Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 00:30

دارا هه‌ورامی .. مێژوویه‌ك له‌ چڕینی گۆرانی و نووسین دا

کوردستان TV
100%

هه‌ركاتێك گوێمان له‌گۆرانييه‌ك ده‌بێت كه‌له‌ناخ و بيروه‌رييه‌كانماندا جێى گرتووه‌ و به‌و ده‌نگ و ميلۆدييه‌ خۆشه‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێينه‌وه‌ بۆ ئه‌و كات و ساته‌ى كه‌ئه‌و گۆرانييه‌ به‌ده‌نگى ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌هه‌ست و نه‌ستمان ئاشنايه‌، بێ شك به‌ به‌رهه‌مه‌كانى سه‌رده‌مى زێڕينى هونه‌ر ناوده‌برێت.

له‌وسه‌رده‌مه‌دا كه‌به‌ سه‌رده‌مى زێرينى ته‌واوى هونه‌ر به‌هه‌موو بواره‌كانييه‌وه‌ ناوده‌بردێرێت له‌وكاته‌شدا هونه‌رمه‌ندان به‌گشتى نه‌هاتوونه‌ته‌ سه‌رخوانى ئاماده‌كراو،به‌ڵكو دواى ماندووبوون و ته‌قه‌لا و تێكۆشانێكى به‌رده‌وام و له‌ژێر فشار و پاڵه‌په‌ستۆى داگيركه‌ردا ئه‌وان كۆڵيان نه‌داوه‌ و به‌رهه‌مه‌كانيان تۆماركردووه‌ به‌و ئامێره ‌ساده‌و ساكارانه‌ى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و يان به‌هه‌رشێوه‌يه‌ك بووبێت خۆيان گه‌ياندۆته‌ ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆن به‌رهه‌مه‌كه‌يان تۆماركردووه‌ ، ئێستا كه‌ دێته‌وه‌ به‌ر دييه‌و بيستنمان چێژى هونه‌رى ئه‌وسه‌رده‌مه‌مان پێ ده‌به‌خشێته‌وه‌.

له ساڵى (1978)  به‌دواوه‌ له‌ڕێي ته‌له‌فزيۆنى كه‌ركوكه‌وه‌ گۆرانى

( ئاى به‌ناز ) به‌ده‌نگى خۆشيي هونه‌رمه‌ندێكى ناوچه‌ جوان و شيرينه‌كه‌ى هه‌ورامان ، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ زاده‌ى  ده‌ڤه‌رێكى ده‌وڵه‌مه‌ند و لانكه‌و كانگاى ئاوازو گۆرانيي ڕه‌سه‌ن و ئاوازى به‌رزه‌چڕى سياچه‌مانه‌ ، تۆماركراوه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵيك ئافره‌تى جوان قه‌شه‌نگ له‌سه‌ر ڕيتمى شادى

گۆرانييه‌كه‌ هه‌ڵپه‌ڕكێي يان ده‌كرد ، به‌ڵام چ هه‌ڵپه‌ڕكێيه‌ك هێنده‌ جوان و شيرين ، كه‌ش و هه‌واى ماڵه‌كانى پڕده‌كرد له‌ شادى و خۆشيي و هه‌موومان له‌ته‌ك ميلۆدييه‌ خۆشه‌كه‌دا شانمان هه‌ڵده‌ته‌كاند وجه‌سته‌مان ده‌كه‌وته‌ سه‌ما ،ئه‌و گۆرانييه‌ به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ى هونه‌رمه‌ندى گۆرانيبێژ

( دارا محه‌مه‌د عوسمان )بوو.  

هونه‌رمه‌ند دارا محه‌مه‌د عوسمان به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌يي و هاوكارانى تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى ساڵانێك خزمه‌تى به‌ هونه‌رى موزيك و گۆرانى كوردى كردوه‌ ، ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ هونه‌رمه‌ند دووركه‌وتۆته‌وه‌ له‌ هونه‌رى گۆرانى و سياچه‌مانه‌ چڕين ، دياره‌ ئه‌وه‌ش كۆمه‌لێك هۆكارى هه‌يه‌ و وه‌ڵامه‌كه‌ گومانى تێدانييه‌ له‌لاى هونه‌رمه‌ند خۆيه‌تى، به‌ڵام له‌گه‌ڵ دووركه‌وتنه‌وه‌ى له‌چڕينى گۆرانى، له‌لايه‌كى ديكه‌وه‌ ئه‌سپى خزمه‌تكردنى به‌شێوه‌يه‌كى ديكه‌  تاو  داوه‌ و  خامه‌ى جوانى خستۆته ‌كارو خزمه‌ت به‌ئه‌ده‌ب و هونه‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌ى .

هونه‌رمه‌ند دارا محه‌مه‌د عوسمان ساڵح به‌گ به‌ڵخه‌يي ،  نازناوى ( دارا هه‌ورامي ) له‌ناوچه‌ شيرين و دڵڕفێن و ژينگه‌جوانه‌كه‌ى هه‌ورامان ، له‌ساڵى (1956) له‌گوندى (به‌ڵخه‌) ى نزيك ته‌وێڵه‌ به‌دنياهاتووه‌ ،   وه‌ك هه‌رمنداڵيكى ئاسايي ئه‌م كوردستانه‌ له‌ته‌مه‌نى  (6) ساڵيدا خراوه‌ته‌به‌رخوێندن و ئه‌لف و بێى زمانى شيرينى كوردى فێربووه‌، قۆناغى خوێندى سه‌ره‌تايي هه‌رله‌  گوندى به‌ڵخه‌ ته‌واو كردووه‌ ،

سه‌ره‌تاى هه‌ستكردن به‌ده‌نگخۆشيي و تواناى گۆرانى وتن،هيچ گومانى تێدانييه‌ ژينگه‌ پاك و جوان و بێگه‌رده‌كه‌ى هه‌ورامان  و ، ده‌وڵه‌مه‌ندى ئه‌ده‌بيات و شيرينى زمانى هه‌وراميي و ئه‌و هه‌موو هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌و ده‌نگخۆشانه‌ى ناوچه‌كه‌ و هه‌روه‌ها هاندان و پشتيوانى خانه‌واده‌كه‌ى به‌تايبه‌تى باوكى هۆكارى سه‌ره‌كيي بوون  كه‌ هونه‌رمه‌ند هه‌نگاو بۆ دنيا جوان و ئارام به‌خشه‌كه‌ى هونه‌رى گۆرانى هه‌ڵبگرێت، هه‌روه‌ها له‌نێوه‌ندى قوتابخانه‌ش ئه‌و سروودانه‌ى ئه‌وسه‌ر‌ده‌مه‌ له پۆل و گۆڕه‌پانى ‌قوتابخانه‌ ده‌خوێندران ئه‌وانه‌ش كاريگه‌رى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند،  خۆى به‌چراى ڕۆشن و پاك و بێگه‌ردى  ژينگه‌‌و كه‌لتوور و هونه‌رى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ى هه‌ورامان ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه‌ .

دواى ته‌واو كردنى قۆناغى سه‌ره‌تايي هونه‌رمه‌ند ڕووده‌كاته‌ شارى سلێمانى به‌مه‌به‌ستى درێژه‌دان به‌خوێندن، ده‌چێته‌ ناوه‌ندى (وه‌ته‌نى ئێواران) دواتر له‌ساڵى (1977) ڕووده‌كاته‌ ( خانه‌ى  پێگه‌ياندنى مامۆستايانى سلێمانى ) له‌ساڵى (1979)  خوێندن ته‌واو ده‌كات .

 كه‌يي و چۆن هونه‌رمه‌ند له‌بوارى گۆراني خوێندندا ده‌ركه‌وت بۆ ؟! بۆ له‌خه‌مى گۆرانى هه‌وراميدا بوو ؟

