Erbil 15°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 21:23

باکووری .. مامۆستا وهونه‌رمه‌ند و ژه‌نیار و نووسه‌ر ...!

ئه‌ندریۆس ئیسرائیل خه‌ممۆ
کوردستان TV
100%

ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی هه‌موو كات له‌خه‌می خزمه‌تكردن و به‌ره‌و پێش بردنی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یانن و به‌و په‌ڕی دڵسۆزییه‌وه‌ تێده‌كۆشن بۆ به‌رز ڕاگرتن و په‌ره‌پێدانی هونه‌رێكی ڕه‌سه‌ن و هاوچه‌رخ ، بێگومان ئه‌وانه‌ له‌خانه‌ی نه‌مری و سه‌رفرازی دا بۆ هه‌میشه‌ ده‌مێننه‌وه‌.
زۆر له‌مێژبوو ئاواتم ده‌خواست له‌نزیكه‌وه‌ به‌خزمه‌ت هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ و ژه‌نیار مامۆستا باكووری بگه‌م ،ته‌نها به‌هۆی ڕادیۆی كوردی به‌غدا و ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوكه‌وه‌ ئاشنا بووم به ده‌نگ و‌به‌رهه‌مه‌كانی به‌تایبه‌ت گۆرانی ( هه‌ی زێڕینێ و سوك بن ده‌ی ده‌ی ) دواتر زیاتر به‌كه‌سایه‌تی مامۆستا باكووری ئاشنابووم له‌رێگه‌ی كتێبه‌ به‌نرخه‌كانییه‌وه‌ له‌ساڵی (2001)  به‌نێوی ( گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان) كه‌له‌ ( 3) به‌ش دا به‌چاپی گه‌یاندووه‌ و كتێبخانه‌ی كوردی پێ ئاوه‌دانكردۆته‌وه‌، له‌و سێ به‌رگه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ مامۆستاو هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر باكووری چ زه‌حمه‌ت و ماندوو بوونێكی كێشاوه‌و زۆر به‌ووردی و به‌سه‌رنجه‌وه‌ ژیان و به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانی‌ نه‌مری گه‌له‌كه‌مانی كۆكردۆته‌وه‌ ، ئه‌و كتێبانه‌ ئه‌مرۆ بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ و درووست،  ده‌توانرێت بۆ توێژینه‌وه‌ی هونه‌ری پشتیان پێ ببه‌سترێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی مامۆستا باكووری هاورێ و هاوكاری زۆرێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مرانه‌ بووه‌ و له‌ڕادیۆی كوردی به‌غداو شاری كۆیه‌و هه‌ولێر  له‌گه‌ڵیاندا ژیاوه‌و پێكه‌وه‌ كاریان كردووه‌ .
به‌نده‌ش به‌هۆی پیشه‌كه‌مه‌وه‌ و خولیای زۆرم بۆ هونه‌رو هونه‌رمه‌ندانی گه‌له‌كه‌م هه‌بوو ، ناو دوكانه‌كه‌م لێوانلێو بوو له‌وێنه‌ی هونه‌رمه‌ندانی گه‌له‌كه‌م ئه‌وانه‌ی به‌جه‌سته‌ جێیان هێشتبووین و ئه‌وانه‌ی له‌ژیاندان، ئه‌و وێنانه‌ ببووه‌ جێی سه‌رنجی ئه‌و ئازیزانه‌ی سه‌ردانی دوكانه‌كه‌میان ده‌كرد ، ئێواره‌یه‌كی هاوینی ساڵی (2004)  بوو ،له (‌سه‌رتاشخانه‌ی ڕه‌زازی) كارم ده‌كرد و له‌ئاوێنه‌كه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا باكووری یم بینی تێپه‌ڕبوو به‌تامه‌زرۆ  و حه‌سره‌ته‌وه‌‌ چوومه‌ خزمه‌تی و ئه‌و مامۆستا و هونه‌رمه‌نده‌ ئازیزه‌م هێنایه‌ دوكان و به‌ته‌شریف هێنانیان زۆر خۆشحاڵ بووم و چاوم رۆشن بۆ وه‌ به‌دیداری ،كاتێك وێنه‌كانی ناو سه‌رتاشخانه‌كه‌ی بینی مامۆستا باكووری فه‌رمووی ( ده‌ستان خۆش و ئه‌و وێنانه‌ زۆر جوان و سه‌رنج ڕاكێشن به‌ڵام ده‌كرێت ناونیشانی دووكانه‌كه‌ت بگۆڕیت ، وتم مامۆستا بیگۆڕم به‌چی؟ ، فه‌رمووی ئه‌و سه‌رتاشخانه‌یه‌ له‌سه‌ر جامخانه‌كه‌ لابه‌ و بیكه‌ به‌(مۆزه‌خانه‌ی ڕه‌زازی) چونكه‌ ئێره‌ زیاتر له‌مۆزه‌خانه‌یه‌ك ده‌چێت نه‌ك سه‌رتاشخانه‌ )نكۆڵی له‌كاره‌ هونه‌رییه‌كان و ماندوو بوون و زه‌حمه‌ته‌كانی مامۆستا باكووری ناكرێت چونكه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ هه‌رله‌منداڵیه‌وه‌ خولیای هونه‌ر بووه‌ تا ئه‌و جێیه‌ی توانیویه‌تی و دواتر له‌ڕێگه‌ی نوسینه‌وه‌ خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌ موزیك و گۆرانی كوردی و ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی هونه‌رمه‌ندانی گه‌له‌كه‌مان كردووه‌.
 چه‌ند ساڵێك دواتر له‌شاری هه‌ولێر دوو سێ جاری تر به‌خزمه‌تی گه‌یشتمه‌وه‌،  به‌ڵام چیم بینی ؟! ئه‌و پیاوه‌ باڵا به‌رز و شۆخ و شه‌نگه‌ی جاران نه‌مابوو زۆر به‌داخه‌وه‌ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و له‌ده‌ستدانی هاوسه‌ری و  تێكچوونی باری ته‌ندروستی كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر سیما و جه‌سته‌ی مامۆستا باكووری دانابوو ، به‌ڵام ڕوو خۆش و شیك پۆش و لێوڕیژ بوو له‌بیره‌وه‌ری شیرینی ڕۆژانی ڕابردووی، هیواو ئومێدی ئه‌وه‌بوو كه‌  ته‌ندروستی باشتر بێت وژیان مه‌ودای بدات تا دوواین به‌رهه‌می به‌چاپ بگه‌یه‌نێ و ئه‌و به‌رهه‌مه‌ش پێشكه‌شی كتێبخانه‌ی كوردی  بكات .

