Erbil 15°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 22:31

محه‌مه‌د شێخۆ .. هونه‌رمه‌ندێكى كۆڵنه‌ده‌ر و پارێزه‌رى هونه‌رو زمانى كوردى ...؟!

 (8/8/1948_9/3/1989)
کوردستان TV
100%

نكۆڵى له‌ هونه‌رى به‌رزى هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ ناكرێت ، هونه‌رمه‌ندێك هه‌ڵقوڵاوى ژينگه‌يه‌كى لێوان لێو له‌ چه‌وسانه‌وه‌، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ى له‌به‌شێكى كوردستانى داگيركراودا سه‌رى هه‌ڵدا ، كه‌ زمانى دايك ياساغ بووه‌ بۆ ڕۆڵه‌كانى ، به‌ڵام محه‌مه‌د شێخۆ به‌هۆى هه‌ستكردن به‌و چه‌وسانه‌وه‌يه‌و سته‌مكاريي و سڕينه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌ى له‌لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكى داگيركه‌ره‌وه‌ كه‌ مافى ناسنامه‌بوونيشى لێ زه‌وتكردببون ، به‌ده‌نگه‌ خۆش و ئاواز و تێكسته‌ نيشتمانى و نه‌ته‌وايه‌تى و ژه‌نينى ته‌مبووره‌كه‌ييه‌وه‌ ده‌نگى هه‌ڵبريوه‌ و به‌هه‌ست و نه‌ستى هونه‌رى  گه‌ره‌كييه‌تى ده‌نگى كپكراوى كورد له‌رۆژئاواى  كورستان  و نه‌ته‌وه‌ژێرده‌سته‌كه‌ى له‌ڕێي هونه‌ره‌كه‌يه‌وه‌ به ئا‌گا بێنێته‌وه‌ و بڵێت ئێمه‌ بوونمان هه‌يه‌و و نه‌ته‌وه‌يه‌كى دێرينى سه‌رئه‌م ئاو  و خاكه‌ين و خاوه‌ن كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگ و زمانى خۆمانين ئه‌ويش كوردستان و زمانى شيرينى كوردييه‌ .

له‌هه‌ربه‌شێكى كوردستان زوڵم و سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ بوونى هه‌بووبێـت ، جيا له‌ خه‌بات و تێكۆشانى ڕۆڵه‌كانى ، هونه‌رمه‌ندان به‌هه‌ست و هه‌ڵوٍێستى نيشتمان په‌روه‌رييان له‌به‌ره‌ى گه‌له‌كه‌ياندا بوون و خه‌باتيان كردووه‌، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ  ئه‌ويش وه‌ك ئه‌و ده‌يان هونه‌رمه‌نده‌ى كه‌ كه‌مى نه‌چه‌شتووه‌ له‌زه‌برو زه‌نگ و سته‌م وده‌رده‌سه‌ريي و  ئاواره‌يي و ده‌ربه‌رده‌ريي له‌زێده‌كه‌ى ، به‌هۆى ده‌نگ و ئاوازه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانى چڕيونى بۆ خۆشه‌ويسته‌كه‌يى وبه‌ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌كه‌ى جوانترين و به‌نرخترين پێناسه‌ى  بۆ كوردستانه‌ شيرينه‌كه‌ى كردووه‌.

له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكى هونه‌رييه‌وه‌ تا به‌ئه‌مڕۆ ده‌گات ناو و نازناوى به‌شێوه‌يه‌كى به‌رزو پيرۆز له‌ديرۆكى  نه‌ته‌وه‌يي و هونه‌رى ميلله‌ته‌كه‌ماندا به‌نه‌مرى ماوه‌ته‌وه‌و ده‌مێنێته‌وه‌ .

بابزانين ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌  باڵابه‌رزو ده‌نگ خۆش و به‌هه‌ڵوێسته‌ى نه‌ته‌وه‌كه‌مان كێيه‌ و ...؟  يادى لێبكه‌ينه‌وه‌ ..!

كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى ، كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى كشتوكاڵييه‌، محه‌مه‌د شێخۆ له‌يه‌كێك له‌ خانه‌واده‌كانه‌ كشتوكاڵيي و تێكۆشه‌ره‌كانى  ده‌وروبه‌رى شارى قاميشلۆيه‌ له‌ ئاوايي ( كرباوى ) له‌ ڕێكه‌وتى (8/8/1948) به‌دنيا هاتووه‌ ،

ناوى ته‌واوى ( محه‌مه‌د ساڵه‌ح ئه‌حمه‌د شێخموس )  دايكى ناوى  (خه‌ناف عه‌بدوڵڵا ديانه‌) يه‌ ، هونه‌رمه‌ند  به‌ناوى ( بافى فه‌له‌ك ) ناسراوه‌  هێشتا محه‌مه‌د منداڵبووه‌ كه‌ خانه‌واده‌كه‌ى بارگه‌يان ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ ئاوايي

( خجۆكێ ) درێژه‌ به‌ژيان ده‌ده‌ن.

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ له‌ گوندى خجۆكێ خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن و هه‌رله‌و گونده‌ قۆناغى سه‌ره‌تايي ته‌واو ده‌كات ، له‌پۆلى سێيه‌مى سه‌ره‌تايي قورئانى پيرۆزى خه‌تم كردووه‌ ، له‌ته‌مه‌نى منداڵييه‌وه‌ خولياى سترانچڕينى ده‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دابو نه‌ريته‌ قه‌تيس بووه‌كه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى سه‌رزه‌نشتيان كردووه‌ ، هه‌روه‌ها كاريگه‌ريي فۆلكلۆر و فه‌رهه‌نگى ناوچه‌كه‌يي و پاڵپشت و پشتيوانى باوكى به‌رده‌وام بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و خوليايه‌ ، هونه‌رمه‌ند ئه‌وه‌نده‌ ئاره‌زووى موزيك و سترانچڕين ده‌بێت ، ئه‌و توانا خۆڕسكه‌ له‌جه‌سته‌يدا بوونى هه‌يه‌ كه‌له‌ته‌خته‌ ئامێرى  موزيك دروست ده‌كات ، ئه‌و حه‌زو ئاره‌زووه‌ى بۆ موزيك و گۆرانى خوێندن  ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ى خانه‌واده‌كه‌يي وتا ده‌گاته‌ مامى كه‌پيشه‌ى دارتاش بووه‌ ، مامى ئامێرێكى ( ته‌مبوورى ) بۆ دروست ده‌كات و به‌ و كاره‌ى زياتر دڵخۆشيي ده‌كات و ڕێگاى بۆ ڕۆشنتر ده‌كات .

هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ ، ڕووده‌كاته‌ شارى قاميشلۆ به‌مه‌به‌ستى ته‌واوكردنى خوێندنى دواناوه‌ندى و ئاماده‌يي ،له‌قاميشلۆ درێژه‌ به‌خوێندن ده‌دات به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ساڵى (1965) چاوه‌كانى دووچارى نه‌خۆشيي (لاوازى بينين) ده‌بێت ، ئه‌م نه‌خۆشيه‌ ده‌بێته‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رامبه‌ر ته‌واو كردنى خوێندنه‌كه‌يي ، ناچار ده‌بێت ده‌ست به‌ردارى خوێندن ببێت و بگه‌ڕێته‌وه‌ گونده‌كه‌يان و له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ى كارى جوتيارى  درێژه‌ پێبدات، به‌ڵام هونه‌رى سترانچڕين و هه‌موو هه‌ست و هۆشيي داگير ده‌كات ، كاتێك ته‌مه‌نى ده‌بێته‌ (20) ساڵان واته‌ ساڵى (1968) هانا بۆ هونه‌رمه‌ندان  (حه‌سه‌ن توفى ، خه‌ليل ئێزيدى و حه‌ليم حه‌سۆ ) چه‌ندين ئاهه‌نگ و ئاهه‌نگى شه‌وانه‌ پێكه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن ، و زياتر قاڵ ده‌بێته‌وه‌ له‌ فێربوونى ئامێره‌ شيرينه‌كه‌ى (ته‌مبوور )، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵده‌دات كه‌ فێرى زمانى دايكى  ( زمانى كوردى ) ببێت و زياتر له‌ڕێگه‌ى هۆنراوه‌كانى شاعيرى گه‌وره‌ ( جگه‌رخوێن ) ئاشناى زمانى كوردى ده‌بێ و هۆنراوه‌ به‌رزه‌كانى جگه‌رخوێن له‌به‌ر ده‌كات ، ئه‌م قۆناغه‌ بۆ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ وه‌رچه‌رخانێكى گرنگ بوو له‌ ده‌نگبێژێك و به‌هره‌مه‌ندێكى ئاساييه‌وه‌ ببێته‌ هونه‌رمه‌ندێكى به‌رچاو  و ناودار.