هونه‌رمه‌ند دارا هه‌ورامي وه‌ك ده‌نگخۆش و ده‌نگ زوڵاڵيكى ناوچه‌ى هه‌ورامان، له‌ئاهه‌نگێكى يه‌كترناسين كه‌ ‌خانه‌ى پێگه‌ياندنى مامۆستايان و به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى چالاكى قوتابخانه‌كانى سلێمانى  بۆ قوتابييه‌ نوێيه‌كانى خانه‌ سازكراوه‌،  مامۆستا و هونه‌رمه‌ند  ( عه‌لى حه‌مه‌ ڕه‌زا) مامۆستاى موزيك  له‌خانه‌ى پێگه‌ياندنى مامۆستايان پێشنيار ده‌كات و به‌ هونه‌رمه‌ند دارا محه‌مه‌د عوسمان  ده‌ڵێت به‌شداربه‌ له‌و ئاهه‌نگه‌، هونه‌رمه‌ند داواكه‌ى مامۆستاكه‌ى جێبه‌جێ ده‌كات و به‌دوو گۆرانى به‌شدارده‌بێت،  له‌و ئاهه‌نگه‌دا به‌سه‌رپه‌رشتى هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( خاليد سه‌ركار و فه‌ره‌نسيس داوود) دوو گۆرانى بۆ هونه‌رمه‌ند ئاماده‌ ده‌كه‌ن، گۆرانى  ( لايه‌لايه‌كه‌ت و گيان له‌رزانه‌) ده‌خوێنێ كه‌ده‌بێته‌ چه‌پڵه‌ لێدان و خۆشيي و شادى بۆ هاورێكانى . له‌خانه‌ى مامۆستايانى سلێمانى تيپێكى هه‌ڵپه‌ڕكێ درووست ده‌كه‌ن و بۆ جۆره‌كانى هه‌ڵپه‌ڕكێ وه‌ك ( چۆپى و سێ پێي  و شێخانى ).

به‌ڵام به‌رله‌خوێندنى ئه‌و دووگۆرانييه‌  هونه‌رمه‌ند بيرو هۆشى   له‌لاى ڕاگه‌ياندنى بينراوى ئه‌و كاته‌ كه‌ ته‌له‌فزيۆنى كه‌ركوك بووه‌، كه‌ ئه‌و هه‌موو گۆرانييه‌ به‌ديالێكتى  ( سۆرانى و كرمانجى )  تۆماركراوه‌و  ڕۆژانه‌ په‌خش ده‌كرێت ، به‌ڵام  گۆرانى به‌ ديالێكته‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ى هه‌وراميي به‌دى ناكات ، ئه‌وه‌بۆته‌ خه‌مێك بۆ هونه‌رمه‌ند، له‌و ڕوانگه‌يه‌وه‌ ده‌ڵيت ( وه‌ختێك يان هه‌رساتێك ته‌ماشاى ته‌له‌فزيۆنى كه‌ركوك م ده‌كرد ، زۆر دڵم بۆ هونه‌ر و ئاوازى ڕه‌سه‌نى هه‌ورامان داده‌ما ، هه‌موو شێوه‌كانى زمانى كوردى ئاواز و گۆرانييان له‌و كه‌ناڵه‌ پێشكه‌ش ده‌كرد ، ته‌نها هه‌ورامان بێ به‌ش بوو) (*1)  

دواى خوێندنى ئه‌و دوو گۆرانييه‌وه‌ ، ناساندنى له‌لايه‌ن هاوڕێكانى و مامۆستايانى هونه‌ره‌وه‌ ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ندى ژه‌نيار ( عه‌لى حه‌مه‌ ڕه‌زا)  جارێكى ديكه‌ ڕووده‌كاته‌وه‌ هونه‌رمه‌ند دارا هه‌ورامى  و پێى ده‌ڵێت پێم باشه‌ گۆرانيه‌كت بۆ ئاماده‌بكه‌م بۆ ته‌له‌فزيۆن ، هونه‌رمه‌نديش ڕه‌زامه‌ندى ده‌دا و گۆرانى (ئاى به‌ناز ) ى بۆئاماده‌كات ،

