له‌سه‌ره‌تای ساڵی (2007) به‌هۆی كاری فهرمانبهریمهوه له‌شاری هه‌ولێر نیشته‌جێ بووم، له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا له‌و شاره شیرینه زۆر كه‌س و ئازیزم ناسی و له‌نزیكه‌وه به‌خزمه‌تی زۆر له هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان و نووسه‌ران و شاعیران گه‌یشتم، یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیانه كه له‌بواری هونه‌ردا تێده‌كۆشا و دواتر واڕهخسا هه‌ردووكمان زیاتر لێك نزیك بینه‌وه و له‌ده‌زگایه‌ك پێكه‌وه كاربكه‌ین ، له‌هه‌ر دیدار‌و به‌یه‌ك گه‌یشتنم له‌ته‌ك ئه‌و ئازیزه ، زیاتر به‌هه‌ست و ڕۆح و هه‌ڵوێسته‌كانی ئاشنا ده‌بووم، مرۆڤێكی ڕاستگۆ و خۆ به‌كه‌م زان و دڵسۆز بۆ نه‌ته‌وه‌و خاك و زمان و هونه‌ره‌كه‌ی ، له‌سیمایدا به‌رده‌وام ئه‌وه‌م به‌دی ده‌كرد، كه ده‌روێشێكی دڵسۆزی خاكی كوردستانه و هه‌میشه چاو له‌ئاسۆ بوو كه ئه‌م میلله‌ته چه‌وساوه‌یه هه‌رده‌بێت بگاته ئاوات وخواستهكانی و ده‌وڵه‌تی كوردستان دروست ببێت و خواستی بوو له‌ژێرئاڵای پیرۆزی كوردستاندا ده‌نگ هه‌ڵببڕێ و سروود بۆ ئازادبوونی كوردستان بخوێنێ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و مرۆڤه هه‌ست ناسك و هونه‌رمه‌نده كوردپه‌روه‌ره هیواو ئاواته‌كانی له‌ناخ و سینه‌یدا مایه‌وه مه‌خابن مه‌رگ ڕاپێچی خاكی پیرۆزی كوردستانی كرد،
هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولڕه‌حمان ، گۆرانیبێژ و سروود بێژ و ده‌نگێكی گه‌رمیانی ، ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ی بۆ هونه‌ری سروود بێژی ژیا و قوتی خۆیی و منداڵه‌كانی ته‌رخان كردبوو بۆ گه‌شه‌كردن و خزمه‌تكردن به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده له‌شاره‌كه‌ی كه‌ركوكی كوردانه‌وه ، له‌كانگای مه‌قام و به‌سته‌ی كوردییه‌وه ، له‌شاره‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندان ( عه‌لی مه‌ردان، ئه‌حمه‌د داوده، قادر مه‌ردان، هابه ، سه‌لاح داووده، سابیركوردستانی ...تاد ) لهگهڕهكه دێرینه‌كه‌ی ( ڕه‌حیماوا ) له‌ناو خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار و زه‌حمه‌تكێش ، سته‌م چه‌شتووی نه‌ته‌وایه‌تی و چینایه‌تی، له‌ئه‌نجامی ژیانی هاوبه‌شی دوو مرۆڤی زه‌حمه‌تكێش ( عه‌بدولڕه‌حمان عوسمان ئاسنگه‌ر و سه‌عدیه محه‌مه‌د مه‌حمود) له (3/3/1964) په‌روه‌ردگار كۆرپه‌یه‌كیان پێده‌به‌خشێت و نێوی ده‌نێن ( كامه‌ران). ئایا ده‌بێت به‌پێی ناوه‌كه‌ی ئه‌م كۆرپه‌له‌یه تا دواساته‌كانی ژیانی كامه‌ران و خۆش به‌خت بووبێت؟
له‌كرانه‌وه‌ی قوتابخانه بۆ ساڵی (1970 _1971) كامه‌ران ده‌خرێته به‌رخوێندن ،
شاری كه‌ركوك ئه‌وشاره‌ی هه‌میشه لهكوچه كۆڵان و شهقامهكانییهوه، سه‌ره ڕای ئه‌و هه‌موو زوڵم و سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی ڕژێمی عێراقی ده‌رهه‌ق به‌خه‌ڵكی كورد به‌گشتی و خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی كه‌ركوك به‌تایبه‌تی ، كه‌چی ده‌نگی خۆشی هونه‌رمه‌ندان بهمهقامهكانی ( ئای ئای ، خاوكه‌ر ، ئه‌ڵڵاوه‌یسی ، قه‌تار و ... تاد) ڕۆح و هه‌ست و ناخی خه‌ڵكی ئه‌وشاره‌یان هه‌میشه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و نائومێدییه‌دا ژیانۆتهوه و ئه‌و هونه‌ره به‌رزه له‌شاری كه‌ركوك دا سینه به‌سینه كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌هره‌مه‌ند و ده‌نگخۆشه‌كانی داناوه .
