت له‌شاره‌ شیرینه‌كه‌ی ( كه‌ركوك)  هه‌وار هه‌ڵبداته‌وه‌ و له‌ناو هاوه‌ڵ و دۆستان و هۆگرانی مه‌قامدا درێژه‌ به‌ژیانی ئاسایی بكاته‌وه‌ ، به‌ناچاری له‌شارۆچكه‌ی ( چه‌مچه‌ماڵ) نیشته‌جێ ده‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی نزیكه‌ له‌شاری كه‌ر‌كوكه‌وه‌.

به‌ڵام هه‌موو كات بیر و هۆشیی له‌لای یاده‌وه‌رییه‌ جوانه‌كانی  ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه‌له‌ گه‌رمیان دا به‌سه‌ری بردووه‌، هه‌ركات ناوی گه‌رمیانی به‌رگوێ كه‌وتووه‌ كه‌وتۆته‌ گێژاوی خه‌یاڵ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و ڕۆژگاره‌ ساده‌و ساكارانه‌ی به‌سه‌ر بردووه‌ ، چونكه‌ خۆی به‌قه‌رزارباری گه‌رمیان  و خۆشخوان و ده‌نگبێژانی ناوچه‌كه‌ی ده‌زانێ ( هه‌ركه‌ناوی ناوچه‌ی گه‌رمیان ده‌هێنن، ده‌كه‌ومه‌ بیر و خه‌یاڵه‌وه‌ برینه‌كانم ده‌كولێنه‌وه‌، وه‌كو كانیاوێكی گه‌رمیانی كوردستان هه‌ڵده‌قوڵێم ، چونكه‌ زۆربه‌ی زۆری مه‌قامبێژه‌كان له‌ناوچه‌ی گه‌رمیان سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ ، جگه‌ له‌وه‌ش یادگاری زۆر زۆرمی تیایه‌) ( 5) .

 ماوه‌ی (19) ساڵ درێژه‌دان به‌كاری به‌رگدرویی و كاری هونه‌ری و ئه‌نجامدانی ده‌یان شه‌وان ئاهه‌نگ و ئه‌كله‌نجه‌ و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی خۆشخوان و مه‌قامبێژان و هونه‌رمه‌ندانی شاری كه‌ركوك و سلێمانی ژیان به‌ڕێ ده‌كات ، فه‌رمووی ( جیا له‌و گۆرانی و مه‌قامانه‌ی ئێستا له‌تۆمارگاكان دا هه‌یه‌ ، ئه‌ویش به‌هه‌وڵی دڵسۆزان تۆماركراوه‌و بۆته‌ ئه‌رشیف ، به‌داخم بۆ ئه‌و هه‌موو دانیشتن و ئه‌كله‌نجانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستان و ئازیزاندا پێكه‌وه‌ خوێندومانه‌ تۆمارنه‌كراون و فه‌وتان ، ‌ نیگه‌رانم  له‌وه‌ی كه‌فه‌وتاون چونكه‌ خۆم ده‌زانم توانای خوێندنم بۆ مه‌قامه‌كان و به‌سته‌ له‌چ ئاستێكدا بووه‌، من زۆربه‌ی مه‌قامه‌كانم خوێندووه ،‌به‌داخه‌وه پیری هه‌موو ئه‌و توانایه‌ی لێسه‌ندوومه‌ته‌وه‌) (6).‌

هونه‌رمه‌ند دوای به‌سه‌ر بردنی (19) ساڵ ژیان له‌شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ، له‌ساڵی ( 1997) به‌یه‌كجاری بنه‌و بارگه‌ی ده‌پێچێته‌وه‌ و ڕووده‌كاته‌ پایته‌خته‌ شیرینه‌كه‌ی كوردستان شاری ( هه‌ولێر) له‌ ( بنه‌سڵاوه‌) نیشته‌جێ ده‌بێت و به‌كاری به‌رگدروویه‌كه‌یه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌بێته‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی له‌شاری هه‌ولێر نیشته‌جێ ده‌بێت، هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( وریا ئه‌حمه‌د) به‌و هه‌واڵه‌ ده‌زانێ كه‌ هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات له‌هه‌ولێر ده‌ژی ، زۆر زوو خۆیی ده‌گه‌یه‌نێتێ و دڵشاد و شادمان ده‌بێت به‌بینیه‌وه‌ی ئه‌و مه‌قام بێژه‌ ڕه‌سه‌نه‌ چونكه‌ پێشتر هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د به‌تایبه‌ت چۆته‌ شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ و دیده‌نی و  وتوێژی هونه‌ریی له‌ته‌كدا سازكردووه‌ ، مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د داوای لێده‌كات كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ر و ئه‌ویش هاوكار و پشتیوانی بێ ، دوای ڕه‌زامه‌ندی له‌لایه‌ن شكور خه‌یاته‌وه‌ ، هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د له‌ ( ئیزگه‌ی گوڵان) سێ به‌سته‌و  سێ مه‌قامی ( ئه‌ڵڵاوه‌یسی و سێگا و چوارگا) ی بۆ تۆمارده‌كات، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌وه‌ ده‌ستپێكی به‌رده‌وامبوونه‌وه‌ی هونه‌ر دوای چه‌ندساڵێك دابڕان،دواتر هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات  به‌شداری له‌ده‌یان ئاهه‌نگ و یاد و بۆنه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و پرۆگرامی هونه‌ری له‌كه‌ناڵه‌ لۆكاڵی و ئاسمانییه‌كاندا ده‌كات، و چه‌ندین به‌رهه‌می تۆماركراوی له‌ئه‌رشیفی كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌.