هونه‌رمه‌ند دارا محه‌مه‌د عوسمان له‌ڕێكه‌وتى (20/5/1978) بۆيه‌كه‌مجار له‌ته‌له‌فزيۆنى كه‌ركوك گۆرانى ( ئاى به‌ناز ) به‌هاوكارى تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى و تيپى هه‌ڵپه‌ڕكێى خانه‌ى  پێگه‌ياندنى مامۆستايانى سلێمانى تۆمارده‌كات و به‌وگۆرانييه‌ زياتر هونه‌رمه‌ند  له‌لايه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ ناسرا ،  له‌باره‌ى گۆرانى  ( ئاى به‌ناز به‌ناز) هونه‌رمه‌ند سه‌باره‌ت به‌چۆنيه‌تى  تۆماركردنى ئه‌و گۆرانييه‌ ده‌ڵێت ( بۆيه‌كه‌مجار گۆرانييه‌كه‌م تۆماركرد  به‌شێوازى فره‌ زه‌ريف  من يه‌كه‌م كه‌س بووم گۆرانيم به‌هه‌لپه‌ڕكێى كوڕان و كچان بۆيه‌ توانيمان ده‌نگى ڕه‌سه‌نى هه‌ورامان به‌ده‌نگ و ڕه‌نگ ئاشنابكه‌م به‌سه‌رتاسه‌رى كوردستان ، هه‌ڵبه‌ته‌ ئاواز و هۆنراوه‌كه‌  فۆلكلۆرى هه‌ورامانه‌، كه‌ باوكم زۆر يارمه‌تى ده‌رم بوو ) (*2)

  ده‌نگى هونه‌رمه‌ند و ميلۆدى و تێكسته‌كه‌ چه‌ند خۆش و چێژبه‌خش وسه‌رنجڕاكێش بوو ،ئه‌وه‌نده‌ش تيپى هه‌ڵپه‌ڕكێكه‌ ‌ سه‌رنجى بينه‌رانى ڕاده‌كێشا .

(ئاى به‌ناز به‌ناز به‌ناز په‌روه‌رده‌

بابارۆ شه‌ماڵ بۆى تۆ له‌و هه‌رده‌ )

هونه‌رمه‌ند له‌ساڵى (1978) بۆته‌ ئه‌ندامى تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى تائێستا، وه‌ له‌نێو هونه‌رمه‌ندانى ئه‌و تيپه‌ ئازيزه‌ درێژه‌ى به‌كاره‌ هونه‌رييه‌كانى خۆى داوه‌ ، دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى گۆرانى (ئاى به‌ناز) و ده‌نگدانه‌وه‌يه‌كى باش له‌نێو خه‌ڵكيدا ، تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى دووه‌م گۆرانى بۆته‌له‌فزيۆن بۆتۆمارده‌كه‌ن به‌ناوى ( ڕازيانۆ ڕازيانێ)

دواتر به‌سه‌رپه‌رشتى و هاوكارى هونه‌رمه‌ند (نامدار قه‌ره‌داخى ) چه‌ند گۆرانييه‌ك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندى ميللى ( كه‌ريم خه‌مزه‌يي) دا له‌سه‌ر كاسێت تۆمارده‌كات ، گۆرانييه‌كانيش ( ئامه‌ كوڵێ ، كه‌نيله‌ ، كاڵه‌به‌ى كاڵي)

دواى ئه‌و گۆرانيانه‌ هونه‌رمه‌ند چه‌ند به‌رهه‌مێكى ديكه‌ تۆمارده‌كات كه‌ بريتين له‌ :

گۆرانى ( ڕازى دڵ ) له‌ ساڵى (1980) ، هۆنراوه‌ى ( كاردۆخى ) و ئاوازى فۆلكلۆر ،

( ئاى په‌رى  په‌رى گوڵ په‌ريزاده‌

ڕه‌حمه‌ت له‌و دايكه‌ى ته‌مێى تۆى داوه‌

بولبولى سه‌روه‌ش چه‌ميۆ كه‌ره‌وه‌

هه‌تا هه‌تايي په‌ى وێت كره‌وه‌  )

گۆرانى (گوڵه‌كه‌م ) له‌هه‌ڵبه‌ستى هونه‌رمه‌ند دارا هه‌ورامى  و ئاوازى فۆلكلۆر له‌ ساڵى (1985)

(گوڵه‌كه‌م نه‌خشانم باوانى باوانم

بارگه‌كه‌ت باركرد يانه‌ى وێرانم

ئاگر دوو  ولا گه‌ريۆ نه‌گيرات

جه‌هه‌ر شش لايي ده‌س كيرى كريا)