ئایا كامه‌رانی منداڵی خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار ده‌بێت كه‌وتبێته ژێر كاریگه‌ری ئه‌و ده‌نگ و هونه‌ره شیرینه‌ی له‌شاری كه‌ركوك دا ، بێگومان كاریگه‌ری ئه‌و هونه‌ر و ده‌نگبێژه نه‌مرانه له‌ناخیدا چرۆی كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باوكی وه‌ك پیشه ئاسنگه‌ر بووه وڕۆژانهلهبهردهم كوره‌ی ئاسنگهرییهكهیدا كاری كردووه عه‌بدولڕه‌حمان عوسمان خاوه‌نی ده‌نگێكی خۆش و به‌سۆزی گه‌رمیانی بووه و شاره‌زایی هه‌بووه لهچڕین و ئه‌دای مهقامهڕهسهنه كوردییه‌كان، بۆئارامكردنهوهی ڕۆح و جه‌سته‌ی شه‌كه‌تی ڕۆژگاری به‌رده‌م ئاگری كوره‌ی ئاسنگه‌رییه‌كه‌ی شه‌وانه له‌ماڵه‌وه به‌ده‌م خۆیه‌وه مه‌قام و به‌سته‌ی خوێندووه، ئه‌و شێوازی خوێندنه ده‌بێته پاڵنه‌ر و كه‌مه‌ندكێشی كامه‌رانی كوڕی و لێی نزیكبێته‌وه ، بهحهزێكی زۆره‌وه گوێ له‌ده‌نگی به‌سۆزی باوكی بگرێت، باوكی مه‌قام و بهستهچڕ هه‌ست ده‌كات كوڕه‌كه‌ی مه‌یلی هه‌یه بۆ دنیای هونه‌ر ، ڕێنمایی و پشتیوانی لێده‌كات، ئه‌م پشتیوانی و ڕێنوێنیه ده‌بێته هه‌وێنی چرۆكردنی عاشق بوون به‌گۆرانی ، كامه‌ران له‌ڕێی ده‌نگی باوكیه‌وه ئاشنا ده‌بێت به هونه‌ر و ده‌نگی به‌سۆزی هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، له‌قوتابخانه‌و نێو منداڵانی گه‌ڕه‌ك د‌رك به‌و هه‌ست و دهنگخۆشیهی كامه‌ران ده‌كرێت و گۆرانیان بۆ ده‌چڕێت.
كامه‌ران كاتێك قوتابی قۆناغی ناوه‌ندی ده‌بێت ، به‌هۆی به‌هره‌ی دهنگخۆشییهكهیهوه له‌ئاهه‌نگی قوتابخانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ تیپێكی مۆسیقای ڕۆژئاوایی له‌ساڵی (1979) بۆیه‌كه‌م جار له‌سه‌ر شانۆ ، به‌گۆرانییه خۆشه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند ( خه‌لیلی سه‌دیقی 1930_1970) به‌ناوی ( ئۆخه‌ی ئۆخه‌ی بووك مریه‌م) خۆی ده‌ناسێنێ و به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی ئه‌و گۆرانییه له‌گه‌ڵ مۆسیقادا ده‌دات به‌هه‌ست و گوێی ئاماده‌بوانی ئاهه‌نگه‌كه.
