ئافره‌تی كورد به‌رده‌وام هاوشانی پیاو هه‌نگاوی ناوه بۆ بنیاتنانی ژیان له‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌له‌شار و گوند دا ، ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه له ڕێكخستنی كاروباره‌كانی ناوماڵ و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت بواری ڕامیاریشدا، به‌ڵام له‌بواری هونه‌ری گۆرانی و مۆسیقادا كه‌م نین ئه‌و خاتوونانه‌ی كه ته‌لیسمی كۆت و به‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تیان شكاندووه‌و هاوشانی ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندانی پیاو هاتوونه‌ته گۆڕه‌پانی هونه‌ر و هه‌ریه‌كه به‌پێی كات و ده‌رفه‌ت خزمه‌تێكی پر به‌خششی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی یان كردووه ، نموونه‌ی ئه‌و خانمه هونه‌رمه‌ندانه له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌وه زۆرن ، به‌ڵام زۆرێك له‌و خانمه ده‌نگبێژ و ده‌نگخۆشانه ده‌نگیان تۆمارنه‌كراوه، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه هه‌ندێك له‌و ده‌نگه به‌سۆز و ده‌نگخۆشه ئافره‌تانه تێكۆشاون به‌هه‌رشیوه‌یه‌ك بووه خۆیان گه‌یاندۆته ئه‌و تروسكاییه و به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی كه‌سانی دڵسۆز و خه‌مخۆر بۆ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ده‌نگیان له‌سه‌ر قه‌وان تۆماركراوه و یان له‌ڕادیۆ گۆرانیان بۆ تۆماركردوون .
خانمه هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ ( گوڵ جه‌مین 1870_1924) ،( مریه‌م خان 1904_1948) ،( فه‌وزیه محه‌مه‌د 1926_1992) ،( گوڵبه‌هار1933_23/2/2010) ، (نه‌سرین شیروان 1922_10/10/1990)،( ئه‌ڵماس محه‌مه‌د 1894_1974)، (ئایشه شان 1938_18/12/1996) ،(نازدار و ئه‌سمه‌ر فه‌رهاد) و دایكی جه‌مال و ....تاد)
كوردستان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ، ژینگه‌یه‌كی شیاو له‌باربووه بۆ پێكه‌وه ژیانی ئایینزاكان ( زه‌رده‌شتی ، ئیسلام ، كریستیان، جوله‌كه و ئه‌رمه‌نی ) ئه‌وپێكه‌وه ژیانه مێژوویه‌كی جوانی هه‌یه له‌هه‌موو شار و شارۆچكه‌و گونده‌كان له‌ته‌واوی كوردستان به‌گشتی، جووه‌كانی كوردستان له‌هه‌موو كایه‌كانی ژیانه‌وه جێده‌ستیان دیاربووه له‌بواری ئابووریی ، كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و ته‌نانه‌ت هونه‌ریش به‌تایبه‌ت هونه‌ری گۆرانی و ئاوازی كوردی.
یه‌كێك له‌و خاتوونه هونه‌رمه‌ندانه‌ی ئایینزای جوو بووه‌و خزمه‌تێكی به‌هونه‌ری گۆرانی كردووه، ئه‌ویش خانمه هونه‌رمه‌ند ( دایكی جه‌مال) ه.
به‌داخه‌وه كه زۆر زانیاریی وورد نییه له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیانی هونه‌ریی دایكی جه‌مال ، پێویسته دڵسۆزیی و ماندووبوونی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه به‌رزبنرخێنین كه گه‌ڕاون به‌دوای زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و خاتوونه هونه‌رمه‌نده، به‌تایبه‌ت ڕه‌وانشاد ( كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د)، كه‌دوای چه‌ندین ساڵ گه‌ڕان و له‌دوا ساڵه‌كانی ژیانی دایكی جه‌مالی دۆزیوه‌ته‌وه و دیداری له‌گه‌ڵدا سازكردووه.