ماوه‌ى دوو ساڵ به‌وشێوه‌يه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى ئه‌و ئاهه‌نگانه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده‌ هاوڕێيكانى له‌شارى قامشلۆ، له‌ساڵى (1970) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گونده‌كه‌يان بۆ ماوه‌يه‌كى كه‌م له‌لاى خانه‌واده‌كه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌، دواتر بڕيار ده‌دات گه‌شت بكات بۆ(به‌يروت) به‌مه‌به‌ستى گه‌شه‌پێدانى هونه‌ره‌كه‌يي و فێربوونى زياتر له‌موزيك ، له‌به‌يروت وانه‌ى موزيك ده‌خوێنێ  و دواى ماوه‌يه‌ك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان  ( سه‌عيد يوسف ، ڕه‌فعه‌ت دارى ، عيزه‌دين ته‌ممۆ و مه‌حمود عه‌زيز شاكر ) تيپێكى موزيك و فۆلكلۆرى  به‌ناوى ( سه‌ركه‌وتن ) داده‌مه‌زرێنن و چه‌ندين چالاكى هونه‌رى له‌به‌يروت ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ده‌بنه‌ جێى سه‌رسامى و دڵخۆشيي بينه‌رانى كاره‌ هونه‌رييه‌كانيان ، يه‌كێك له‌و چالاكييه‌ هونه‌رييه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ى ئه‌نجاميان داوه‌  له‌ هۆڵى سينه‌ما ( ڕيڤۆلى ) له‌ڕێكه‌وتى

( 24/3/1971) به‌ئاماده‌بوونى ( صائيب سه‌لام قه‌دۆ) سه‌رۆك وه‌زيرانى ئه‌و كاتى لوبنان ، به‌ده‌نگ و هونه‌رى هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ سه‌رسام ده‌بێت.

دوابه‌دواى ئه‌نجامدانى ئه‌و كاره‌ هونه‌رييانه‌و وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكى ده‌نگخۆش ده‌ناسرێت ، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ ده‌بێت به‌ئه‌ندامى يه‌كێتى هونه‌رمه‌ندان ، له‌ڕێي ئه‌و يه‌كێتييه‌وه‌ ئاشنايه‌تى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى عه‌ره‌ب په‌يداده‌كات وه‌ك ( فه‌يروز ، نه‌صرى شه‌مسه‌دين ، سه‌ميره‌ تۆفيق ، وه‌ديع صافى و عاصى ڕه‌حبانى ) وه‌ داواى لێده‌كه‌ن كارى هونه‌رييان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام بدات ، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند شێخۆ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌موو هۆشى له‌لاى نه‌ته‌وه‌ بنه‌ده‌سته‌كه‌يه‌تى و  گه‌ره‌كيه‌تى ته‌نها خۆى بۆ هونه‌ره‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ى  وميلله‌ته‌كه‌ى ته‌رخان بكات ، داواكارييه‌كه‌يان ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌.

