كاریگه‌ری هونه‌ری هه‌ندێك له هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب ، له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانی كورد مێژوویه‌كی هه‌یه ،ئه‌و كاریگه‌رییه هونه‌رییه له هونه‌ری گۆرانیبێژی یان ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقا له‌سه‌ر چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی كورد بووه به‌ڵام ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه زۆرنین، یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه له‌سه‌ره‌تای هه‌ستكردن به‌دنیای مۆسیقا و گۆرانی، سه‌رسام بووه به هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب ( محه‌مه‌د عه‌بدلوه‌هاب ، فه‌رید ئه‌تره‌ش و نازم غه‌زالی) ئه‌ویش هونه‌رمه‌ندی شاری هه‌ولێر ( عه‌بدوڵڵا دڵسۆز) ه، به‌هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه زۆر سه‌رسام بووه‌و ته‌نانه‌ت ئاره‌زووی لاساییكردنه‌وه‌ی ده‌نگ و هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه له‌ژیانی هونه‌ریی عه‌بدوڵڵا دڵسۆزدا به‌رجه‌سته بووه،
هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵلا دڵسۆز نزیكه‌ی (40) ساڵی ته‌مه‌نی له‌ڕێی هونه‌ری گۆرانیبێژ، عود ژه‌نین و ئاوازدانان دا به‌خشیوه.
هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا دڵسۆز ، وێستگه‌كانی ژیانی هونه‌ری..!
له‌یه‌كێك لهگهڕهكه دێرینه‌كانی شاری هه‌ولێر، گه‌ڕه‌كی ( خانه‌قا) له خانه‌واده‌یه‌كی مامناوه‌ندی ئایینی له‌ساڵی (1936) په‌روه‌ردگار سێیه‌م منداڵ ده‌به‌خشێت به( محه‌مه‌د عومه‌ر) قورئان خوێنی ده‌نگخۆشی شاری هه‌ولێر و ، ناوی ده‌نێن ( عه‌بدوڵڵا)
عه‌بدوڵڵای منداڵ له‌ناو ئه‌و خانه‌واده‌یه‌دا په‌روه‌رده و گه‌شه ده‌كات، تاساڵی ( 1942) ده‌خرێته به‌رخوێندن، له قوتابخانه‌ی( خالیدیه‌ی سه‌ره‌تایی) فێری خوێندن و خوێندنه‌وه ده‌بێت، هه‌روه‌ها له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی به‌شداری چالاكییه هونه‌رییه‌كانی قوتابخانه‌كه‌ی ده‌كات.
له‌ساڵی ( 1948 بۆ 1949) قۆناغی سه‌ره‌تایی ته‌واوده‌كات هه‌رله‌شاری ههولێرقۆناغی ناوه‌ندی یش ته‌واو ده‌كات ، له‌م قۆناغه‌دا هونه‌رمه‌ند له‌ڕێی ڕادیۆوه ئاشنا ده‌بێت به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب به‌تایبه‌تی ( محه‌مه‌د عبدلوه‌هاب ، فه‌رید ئه‌تره‌ش و نازم غه‌زالی ) له‌پاڵ ده‌نگ و هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌دا ، عه‌بدوڵڵا دڵسۆزی مێردمنداڵ زۆر حه‌زو ئاره‌زووی له ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان ( عه‌لی مه‌ردان ، تایه‌ر تۆفیق و شه‌ماڵ سائیب) بووه ، ته‌نانه‌ت لاسایی ده‌نگ و هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كردۆته‌وه‌و ، زیاتر ئاشنا بووه به هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌یی و هونه‌رمه‌ندانی عه‌ره‌ب ، خولیا و ئاره‌زووی بووه كه ڕۆژێك بێت وه‌ك ئه‌وان خزمه‌ت به‌هونه‌ر بكات.
