Erbil 9°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 04:40

ده‌نگ و هونه‌ره‌که‌یان ڕه‌سه‌نایه‌تی لێ ده‌بارێ... !

برایانی زێ زێ كێن؟! ..
کوردستان TV
100%

گۆرانی و  ئاوازی فۆلكلۆری به‌شێكی گرنگ و پڕ بایه‌خی نێو هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردییه‌ ، ئه‌م ‌ گۆرانییانه‌ گه‌لێك جۆرن، گۆرانی ( كاركردن ، خاوه‌ن پیشه‌كان به‌ده‌م كاركردنه‌وه‌ ، گۆرانی جوتیار و وه‌رزێر ، ئه‌وانیش  به‌ده‌م كاركردن له‌كێڵگه‌و ده‌شت و ده‌ر و مه‌زرا له‌كاتی زه‌وی كێڵان و دروێنه‌و گێره‌ و شه‌نكردن و خه‌له‌و خه‌رمان ... تاد ،  گۆرانی شوان ، ئه‌ویش له‌كاتی له‌وه‌ڕاندنی مێگه‌له‌كه‌یدا ناره‌ نارێك ده‌كات و به‌قه‌دوباڵای مه‌عشوق و شه‌نگه‌بێرییه‌كه‌یدا هه‌ڵده‌ڵێ، هه‌روه‌ها گۆرانی كرژ و ڕیتمی خێرا ، له‌كاتی ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌ند و خه‌ته‌نه‌ سووران و خه‌نه‌به‌ندان و شایی و بووك گواستنه‌وه‌)

ئه‌و شێوازانه‌ هه‌ریه‌كه‌یان تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌و، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ گۆرانی ڕیتمی خێرایه‌ ، كه‌ به‌ده‌نگی خۆشیی هونه‌رمه‌ندانی میللی له‌ زه‌ماوه‌ند و ئاهه‌نگه‌كاندا ده‌خوێندرێت و ، سینه‌ به‌سینه‌ پاراستوویانه‌وه‌و پارێزگارییان له‌و سامان و گه‌نجینه‌ هونه‌رییه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كردووه‌.

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ میللی یانه‌ ئه‌و كاره‌ پیرۆزه‌یان له‌ئه‌ستۆ گرتووه‌و زمانی كوردییان پاراستووه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندیشیان كردووه‌ له‌ڕێی ئه‌و به‌یت و به‌نده‌ فۆلكلۆرییانه‌وه‌ كه‌نه‌یان هێشتووه‌ بفه‌وتێ، به‌ڵام  جێی داخه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ به‌و هونه‌رمه‌ندانه‌  وتراوه‌ ( شایه‌ر و لۆتی ) ، ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ شایگێڕ  و  شادی به‌خشن كه‌ به‌هونه‌ره‌كه‌یان ئاهه‌نگی بووك گواستنه‌وه‌و ده‌یان كیژ و كوڕی كورده‌وارییان به‌یه‌ك گه‌یاندووه‌.