ئه‌م ده‌ركه‌وتنه ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌كی ڕۆشن و هانده‌رێكی زیاتر تا كامه‌رانی به‌هره‌مه‌ند هه‌نگاوی زیاتر بۆ‌نێو دنیای گۆرانی هه‌ڵبگرێت.
عه‌شق و خولیای بۆ هونه‌ر ، به‌شێوه‌یه‌ك كامه‌ران په‌لكێش ده‌كات تا له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی شاره‌كه‌ی تیپیێكی مۆسیقا دامه‌زرێنن و له‌ڕێی ئه‌و تیپه‌وه كار‌و تێكۆشانی هونه‌ری په‌ره‌پێبده‌ن، ئه‌ویش دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای ( ئه‌سیری ) له‌ساڵی (1987) به‌ناوی ئه‌و شاعیره گه‌وره‌ی كورد( عه‌بدولخالق حوسێن نه‌قشبه‌ندی ، ناسراو به ئه‌سیری 1890_ 18/6/1962) ئه‌و تیپه ناوده‌نێن و ، كار‌و چالاكییه هونه‌رییه‌كانیان درێژه پێده‌ده‌ن.
به‌داخه‌وه به‌هۆی هه‌ژاری و كه‌مده‌رامه‌تی خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی ، كامه‌ران بڕوانامه‌ی (ناوه‌ندی) به‌ده‌ست دێنێت و له‌پێناو ژیاندا ده‌ست به‌رداری خوێندن ده‌بێت و ڕووده‌كاته كرێكاری ، له‌سه‌ر ئه‌و پیشه به‌رده‌وام ده‌بێت تا فێری كاری ( له‌بغ) كردنی خانوو ده‌بێت .
سه‌باره‌ت به‌ژیانی هه‌رزه‌كاری كامه‌ران عه‌بدوڵڕه‌حمان ، تا لامان ڕۆشن بێت ئه‌و ساڵانه‌ی له‌نێوان فرۆشتنی هێزی جه‌سته‌ی له‌پێناو ژیان و كاری هونه‌ری چۆنی گوزهراندهوهو هه‌ست و هه‌ڵوێستی له‌وقۆناغه‌دا چۆن بووه؟ له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه پێوه‌ندیم كرد به‌هونه‌رمه‌ندی سروود بێژ ( لالۆ ڕه‌نجده‌ر) به‌داخه‌وه هه‌رچه‌ند باری ته‌ندروستی جێگیر نه‌بوو ، به‌ڵام زۆر به‌لوتفه‌وه كه‌مێك باسی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی بۆكردم ( به‌داخه‌وه ڕۆحی برا و هاوڕێم كاكه كامه‌ران شادبێت ، ئێمه هه‌ردوكمان گه‌نج بووین له‌شاری كه‌ركوك ، تابڵێی گه‌نجێكی پڕ ووزه‌و دڵسۆز بۆ خاك و نیشتمان و كوردستان و كه‌ركوك بووین، هه‌روه‌ها بۆ هونه‌ریش زۆر حه‌زو ئاره‌زووی له خوێندنی گۆرانی و سروود بوو، هه‌ردوكمان چاونه‌ترس و هه‌میشه به‌ڕق و كینه‌وه له دوژمنی داگیركه‌ری شاره‌كه‌مان ده‌ڕوانی ، به‌رده‌وام باس و خواسهكانمان ڕزگاریی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو، به‌داخه‌وه من بوومه پێشمه‌رگه‌و ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك لێكدابڕاین ، به‌داخه‌وه دوای ڕاپه‌ڕین ، كامه‌ران به‌هۆی ته‌رحیله‌وه له‌شاری هه‌ولێر پێی شادبوومه‌وه، من سوپاسی هه‌سته جوانه‌كه‌ی ده‌كه‌م له‌گه‌رمه‌ی شه‌ڕی داعش دا داوای لێكردم كه پێكه‌وه سروودێك بخوێنین، سرووده‌كه‌مان تۆماركرد به‌ناوی ( مه پێشمه‌رگه‌ی كوردستانین) كهلهئاوازی خۆی بوو) (1) .
دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی (1991) و ئازادكردنی شاری كه‌ركوك ، كه‌ماوه‌یه‌كی كه‌م ئه‌و شاره و خه‌ڵكه تێكۆشه‌ر و ماندووه‌كه‌ی ده‌ستی چه‌په‌ڵی ڕژێمی به‌عس ، هه‌وای ئازادییان هه‌ڵمژیی ، ڕژێمی به‌عس به‌هێزی تۆپ و تانك و فڕۆكه ئه‌و شاره‌ی گرته‌وه، هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولڕه‌حمان وه‌ك سه‌دان له‌و خه‌ڵكه تینوه بۆئازادییه ، چیتر ناتوانێ له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و ڕژێمه سهركوتكهرهدا بمێنێته‌وه‌و ، شاری كه‌ركوك به‌جێدێلێ و ڕووده‌كاته شاری هه‌ولێر،له‌م شاره‌دا هونه‌رمه‌ند یه‌كه‌م به‌رهه‌می تۆماركراوی خۆی به‌ناوی ( مه‌تۆره ) له‌هۆنراوه‌ی ( هاوڕێیان) و ئاوازی ( سوبحی محه‌مه‌د ) و ئاماده‌كردنی مۆسیقا ( نه‌ژاد محه‌مه‌دئه‌مین) تۆمارده‌كات و بڵاوده‌كاته‌وه ، ئه‌م گۆرانییه له‌نێو جه‌ماوه‌ردا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌بووه .
دوای په‌یداكردنی ناو و ناوبانگێكی زۆر به‌هۆی گۆرانی مه‌تۆره ، هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدوڵڕه‌حمان له‌ساڵی (1994) یه‌كه‌م ئه‌لبومی هونه‌ری خۆی ، كه‌پێكهاتووه له (7) گۆرانی و پارچه مۆسیقا بڵاوده‌كاته‌وه.
به‌داخه‌وه به‌هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆ ، هونه‌رمه‌ند بنه‌و بارگه‌ی ده‌پێچێته‌وه و ڕووده‌كاته شاری دهۆك .
له‌وژیانه ناهه‌مواره‌دا هونه‌رمه‌ند به‌په‌رۆشییه‌وه بۆ هونه‌ره‌كه‌ی له‌شاری دهۆك ، گۆرانییه ناوداره‌كه‌ی ( مۆمی ته‌مه‌ن) له‌ئاوازو هۆنراوه‌ی خۆی بووه، به‌هاوكاری په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی دهۆك ، به‌شی مۆسیقا تۆمارده‌كات و بڵاوی ده‌كاته‌وه.
له‌دوای ساڵی (1996) جارێكی دیكه ده‌گه‌ڕێته‌وه شاری هه‌ولێر ، ده‌بێته فه‌رمانبه‌ر له به‌ڕێوه‌یه‌رایه‌تی هونه‌ره‌كانی موزیك، لێره‌وه زیاتر تێكه‌ڵاو به‌دنیای هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان بووه، خودی هونه‌رمه‌ندیش له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌سێكی دڵسۆز‌و چالاك بووه بۆ كاره‌كه‌ی، په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر و پته‌و له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان درووست ده‌كات ، له‌پاڵ هونه‌ری سروود بێژی و گۆرانی گوتندا، هونه‌رمه‌ند شاره‌زایی هه‌بووه له‌ژه‌نینی ئامێری ( عوود) ئه‌م شاره‌زاییه‌ی هانده‌رێك بووه كه زۆربه‌ی ئاوازی سروود و گۆرانییه‌كانی دابنێت.