دایكی جه‌مال كێیه..؟
خاتوونیكی هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش، ڕچه شكێن و بوێر له‌سه‌رده‌مێكدا گۆرانی خوێندووه، كه گۆرانی گوتن بۆ نه‌ك بۆ ئافره‌ت و كچ ، به‌ڵكو بۆ پیاویش شیاو نه‌بووه‌و له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێ كوردییه‌وه به‌ر ڕه‌خنه و تانه كه‌وتووه، به‌ڵام دایكی جه‌مال به‌هۆی ئه‌وه‌ی جوو بووه‌و ئازادی و كرانه‌وه‌یه‌كی فه‌رهه‌نگی و كه‌لتووری له‌ناویاندا هه‌بووه، به‌بێ گوێدانه ئه‌و داب و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تیه دواكه‌وتووه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه ، هاتۆته گۆڕه‌پان و گۆرانی خوێندووه به‌زاراوه‌ی ( سۆرانی ) و ده‌نگی له‌سه‌ر قه‌وان تۆماركراوه، سه‌باره‌ت به ساڵ و شوێنی له‌دایكبوونی دایكی جه‌مالی هونه‌رمه‌ند چه‌ند ڕاو بۆچوونێك هه‌یه ،
خاتوو ( فه‌رحه ئیبراهیم یه‌عقوب) یان
( به‌هیجه‌ئیبراهیم یه‌عقووب) كه به‌دایكی جه‌مال ناسراوه ،
نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ( كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د) سه‌باره‌ت به‌ساڵی له‌دایكبوونی نوسیویه‌تی ( 1914 ) له‌دایكبووه و له‌ساڵی ( 1978) كۆچی دوایی كردووه ، به‌ڵام نووسه‌ر و مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( باكووری) پشتن به‌ستن به‌هه‌ندێك سه‌رچاوه و به‌گومانه‌وه نوسیویه‌تی ( ناوی ته‌واوی ( فه‌رحه ئیبراهیم یه‌عقووب) ساڵی 1908 ؟! ( گومان هه‌یه له‌م مێژووه) هاتۆته دنیاوه ، خۆی جارێكیان وتوویه‌تی ( خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌مه) و ناسنامه‌ی به ( به‌هیجه ئیبراهیم ) بۆ ده‌ركراوه) (1)
به‌ڵام نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ( ستار جه‌باری) ده‌ڵێت ( له‌بنه‌ڕه‌تدا له جووه كورده‌كانی كه‌ركوك بووه و له‌ساڵی (1908) له‌شاری كه‌ركوك له‌دایكبووه، ماوه‌یه‌كیش له‌شاری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه ژیاوه ) (2)
هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند و مامۆستای مه‌قام و به‌سته‌ی كوردی ( عه‌لی مه‌ردان) ده‌ڵێت( ام جمال _ دایكی جه‌مال، له 1908 هاتبووه دنیاوه ، له‌جوله‌كه كورده‌كانی كه‌ركوك بوو ) (3)
گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌م خاتوونه هونه‌رمه‌نده كورد زمان و ئایینزای جوو بووه، له‌زاری (عومه‌ر قه‌زاز) یه‌كه‌م كه‌س بووه له‌ساڵی (1927) بریكاری كۆمپانیاكانی قه‌وان بووه له‌شاری سلێمانی ،له‌شاری به‌غدا كه‌سێكی به‌هۆی قه‌وانه‌وه ناسییوه به‌ناوی ( میناس) وه‌ك پیشه ئه‌ندازیار بووه، ( گوتوویه‌تی ژنه‌كه‌م كورده و ئیتر ناسیاویمان په‌یداكردووه ، خۆی ده‌یگووت ( واته دایكی جه‌مال) خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌م ، به‌ڵام له‌هجه‌ی له‌ئی سلێمانی نه‌ده‌كرد ، ئه‌وكاته ته‌مه‌نی 25 ساڵیدا ده‌بوو ) (4) .
ئه‌گه‌ر دایكی جه‌مال ، خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه یان كه‌ركوك بووبێت، گۆرانییه‌كانی له‌سه‌ر قه‌وان له‌هه‌ردوو كۆمپانیای ( به‌یزافۆن و ئۆدیۆن)له‌نێوان ساڵه‌كانی (1927 تا 1930) تۆماركردبێت ، ئایا ده‌بێت له‌چ ساڵێكه‌وه ڕووی كردبێته شاری به‌غدا بۆمه‌به‌ستی تۆماركردنی گۆرانییه‌كانی؟
بۆ نازناوی ( دایكی جه‌مال) ..؟!