له‌كۆتایی ساڵی په‌نجاكان و ته‌واو كردنی قۆناغی ناوه‌ندی ، هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا دڵسۆز، به‌ره‌و شاری به‌غدا هه‌نگاو ده‌نێ به‌و نیازه‌ی كه له ( په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا) وه‌ربگیرێت،ئه‌م په‌یمانگایه له‌مێژووی درووستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق مێژووی جوانی تۆماركردووه له گه‌شه‌ی هونه‌ری مۆسیقا له‌عێراق و خاڵی وه‌رچه‌رخاندنی كه‌لتووری بووه ، په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان ده‌رگای ئاوه‌ڵابووه بۆ وه‌رگرتنی قوتابیان ئه‌وانه‌ی حه‌زو ئاره‌زووی فێربوونی ئامێره‌كانی مۆسیقان هه‌بووه،له‌كۆتایی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشوو ، چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی به‌توانای گه‌له‌كه‌مان له‌ته‌واوی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ڕوویان له‌و په‌یمانگایه كردووه‌و دوای به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه گه‌ڕاونه‌ته‌وه و ، بوونه‌ته هونه‌رمه‌ند ومامۆستای لێهاتوو و بهئهمهكدارییهوه قوتابی نه‌ته‌وه‌كه‌یان فێری زانستی مۆسیقا كردووه، نموونه‌ی ئه‌و مامۆستا و هونه‌رمه‌ندانه زۆرن.
هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا دڵسۆز، له‌په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی شاری به‌غداد وه‌رده‌گیرێت له‌به‌شی مۆسیقا له‌سه‌ر ئامێری ( عود) ،له‌په‌یمانگا قوتابییه‌كی چالاك و زیره‌ك و ڕۆژبه‌ڕۆژ توانای هونه‌ری بهدهردهكهوێـت و ده‌بێته جێی سه‌رنجی مامۆستاكانی، له‌ڕووی ژه‌نینی ئامێری ( عود) و توانا و ئه‌دای گۆرانی خوێندنی، هه‌ردوو مامۆستاكه‌ی ( مونیر به‌شیر و ڕۆحی خهمماش ) ، ڕێنوێنی و هانی ده‌ده‌ن و ڕێگای ڕادیۆی كوردی ده‌خه‌نه به‌رده‌م هونه‌رمه‌ند ، عه‌بدوڵڵا دڵسۆزی عود ژه‌ن و خاوه‌ن توانای چڕینی گۆرانی ده‌چێته ڕادیۆ و دوای تاقیكردنه‌وه و په‌سه‌ندكردنی له‌ڕادیۆ ، یه‌كه‌م گۆرانی به‌ناوی ( من دڵشكاو نیم) له هۆنراوه‌ی ( مه‌دهۆش) و ئاوازی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( زاهیر محه‌مه‌د كۆیی _ زاهیر مه‌دانه) كه ئه‌و كاته زاهیر محه‌مه‌د قوتابی هه‌مان په‌یمانگا بووه له‌به‌شی مۆسیقا و تۆمارده‌كات.
له‌هه‌مان ساڵدا بۆجاری دووه‌م هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا دڵسۆز ، گۆرانی دووه‌م له‌ڕادیۆی كوردی به‌غداد تۆمارده‌كات به‌ناوی ( نامه له‌یاری نازه‌نین ) له‌هۆنراوه‌ی ( پیرباڵ مه‌حمود) و ئاوازی خۆی بووه.
دوای سێ ساڵ خوێندن له‌په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان ، له‌ساڵی (1962) بڕوانامه‌ی په‌یمانگا وه‌رده‌گرێـت و ده‌گه‌ڕێته‌وه شاری هه‌ولێر و ، وه‌ك مامۆستا له‌قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی گوندی ( گه‌زنه‌ی) سه‌ربه‌ناحیه‌ی عه‌نكاوه داده‌مه‌زرێت و درێژه به‌ئه‌ركی سه‌رشانی ده‌دات.
دوای ماوه‌یه‌ك ڕاژه‌كه‌ی ده‌گوازرێته‌وه بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كانی هه‌ولێر،له‌ئه‌رك و تێكۆشانی هونه‌ری به‌رده‌وام ده‌بێت، په‌یوه‌ندی پته‌وی هاوڕێیانه‌و هونه‌رییانه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و كاتی شاری هه‌ولێر ده‌به‌ستێت، هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( فوئاد ئه‌حمه‌د ، ته‌حسین ته‌ها ، جه‌مال هیدایه‌ت و یه‌حیا مه‌رجان) له‌ناو هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی كه‌سێكی خۆشه‌ویست بووه، كه‌سێكی هێمن و دڵسۆز بۆ كار‌و هونهرهكهیی و ڕێز و حورمه‌تی بۆ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی داناوه، هه‌روه‌ها عه‌بدوڵڵا دڵسۆز هه‌میشه به‌وپه‌ڕی حورمه‌ته‌وه ڕێزی بۆ گه‌وره هونه‌رمه‌ندان ( مشكۆ ، تایه‌ر تۆفیق ، ڕه‌سوڵ گه‌ردی و حه‌یده‌ر به‌قاڵ) داناوهولهبهرئهوهی ئه‌وان به‌ته‌مه‌ن له‌و گه‌وره‌تر بوون و خزمه‌تێكی گه‌وره‌یان به‌هونه‌ری مۆسیقا و به‌سته‌و حه‌یران و مه‌قام كردووه، عه‌بدوڵڵا دڵسۆز به‌رده‌وام كۆشش و هه‌وڵ و ته‌قه‌لای داوه بۆ به‌رده‌وام بوون له‌كاری وه‌زیفی و هونه‌ره‌كه‌ی به‌ڕێك و پێكی تا سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان ده‌بێته سه‌رپه‌رشتیاری هونه‌ری له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كانی هه‌ولێر.