ئه‌م هونه‌رمه‌ند و مامۆستا و ژه‌نیاره‌ شیرینه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ، هه‌رچه‌نده‌ گۆرانییه‌كانی زۆر نین، به‌ ڵام له‌یادو بیره‌وه‌ری زۆرماندا بوونی هه‌یه‌ كاتێك گوێمان له‌گۆرانی  (زێڕینێ) ده‌بێت :

(هه‌ی زێڕینێ زێڕینێ ،كۆیه‌ خۆشه‌ بابچینێ) ڕاسته‌و خۆ ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ی كۆیه‌و ئه‌و به‌رهه‌مه‌ جوان و پاك و ڕه‌سه‌ن و شادی به‌خشانه‌ی (تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌) كه‌له‌سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو تۆمارییان كردو ، تائێستا به‌ هونه‌رێكی ڕه‌سه‌ن و زیندوو ماونه‌ته‌وه‌، هونه‌رمه‌ند مامۆستا باكووری ،ئه‌گه‌ر وانه‌ی سروود و هه‌وڵ و تێكۆشان و دلسۆزیی مامۆستا ( شه‌فیق سابیر ) وعود ژه‌نینی مامۆستا ( جه‌لال حه‌وێز )  كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌ستی هونه‌رمه‌ند و ژه‌نیار باكووری دانه‌نابایه‌ ، بێگۆمان ئێستا له‌بوارێكی دیكه‌ی ژیاندا خزمه‌تی به‌نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكردایه‌ ، كه‌واته‌ دڵسۆزیی و هاندانی ئه‌و مامۆستا به‌رێزانه‌ و ژینگه‌و كه‌لتووری شاری كۆیه‌ش به‌شێكی گرنگن له‌و ژیان و ئه‌زموون و كاره‌ پر به‌خششانه‌ی مامۆستا باكووری.

مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( وریا ئه‌حمه‌د) له‌بابه‌تێكیدا سه‌باره‌ت به‌ (باكووری) به‌و شێوه‌یه‌ خه‌سڵه‌ته‌ هونه‌رییه‌كانی پۆلێنكردووه‌:

باكووری هونه‌رمه‌ند له‌سێ ڕوانگه‌‌وه‌ ده‌بینم :

1/  گۆرانیبێژێكی كوردی كۆن  و ناودار.

2/ موزیكژه‌نێكی كوردی كۆن.

3/ فێركاری موزیك.(1)

بێگومان خوێندنه‌وه‌كه‌ی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د زۆر دروستن ، ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ هه‌مووی له‌ژیان و كاره‌هونه‌رییه‌كانی  مامۆستا باكووری ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ ، هه‌روه‌ها خاوه‌ن خامه‌یه‌كی به‌بڕشت ولێوڕێژ له‌ یاده‌وه‌ریی و گێڕانه‌وه‌ی كۆڕو كۆبوونه‌و به‌یه‌ك گه‌یشتنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی سه‌ره‌تای كاری هونه‌ریی تا ئه‌مڕۆ، له‌گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی له‌ته‌ك هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ و ژه‌نیاردا، زۆر دروست و وورد ئاماژه‌ی به‌ كات و سات و شوێنه‌كان داوه‌ كه‌زۆر گرنگه‌ و ده‌چێته‌ خانه‌ی ئه‌رشیفی دوێنی هونه‌ر وژیانی هونه‌رمه‌ندان.

( ئه‌ندریۆس ئیسرائیل خه‌ممۆ ) مامۆستا باكووری

مامۆستا (هێمن) ی شاعیر فه‌رمویه‌تی ( شاعیری هیچ قازانجی بۆ من نه‌بوو بێ، ئه‌و قازانجه‌ی هه‌بووه‌ كه‌ئه‌و ناوه‌ دوورو درێژه‌ی ( سه‌ید موحه‌مه‌دئه‌مینی شێخه‌لیسلامی موكری ) له‌كۆڵ كردوومه‌ته‌وه‌ ) (2) بێگومان ئه‌و بۆچوونه‌ی مامۆستا هێمن ،مامۆستا باكووری یشی گرتۆته‌وه‌،

چۆن و بابزانین ئه‌و ناوه‌ دوورو درێژه‌ی( ئه‌ندریۆس ئیسرائیل خه‌ممۆ )  بوو به‌ (باكووری)...؟!

هونه‌رمه‌ند له‌به‌هاری  ساڵی (1952) له‌ شاری به‌غدا ده‌چێته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا و پێوه‌ندی به(كامیل ئه‌مین عه‌بدولكه‌ریم حاجی عه‌باس )ناسراو به‌ (‌كامیلی كاكه‌ مین( 1913_1987) ه‌وه‌ ده‌كات،ئه‌و كات به‌ڕێوه‌به‌ری ڕادیۆ ده‌بێت.كاتی تاقیكردنه‌وه‌ بۆ دیاری ده‌كرێت و له‌لا‌یه‌ن لیژنه‌ی هه‌لسه‌نگاندنی ده‌نگه‌وه‌ تاقیده‌كرێته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌( عه‌لی مه‌ردان ، ڕه‌فیق چالاك و ئه‌حمه‌د خه‌لیل) دوای په‌سه‌ندكردنی ده‌نگی وه‌ك گۆرانیبێژی ڕادیۆ وه‌رده‌گیرێت، كامیلی كاكه‌مین وه‌ك چۆن نازناوی بۆ هه‌ندێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ڕادیۆی كوردی داناوه‌ ، بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ناوێك بۆ هونه‌رمه‌ند هه‌ڵبژێرێت ، دواتر به‌ ( باكووری) ده‌ناسرێت و به‌و شێوه‌یه‌ نازناوی هونه‌ری بڵاوده‌بێته‌وه‌.