ئه‌م خانمه هونه‌رمه‌نده له‌ماوه‌ی ژیانی هاوسه‌رگیرییدا، خاوه‌نی منداڵ نه‌بووه تا به‌ناوی كوڕه‌كه‌یه‌وه بانگ بكرێت یان پێوه‌ی بناسرێت ، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م خاتوونه له سه‌رده‌می گه‌نجیدا، خانمێكی زۆر جوان و به‌ژن و باڵای ڕێكی هه‌بووه ، له‌به‌ر جوانی و شۆخ و شه‌نگه‌كه‌ی ئه‌و نازناوه‌ی به‌سه‌ردابڕاوه ( ئوم جه‌مال یان دایكی جه‌مال) .هه‌رسه‌باره‌ت به‌م نازناوه جوانه له‌م خاتوونه نراوه ، به‌ڵام كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د ئاماژه به‌وه ده‌دات كه ناوێكی دیكه‌شی لێنراوه ( ژنه سترانبێژی كوردیی زمانه كه به كۆمپانیای به‌یزافۆن به (ئوم جه‌مال) و به كۆمپانیای ئۆدیۆن به ( شیرین خانم) ئاشناكراوه ) (5)
ئه‌م خانمه هونه‌رمه‌نده دوای تۆماركردنی ئه‌و چه‌ند به‌رهه‌مه گۆرانی و سروود له‌كۆمپانیاكانی قه‌وان له‌شاری به‌غداد، ( فه‌رحه _ به‌هیجه، یه‌كه‌م ئافره‌تی كورد بوو كه‌به‌شێوه‌ی سۆرانی گۆرانی خۆی له‌سه‌ر قه‌وان تۆماركرد، به‌مه‌ش ڕێگه‌ی بۆ زۆر ئافره‌تی تر كرده‌وه) (6) .
تاساڵی (1930) به‌داخه‌وه له‌دوای ئه‌و ساڵه‌وه هیچ كارێكی هونه‌ری تۆمارنه‌كردووه، كاتێك كه‌له كۆتایی ساڵی (1939) ڕادیۆی كوردی له‌به‌غدا دامه‌زراوه نه‌چۆته ئه‌و ڕادیۆیه تا به‌رهه‌می دیكه تۆماربكات ، به‌ڵكو له‌ڕێی ڕادیۆی كوردیی به‌غداوه سوود له‌و قه‌وانانه‌ی دایكی جه‌مال وه‌رگیراوه‌و به‌رهه‌مه ده‌نگی وهونه‌رییه‌كانی دایكی جه‌مال بڵاوكراوه‌ته‌وه .
دیاره ئه‌و كاته هاوسه‌ره‌كه‌ی كه ناوی ( میناس ) بووه،تا ژیانی هاوسه‌رگیریان پێكه‌وه بووه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆڕه‌خسێندراوه تا سوود له‌تواناو هونه‌ر و ده‌نگخۆشییه‌كه‌ی دایكی جه‌مال وه‌ربگیردرێت، ئیتر كه له‌هونه‌ری گۆرانیگوتن دووركه‌وتۆته‌وه ، دیاره ژیانی هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی زۆر درێژه ناكێشێ و كۆتایی هاتووه و پێده‌چێت چیتر ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ نه‌ڕه‌خسا بێته‌وه.
ناوی له فه‌رحه‌وه چۆن گۆڕاوه بۆ به‌هیجه ..؟!
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند عه‌لی مه‌ردان له‌بیره‌وه‌رییه‌كانیدا به‌وشێوه‌یه بۆمان ده‌گێریته‌وه ( ئوم جه‌مال یان دایكی جه‌مال ، من زۆر كه‌م ده‌مبینی به‌ڵام یه‌كترمان ده‌ناسیی، به‌ڵام ده‌نگێكی زۆر جوان و سه‌رنجڕاكێشی هه‌بوو ، ماڵی له‌یه‌كێك له‌ماڵه‌كانی ( صاڵحیه) بوو ، گه‌لێ له‌پیاوه گه‌وره‌و لێپرسراوانی ئه‌و ڕۆژه ناوبه‌ناو سه‌ردانی ئه‌م ماڵه‌یان ده‌كرد، ده‌یانووت ( مه‌لیك غازی 12/3/1912_ 4/4/1939 ) بۆخۆی یه‌كێكبووه له‌وانه و هه‌رئه‌ویش ناوه‌كه‌ی له ( فه‌رحه) وه گۆڕیوه بۆ ( به‌هیجه) چونكه ئه‌وه‌ی دوایی ئاوازدارتر و به‌ده‌م خۆشه ، له‌زمانی عه‌ره‌بیشدا هه‌رمانایه‌ك ده‌به‌خشن) (7) .