هونه‌رمه‌ند حه‌زو خولیایه‌كی زۆری هه‌بووه بۆ هونه‌ر و دنیای ڕاگه‌یاندن ،به‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه تێكۆشاوهكاری كردووه ، له‌سه‌ره‌تای ساڵی (2000) ماوه‌یه‌ك پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌یه‌كی هونه‌ری بووه له‌ڕادیۆی (گوڵان) ، دواتر له‌پاڵ كاری فه‌رمانبه‌ریی له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی موزیك، له‌كه‌ناڵی ئاسمانی ( كوردستان ) دامه‌زراوه ، له‌به‌شی ( ئه‌رشیف و تا دواساته‌كانی ژیانی له‌به‌شی هه‌ماهه‌نگی) كاری كردووه، به‌ڵام هه‌میشه هۆش و هه‌ستی له‌لای هونهرهكهشی بووه و فه‌رامۆشی نه‌كردووه، كامه‌ران عه‌بدولڕه‌حمانی سروود بێژ و گۆرانیبێژ ، به‌رده‌وام سروود له‌ناخیدا هه‌ڵقوڵاوه‌و له‌هه‌موو بۆنه‌و یاد و ڕووداوه‌كاندا سروودی خوڵقاندووه، له‌پاڵ چڕینی سروود و گۆرانی له ئاهه‌نگ وبۆنه جیاجیاكاندا، سروود و ستایشی ئاینی خوێندووه.
كامه‌ران عه‌بدولڕه‌حمانی هونه‌رمه‌ند ، جیاله‌وه‌ی مرۆڤێكی دڵسۆز‌و به‌وه‌فا و ڕاستگۆ بووه بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، له‌پاڵ ئه‌و به‌رهه‌مه هونه‌رییانه كه پێشكه‌شی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه، ماندوونه‌ناسانه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ری دڵسۆز بۆ پاراستنی هونه‌ری مه‌قام ، له ( بنكه‌ی مه‌قام) خۆنه‌ویستانه‌و دڵسۆزانه له ماوه‌ی ساڵانی (2008 تا 2014) كارده‌كات ، له‌م بواره‌شدا بوونی خۆی سه‌لماندووه و تێكۆشاوه بۆبهرزڕاگرتنی هونه‌ری مه‌قام و به‌سته‌و ئاوازی كوردی، بۆ زیاتر ئاشنابوونی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه له‌بنكه‌ی مه‌قام كاری كردووه ، ڕاو بۆچوونی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( نایف محه‌مه‌د شێخانی) سه‌باره‌ت به هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولڕه‌حمان دواوه‌و ده‌ڵێت ( كامه‌ران عه‌بدولڕه‌حمانی جوانه‌مه‌رگ ، سه‌رباری كاره هونه‌رییه‌كانی ، كه خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك كاری هونه‌ری جوان و شیرینه ، مرۆڤێكی خاكی و ڕۆح سووك و وه‌فاداربوو، ئه‌وساڵانه‌ی كه ناسیومه هه‌میشه ژیان دۆست و هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بوو، مرۆڤێكی پاك و ڕوو له‌چاكه‌و ئاشتی خواز و خۆش مه‌شره‌ب بووله‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا ، خاوه‌نی سه‌لیقه و توانایه‌كی هونه‌ریی باش بوو ، تاكۆتا ڕۆژانی ژیانی هه‌میشه و به‌رده‌وام له‌خه‌می تۆماركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی خۆیدا بوو، جگه له‌و كۆمه‌ڵه ئاواز و گۆرانیانه‌ی كه پێی ناسراوه، ئه‌و هونه‌رمه‌نده ڕوانگه‌و سه‌لیقه و توانایه‌كی ده‌نگی له‌بار و گونجاوی هه‌بوو بۆ وتنی سروودی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی، له‌وبواره‌شدا خزمه‌تێكی جوان و كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌می به‌پێزی تۆماركردووه.ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به‌و ئاواز‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ئێمه بۆ كامه‌رانی جوانه‌مه‌رگ كردوومانه ئه‌و چه‌ند به‌رهه‌مه‌یه وه‌ك ( سروودی شه‌هید ، هۆنراوه و ئاوازی خۆمه ساڵی 2001 ، سروودی ده‌نگ ده‌ده‌م ئاوازی خۆمه ، سروودی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئاوازی خۆمه ساڵی 2014، گۆرانی پرسیار ساڵی 2004 و لاواندنه‌وه‌یه‌ك بۆ مه‌رگی ( خالید جوتیار) ساڵی 2012) ، هه‌رئه‌وه‌نده ده‌توانم بڵێم هاوڕێ و هونه‌رمه‌ند هه‌موو كات بیری ساده‌یی و وه‌فاداریت ده‌كه‌م ) (2).