(گۆرانی بێژانی شایی گێڕی كورده‌واری ، نه‌ك هه‌ر به‌چاوی ڕێزه‌وه‌‌ سه‌یریان نه‌كراوه‌ ، به‌ڵكه‌ نێونیتكه‌یان پێداداون! ناتۆره‌یان وه‌دوو خستوون،ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ده‌مارگرژ و كاڵفام و گوێ له‌مست و زۆربه‌ی خۆبه‌زلزان و ساماندار و گیرفان گه‌رمان، شه‌رمییان كردووه‌ بێژن جیران وهاوساماڵی ( عه‌به‌ ده‌ڕژێ ، عه‌لی خه‌ندان ، ڕه‌سوڵی نادری ، برایمی فه‌تاحی ( بله‌ به‌هار) ، سه‌لاح داوده‌ ، عه‌به‌ بچكۆل ، سه‌ید محه‌مه‌دی سه‌فایی ، برایمی قادری ، عوسمانه‌ سوور  و برایانی زێ زێ  و زۆر ده‌نگ بێژی خۆشوێژی دیكه‌ن!) له‌كۆڕی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیدا خۆیان لێدوور گرتوون ، له‌زۆر كۆڕو كۆبوونه‌وه‌دا له‌نزیكیان دانه‌نیشتوون، كه‌چی هه‌رئه‌و جه‌نابانه‌ له‌شایی و خۆشیه‌كاندا ، به‌تایبه‌ت له‌وه‌ختی زه‌ماوه‌ندی كوڕی خۆیاندا، موحتاج و منه‌ت باری به‌قه‌ولی خۆیان ئه‌و ( لۆتی ) یانه‌ بوون، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ زۆرتر له‌خۆبایی ببن و به‌فیزو ئیفاده‌وه‌ ده‌ربكه‌ون و به‌سه‌ر نه‌یار و به‌رامبه‌ره‌كه‌ی خۆیاندا فره‌تر باڵ فش بكه‌نه‌وه‌و شه‌ڕه‌ شاباش بكه‌ن! به‌ڵام هه‌تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ، كه‌متر كه‌سانێك هه‌ستییان به‌وه‌ كردووه‌ ئه‌و شایه‌رانه‌ چ خزمه‌تێكیان  به‌تۆره‌و زمان و گۆرانی ڕه‌سه‌نی كورده‌واری كردووه‌ ، سنگ به‌سنگ ئه‌م خه‌زێنه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیان هێناوه‌و له‌مردن پاراستوویانه‌، هه‌میشه‌ به‌جل و به‌رگی ره‌سه‌نی كوردییه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ نێو خه‌ڵك) ( *1)

له‌م بواره‌دا كورده‌واری خاوه‌نی ده‌یان هونه‌رمه‌ندی خۆڕسك و خاوه‌نی هونه‌رێكی بێ خه‌وشیی لێوان لێوله ‌ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌ ،به‌رده‌وام له‌كۆڕی ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌ند دا به‌ به‌سته‌ی به‌جۆش و پڕ خرۆشیان گوێگر و بیسه‌رییان هێناوه‌ته‌  جۆش، له‌سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو به‌دواوه‌ له‌ڕێی ڕادیۆی ( به‌غدا و كرماشان) ه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك گۆرانی شادی ئامێز و به‌جۆش و خۆش ده‌بیستراو به‌رگوێمان ده‌كه‌وتن، وه‌ك ( ئۆخه‌ی ده‌سره‌ په‌شمینه‌ ، جه‌ژنه‌ بابه‌ جه‌ژنه‌ ، شه‌مامه‌ و خاڵ و سوه‌یبه‌ باڵابه‌رز و ...تاد) ئه‌م گۆرانییانه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ببووه‌ جێی سه‌رمه‌ستی و خۆشحاڵی گوێگر كه‌ له‌جێی خۆته‌وه‌ ده‌كه‌وتیته‌ جوڵه‌و شان هه‌ڵته‌كاندن، كاتێك گوێت له‌گۆرانییه‌كه‌ ده‌بوو هه‌ست ده‌كرا كه‌ ئه‌وه‌ دوو ده‌نگخۆشن و پێكه‌وه‌ ده‌یخوێنن له‌سه‌ر یه‌ك ڕیتم و ئه‌دای گۆرانییه‌كه‌، خاوه‌نی ئه‌و ده‌نگه‌ به‌سۆز و خۆشانه‌ هونه‌رمه‌ندان ( برایانی زێ زێ ) بوون.

برایانی زێ زێ كێن؟!

هونه‌ری گۆرانیبێژی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان جوگرافییاكی به‌رینی هه‌یه‌، هه‌ر ده‌ڤه‌ر و ناوچه‌یه‌ك خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی له‌ ( قه‌تار ، لاوك ، ئازیزه‌ ، پایزه‌  و به‌سته‌و گۆرانی شاد و كرژ) شاری  ( سه‌قز) ئه‌و شاره‌ شیرینه ی‌ كوردستان ، به‌نێوه‌ندێكی هونه‌ری به‌رزو خاوه‌نی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و موزییسیانه‌، هونه‌رمه‌ندان ( برایانی زێ زێ) زاده‌ی شاری سه‌قز ن و له‌م شاره‌وه‌ گه‌شه‌یان داوه‌ به‌هونه‌ره‌كه‌یان و به‌هه‌موو كوردستاندا ناو  و نازناو و هونه‌ری شادی به‌خشیان بڵاوبۆته‌وه‌،