له‌ڕێكه‌وتی ( 18/11/1967) ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك داده‌مه‌زرێت و ده‌ست به‌په‌خشی به‌رنامه‌كانی ده‌كات ، هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا دڵسۆز له‌كۆتایی ساڵی
شه‌سته‌كانی سهدهپێشوو، ده‌چێته ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك ، به‌شێوه‌ی ( ڕه‌ش و سپی ) یه‌كه‌م گۆرانی به‌ناوی
( كیژۆڵه‌ی دڵگیر ) له‌هۆنراوه‌ی ( عه‌بدوڵڵا په‌شێو) و ئاوازی خۆی تۆمارده‌كات.
هونه‌رمه‌ند ته‌نها ئه‌و یه‌ك گۆرانییه‌ی له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك تۆمارنه‌كردووه، به‌ڵكو به‌پێی سه‌رچاوه، عه‌بدوڵڵا دڵسۆز (8) گۆرانی بۆتهلهفزیۆنی كه‌ركوك تۆماركردووه (1)
نازناوی ( دڵسۆز) ده‌بێت له‌چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت؟!
له‌نێو دنیای ئه‌ده‌ب و شیعر‌و هونه‌ردا، هه‌ریه‌ك له نووسه‌ر و شاعیر و هونه‌رمه‌ند، ناوێكیان كردۆته پاشخانی ناوی خۆیان و بۆته نازناوی ئه‌ده‌بی یان شیعری و هونه‌ری كه‌له‌و بوارانه‌دا نموونه‌مان گه‌لێك زۆرن، هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا دڵسۆز، ئه‌ویش وه‌ك هونه‌رمه‌ندانی پێش خۆی نازناوی ( بێزار) ی بۆخۆی هه‌ڵبژاردووه، به‌ڵام بۆ ( بێزار ) گۆڕاو بۆته ( دڵسۆز) ..؟
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( باكووری ) له‌زاری به‌ڕێز ( موحسین محه‌مه‌د عومه‌ر) برای هونه‌رمه‌نده‌وه به‌وشێوه‌یه بۆمان ده‌گێڕێته‌وه ( چیرۆكه‌كه‌ی بۆ ساڵانی شه‌سته‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه ، دوای ئه‌وه‌ی بڕیاری دا ببێته گۆرانیبێژ ، یه‌كه‌م جار نازناوی ( بێزار) ی بۆخۆی هه‌ڵبژاردووه، واتا ناوی هونه‌ری ( عه‌بدوڵڵا بێزار) به‌ڵام له‌ئاهه‌نگێكی گۆرانی گشتی كه حه‌یرانبێژی گه‌وره نه‌مر مام ( ڕه‌سوڵ گه‌ردی) ش ئاماده ده‌بێ،كه‌ده‌زانێت عه‌بدوڵڵا له‌قه‌بی ( بێزار) ی بۆخۆی داناوه ، ڕووی تێده‌كا و ده‌ڵێ : كاكه ئه‌وه من (بێزار) م ...! تۆ بۆ بێزاری ..؟تۆ نازناوێكی تر بۆخۆت بدۆزه‌ره‌وه و دڵسۆز به ..! كه‌وا ده‌ڵێ عه‌بدوڵڵای براشم ده‌ڵێ باشه ، ئه‌وه من بوومه (دڵسۆز) ئیتر له‌و وه‌خته‌وه ناوی خۆی كرده ( عه‌بدوڵڵا دڵسۆز) و ئه‌و نازناوه به‌سه‌ریدا چه‌سپاوه و زۆریش لێی ڕازی بووه) (2)
هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا دڵسۆز ، خاوه‌نی سێ برا و خوشكێكه و ، له‌ساڵی (1974) ژیانی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خاتوونێكی زاراوه كرمانج پێكدێنێ ، به‌رهه‌می ئه‌و هاوسه‌رگیرییه كوڕێكه و نێوی ده‌نێن ( هونه‌ر) .