به‌رهه‌مه تۆماركراوه‌كانی هونه‌رمه‌ند له گۆرانی و سروود..!
هونه‌رمه‌ند كه‌سێكی به‌سه‌لیقه بووه بۆ هه‌ڵبژاردنی هۆنراوه ، سوودی له‌هۆنراوه‌ی چه‌ندین شاعیر وه‌رگرتووه و ، ئاوازی له‌سه‌ر داناوون ، هه‌روه‌ها خودی هونه‌رمه‌ند چه‌ندین ئاوازی بۆ هۆنراوه‌كانی خۆی داناوه ، له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا ، هونه‌رمه‌ند زیاتر له (50) گۆرانی سۆزداری و سروود و ستایشی ئایینی خوێندووه .
خودی هونه‌رمه‌ند به‌و شێوه‌یه باس له‌كاره هونه‌رییه‌كانی خۆی ده‌كات ( له‌ئه‌رشیفی خۆمدا (50) گۆرانی و (28) سروودی نیشتمانی هه‌یه ، جگه له‌وه‌ی ئاوازم بۆ زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان داناوه و ، گۆرانیه‌كانی خۆشم زۆربه‌یان شیعر‌و ئاوازی خۆمه) (3).
سروود و ستایشی ئایینی و مه‌قام و گۆرانیه‌كانی هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولڕه‌حمان كه خۆی ئاوازی بۆداناون :
1/ مه‌تۆرێ ... هۆنراوه‌ی ( هاوڕێیان) و ئاوازی ( سوبحی محه‌مه‌د ) و ئاماده‌كردنی مۆسیقا ( نهژادمحهمهد ئه‌مین) .
2/ مۆمی ته‌مه‌ن ... هۆنراوه و ئاوازی هونه‌رمه‌ند.
3/ پێشمه‌رگه‌ی وون ... هۆنراوه‌ی ( كاوه خه‌سره‌و كاوانی) ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( هۆگر سه‌عید) .
4/ بارزانی ... هۆنراوه‌ی ( نازفهلهكهدین كاكه‌یی) ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( هۆگر سه‌عید) .
5/ 1 ی شوبات ... هۆنراوه‌ی ( كازم كۆیی) ئاوازی ( مامۆستا شه‌ریف) ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( هۆگر سه‌عید) .
6/ یادی سه‌ركرده ئیدریس بارزانی ... هۆنراوه‌ی ( غالب حه‌ساری ) ، ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( هێڤی كامه‌ران) .
7/ پێشمه‌رگه‌و سه‌رۆك ... هۆنراوه‌ی ( ئازاحهسیب قه‌ره‌داخی ) ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( هۆگر سه‌عید) .
8/ دڵنیابه بارزانی ... هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولڕه‌حمان عه‌بدولڕه‌حمان ، ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( ئه‌حمه‌د چاوشین) .
9/ خۆری پارتی ... هۆنراوه‌ی ( سیروان كاكه‌یی) ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئاماده و دابه‌شكردنی مۆسیقا ( زیره‌ك لوقمان) .
10/ سۆزێك بۆ فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی ، هۆنراوه‌ی ( نازفهلهكهدین كاكه‌یی) ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( هۆگر سه‌عید) .