برایانی زێ زێ  ( عه‌لی  و حوسێن شۆخ كه‌مان ) دووبرای هونه‌رمه‌ندی ده‌نگبێژ و فۆلكلۆر په‌روه‌ر و فۆلكلۆرپارێز، كوڕی  ( میرزا شوكروڵڵای شۆخ كه‌مان) ن، میرزا شوكوروڵڵا له‌بنه‌ڕه‌تدا خاڵكی شاری سنه‌ی پایته‌ختی ئه‌رده‌ڵانه‌كانه‌، چۆن و بۆ چۆته‌ شاری سه‌قز نیشته‌جێ بووه‌ ، به‌داخه‌وه‌ ڕۆشن نییه‌ ، به‌ڵام كه‌سایه‌تیه‌كی ئایینی  و كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌هه‌مانكاتیشدا زۆر ده‌نگی خۆش بووه‌، ئه‌م به‌هره‌ی ده‌نگخۆشییه‌ی به‌میرات بۆ منداڵه‌كانی جێهێشتووه‌،

میرزا شوكروڵڵا شۆخ كه‌مان له‌گه‌ڵ خاتوو ( كافیه‌) ی هاوسه‌ری خاوه‌نی ( چوار كوڕ و كچێكن، به‌ناوه‌كانی ( عه‌لی ، حه‌سه‌ن ، مه‌سعود ،حوسێن و كوبرا)

برا گه‌وره‌كه‌یان ( عه‌لی شۆخ كه‌مان)له‌ساڵی (1930) له‌شاری سه‌قز له‌دایكبووه‌، به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی له‌ خانه‌واده‌یه‌كه‌یی و ئه‌و ژینگه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی كانگای هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی شاری سه‌قزه‌وه‌ بۆ ماوه‌ته‌وه‌،له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ خولیای گۆرانی خوێندنی هه‌بووه‌و هه‌روه‌ها زۆربه‌باشی ئامێری (زه‌ڕب) ی ژه‌نیوه‌،هه‌رله‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ شانی داوه‌ته‌ به‌ركاركردن ، به‌كۆچی دوایی باوكی ئه‌ركی به‌خێوكردنی خانه‌واده‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی و ژیانی زه‌حمه‌تتر ده‌بێت،  هه‌روه‌ها ده‌ست به‌رداری خولیا هونه‌رییه‌كه‌شی نابێت و درێژه‌ی پێده‌دات.

هونه‌رمه‌ند ( حوسێن شۆخ كه‌مان)  له‌ساڵی (1938) له شاری‌سه‌قز هاتۆته‌ دنیاوه‌ ، له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ ده‌خرێته‌ به‌ركاركردن بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی خانه‌واده‌كه‌یی و هاوكاریكردنی برا گه‌وره‌كه‌ی، عه‌لی شۆخ كه‌مان ، له‌ ته‌مه‌نی (11) ساڵیدا واته‌ ساڵی (1949) ده‌بێته‌ شاگردی ( چایچی)  عه‌لی برای سه‌رقاڵی كاری هونه‌ری و گۆرانی خوێندنه‌ ، هه‌ست به‌بوونی به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی و ژه‌نینی ئامێری زه‌ڕب به‌باشی له‌برا بچوكه‌كه‌یدا ده‌كات و هانی ده‌دات كه‌به‌رده‌وام بێت و په‌لی ده‌گرێت له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌شداری زه‌ماوه‌ند و ئاهه‌نگه‌كان ببێت و گۆرانی بخوێنێ، سه‌ره‌تا هه‌ردوو برا ( عه‌لی و حوسێن)  له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ئازه‌ری ( عه‌زیزی نه‌جه‌فی ) ژه‌نیاری ( باڵه‌بان و زوڕنا) كه‌له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی ( سایینقه‌ڵا) یه‌، گۆرانی ده‌خوێنن، به‌هاتنی هونه‌رمه‌ند ( حوسێن شۆخ كه‌مان) ئه‌و گروپه‌ هونه‌رییه‌ گه‌شه‌ده‌كات و ده‌بنه‌ گروپێكی هونه‌ریی كه‌ جێی ڕه‌زامه‌ندی خه‌ڵك و گوێگره‌كانیان ده‌بێت .