له‌ساڵی (2001) له‌میوانخانه‌ی ( چوارچرا) پێشبڕكێیه‌ك بۆ هونه‌رمه‌ندان سازده‌كرێت ، هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات یه‌كێك بووه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ خاوه‌نی ده‌نگێكی به‌رزی به‌سۆز له‌ مه‌قام و به‌سته‌ و خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی پێده‌به‌خشرێت،تائێستا له‌لایه‌ن وه‌زیری ڕۆشنبیری و ڕێكخراو كۆمه‌ڵه‌و  كه‌سایه‌تیه‌كان و تیپه‌ هونه‌رییه‌كانه‌وه‌ سوپاسنامه‌و خه‌ڵاتی ڕێزلێنان له‌باره‌ته‌قای مێژووی هونه‌ریی پڕبه‌خششی پێبه‌خشراوه‌.

هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی كه‌ هه‌موو ته‌مه‌نی به‌خشیوه‌ به‌پیرۆزی هونه‌ر و جوانیه‌كانی نیشتمانی دایك ، ڕۆژێك له‌ڕۆژان گله‌یی و گازانده‌ی نه‌كردووه‌و هه‌روه‌ها منه‌تی به‌سه‌ر كه‌سدا نه‌كردووه‌ و بڵێ من ئه‌وه‌م كردوه‌ ..! چونكه‌ ئه‌و به‌ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی زانیوه‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌و كاره‌ و خزمه‌تی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات ، به‌رده‌وام له‌ناخێكی پڕ له‌ناسۆره‌وه‌ مه‌قام وبه‌سته‌ی شادی بۆ نه‌ته‌وه‌ بنده‌ست و چه‌وساوه‌كه‌ی ، بۆپاراستن و زیندووهێشتنه‌وه‌ی  مه‌قامه‌ ڕه‌سه‌ن و شیرینه‌كانی وڵاته‌كه‌ی خوێندووه‌ ، له‌دیمانه‌یه‌كدا ده‌بێژێت ( من گۆرانیم بۆ دایكه‌ شیرینه‌كه‌م  ، بۆ نیشتمانه‌كه‌م ، بۆ گوند و شاره‌ خنجیلانه‌كه‌م ، بۆ دۆست و یاوه‌ران و ئازیزه‌كانم ، بۆ هاوسه‌ر و جگه‌ر گۆشه‌كانم ، بۆئێش و ئازاره‌كانم ، بۆ كه‌وی سه‌رچیكان  و بولبولی سه‌ر دره‌خته‌كان ، بۆ ڕووبار و كانی  و به‌رد و لم و چه‌وه‌كانی وڵاته‌كه‌م وتووه‌، بۆئه‌وانه‌ی نامۆن له‌هه‌نده‌ران و دوورن له‌نیشتمان ، جار جاریش بۆ فرمێسك و هه‌نسكی هه‌ژاره‌كان )(7).