11/ دهۆكی ڕه‌نگین ... هۆنراوه‌ی ( خاڵه‌ڕه‌ش ڕواندزی) ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( هۆگر سه‌عید) ، هونه‌رمه‌ند ئه‌م گۆرانییه‌ی به‌شێوه‌ی (دویت) له‌گه‌ڵ خانمه ده‌نگخۆش ( ڕاژان كاكه) خوێندووه .
12/ پارتا بارزانی مسته‌فا ... هۆنراوه‌ی ( هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د قازی) ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( هۆگر سه‌عید) .
13/ داستانی به‌ڵێ ... هۆنراوه‌ی ( حه‌مید قه‌ڵادزه‌یی
) ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( هۆگر سه‌عید) .
14/ ئه‌ی كوردستان ... هۆنراوه‌ی ( كاوه خه‌سره‌و كاوانی) ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( هۆگر سه‌عید) ، هونه‌رمه‌ند ئه‌م گۆرانییه‌ی به‌شێوه‌ی (دویت) له‌گه‌ڵ خانمه هونه‌رمه‌ند ( تارا ڕه‌سوڵ) خوێندووه .
15/ مه پێشمه‌رگه‌ی كوردستانین ... ... هۆنراوه‌ی ( كاوه خه‌سره‌و كاوانی) ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئاماده و دابه‌شكردنی مۆسیقا ( هێمن حوسێن) ، هونه‌رمه‌ند ئه‌م گۆرانییه‌ی به‌شێوه‌ی (دویت) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی سروود بێژ ( لالۆ ڕه‌نجده‌ر) خوێندووه .
16/ شوناس ... هۆنراوه‌ی ( جه‌مال نه‌جاڕی
) ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئاماده و دابه‌شكردنی مۆسیقا ( هۆگر سه‌عید) .
17/ دایه ... هۆنراوه‌ی ( بڵند خۆشناو)
،ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( هۆگر سه‌عید) .
18/ بێ و بێ ( گۆرانییه‌كی شاده) ئاواز‌و هۆنراوه‌ی ( فۆلكلۆر) ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( ڕێباز زیره‌ك) .
19/ غه‌ریبم ... هۆنراوه‌ی ( به‌ده‌ل دۆسكی
) ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( وه‌لید محه‌مه‌د خالید) .
20/ سوتان ... ئاواز‌و هۆنراوه‌ی هونه‌رمه‌ند كامه‌ران عه‌بدولڕه‌حمان.
21/ هه‌ولێره‌كه‌م ... هۆنراوه‌ی ( یوسف عه‌بدولقادر
) ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( نیهاد صابر ) ، له‌م گۆرانییه‌دا هونه‌رمه‌ندی حه‌یرانبێژ( عاره‌ب عوسمان) به‌وتنی حه‌یران به‌شداره.
22/ ئاڵا... هۆنراوه‌ی ( ئه‌رسه‌لان فه‌قێیانی)
، ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( هۆگر سه‌عید) .
23/ هاواری كه‌ركوك ... هۆنراوه‌ی ( خاڵه ڕه‌ش ڕواندزی
) ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( هۆگر سه‌عید) .
24/ شه‌هید ... هۆنراوه و ئاوازی هونه‌رمه‌ند ( نایف شێخانی) .
25/ پادشا ( ستایشی ئاینی ) هۆنراوه‌ی ( كاوه خه‌سره‌و كاوانی) ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( هۆگر سه‌عید) .
26/ نزا ( ستایشی ئاینی) هۆنراوه‌ی ( خاڵه ڕه‌ش ڕواندزی) ئاوازی هونه‌رمه‌ند ، ئامادهودابهشكردنی مۆسیقا ( ئه‌حمه‌د چاوشین) .
27/ مه‌قامی به‌یات ... هۆنراوه‌ی ( یوسف عه‌بدولقادر ) ئاماده و دابه‌شكردنی مۆسیقا ( ئاراس كۆیی) .