بۆ نازناوی  زێ زێ ..؟

هونه‌رمه‌ند حوسێن شۆخ كه‌مان به‌زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌وه‌ئه‌و بیره‌وه‌رییه‌ ده‌گێڕیته‌وه‌و ده‌ڵێت ( به‌منداڵی زووانم گرتوویه‌تی ، وتوومه‌ زازا ، زازی ، زێ زێ ، ئه‌وبوو ناوی زێ زێ یان بڕی به‌سه‌رمدا و له‌دوایشدا  تا دۆست و براده‌ران ئه‌م نازناوه‌یان وه‌ك نازناوێكی هونه‌ری به‌سه‌ردا سه‌پانم ، منیش چونكه‌ خۆم وابووم زۆربه‌ئاسایی وه‌رمگرتوو هیچ قه‌ڵس نه‌ده‌بووم له‌ حوسێن شۆخ كه‌مانه‌وه‌  بووم به‌ ( حوسێن زێ زێ) ، دواتر حوسێنیش نه‌ما له‌گه‌ڵ براكانی ترم بووین به‌ برایانی زێ زێ ) (*2)

كاره‌ هونه‌رییه‌كانی گروپی موزیك و گۆرانی ( برایانی زێ زێ) رۆژ به‌ڕۆژ له‌ دیوه‌خان و زه‌ماوه‌نده‌كاندا په‌ره‌ده‌سێنێ و ناو و ناوبانگیان سنووری جوگرافیای شاری سه‌قز تێده‌په‌ڕێنێ بۆ شاره‌كانی دیكه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان و ته‌نانه‌ت ڕادیۆی كوردی به‌غدا،  ئه‌م گرووپه‌ پێكهاتوون له‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ كه‌ ئه‌و هه‌موو كاره‌ جوان و هونه‌ره‌ به‌رزه‌یان پێشكه‌شی گه‌له‌كه‌یان كردوو و هه‌ست و نه‌ستی گوێگرانیان خۆشكردووه‌ ( عه‌لی و حوسێن شۆخ كه‌مان ، وه‌ك ده‌نگوێژو سترانبێژ، عه‌زیزی نه‌جه‌فی _ باڵه‌بان و زوڕناژه‌ن، حوسێن والیدی _ نه‌ی ژه‌ن ، مینه‌ی حه‌سه‌ن قه‌ره‌ج و عه‌لی ئه‌حمه‌دی ساڵحی ) .

ده‌نگخۆشیی و به‌توانایی  هونه‌رمه‌ند حوسێنی زێ زێ له‌ چرینی ئه‌و گۆرانییه‌ خۆشانه‌ له‌ ئاهه‌نگ و شایی و زه‌ماوه‌ند  و ڕه‌شبه‌ڵه‌كدا، زیاتر بووه‌ هۆی ناساندنی ئه‌وگرووپه‌ له‌لای خه‌ڵك ، هه‌روه‌ها لێهاتوویی هونه‌رمه‌ند كه‌به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ گۆرانی خوێندووه‌ ، تێسكتی گۆرانییه‌كانی هه‌مووی زاده‌ی فۆلكلۆره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی شاری سه‌قز و ده‌وروبه‌ری بووه‌، هونه‌رمه‌ند له‌یه‌كێك له‌گۆرانییه‌كانی به‌ناوی (سه‌قز) ه‌وه‌یه‌  و ده‌ڵیت :

( سه‌قز چه‌ن خۆشه‌، مه‌خسوس پاركی شار

به‌گوڵ ڕه‌نگاوه‌ ، به‌وێنه‌ی گوڵزار

بولبول ده‌خوێنێ ، ئه‌م دار بۆ ئه‌و دار)

 زێ زێ  زۆر وه‌ستایانه‌ ئه‌و گۆرانییه‌ پڕچێژانه‌ی لێ خوڵقاندووه و هه‌روه‌ها له‌به‌ر ساده‌یی كۆپله‌ فۆلكلۆرییه‌كانی  شادی و خۆشییان له‌نێو دڵ و ده‌روونی خه‌ڵكیدا چاندووه‌‌.