هونه‌رمه‌ند له‌ وڵاتى لوبنان ده‌مێنێته‌وه‌ تا ساڵى (1973) كه‌ شه‌ڕى ناوخۆى لوبنان ده‌ست پێده‌كات ، ناچار ده‌بێت ئه‌و وڵاته‌ به‌جێ بهێڵێت ، به‌ڵام ناگه‌ڕيته‌وه‌ زێده‌كه‌ى به‌ڵكو ڕوو ده‌كاته‌ باشوورى كوردستان و له‌شارى  كه‌ركوك ده‌گيرسێته‌وه‌، دواى ماوه‌يه‌ك ڕوو ده‌كاته‌ شارى به‌غدا و ده‌چێته‌ ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆن چه‌ند گۆرانييه‌ك تۆمارده‌كات ، له‌و ماوه‌يه‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌كانى له‌ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆن بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ ، ناو  و ناوبانگى  ده‌بێته‌ جێى سه‌رنج و خۆشحاڵى بيسه‌ران و بينه‌ران و هونه‌رمه‌دان ، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ  ئاشنايه‌تى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و شاعيران  رۆشنبيران په‌يدا ده‌كات  وه‌ك ( محه‌مه‌د عارف جزيرى ، شه‌ماڵ سائيب ،  گوڵبه‌هار ،به‌شار زاخۆلى ، ته‌حسين ته‌ها  ، به‌درخان سندى ، سه‌گڤان عه‌بدولحه‌ميد ، مسته‌فا ئه‌تروشى و  خه‌ڵه‌ف زێبارى)

له‌هه‌مان ساڵدا (1973) هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ  له‌نزيكه‌وه‌ به‌خزمه‌تى ڕابه‌رى شۆڕشى كورد ( مه‌لا مسته‌فا بارزانى ) ده‌گات، دواى پێشوازييه‌كى گه‌رم  و به‌رزنرخاندن و ڕێزگرتن له‌ هونه‌ره‌كه‌يي و ئه‌و هه‌سته‌ نه‌ته‌وايه‌تيه‌ له‌هونه‌ره‌كه‌يدا بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ى هه‌يبووه‌،  له‌لايه‌ن بارزانى نه‌مره‌وه‌ ئاڵاى پيرۆزى كوردستانى پێده‌به‌خشرێت.(*1)

دواى به‌سه‌ربردنى ماوه‌ى ساڵێك له‌باشوورى كوردستان هه‌ست و سۆزى زێده‌كه‌ى جارێكى ديكه‌ په‌لكێشى ده‌كاته‌وه‌ ، له‌ساڵى (1974) ڕووده‌كاته‌وه‌ قاميشلۆ ، درێژه‌ به‌كاروانى هونه‌رى خۆى ده‌دات و يه‌كه‌م به‌رهه‌مى خۆى تۆمارده‌كات به‌ناوى ( گه‌ورێ) دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و به‌رهه‌مه‌ به‌نێو خه‌ڵكيدا و دواتر ده‌گاته‌ ناو ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ر و داپلۆسێنه‌ره‌كانى حكومه‌تى سوريا ،له‌به‌رئه‌وه‌ى ناوه‌رۆكى ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رييانه‌ى هونه‌رمه‌ند نيشتمانى و لێوان لێو بوون له‌هه‌ستى نه‌ته‌وه‌يي، له‌لايه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بڕيارى ده‌ستگيركردنى ده‌درێت ،هونه‌رمه‌ند له‌به‌ر رزگاركردنى گيانى خۆيي و ده‌ربازبوونى له‌ زێده‌كه‌ى ، ئه‌مجاره‌ ناچاره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ باشوورى كوردستان ، كه‌له‌و كاته‌دا شۆڕش و پێشمه‌رگه‌ى كوردستان له‌لوتكه‌ى به‌ره‌نگارى و تۆماركردنى سه‌ركه‌وتنى يه‌ك له‌دواى يه‌ك بوون ، هونه‌رمه‌ند ڕوو ده‌كاته‌ ناو هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌و ،  به‌رگى پيرۆزى پێشمه‌رگايه‌تى ده‌پۆشێ و ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ ، هونه‌ر و خه‌باتى نه‌ته‌وايه‌تى پێكه‌وه‌ گرێ ده‌دات.