ئه‌و سروود و گۆرانیانه به‌شێكه له‌به‌رهه‌می هونه‌ری چه‌ندساڵه‌ی هونه‌رمه‌ند، دوای ئه‌و به‌خششه هونه‌رییه هیچ كات نیگه‌ران و په‌شیمان نه‌بووه له‌و ته‌مه‌نه‌ی كهبۆهونهر ژیاوه‌و پێشكه‌شی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه بگره زۆر خۆشحاڵ و هه‌میشه شانازی پێوه كردووه ( هونه‌ر ته‌نها سوودی خۆشه‌ویستی نیشتمان و پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی پێ به‌خشیوم ، ئه‌وه‌ش گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌یه بۆمن كه‌شانازی زۆری پێوه ده‌كه‌م ، به‌ده‌ر له خۆشه‌ویستییه‌م بۆ هونه‌ره‌كه‌م له‌پێناو هونه‌ریشدا گه‌لێك جار له‌ده‌می ماڵ و منداڵه‌كانم گرتۆته‌وه تا به‌رهه‌مێكم پێ تۆماركردووه) ( 4)
له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هونه‌رمه‌ند ژیانی هاوبه‌ش و هاوژینی له‌گه‌ڵ خاتوو ( فێنك نه‌جمه‌دین قادر ) له ( 17/9/1997) پێكهێناوه‌و، به‌رهه‌می ئه‌و هاوژینیه په‌روه‌ردگار دووكوڕی پێبه‌خشیون به‌ناوه‌كانی ( هێڤی و داستان).
كامه‌رانی سروود و گۆرانیبێژ ، ئه‌و هونه‌رمه‌نده ماندوو نه‌ناسه ، له‌سه‌ره‌تای مانگی پێنجی ساڵی (2020) دووچاری شێرپه‌نجه‌ی ( په‌نكریاس) ده‌بێت ، ماوه‌ی (6) مانگ ململانێ له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كه‌یدا، له‌گه‌ڵ چه‌شتنی ئه‌و ئازاره سه‌خته‌دا ، كه‌چی به‌چاو و دڵی پڕ حه‌سره‌ته‌وه ڕوانیویه‌تیه ژیان و به‌وهیوایه بووه كه باری ته‌ندروستی جێگیربێتهوه و ئه‌و حه‌زو ئاوات و به‌رهه‌مانه‌ی ئه‌نجامی نه‌داون ، تۆماریان بكات ، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و نه‌خۆشییه كوشنده‌یه له‌ڕۆژی چوارشه‌ممه، ڕێكه‌وتی ( 30/10/2020) ئه‌و هونه‌رمه‌نده هه‌ست جوان و دلسۆزه بۆ هونه‌ر و خاك و نیشتمان و ئاڵای كوردستان، چرای ته‌مه‌نی ده‌كوژێته‌وه و بۆهه‌میشه چاوه‌كانی لێده‌نێ و كۆچی دوایی ده‌كات ، له‌گۆڕستانی ( كه‌سنه‌زان) ئه‌سپه‌رده‌ی خاكی پیرۆزی كوردستانی ده‌كه‌ن، سڵاو له‌كه‌سایه‌تی و هونه‌ری جوانت .
جه‌مالی ده‌لاك 2/3/2022 هه‌ولێر .
سه‌رچاوه :
په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی سروود بێژ ( لالۆ ڕه‌نجده‌ر) ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ، 27/2/2022.
په‌یوه‌ندی له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك / ماسنجه‌ر ، هونه‌رمه‌ند و مامۆستا نایف محه‌مه‌د شێخانی ، 1/3/2022.
( 3 و4) سایتی هه‌ولێر ،،، كامه‌ران عه‌بدولڕه‌حمان چوارگۆرانی تازه‌ی ئاماده‌یه بۆتۆماركردن، دیداری ( محه‌مه‌د سه‌عید كورده) (2/3/2020) .
* سوپاس و پێزانینم بۆ برای هونه‌رمه‌ند كاك ( شاهین نه‌جمه‌دین) له‌ڕێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی و ماسنجه‌ره‌وه هاوكارم بوو له‌سه‌ر نوسینی ئه‌م یاده‌وه‌رییه له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو ( كامه‌ران عه‌بدولڕه‌حمان).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.