ئه‌م خانمه هونه‌رمه‌نده دایكی جه‌مال ، چیتر نه‌له‌سه‌ر قه‌وان و نه‌چۆته ڕادیۆ گۆرانی تۆمارنه‌كردووه ، له‌وانه‌یه له‌دانیشتن و شه‌و ئاهه‌نگ و كۆڕ‌و كۆبوونه‌دا له‌شاری به‌غدا هه‌ربۆخۆشیی خۆیی و ئاماده‌بووان گۆرانی خوێندبێ به‌ڵام تۆمار نه‌كراوون.
دایكی جه‌مال جارێكی دیكه ژیانی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیه‌كی موسڵمان پێك دێنێته‌وه و خۆیشی دواتر بۆته ( موسڵمان) به‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی له‌سه‌ر ئایینه‌كانی ( جوو و مه‌سیحی) كه‌بوونه‌ته موسڵمان پێیان وتراوه ( نه‌وموسڵمان) سه‌باره‌ت به‌م هاوسه‌رگیرییه‌ی خانمه هونه‌رمه‌ند دایكی جه‌مال ، نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ( كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د) نوسیویه‌تی ( به‌هیجه ناوی ڕاسته‌كه‌ی نییه و خۆی (جوو) و ناوی ( فه‌رحه) بووه و فره پێده‌چێ كه‌س و كاری جووی سلێمانیی بووبن، خۆیشی دوایی بووه به ( نه‌وموسڵمان) كه شووی به ( حه‌مید سوڵتان) ی ئه‌فسه‌ری كوردی سلێمانی كردووه‌و (30) ساڵ پێكه‌وه بوون، ئه‌وجا به‌خۆشیی له‌كه‌ركوكدا جیا بوونه‌ته‌وه)(8).
ماوه‌ی ئه‌و (30) ساڵه ژیانه هاوبه‌شییه‌ی دووه‌می دایكی جه‌مال ، لێوان لێو نه‌بووه له‌ژیانێكی ئارامیی و پڕ خۆشیی و به‌خته‌وه‌ری ..! به‌ڵكو ئه‌م خاتوونه له‌وماوه‌یه‌دا ژیانی پڕ بووه له هه‌ورازو نشێو و نائارامیی ناو خانه‌واده‌كه‌ی ، له‌م باره‌یه‌وه چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه دیارترینیان ئه‌و ماوه‌یه بووه دایكی جه‌مال له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی له ( ڕواندز) ژیاوه ، به‌ڕێز ( عه‌بدولقادر عه‌لی مه‌ردان) له‌زاری ( سامی ڕواندزی) شاعیره‌وه نوسیویه‌تی ( له‌دووشه‌ممه‌ی 15/5/2006 كاك سامی ڕواندزی شاعیرم بینی هاتبووه گۆڤاری ( هه‌نگ) ده‌رباره‌ی ( ئوم جه‌مال) پرسیارم لێ‌كرد ، پێی وتم كه : كاتی خۆی دایكم بۆی باس كردووم كه‌ئه‌و ئافره‌ته گۆرانیبێژه له‌ڕواندوز دراوسێمان بووه ، له‌گه‌ڕه‌كی ( خوارێ) مێرده‌كه‌ی ئه‌فسه‌ری ته‌جنید بوو ، هه‌میشه شه‌ڕو ئاژاوه له‌نێویاندا بوو ، مێرده‌كه‌ی پێی ده‌ووت : هه‌رچه‌ند ده‌ڵێن ئه‌مه ده‌نگی ژنه‌كه‌ته گۆرانی ده‌ڵێ ، من له‌شه‌رما ده‌مرم، ئه‌ویش پێی ده‌وت: ده‌ی بۆنه‌تده‌زانی من گۆرانیبێژ بووم ؟! پاش ماوه‌یه‌ك ڕۆیشتن و ئیتر ده‌نگ و باسیان نه‌ما ) (9) .
له‌هیچ یه‌كێك له‌و سه‌رچاوانه ئاماژه به‌ئاستی خوێنده‌واری دایكی جه‌مال نه‌دراوه، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه چۆن ئه‌و گۆرانییانه‌ی له‌به‌ركردووه،زیاتر به‌رهه‌مه‌كانی فۆلكلۆربوون ، جگه له دوو هۆنراوه نه‌بێت ، كه یه‌كێكیان هۆنراوه‌ی ( وه‌فایی) بووه و ئه‌وی تریشیان هۆنراوه‌ی ( زێوه‌ر) ی شاعیر بووه..!