له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى شۆڕشى ئه‌يلول ، هونه‌رى به‌رگرى ڕۆڵێكى يه‌كجار كارامه‌و به‌رزى هه‌بووه‌ به‌هه‌وڵ و تێكۆشانى هونه‌رمه‌ندان ، دامه‌زراندنى تيپى مۆسيقا و شانۆى شۆڕش كه‌ هونه‌رمه‌ندانى هه‌موو شاره‌كانى باشوورى له‌خۆ گرتبوو، كه‌له‌ژێر بۆردومانى فرۆكه‌كانى دوژمندا ،  شان به‌شانى پێشمه‌رگه‌ گيان له‌سه‌رده‌سته‌كانى كوردستان ، ده‌يان  سروودى شۆڕشگێڕانه‌يان تۆماركردووه‌، و هه‌ميشه‌ مه‌ته‌رێزى شه‌ره‌ف و خۆڕاگرى پێشمه‌رگه‌يان پته‌و تر ده‌كرد،  به‌ڵام بۆ من بوو به‌پرسيار له‌و كاته‌ دا هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ چۆته‌ شاخ و له‌ڕێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌دا خه‌باتى كردووه‌ ، بۆ له‌ناو تيپى مۆسيقاو شانۆى شۆڕش دا بوونى نه‌بووه‌، بۆ وه‌ڵامى ئه‌و پرسياره‌م ، ڕووم كرده‌وه‌ مامۆستاو هونه‌رمه‌ند ( وريا ئه‌حمه‌د) كه‌ يه‌كێك بووه‌ له‌ هونه‌رمه‌ندانى تيپى مۆسيقاى شۆڕش ، له‌وه‌ڵامدا وتى ( به‌داخه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ فرياى ئێمه‌ نه‌كه‌وت ، چونكه‌ ئه‌و دره‌نگ هاته‌ ناوشۆرش و بووبه‌پێشمه‌رگه‌، ئه‌و كاته‌ى ئه‌ويش هات ئێمه‌ وه‌ك تيپى مۆسيقا و شانۆى شۆڕش ، له‌گه‌شتى به‌رده‌وامى هونه‌ريدا بووين له ئۆردوگاكانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ، بۆمه‌به‌ستى خۆشى و شادى و ووره‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى  هاوزمانه‌كانمان كه‌له‌و ئۆردوگايانه‌ ئاواره‌ بوون) (*2)

له‌گه‌ڵ نسكۆى شۆڕشى ئه‌يلول ساڵى (1975) هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ ، وه‌ك هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگه‌ خه‌باتگێڕو تێكۆشه‌رانه‌ ڕووده‌كاته‌ ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان، له‌ئۆردوگاى (ڕه‌به‌ت ) نزيك شارى (سه‌رده‌شت ) جێگيرده‌بێـت ،به‌ڵام ده‌سته‌وه‌ستان  و نائومێد نابێت ، له‌وئۆردوگايه‌ تيپێكى هونه‌رى له‌ گه‌نجان دروست ده‌كات و درێژه‌ به‌چالاكى هونه‌ريي ده‌دات ، پاش ماوه‌يه‌ك ڕووده‌كاته‌ شارى (مه‌هاباد) و له‌وێ به‌رهه‌مێك به‌ناوى ( ئه‌ى فه‌له‌ك) له‌گه‌ڵ كاسێتێك به‌ناوى ( له‌ مه‌هاباده‌وه‌ ،،،سه‌رچاوه‌ى خوێنى شه‌هيده‌كان ) تۆمارده‌كات.