هونه‌رمه‌ند حوسێن شۆخ كه‌مان له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌رییدا كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌م و گۆرانی شادی به‌خشی تۆماركردووه‌ ، گه‌نجینه‌ی سامانی گۆرانی فۆلكلۆری پێ ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه‌ و له‌فه‌وتان ڕزگاری كردوون، نزیكه‌ی (64) گۆرانی تۆماركردووه‌ ، ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ له‌ڕادیۆكان و تۆمارگاكاندا وه‌ك ئه‌رشیفێكی به‌رزی هونه‌ری هونه‌رمه‌ندێكی شادی گێڕ بوونیان هه‌یه‌ ، له‌لایه‌ن ( ئینستیتیوتی كه‌له‌پووری كورد) له‌شاری سلێمانی به‌شێوه‌یه‌كی كوالێتی باش كۆی به‌رهه‌كانی برایانی زێ زێ ، له‌ئه‌لبومێكی (3) سی دی دا كۆكراونه‌ته‌وه‌و بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ گۆرانیه‌كانیش بریتین له‌  ( یاڵلا موسافیر ، نازداره‌و نازدار ، ده‌ستێك له‌سه‌ر سه‌رینێ ، مه‌ستووره‌ ، ئه‌ی وه‌ی چیت كرد گوڵخونچه‌ ، هه‌نیه‌ت وه‌به‌ردێنم، چاوبازی لێو به‌خه‌نده‌ ، سه‌قز ، ڕه‌زیه‌ ، نازانم له‌كێ پرسم ، له‌ڕێی كانی ، بوك زێنێ ، یه‌سه‌و یه‌سه‌ ، خاسه‌كه‌وێ ،ده‌ستگیران ، شه‌مامه‌و خاڵ خاڵ، ئه‌ی گوڵی من ، به‌له‌رزانه‌ ، به‌عینوانی ، فاتم ، نیوه‌شه‌و ، مه‌نێ و مه‌نێ ، خرینگه‌  و تۆبه‌ تۆبه‌ )

هونه‌رمه‌ند جیا له‌و ئاهه‌نگ و زه‌ماوه‌ندانه‌ی گێڕاویه‌تی ، چۆته‌ ڕادیۆی ( ورمێ ) و چه‌ند گۆرانییه‌كی تۆماركردووه‌ به‌هاوكاری هه‌ردوو ژه‌نیار ( تۆفیق عه‌زیزی تارژه‌ن و موسه‌یب شادابی ) .

 هونه‌رمه‌ند به‌هۆی به‌هره‌ی ده‌نگخۆشییه‌كه‌یی و كه‌سایه‌تییه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌نێو خه‌ڵكیدا بووه‌ و به‌شداری خۆشی و ناخۆشییه‌كانیان بووه‌ ، زۆر خۆشه‌ویست بووه‌ و هه‌میشه‌ وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ ڕیزی لێگیراوه‌ وبه‌چاوی حورمه‌ته‌وه‌ لێی ڕوانراوه‌و ، دۆست و هاوڕییه‌تی پته‌وی هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی سه‌رده‌می خۆی ، به‌تایبه‌ت بلیمه‌ت و هونه‌رمه‌ندی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) پێوه‌ندییان زۆر خۆش بووه‌ ، حه‌سه‌ن زیره‌ك زۆر ڕێزو حورمه‌تی بۆ داناوه‌ ( له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك گۆرانی له‌دیوه‌خانه‌كانی ئه‌و كات له‌شاری سه‌قز خوێندووه‌ ، وه‌ك خۆی باسی ده‌كات ، له‌كاتی ژن هێنانیدا ( حوسێن شۆخ كه‌مان) هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ئه‌و ده‌م له‌ماڵی ( عه‌به‌ خڕه‌) دا له‌گه‌ڵ ( زوبێده‌) خانمی هاوسه‌ری  كرێنشین بوون ، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك وه‌ك برا  زاوا  ڕۆڵی بینیوه‌  و قۆڵی خێزانی زێ زێ ی گرتووه‌  و له‌ماڵی بابی بووك به‌گۆرانی ( هاته‌ده‌ر بابێته‌ر ) بوكی هێناوه‌ته‌ده‌ر ) (*3)