من وه‌ك خۆم جياله‌وه‌ى له‌رێگه‌ى شاشه‌ى ته‌له‌فزيۆنى كه‌ركووكه‌وه‌ ئاشنا ببووم به‌ ده‌نگ و به‌رهه‌مه‌كانى  هونه‌رمه‌ند ،به‌ڵام بۆيه‌كه‌مجار ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر شانۆى نه‌قابه‌ى كرێكارانى سلێمانى له‌ڕێكه‌وتى  (26/9/1979)  بينيم به‌ پۆشاكێكى جوانى كوردانه‌ى ناوچه‌ى هه‌ورامان ، ئه‌و ئاهه‌نگه‌ تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى سازى كردبوو بۆ هونه‌رمه‌ند ناسرى ڕه‌زازى له‌و ئاهه‌نگه‌دا هونه‌رمه‌ندان ( شه‌هيد قادر كابان و ئيبراهيمى خه‌يات و دارا محه‌مه‌د عوسمان و ده‌نگخۆشێكى ترى شارى سلێمانى به‌ناوى جه‌مال ئیبراهیم،يه‌كێك له‌گۆرانييه‌كانى هونه‌رمه‌ندى نه‌مر حه‌سه‌ن زيره‌كى خوێند) له‌و ئاهه‌نگه‌دا ڕاسته‌وخۆ هونه‌رمه‌ند دارا محه‌مه‌د عوسمان م بينى .

هونه‌رمه‌ند به‌وته‌ى خۆى خاوه‌نى (41)  گۆرانى و (180) ئاوازى جۆراوجۆرى هه‌ورامى يه‌ كه‌به‌ده‌نگى خۆى تۆمارى كردووه‌ به‌يارمه‌تى و هاوكارى مامۆستاو هونه‌رمه‌ند (ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخى).

هونه‌رمه‌ند دواى ته‌واوكردنى خانه‌ى پێگه‌ياندنى مامۆستايان له‌سلێمانى ده‌بێته‌ مامۆستا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پێشخستنى ڕه‌وته‌ هونه‌رييه‌كه‌ى كه‌سايه‌تيه‌كى زۆر تامه‌زرۆى خوێندن و خوێندنه‌ بووه‌ له‌بوارى مێژووى مۆسيقاى نه‌ته‌وه‌كه‌ى به‌تايبه‌ت مێژووى مۆسيقاى هه‌ورامان ، له‌وبواره‌دا كه‌سێكى ڕۆشنفكرو توێژه‌رێكى چالاك و وورده‌، له‌بوارى نوسيندا هونه‌رمه‌ند خاوه‌نى ئه‌م به‌رهه‌مانه‌يه‌ كه‌ كتێبخانه‌ى كوردى پێ ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه‌ ، وه‌ك  : مێژووى موزيكى هه‌ورامان ، لێكۆڵينه‌وه‌يه‌كى مێژوويي ئه‌كاديمي زانستييه‌ ، له‌مه‌ڕ كلتوور و هونه‌رى موزيك له‌هه‌ورامانى ده‌لال،  ( به‌رگى يه‌كه‌م  2010)  و ( به‌رگى دووه‌م 2015) ئه‌م كتێبه‌ به‌نرخ و نايابانه‌ى  هونه‌رمه‌ند دارا هه‌ورامي له‌سه‌ر ئه‌ركى به‌ڕێز ( فاروقى مه‌لا مسته‌فا) به‌چاپ گه‌يه‌ندراون ،

هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند له‌بوارى نوسين و توێژينه‌وه‌دا بۆ چه‌ند ڕۆژنامه‌ و گۆڤارێك له‌كوردستان به‌نوسينه‌ به‌نرخه‌كانى هاوكارى كردوون ( گۆڤارى ڕامان ، گۆڤارى چل ئاواز ، گۆڤارى شكار ، رۆژنامه‌ى خه‌بات  ، ڕۆژنامه‌ى باس و ڕۆژنامه‌ى هه‌ولێر ) ، ئه‌م به‌رهه‌مانه‌شى ئاماده‌يه‌ بۆ چاپكردن  : ( به‌رگى سێيه‌مى مێژووى موزيكى هه‌ورامان ، عوسمان كێمنه‌يي ده‌نگى ڕه‌سه‌نى هه‌ورامان  ، هه‌ڵبه‌ستى ئازاد  و توێژينه‌وه‌ى مه‌يدانى له‌سه‌ر كلتوورى هه‌ورامان )