له‌به‌ر هه‌ڵوێست و ناوه‌رۆكى به‌رهه‌مه‌ تۆماركراوه‌كانى كه‌ ڕاميارى و نيشتمانى بوون، له‌لايه‌ن (ساواك ) ه‌وه‌ ئاگادارده‌كرێت كه‌ واز له‌ گۆرانى خوێندن بهێنێت و به‌ئارامي دابنيشێت ، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند به‌بێ گوێدانه‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ وترس و تۆقاندنه‌ى ساواك هه‌ربه‌رده‌وام ده‌بێـت له‌سه‌ر كارى هونه‌رى ، ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و كاتى ئێران له‌ شاره‌ كوردييه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان دوورى ده‌خه‌نه‌وه‌ ( نه‌فى ) ده‌كه‌ن بۆ نزيك ده‌رياچه‌ى (قه‌زوين ) سه‌رسنوورى ( ئازه‌ربايجان)، هونه‌رمه‌ند له‌هه‌وڵى خۆفێركردنى زمانى فارسى ده‌بێت ، ‌له‌به‌رئه‌وه‌ى هونه‌رمه‌ند له‌دايكبووى ڕۆژئاواى كوردستانه‌  و زمانى عه‌ره‌بى باش ده‌زانێت ، له‌يه‌كێك له‌قوتابخانه ناوه‌ندييه‌كانى ئه‌و شوێنه‌ى بۆى نه‌فى كراوه‌‌ ده‌بێت  به‌مامۆستاى زمانى عه‌ره‌بى  و وانه‌ى عه‌ره‌بى ده‌ڵێته‌وه‌ به‌قوتابييه‌كانى .

هێشتا هونه‌رمه‌ند له‌ (27) هه‌مين به‌هارى ته‌مه‌نيدا ده‌بێت، له‌و ئاواره‌يي و دوخراوه‌ييه‌دا، ئافره‌تێكى شۆخ و شه‌نگ ده‌ناسێت و پێى سه‌رسام  و خۆشه‌ويستى بۆ ئه‌و خاتوونه‌ له‌ناخيدا چرۆده‌كات ،  ( نه‌سرين ) ئه‌ويش كوردێكى به‌دبه‌ختى ده‌ستى ڕۆژگار ئه‌ويش و خانه‌واده‌كه‌ى له‌به‌ر هه‌ڵوێستى كوردانه‌،  زۆر له‌پێش هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ دوور خراونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وێ ، ( نه‌سرين حسێن مه‌له‌ك) خه‌ڵكى شاره‌كه‌ى پێشه‌وا و كچى پياوێكى شۆڕشگێڕو كوردپه‌روه‌ر و پێشمه‌رگه‌ى كۆمارى كوردستان له‌مه‌هاباد بووه‌،  هونه‌رمه‌ند عاشق به‌نه‌سرين ده‌بێت و داخوازى ده‌كات و ده‌بێته‌ هاوسه‌رى ، محه‌مه‌د شێخۆى عاشقى كوردستان و نه‌سرين يه‌كێك له‌گۆرانييه‌كانى  بۆ نه‌سرينى هاوسه‌رى خوێندووه‌ ،

به‌ربوومى ئه‌و هاوسه‌رگيرييه‌ى ( محه‌مه‌د شێخۆ و خاتوو نه‌سرين ) (4) كوڕ ده‌بێت ، به‌ناوه‌كانى ( فه‌له‌ك ، ئيبراهيم ، بروسك و بێ كه‌س ) به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ، بێكه‌سى كوڕى زوو كۆچ ده‌كات و شێخۆ و نه‌سرين خان هه‌ناسه ‌سارد ده‌بن به‌كۆچى كوڕه‌كه‌يان.