هونه‌رمه‌ندانی برایانی زێ زێ ، نزیكه‌ی (40) ساڵ خزمه‌تێكی به‌رده‌وام به‌و شێوازه‌ هونه‌رییه‌ فۆلكلۆرییه‌شادی به‌خشه‌ به‌هونه‌ری گۆرانی و زه‌ماوه‌ند و ڕه‌شبه‌ڵه‌ك و خه‌نه‌به‌ندان به‌گۆرانییه‌كانیان له‌شاری سه‌قزو  ته‌واوی شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌باشووری كوردستانیش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ڕێی كاسێت و ڕادیۆ كوردییه‌كانه‌وه‌ چێژ له‌ ده‌نگ و هونه‌ری برایانی زێ زێ وه‌رگیراوه‌،و به‌هونه‌ره‌كه‌یان ئاشنابوون.

كاروانی هونه‌ری هونه‌رمه‌ندان برایانی زێ زێ به‌رده‌وام ده‌بن له‌كاری هونه‌ری ، تا ساڵی (2008)  هونه‌رمه‌ندی میللی ( عه‌لی شۆخ كه‌مان ) له‌ ته‌مه‌نی ( 78) ساڵیدابه‌نه‌خۆشیی ماڵئاوایی له‌ژیان ده‌كات و دڵی گه‌وره‌ی لێوڕێژ له‌ئاوازو به‌سته‌ی فۆلكلۆری له‌لێدان ده‌كه‌وێت، هونه‌رمه‌ند حوسێن شۆخ كه‌مان به‌ته‌نیا ده‌مێنێـته‌وه‌،  خاتوو ( مه‌عسوومه‌) ی كچه‌ بچكۆلی هونه‌رمه‌ند عه‌لی شۆخ كه‌مان باس له‌دواساته‌كانی باوكی ده‌كات و ده‌ڵێت ( هیچ كات له‌بیرم ناچێته‌وه‌  له‌چه‌ند ڕۆژ به‌ر له‌مردنی باوكم ، چاوه‌ڕێی سه‌ردانی هاوڕێیان و لایه‌نگرانی ده‌كرد و ده‌یگووت ،، ده‌زانم له‌م رۆژانه‌دا بۆسه‌ردانم دێن و منیش به‌شێك له‌بیره‌وه‌رییه‌كانم یان بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌ تا تۆماربكرێ، یان بنوسرێته‌وه‌ ..! به‌لام هیچ كات ئه‌و سه‌ردانه‌ ڕووی نه‌دا و باوكم ئه‌و ئاواته‌ی له‌گه‌ڵ خۆی برده‌ ژێر خاكه‌وه‌ ) (*4)

هونه‌رمه‌ند حوسێنی شۆخ كه‌مان دوای كۆچكردنی براكه‌ی ، له‌وڕێگاپیرۆزه‌ی هونه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و چه‌ندجارێك بانگهێشت كراوه‌ بۆ وڵاتی ( كه‌نه‌دا) به‌مه‌به‌ستی گۆرانی خوێندن وبه‌رله‌كۆچكردنی هونه‌رمه‌ند كۆنسێرتێكی گه‌وره‌ی له‌شاره‌كانی سه‌قز ، سنه‌ ، كامیاران ، دیوانده‌ره‌ و چابه‌هار،  به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری شاری سه‌قز ( فه‌ره‌یدونی كۆهزادی ، عه‌لی تاهیری ، ساسانی ساڵحی ) ئه‌نجامداوه‌.