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) له‌دیدارێكدا له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ده‌ڵێت( گۆرانییه‌كانی له‌شێوازی فۆلكلۆره،شیعرێك كه‌وا به‌ربڵاوه چونكه سه‌رده‌می زوو شیعری شه‌عبی یان فۆلكلۆر له‌ناو خه‌ڵكدا زۆر باو بووه ، چونكه خه‌ڵك خوێنده‌واری نه‌بووه ،شتی ده‌ماو ده‌م وه‌رئه‌گرت ، یان ئه‌وشیعرانه‌ی كه‌ئه‌یان ووت به‌ده‌ماو ده‌م وه‌رئه‌گیرێ شتی سووكه‌ڵه بوون له‌سه‌ر زار ئاسان بووه ، ئه‌وانه‌ی كه خوێنده‌وارییان هه‌بووبێ ڕۆیشتوون هه‌ندێ شیعری شاعیری گه‌وره‌یان له‌به‌ركردووه ، ئه‌م تێكستانه‌ی ئه‌م وتوونی وابزانم هه‌موویان له‌ئاستی شه‌عبی دابوون) (10)
هه‌رسه‌باره‌ت به‌ئاوازی گۆرانییه‌كانی دایكی جه‌مال ،( عومه‌ر قه‌زاز) ده‌ڵێت ( له‌سلێمانی ( حه‌مه خانی قۆنده‌ره‌چی) هه‌بوو، ئه‌و به‌سته‌و مه‌قامی بۆ هه‌ڵده‌به‌ستی و ده‌ینارد بۆ من ، منیش ده‌منارد بۆی ، یان به‌عزێ جار خۆم ده‌چووم بۆ به‌غدا و بۆم ده‌برد و ده‌مدا به‌مێرده‌كه‌ی ، ئه‌ویش پرۆڤه‌ی له‌گه‌ڵا ده‌كرد و فێری ده‌كرد) (11) .
كه‌واته عومه‌ر قه‌زاز ، نێوه‌ندێك بووه له‌به‌ینی حه‌مه خان و دایكی جه‌مال دا، چونكه ئه‌و بریكاری كۆمپانیاكانی قه‌وان بووه و زوو زوو چۆته به‌غداو ئه‌و تێسكت و ئاوازانه‌ی بۆبردووه‌و داویه‌تیه ده‌ستی میناسی هاوسه‌ری دایكی جه‌مالیان خۆی له‌نزیكه‌وه بینیویه‌تی.
گۆرانییه‌كانی خانمه هونه‌رمه‌ند دایكی جه‌مال ...!
ئه‌م خانمه هونه‌رمه‌نده له‌ماوی چوار تا پێنج ساڵ گۆرانی گوتن و تۆماركردنی له‌سه‌ر قه‌وان ، چه‌ند گۆرانییه‌كی له‌پاش به‌جێماوه ، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی گۆرانییه‌كانی فۆلكلۆرن وزۆر به‌سانایی دێته به‌رگوێی و میلۆدییه‌كان ساده‌ن و به‌زوویی چۆته سه‌رزاری بیسه‌ران و گوێبیستی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی و ، هه‌روه‌ها گۆرانیه‌كانی چێژی هونه‌ری یان به‌رزو خۆشه تائێستاش ئه‌و میلۆدیی و تێكستانه له‌لایه‌ن گوێگرانه‌وه جێی بایه‌خه‌وه و هه‌ندێك له گۆرانییه‌كانی دایكی جه‌مال له‌لایه‌ن زۆر له هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژه‌وه دووپاته كراونه‌ته‌وه،
یه‌كێك له‌به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی ( سروود) ێكه به‌ناوی( وه‌ته‌نی من كوردستانه) له‌هۆنراوه‌ی (زێوه‌ر) ه
( وه‌ته‌نی من كوردستانه ، یادگاری ئه‌جدادمانه
به‌هه‌شتی ڕووی سه‌رزه‌مینه ، خاكی پاكی كوردستانه
باهه‌موومان وه‌ك برابین ، ڕه‌فیقی دین و دنیابین
باله‌وه‌حشه‌ت ته‌وه‌للابین، نۆبه‌تی عیلم و عیرفانه )