  دواى ئينقلابى گه‌لانى ئێران و كۆمارى ئيسلامى ده‌سه‌ڵاتى ڕه‌هاى له‌و  وڵاته‌ گرته‌ ده‌ست له‌ساڵى (1979)  ، ئيتڵاعات هه‌موو كات ڕه‌قيب ده‌بێت‌ به‌سه‌ر هه‌ڵس و كه‌وت و چالاكييه‌ هونه‌رييه‌كانى هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ وه‌، به‌تۆمه‌تى شيوعى بوون هونه‌رمه‌ند ده‌درێته‌ دادگاى شۆرشى ئيسلامى ماوه‌يه‌ك زيندانى ده‌كرێت و دواتر وه‌ك ده‌ست به‌سه‌رێك ئازاد ده‌كرێت،

فه‌رمانى لێبوردن له‌لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى سورياوه‌ بۆ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى ده‌رده‌كرێت ، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ له‌ڕێگه‌ى باڵوێزخانه‌ى سوريا له‌تارانى پايته‌ختى ئێران خۆى و خانه‌واده‌كه‌ى ڕاده‌ست ده‌كات ، له‌ساڵى (1983) به‌يه‌كجاره‌كى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شارى قاميشلۆ،  درێژه‌ به‌كارى هونه‌ريى ده‌دات  و تيپێكى مۆسيقا داده‌مه‌زرێنێت و له‌هه‌مانكاتيشدا فێرگه‌يه‌ك بۆ فێربوونى مۆسيقا بۆ منداڵان ده‌كاته‌وه‌ ، له‌ساڵى (1986) سترانه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى به‌ناوى ( جوانى ئازادى ) له‌هۆنراوه‌ى ( جگه‌ر خوێن ) تۆمارده‌كات ،

هونه‌رمه‌ند بۆ مه‌به‌ستى دابينكردنى بژێوى ژيانى خۆيي و منداڵه‌كانى و هه‌روه‌ها گه‌ياندنى ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ى  خۆيي و هونه‌رمه‌ندانى ديكه‌ ، له‌ساڵى (1987) تۆمارگايه‌ك له‌شارى قاميشلۆ به‌ناوى ( فه‌له‌ك) ده‌كاته‌وه‌، ئه‌م تۆمارگايه‌ پێگه‌يه‌كى هونه‌رى ده‌بێت له‌گه‌ياندن و بڵاوكردنه‌وه‌ى موزيك و گۆرانى كوردى  كه‌ له‌ڕووى بابه‌ت و ناوه‌رۆكه‌وه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌يي يه‌، به‌ڵام بۆ ده‌سه‌ڵاتى داگيركه‌ر ئه‌م كاره‌ نه‌شياو و دژ به‌ سيسته‌مى  حكومه‌تى سوريا يه‌ ،

ئه‌مجاره‌ش ده‌سه‌ڵاتى  سوريا بڕيار ده‌دات به‌داخستنى تۆمارگاى (فه‌له‌ك) و مۆرى سوور ده‌درێت له‌ده‌ڕابه‌ى دووكانه‌كه‌ى كه‌به‌هيچ شێوه‌يه‌ك نه‌كرێته‌وه‌ .

ئه‌و هه‌موو ڕێگرى و به‌ربه‌ست درووستكردنه‌ له‌به‌رده‌م ژيانى تايبه‌تى و كاره‌ هونه‌رييه‌كانيدا ،ده‌بێته‌ هۆى ناڕه‌حه‌تى و په‌نگ خواردنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌موو  خه‌فه‌ت و سته‌مه‌ به‌رامبه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌كه‌يي و ئازادى هاوزمانه‌كانى ده‌كرێت ، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ  هێشتا تۆزى ته‌مه‌ن له‌سه‌ر ڕووخسارى نه‌نيشتووه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌شێوه‌يه‌كى كتوپڕ دووچارى نه‌خۆشيي ده‌بێت و ده‌كه‌وێته‌ نه‌خۆشخانه‌و به‌ئازارى جه‌سته‌وه‌ ده‌ناڵێنێ تا ڕێكه‌وتى (9/3/1989)  له‌ته‌مه‌نى (41) ساڵيدا ،بۆهه‌ميشه‌ چاوه‌كانى لێك ده‌نێ و ماڵئاوايي له‌ته‌مبووره‌كه‌يى  و هونه‌ر و زێدو نيشتمانه‌كه‌ى ده‌كات،

