Erbil 14°C پێنجشەممە 21 تشرینی دووەم 22:37

جـــــــــۆره‌كانی هــــاوڕێ

کوردستان TV
100%


مرۆڤ هیچ كات بێ هاوڕێ نه‌بووه‌ له‌ سه‌ره‌تای دروست بوونییه‌وه‌ هاوڕێ‌و هاوده‌مێكی پێویست بووه‌ تا له‌ ساته‌كانی ژیانیدا هاوڕێیه‌تی بكات، به‌م شێوه‌یه‌ش به‌ پێی كه‌سه‌كان جۆری هاوڕێیه‌تیه‌كه‌ ده‌گۆڕێت:
- هاوڕێی نمونه‌یی: ئه‌و هاوڕێیه‌ كه‌ هه‌مان تایبه‌تمه‌ندی ژیانی خۆتی هه‌یه‌، له‌ هه‌مان گه‌ڕه‌ك‌و ناوچه‌ نیشته‌جێیه‌، تاكه‌ كه‌سه‌ كه‌ له‌ تۆ تێده‌گات‌و له‌ بیروبۆچونه‌كانت شاره‌زایه‌، چونكه‌ ژیانێكی هاوشێوه‌ی ژیانی تۆ به‌سه‌رده‌بات، كاتی پێویست ده‌توانی كێشه‌‌و خه‌مه‌كانی خۆتی بۆ باس بكه‌یت، له‌به‌رئه‌وه‌ پارێزگاری بكه‌ له‌ مانه‌وه‌ی ئه‌م هاوڕێیه‌ت.
- هاوڕێی دانا:
ئه‌و هاوڕێیه‌یه‌ كه‌ شاره‌زایی له‌ هه‌موو بوارێكدا هه‌یه‌، كاتێك له‌گه‌ڵیدا ده‌بیت هه‌ست به‌ ئه‌مان ده‌كه‌یت، له‌ كاتی بوونی هه‌ر كێشه‌یه‌ك ده‌توانی داوای كۆمه‌ك‌و یارمه‌تی لێ بكه‌یت، تاوه‌كو ئامۆژگاریت بكات.
- هاوڕێی خۆشی: هه‌موو خه‌م‌و دوودڵییه‌كت له‌ بیر ده‌باته‌وه‌، كاتێك له‌گه‌ڵی ده‌دوێیت، ئازاره‌كانت له‌سه‌ر سوك ده‌كات‌و زه‌رده‌خه‌نه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر لێوه‌كانت.
- هاوڕێی مێژوویی
شایه‌تی ده‌رێكی باشه‌ به‌سه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی ژیانته‌وه‌، ئه‌م هاوڕێیه‌ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان له‌سه‌ر یه‌ك كورسی خوێندن له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایی، یان ئاماده‌یی بوون‌و به‌ یه‌كه‌وه‌ بوون، هاوڕێیه‌كی به‌نرخه‌ په‌یوه‌ندیتان بپارێزه‌، ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌كیش یه‌كتان نه‌بینیبێت.
- هاوڕێی به‌سۆز:
ئه‌مجۆره‌ هاوڕێیه‌ گرنگیه‌كی زۆرت پێده‌دات، هه‌ركات خه‌مه‌كانتی بۆ باس ده‌كه‌یت، هه‌موو كات له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تۆ كارده‌كات‌و ڕێت پێنیشان ده‌دات، هه‌ندێجار وه‌ها مامه‌ڵه‌ت له‌گه‌ڵدا ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی منداڵی ئه‌و بیت.
- هاوڕێی به‌وه‌فا:
بنچینه‌ی ناسینی ئه‌مجۆره‌ هاوڕێیه‌تیه‌كی كۆنه‌، یاخود كارێكت بۆ ئه‌نجامداوه‌، یاخود له‌ ڕۆژێكدا یارمه‌تییه‌كت داوه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ریت له‌سه‌ر ژیانی به‌جێهێشتووه‌، ئه‌م ناسینه‌ش گۆڕاوه‌ بۆ هاوڕێیه‌تی هه‌موو كاتێك هه‌ڵسوكه‌وتی جوانی لێده‌بینیت.
- هاوڕێی كاتی:
ئه‌م جۆره‌یان به‌هۆی بارێكی تایبه‌تییه‌وه‌ ناسیوته‌، یاخود به‌هۆی پاره‌وه‌، یان پله‌‌و شوێنی كاره‌كه‌ته‌وه‌، یان به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه‌ هۆكاری ناسینتان بووه‌، ئه‌م جۆره‌ هاوڕێیه‌تیه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ی هۆكاری یه‌كتر ناسینه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام به‌ كۆتایی هاتنی كاره‌كه‌ی واز دێنێت‌و دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، سه‌دان بیانو‌و پاساویش ده‌هێنێته‌وه‌ بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ی.
- هاوڕێی ته‌نگانه‌:
ئه‌مجۆره‌ هاوڕێیه‌ هه‌موو كات له‌گه‌ڵتدا نیه‌، خۆشه‌ویسته‌ له‌ لات به‌ڵام دووره‌ لێته‌وه‌، ته‌نها له‌ كاتی بۆنه‌كاندا ده‌یبینیت. له‌ كاتی ناڕه‌حه‌تی‌و ته‌نگانه‌دا هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵتدا ده‌بێت، هه‌تاكو چاره‌سه‌ربوونی كێشه‌كه‌ت.
له‌ كۆتاییدا: هه‌موو ئه‌و سیفاتانه‌ی باسمان كرد له‌وانه‌یه‌ له‌ یه‌ك هاوڕێدا كۆبێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر خاوه‌نی هاوڕێیه‌كی كه‌سه‌رجه‌م ئه‌و سیفه‌تانه‌ی تێدا كۆبووه‌ته‌وه‌، سوپاسی خوای گه‌وره‌ بكه‌. ئه‌وه‌ش بزانه‌ كه‌ هه‌موو هاوڕێیه‌ك سیفاتی باش‌و خراپی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر سیفاته‌ باشه‌كانی زیاتربوون له‌ سیفاته‌ خراپه‌كانی، پارێزگاری لێبكه‌‌و هه‌وڵبده‌ له‌ سیفاته‌ خراپه‌كانی دووربخه‌یته‌وه‌.
 ئا- نه‌جات عه‌بدولڕه‌حمان

شێوازی ژیان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.