به‌م هۆنراوه‌و خوێندنی ئه‌م سرووده ئه‌وه‌ده‌سه‌لمێنێ كه دایكی جه‌مال خاوه‌نی هه‌ستێكی به‌رزی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانی بووه و خاك و وڵاته‌كه‌ی خۆی خۆشویستووه ، له‌م باره‌یه‌وه هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) ده‌ڵێت ( ئه‌گه‌ر باس له‌سروود بكه‌ین ،دایكی جه‌مال به‌یه‌كه‌م ئافره‌ت ئه‌ژمار ده‌كرێت كه‌سروودی ووتووه، به‌ناوی ( وه‌ته‌نی من كوردستانه) (12)
كه‌واته خانمه هونه‌رمه‌ند دایكی جه‌مال له‌باره‌ی خوێندنی سرووده‌وه به‌یه‌كه‌م ئافره‌تی كورد دێته ئه‌ژمار له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستدا و له‌م ڕووه‌وه ڕچه شكێن بووه و هه‌رئه‌و هه‌سته نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه درێژكراوه‌ته‌وه و ڕێی بۆئافره‌تانی دیكه‌ی كورد ڕۆشن كردووه له‌بواری سروود خوێندندا ئه‌سپی خۆیان تاو بده‌ن و سروود بۆ وڵات و خاكی كوردستان بخوێنن، لێره‌دا ئاماژه به‌دوو خانمی سروودبێژی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ده‌ده‌م وه‌ك ( ئه‌سلیكا قادر 1945) سروودی وه‌ڵاتێ مه كوردستانه ) و ( مه‌رزییه‌ی فه‌ریقی 22/5/1958_18/9/2005) سروودی سڵاو بۆ پێشمه‌رگه ).
گۆرانییه‌كانی خانمه هونه‌رمه‌ند دایكی جه‌مال ..!
لێره‌دا ده‌بێت بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌و گه‌ڕان و به‌دواداچوونه وورده‌ی ڕه‌وانشاد ( كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د ) له‌كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه به‌كۆی به‌رهه‌مه‌كانی دایكی جه‌مال ده‌دات ( دوای گه‌ڕانێكی فره گران بۆم ساغ بووه‌ته‌وه به (7) قه‌وان _ (13) سترانی كوردیی شێوه‌ی سۆرانی چڕیوه ) (13).
گۆرانییه‌كان ...
1/ هه‌ی ئاغا و ئاغا ...
( هه‌ی ئاغا و ئاغا و ئاغا ، بۆم تێكه جه‌رگم داغه
مانگ له‌ئاسمان ڕاوه‌ستاوه ، ئه‌ستێره ده‌وری لێداوه
یاری خۆمه و لێم تۆراوه ،،، هه‌ی ئاغا و ئاغا و ئاغا )
2/ ئامین و ئامین ...
( ئامین و ئامیم هه‌رتۆی دنیا‌و دینم
قۆڵه‌كه‌ت بێنه ، بیكه به‌سه‌رینم )
3/ ئای بێنن بێنن ...
( ئای بێنن بێنن ، گالیسكان بێنن ، یارم منداڵه دڵی مه‌شكێنن )
4/ ده‌ردێكم گرتووه ...
( ده‌ردێكم گرتووه ، نی یه ده‌رمانی ، كاول بێ (....) خۆشه سلێمانی )
5/ هه‌ی به‌للار ...
( هه‌ی به‌للار و به‌للار و به‌للارت بم
به‌فیدای مه‌مكۆڵه‌ی گوڵ هه‌نارت بم )
6/ خانمی سله‌یمانی...
چاو ده‌گێڕم نابینم كه‌س ، گریان دێ هه‌ربه‌هه‌وه‌س
وه‌فا نه‌ماوه له‌لای كه‌س ...
باریكی ، ته‌نكی به‌خوا زۆرجوانی ئه‌مان ڕۆحم
( خانمی سله‌یمانی) (14) .
7/ وه‌ته‌نی من كوردستانه ( سروود)
8/ ڕۆحی شیرینم
9/ یارم شێوه‌ی شیرینه
10/ گوێگرن ئه‌ی ڕه‌فیقان
11/ ئه‌ی ئاوێنه‌ی دولبه‌ر
12/ سه‌وزه مه‌ڕۆ .