له‌مه‌راسيمى به‌خاك سپاردنى  هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ دا كه‌رنه‌ڤاڵێكى گه‌وره‌ له‌لايه‌ن  هاوشاريي و هه‌وادارانى ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌يه‌وه‌ به‌ڕێو ڕه‌سمێكى شايسته‌و به‌ وتنه‌وه‌ى  گۆرانييه‌كى خودى هونه‌رمه‌ند كه‌ده‌ڵێت ( كاتێك ئه‌مرم ، ئێوه‌ى زيندوو وه‌كو خه‌ڵكى ئاسايى مه‌منێژن ،،،،هه‌موو ئازار ێك هه‌ڵمسێننه‌وه‌) به‌وشێوه‌يه‌  له‌ گۆڕستانى ( هيلاليه‌ ) ئه‌سپه‌رده‌ى ده‌كه‌ن و خاكى پيرۆزى كوردستان بۆ هه‌ميشه‌ له‌ئامێزى ده‌گرێت، له‌ماوه‌ى ژيانى هونه‌رمه‌ندا (14) ئه‌لبومى تۆماركردووه‌ ، هه‌ندێك له‌ سترانه‌ به‌ناوبانگه‌كانى هونه‌رمه‌ند ( ئاگرێ ده‌ردێ ته‌ ، ئاخينا من ، ئاى لێ گولێ ، ئاسۆ ، ئازاده‌ شيرين ، جانا من شيرين ، نه‌سرين ، به‌هه‌شتا ڕه‌نگين ، ئاى گه‌ورێ ، كۆچى مه‌ باركر ، دڵى په‌رێشانم ، ناڵينێك ، ئه‌زبوم فرار ، ئاخ دى وه‌ره‌ لێ و ئه‌ى فه‌له‌ك)

لێره‌دا پرسيار ئه‌وه‌يه‌ بۆ هونه‌رمه‌ند  له‌وگۆرانييه‌دا وه‌سيه‌ت ده‌كات هه‌موو ئازار ( به‌هار) ێك هه‌ڵيبسێننه‌وه‌؟؟؟ ، ده‌بێت چ ژووانێكى له‌گه‌ڵ به‌هاردا هه‌بوو بێت ، يان ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكى مانگى ئازاردا ، ژيان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ ، به‌رخوردان ده‌گاته‌وه‌ لوتكه‌ ،  وڵات زه‌نوێرتر و جوانتر ده‌بێت ، گوڵه‌كان چرۆده‌كه‌نه‌وه‌ ، بولبوله‌كان نه‌غمه‌كانيان به‌سۆزتر و چريكه‌ و نه‌غمه‌ى ته‌مبووره‌كه‌ى به‌جۆش تر و به‌سۆز ترده‌بێت ، چه‌پكه‌ گوڵى  قه‌دپاڵ و كێوه‌سه‌ركه‌شه‌كانى كوردستان بۆسه‌ر گڵكۆى پيرۆزت ، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ له‌ دواى خۆيي خه‌رمانێك به‌رهه‌مى نه‌ته‌وه‌يي و نيشتمانى و سۆزدارى بۆ به‌جێهێشتووين و تا موزيك و گۆرانى كوردى بمێنێ ده‌نگ و هونه‌ر و ژه‌نينى ته‌مبووره‌كه‌ى هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د شێخۆ هه‌رده‌مێنێ .

جه‌مالى ده‌لاك  28/2/2021 هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌ : (*1) به‌سوپاسه‌وه‌ سوودم له‌سايتى  (خه‌به‌ر )  ( ئه‌ڤين ڕه‌سوڵ)  به‌زمانى عه‌ره‌بى وه‌رگرتووه‌  وتاره‌كه‌ به‌ناونيشانى ( محمد شيخو،،صوت كوردستان الذى يحيي الاجيال حياته‌ و مسيرته‌ الغنائيه‌ والنضالية.

(*2) په‌يوه‌ندى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( وريا ئه‌حمه‌د) له‌ 27/2/2021

 

 

 

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.