هونه‌رمه‌ند بڕوانامه‌ى ( به‌كالۆريۆسى ) له‌زانكۆى هه‌ولێر ، كۆليژى په‌روه‌رده‌ به‌ پله‌ى ( باشه‌) به‌ده‌ستهێناوه‌ ، هه‌روه‌ها دواتر بڕوانامه‌ى ( ماسته‌ر ) ى له‌زمانى كورديدا  به‌ناونيشانى ( نامه‌ى شيعرى له‌شيعره‌كانى مه‌وله‌وى  )  به‌پله‌ى ( ناياب ) به‌ده‌ستهێناوه‌.

هونه‌رمه‌ند دارا محه‌مه‌د عوسمان له‌ ڕێكه‌وتى ( 5/9/1989) ژيانى هاوسه‌رى پێكهێناوه‌ و خاوه‌نى دوو جگه‌رگۆشه‌يه‌ به‌ناوه‌كانى ( د.سانا و خوليا) .

هونه‌رمه‌ند دارا هه‌ورامى ، كه‌سێكى ساده‌و دڵپاك و ڕۆشنبير و عاشق به‌ فه‌رهه‌نگ و كلتوور و زمان و هونه‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌ى ، به‌ڵام جێى داخه‌وه‌ ماوه‌يه‌كى زۆره‌ هونه‌رمه‌ند له‌خانه‌ى په‌راوێزيدايه‌وه‌ ، له‌م سه‌رده‌مه‌ ته‌كنه‌لۆجيا پێشكه‌وتووه‌و تۆڕه‌كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان له‌هيچ گۆشه‌يه‌كه‌وه‌ بينراو ،بيستراو، ناوى نابيسترێ و ئاوڕێك له‌و مێژووه‌ جوانيه‌ى هونه‌رمه‌ند دارا محه‌مه‌د عوسمان نادرێته‌وه‌ ، هه‌چه‌نده‌ ته‌مه‌نى هه‌ڵكشاوه‌و نه‌خۆشيي و له‌ده‌ستدانى هاوسه‌ره‌ ئازيزه‌كه‌ى ،هۆكارى سه‌ره‌كى بن له‌دووركه‌وتنه‌وه‌و وازهێنانى له‌دنيا جوانه‌كه‌ى هونه‌رى موزيك و گۆرانى ،به‌ڵام ناو و هونه‌ره‌كه‌ى بۆ هه‌ميشه‌ جێى ستايش و به‌رزنرخاندنه‌ ،  به‌هه‌رحاڵ هيواخوازم پڕته‌ندروست و سه‌رفرازو هه‌مووكات دڵگه‌ش بێت

و ته‌مه‌ندرێژى بۆهونه‌رمه‌ند دارا محه‌مه‌د عوسمان ده‌خوازم و سوپاس و ستايش بۆ هه‌وڵ و تێكۆشانى هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌ند و مامۆستا و تيپه‌ مۆسيقى يانه‌ كه‌هاوكارو يارمه‌تيده‌رى هونه‌رمه‌ند بوون له‌تۆماركردنى به‌رهه‌مه‌كانى .

جه‌مالى ده‌لاك  28/4/2021

سه‌رچاوه‌  : (*1 و 2)   ديدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند دارا محه‌مه‌د عوسمان  ، سازدانى  ( سێبه‌ر و سايه‌ )  ئه‌ده‌ب و هونه‌رى ڕۆژنامه‌ى كوردستانى نوێ  ( 21/11/2017)

 سوپاس و پێزانين بۆ ماندووبوونى هه‌ردوو به‌ڕێزان  ( تاهيركرمانج و ئيسماعيل كوێستانى ) سوودم له‌كتێبه‌كانى ئه‌وان ( ژيان و هونه‌ر _به‌رگى دووه‌م ، ڕووخسار و ئه‌زموون _ به‌شى دووه‌م) وه‌رگرتووه‌ بۆژياننامه‌ى هونه‌رمه‌ند (ج،د)

 

 

 

 

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.