له‌دوای چه‌ندین ساڵ له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و گۆرانییانه، جارێكی دیكه ( ئه‌نیستیتیۆی كه‌له‌پووری كورد له‌شاری سلێمانی ، به‌هاوكاری ( شوانی حاجی ئه‌وڕه‌حمانی خه‌فاف) خاوه‌نی تۆمارگای ( ئۆسكار) ، (12) دوانزه گۆرانی خانمه هونه‌رمه‌ند دایكی جه‌مال به‌ناوی ئه‌لبومی یادگارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی پاك و ڕێك و پێك بڵاوكرده‌وه.
خۆزگه ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ ئه‌م خاتوونه هونه‌رمه‌نده ده‌نگخۆشه بڕه‌خسایه و به‌رهه‌می زیاتری بخستایه سه‌رخه‌رمانی مۆسیقا و ئاواز‌و گۆرانی كوردی ، به‌ڵام جێی داخه كه به‌هۆی داب و نه‌ریتی كۆنه‌په‌رستانه‌و ڕه‌خنه‌گرتنه‌وه‌و هه‌روه‌ها ژیانی هاوسه‌ری، دایكی جه‌مال نه‌یتوانیوه خزمه‌تی زۆرتر بكات ، له‌دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه له‌تۆماركردنی ئه‌و به‌رهه‌مانه ، جگه له دوو گۆرانی ( هه‌ی به‌للار و ئاغا و ئاغا ) دووپاته كراونه‌ته‌وه ، یان له‌زۆربه‌ی شه‌و ئاهه‌نگ و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ی یاراندا هه‌ربۆخۆشیی ئه‌و دوو گۆرانییه ده‌ڵێنه‌وه، جیا له‌و هه‌موو گۆرانیبێژ و ده‌نگبێژه پیاوه، له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئافره‌ت و ژ ن و كچی ده‌نگخۆشمان زۆره، خزمه‌ت به مۆسیقا و گۆرانی ده‌كه‌ن ، خۆزگه له‌ناو ئه‌و خانمه ده‌نگبێژانه‌دا یه‌ك _ دوو خاتوونێك هه‌ڵده‌كه‌وت له‌سه‌ر ئه‌و شێوازی ئه‌داو میلۆدییانه‌ی دایكی جه‌مال گۆرانییه‌كانیان به‌شێوازو ته‌كنیكی ئه‌م سه‌رده‌مه دووپاته بكردایه‌ته‌وه، بۆئه‌وه‌ی زیاتر به‌گوێگران و نه‌وه‌ی ئێستا بناسرێن، هه‌رچه‌نده ناو و هونه‌ر و ده‌نگی دایكی جه‌مال نامرێت و هه‌میشه به‌زیندووێتی ده‌مێنێته‌وه ، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌وسه‌رده‌مه‌دا كه دایكی جه‌مال گۆرانییه‌كانی تۆماركردووه ، زۆربه‌ی ژه‌نیاره‌كان جووله‌كه بوون و كورد نه‌بوون تا به‌هه‌ست و سۆزی كوردانه موزیكی بۆ بژه‌نن و هه‌روه‌ها ته‌كنیكی تۆماركردنه‌وه به‌وشێوه باش و گونجاوه‌ی ئێستا نه‌بووه،
دوای ساڵانێكی زۆر ناو و شوێنی نیشته‌جێبوونی ناڕۆشن و دیار نابێت ، به‌هه‌وڵ و تێكۆشان و گه‌ڕانێكی زۆری نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ( كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د) له‌یه‌كێك له‌گه‌ڕه‌كه دێرینه‌كانی شاری سلێمانی ده‌یدۆزێته‌وه‌و دیداری له‌گه‌ڵدا ساز ده‌كات ( ئه‌ز یه‌كه‌م كه‌سم بگه‌ڕێم و بیدۆزمه‌وه و له ڕۆژنامه‌و ڕادیۆدا باس و ئاشنای بكه‌م و سترانه‌كانی بدۆزمه‌وه و ببوژێنمه‌وه ،دوای (10) ساڵ گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه و ناسینه‌وه‌ی له‌ڕۆژی پێنج شه‌ممه (11/12/1975) له ژوورێكی بچكۆله‌ی گه‌ڕه‌كی ( شێخان) ی سلێمانیدا دۆزیمه‌وه) (15).