به‌داخه‌وه ماوه‌ی ئه‌و ژیانه هاوبه‌شه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ریدا درێژه ناكێشێ و لێك جیا ده‌بنه‌وه، هاوڕێ و هاوده‌نگی ڕۆژان و شه‌وانی ته‌نیایی هونه‌رمه‌ند ته‌نها ئامێری عودهكهیی و هونه‌ری كوڕی بووه ، له‌دوای سه‌رنه‌كه‌وتنی ئه‌و پرسه‌ی هاوسه‌رگیرییه هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا دڵسۆز گۆشه‌گیر ده‌بێت و تا كۆتا ڕۆژه‌كانی ژیانی به ( ڕه‌به‌نی) ده‌مێنێته‌وه.
هونه‌رمه‌ند عوبدوڵڵا دڵسۆز، جگه له به‌هره‌ی گۆرانی گوتن و ژه‌نینی ئامێری عود ، توانای ئاوازدانان و هۆنراوه نوسینیشی هه‌بووه ، له‌به‌رهه‌مه‌كانیدا هۆنراوه‌ی شاعیرانی وه‌ك ( عه‌بدوڵڵا په‌شێو ، سه‌ڵاح ماندوو، مه‌دحه‌ت بێخه‌و و پیرباڵ مه‌حمود) كردوه به‌گۆرانی و خوێندوونی ، هونه‌رمه‌ند منداڵانی فه‌رامۆش نه‌كردووه و دوو سروودی بۆ خوێندوون :
یه‌كه‌م / ئه‌ی وڵاتی شیرینم ، هه‌ڵبه‌ست و ئاوازی خودی هونه‌رمه‌ند.
دووه‌م/ قوتابخانه‌كه‌م چه‌ند خۆشه‌ویستی ، هه‌ڵبه‌ستی ( مه‌دحه‌ت بێخه‌و) و ئاوازی خۆی بووه .
گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند بریتین له :
1/ نه‌سرین یاری جوانم ، هۆنراوه‌ی ( سه‌لاح ماندوو)
2/ نامه له‌یاری نازه‌نین
3/ كێ تۆی گۆڕی ..؟
4/ وه‌ره وه‌ره یاره‌كه‌م ( هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا دڵسۆز)
5/ تۆ جوانی زۆر جوانی ( هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا دڵسۆز)
6/ په‌یمانت دا ئه‌ی گوڵاڵه
7/ دوێنێ له‌باخی مه‌ستم نامه‌ت
8/ په‌ری یا ئینسانی
9/ ئه‌ی دڵ ( گۆرانی ژماره 8 و 9 له‌گه‌ڵ كۆرسی ڕادیۆی كوردی به‌غداد خوێندوویه‌تی ) (3)
هونه‌رمه‌ند ماوه‌ی چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك ژیانی ته‌نهایی و له‌ئامێزگرتنی ئامێره شیرینه‌كه‌ی ( عود) و لاواندنه‌وه و له‌ئامێزگرتنی كوڕه تاقانهكهیی و فێركردنی هونه‌ری كوڕی به ئامێری (عود) وبه‌رده‌وامی له‌كاری هونه‌ریی، له‌كۆتا مانگه‌كانی ساڵی (2003) دووچاری نه‌خۆشیی ته‌نگه نه‌فه‌سی ده‌بێت، ئه‌گه‌رچی هونه‌رمه‌ند جگه‌ره‌كێشیش نه‌بووه، به‌ڵام ئه‌و نه‌خۆشییه شه‌كه‌ت و ماندووی ده‌كات، تا له‌ڕێكه‌وتی ( 7/5/2004) له‌ته‌مه‌نی (68) ساڵیدا، ماڵئاوایی له ژیان و ئامێری عودهكهیی و بنه‌ماڵه‌و ئازیزانی ده‌كات و له‌شاری هه‌ولێر به‌خاكی ده‌سپێرن ، دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا دڵسۆز‌و ڕۆحی شاد بێت .
جه‌مالی ده‌لاك 14/11/2021
سه‌رچاوه :
(1) كتێبی مێژووی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووك ( 1967 _ 1999) نوسینی هاشم جه‌باری ، لاپه‌ڕه (81)
(2 و 3) كتێبی گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان، به‌شی سێیه‌م ،( باكووری ) لاپه‌ڕه ( 228)
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.