جێی داخ و په‌ژاره‌یه‌ خاوه‌نی ئه‌و ده‌نگه‌ ڕه‌سه‌ن و پاراوه‌ كوردییه‌ له‌ڕێكه‌وتی ( 24/11/2015)  له‌ته‌مه‌نی (77) ساڵیدا چاوه‌كانی بۆ هه‌میشه‌ لێكده‌نێ و ماڵئاوایی له‌شاره‌ ئازیزه‌كه‌ی سه‌قزو  هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان ده‌كات ،له‌شاری سه‌قز به‌خاك ده‌سپێردرێت، گڵكۆكانیان غه‌ریقی ڕه‌حمه‌تی په‌وره‌دگار بێت ،

لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك بده‌م ، له‌دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی (1991) گه‌لی كورد له‌باشوور بووه‌ خاوه‌نی كه‌ناڵی ڕاگه‌یاندن ( لۆكاڵ و ئاسمانی)  یه‌ك دوو گۆرانی به‌ده‌نگ و ڕه‌نگ له‌ڕێی شاشه‌ی ئه‌و ته‌له‌فزیۆنانه‌وه‌ په‌خش ده‌كرا كه‌ (3) هونه‌رمه‌ندی میللی گۆرانی و موزیك ده‌ژه‌نن و چه‌ندخاتوونێكی شاری سه‌قز به‌ پۆشاكه‌ جوانه‌كه‌ی كوردییه‌وه‌ هه‌ڵده‌په‌ڕن ، ته‌نانه‌ت ئێستاشی له‌سه‌ر بێت له‌ڕێی یوتوب و سۆشیال میدیاوه‌ ، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ به‌ برایانی زێ زێ ناوبراوون و بڵاو بوونه‌ته‌وه‌،  بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی ناوی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ ، ژه‌نیاری باڵه‌بان هونه‌رمه‌ند ( عه‌زیزی نه‌جه‌فی ) و گۆرانیبێژ و ژه‌نیاری دایره‌ ، هونه‌رمه‌ند ( ئه‌حمه‌دی زارعی) به‌ ( ئه‌حمه‌دی زه‌هرایی) ناسراوه‌ كه‌ ئه‌ویش خه‌ڵكی شاری سه‌قزه‌، به‌داخه‌وه‌ ناوی ژه‌نیاری زه‌ڕبه‌كه‌م بۆ ساغ نه‌بۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها وێنه‌یه‌ك بڵاو بۆته‌وه‌، واناسێنراوه‌ كه‌ ئه‌وانیش برایانی زێ زێ ن، ئه‌و وێنه‌یه‌ ، هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و ژه‌نیاری به‌توانای زه‌ڕب ( حه‌سه‌ن حسێنی ) ژه‌نیاری زه‌ڕب له‌ هه‌ندێك له‌ئاهه‌نگه‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، باڵه‌بان ژه‌ن ( حه‌سه‌نی نه‌جه‌فی )  و گۆرانبێژ و دایره‌ ژه‌ن ( ئه‌حمه‌دی زه‌هراییه‌ ) ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌و ئاهه‌نگه‌ ده‌نگ و ڕه‌نگیانه‌ ئه‌رشیف و گه‌نجینه‌یه‌كی به‌نرخی نه‌ته‌وه‌كه‌مانن ، زۆر پێویسته‌ كه‌ ناوه‌كانیان به‌دروستی ئاماژه‌یان پێبده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ جوانه‌ی هونه‌رمه‌ندان نه‌شێوێندرێت.

جه‌مالی ده‌لاك  25/5/2021  

سه‌رچاوه‌ : (*1) كتێبی  خه‌زێنه‌ی هه‌رمان، توێژینه‌وه‌ی گۆرانی فۆلكلۆر _ چاپی دووه‌م ،  نووسه‌ر : سه‌لاح نیساری ، لاپه‌ڕه‌ (14)

(*2) كتێبی  ژیان و هونه‌ر ، كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردن و ساغكردنه‌وه‌ی  ( تاهیر كرمانج) چاپی یه‌كه‌م (2017) ، لاپه‌ڕه‌ (168) ، دیداری تاهیر كرمانج له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند  ساڵی (1992) شاری سه‌قز.

(*3) سایتی ویكیپیدیا

(*4)ماڵپه‌ڕی سه‌قزئاوا ،،دیداری بێهنازی ڕه‌سوڵی و خه‌لیلی سه‌عیدی دیار.

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.