دایكی جه‌مال ماوه‌ی (13) ساڵ له‌و ژوور و گه‌ڕه‌كه‌دا ژیاوه به‌ته‌نیا ، خاتوونێكی خۆشه‌ویستی گه‌ڕه‌ك و ده‌رودراوسێ بووه، زۆر پاك و خاوێن بووه، له‌ڕووی كه‌سایه‌تیه‌وه كه‌سێكی نه‌فس به‌رزبووه‌و هیچ كات ڕێگه‌ی نه‌داوه به‌كه‌سێكی كه‌م و له‌چاوی به‌زه‌ییه‌وه لێی بڕوانن، گوایه ته‌نهاكه‌سێك مانگانه كرێی ژووره‌كه‌ی بۆ داوه ..؟!
له‌كۆتا ڕۆژه‌كانی ژیانی دا دایكی جه‌مال دووچاری نه‌خۆشیی ( شێرپه‌نجه‌ی سینگ) ده‌بێت، هه‌رچۆنێك ده‌بێت ئه‌م خاتوونه هونه‌رمه‌نده بێكه‌سه خۆی ده‌گه‌یه‌نێته شاری به‌غدا و ڕووده‌كاته نه‌خۆشخانه‌ی ( شاری پزیشكان _ مدینه الطب) به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن ، به‌ڵام به‌داخه‌وه ده‌رده‌كه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا بێ ده‌رمان ده‌بێت، به‌بێكه‌سی و له‌غوربه‌تدا ، له‌ساڵی (1979) سه‌رده‌نێته‌وه و بۆهه‌میشه چاو لێك ده‌نێ ، خانمه هونه‌رمه‌ند دایكی جه‌مال ماڵئاوایی له‌ژیانی هونه‌ری و دواساته‌كانی ته‌مه‌نی ته‌نیایی و شاری سلێمانی به‌بێكه‌سی له‌نه‌خۆشخانه چاوه‌كانی لێكده‌نێ ، دواتر ته‌رمه‌كه‌ی له‌لایه‌ن ( ئه‌میندارێتی به‌غدا _ امانه العاصمه ) له‌گۆڕستانی ( شێخ مه‌عروفی كه‌رخی ) به‌خاك ده‌سپێردرێ ، دایكی جه‌مالی هونه‌رمه‌ند وه‌ك هونه‌رمه‌نده ئافره‌ته‌كانی دیكه‌ی كورد ، ( گوڵبه‌هار له( نه‌جه‌ف) و ئایشه شان له ( ئیزمیر) ) گۆڕغه‌ریب ده‌بێت، ڕۆحت شاد و سڵاو له‌و هه‌سته به‌رزه‌ی هونه‌رت كه‌له‌و سه‌رده‌مه دا توانیت به‌وچه‌ند گۆرانییه خه‌رمانی هونه‌ری كوردی ده‌وڵه‌مه‌ندبكه‌یت.
جه‌مالی ده‌لاك 29/1/2022 هه‌ولێر .
سه‌رچاوه :
(1 و 4 و 11) كتێبی گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان ، دانانی باكووری ، به‌شی یه‌كه‌م ، لاپه‌ڕه (39) .
(2) دایكی جه‌مال یه‌كه‌م ژنی كورده كه گۆرانیی له‌سه‌ر قه‌وان تۆماركردووه، ستار جه‌باری ، كه‌ركوك _ سایتی وشه.
(3 و6 و 7 و9) كتێبی گه‌ڵای پایز ، بیره‌وه‌ری عه‌لی مه‌ردان ، ئاماده‌كردنی عه‌بدولقادر عه‌لی مه‌ردان ، لاپه‌ڕه (340)
( 5 و 8 و 13 و 15) كتێبی مێژووی ڕادیۆیی كوردیی به‌غداد (1939_ 1958) به‌رگی یه‌كه‌م _ جزمی یه‌كه‌م ، نوسینی كه‌مال ڕه‌ئووف محه‌مه‌د ، لاپه‌ڕه ( 571) .
(10 و 12) به‌رنامه‌ی بیره‌وه‌ری ، كه‌ناڵی ژن ، ئاماده‌وپێشكه‌شكردنی ( ئه‌ڤین نه‌سرین) 1/3/2021
( یوتوب)
(13) بۆتێكستی ئه‌و گۆرانییانه سوودم له‌كتێبی ( گه‌نجینه‌ی گۆرانی كوردی ، كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی ( عوسمان شارباژێڕی ، لاپه‌ڕه ( 178_179_ 180_182_183 و 251) وه‌رگرتووه.( ج،د)
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.