 هونه‌رمه‌ند له‌دوای تۆماركردنی ئه‌و مێژووه‌ جوانه‌ له‌نێو هونه‌ری مه‌قام و به‌سته‌دا ، هێشتاش هه‌ست و سۆز و دڵی ، هه‌ر ئه‌و هه‌سته‌ی سه‌رده‌می لاوێتییه‌ و به‌حورمه‌ته‌وه‌ له‌هونه‌ری ئاوازو مۆسیقا و مه‌قام و گۆرانی كوردی ده‌ڕوانێ و دڵشاده‌ به‌هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كه‌هه‌ریه‌كه‌یان به‌ئه‌ندازه‌ی گه‌روو  و توانای هونه‌رییان خزمه‌ت به‌هونه‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ( مه‌قامبێژ ، مه‌قام ناس و مه‌قام زانه‌) له‌خه‌می ئه‌وه‌دایه‌و ، به‌رده‌وام ڕێنمایی بۆ هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگبێژی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ڕێزو حورمه‌ت بۆ خۆیان و هونه‌ره‌كه‌یان دابنێن ، دڵسۆزانه‌ هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان هه‌وڵبده‌ن خزمه‌تی زیاتر به‌ فۆلكلۆر و ئاوازی ڕه‌سه‌نی كوردی بده‌ن، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنن، ده‌بێت خۆیان فێری مه‌قامه‌كان بكه‌ن ، مه‌قامه‌كان بناسن ، چونكه‌ مه‌قام بناغه‌ی گۆرانی و به‌سته‌یه‌، تا شاره‌زا نه‌بن له‌مه‌قامه‌كاندا ناتوانن سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن،

 سڵاو له‌و مامۆستا مه‌قامبێژه‌ خۆڕسكانه‌ و ژینگه‌ جوانه‌كه‌ی كوردستان كه‌ هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات یان به‌وشێوه‌ جوانه‌ لێوان لێو له‌هونه‌ری ڕه‌سه‌ن په‌روه‌رده‌كرد ، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( عه‌لی مه‌ردان و ئه‌حمه‌د داوده‌) كه‌ ڕێنوێنیكه‌ر و فێركار و دروستكه‌ری شكور خه‌یات بوون، سڵاو له‌مێژووی پڕ به‌خششت و خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت ، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو كۆسپ و هه‌ورازو نشێو و ڕاگواستن و ته‌عریب  و تاڵانكردن  و چه‌شتنی گه‌رمی و ساردی ژیان، نه‌یاتنوانی  ببنه‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رامبه‌ر بره‌ودان به‌هونه‌ره‌ به‌رزه‌كه‌ت و ڕێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌ی كوردایه‌تی .

جه‌مالی ده‌لاك  18/5/2022 هه‌ولێر .   

سه‌رچاوه‌:

له‌گه‌رمه‌سێری گه‌رمیانه‌وه‌ ، وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د ، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی ،  ژماره‌(104) له‌ (17/11/1998) ، ئه‌م بابه‌ته‌ له‌كتێبی ( چه‌ریانه‌ی شكور خه‌یاته‌وه‌) كۆكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كردنی ( گه‌رمیان شكور هه‌یه‌ری ) كه‌ركوك (2010).

   (2) دیدارم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات ، ڕۆژی شه‌ممه‌ (12/3/2022) له‌دوكانی به‌رگدروویه‌كه‌ی له‌ بنه‌سڵاوه‌( ج،د)

ڕۆژنامه‌ی ( خه‌بات)  ژماره‌ ( 645) چوارشه‌ممه‌ (4/11/1992) نوسینگه‌ی كه‌ركوك ، ئه‌م بابه‌ته‌ له‌كتێبی ( چه‌ریانه‌ی شكور خه‌یاته‌وه‌) كۆكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كردنی ( گه‌رمیان شكور هه‌یه‌ری ) كه‌ركوك (2010).

(4 و 6) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( شكور خه‌یات) سێ شه‌ممه‌ (17/5/2022) (ج،د).

 

 

(5) گۆڤاری ( ڕه‌نگین ) ژماره‌ ( 429) تشرینی دووه‌می (2006)دواندنی ( قانع ڕه‌شید ئیبراهیم) ، ئه‌م بابه‌ته‌ له‌كتێبی ( چه‌ریانه‌ی شكور خه‌یاته‌وه‌) كۆكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كردنی ( گه‌رمیان شكور هه‌یه‌ری ) كه‌ركوك (2010).

(7) شكور خه‌یاتی ده‌نگخۆش ، سازدانی هه‌رده‌وێڵ كاكه‌یی ، ئه‌م بابه‌ته‌ له‌كتێبی ( چه‌ریانه‌ی شكور خه‌یاته‌وه‌) كۆكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كردنی ( گه‌رمیان شكور هه‌یه‌ری ) كه‌ركوك (2010).

سوپاس و پێزانین و ده‌ستخۆشیم بۆ به‌رێز ( گه‌رمیان شكور هه‌یه‌ری) بۆزه‌حمه‌ت و ماندوبوونی له‌كۆكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كردنی كتێبی ( چه‌یانه‌ی شكور خه‌یاته‌وه‌) ، بۆنوسینی ئه‌م بابه‌ته‌ سوودم لێوه‌رگرتووه‌ ( ج،د).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.