تێكه‌ڵاوبوون به‌دنیای هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ئه‌و ناوه‌ دوورودرێژه‌ی له‌كۆل مامۆستا باكووری یش كردۆته‌وه‌ ،
باكووری هونه‌رمه‌ند  له‌دایك و باوكێكی ئاسووری له‌ڕێكه‌وتی (5/11/1928) له‌ قشڵه‌ی شاری كۆیه‌ له‌دایكبووه‌ ، باوك و دایكی هونه‌رمه‌ند له دێی ( صاتیبه‌گ ) و ( خه‌راشك ) سه‌ربه‌شاری وانی باكوری كوردستان له‌دایكبوون، له‌سه‌ره‌تای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو دێنه‌ شاری كۆیه‌و له‌( قشڵه‌ی كۆیه‌) نیشته‌ جێ ده‌بن .
مامۆستا باكووری له‌ساڵی (1935)  چۆته‌ به‌رخوێندن و قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌شاری كۆیه‌ له‌ (1946) ته‌واو كردووه‌ ،له‌ قۆناغی سه‌ره‌تایدا له‌ڕێی وانه‌ی سروود و خوێندنی سروود  له‌گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌ هه‌ست به‌توانا و ده‌نگخۆشیی هونه‌رمه‌ند كراوه‌و  مامۆستا ( شه‌فیق سابیر) یه‌كه‌م هانده‌ری بووه‌، هه‌روه‌هاژینگه‌ی خانه‌واده‌كه‌ی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكی ده‌نگی خۆش بووه‌ و ئه‌و فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری ستران و لاوكه‌ی باكووری كورستانی له‌گه‌ڵدا ژیاوه‌و شه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی لاوك و سترانه‌ كۆنه‌كانی ده‌ڤه‌ری وان ی خوێندووه‌ و ده‌نگی هونه‌رمه‌ند( كاوێس ئاغا)  به‌به‌رده‌وامی له‌ ماڵه‌كه‌یاندا له‌ڕێی گرامافۆنه‌وه‌ بیستراوه‌ ، ئه‌وه‌ش هۆكارێكی دیكه‌یه‌ له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند باكوری،  له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قۆناغی ئاماده‌یی له‌ كۆیه‌ نه‌بووه‌ ، باوكی هونه‌رمه‌ند به‌هۆی پیشه‌كه‌ی ( پۆلیس ) بووه‌ شوێنی كاره‌كه‌ی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆشاری هه‌ولێر و ،  له‌ هه‌ولێر  هونه‌رمه‌ند پۆلی چوار و پێنجی ئاماده‌یی به‌شی (وێژه‌یی ) ته‌واو ده‌كات ، بۆ درێژه‌دان به‌خوێندن له‌ساڵی (1952) ڕووده‌كاته‌ شاری به‌غداو له‌ كۆلیژی  ( دارالمعلمین عالیه‌ ) به‌شی زمانی ئینگلیزی وه‌رده‌گیرێت ،له‌هه‌مان ساڵدا ده‌چێته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا، دوای چوار ساڵ خوێندن به‌سه‌ركه‌وتوویی بڕوانامه‌ی ده‌رچوون وه‌رده‌گرێت، له‌ساڵی (1957)  وه‌ك مامۆستای زمانی ئینگلیزی ، له‌ناوه‌ندی كوڕانی كۆیه‌ كه‌پێشتر خۆی قوتابی بووه‌ له‌و قوتابخانه‌یه‌ داده‌مه‌زرێت ، هونه‌رمه‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ی( حاجی قادر و سێوه‌و تایه‌رتۆفیق و دڵدار ) به‌ڵام  به‌ته‌نیا تا ساڵی (1959) خانه‌واده‌كه‌ی به‌یه‌كجاری ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ كۆیه‌.

ده‌ستپێكی كاری هونه‌ری مامۆستا باكوری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای ساڵانی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشوو له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا و ئاشنابوونی به‌ هونه‌رمه‌ندانی كورد و عه‌ره‌ب .
مامۆستا باكووری به‌دامه‌زرێنه‌ی تیپی مۆسیقای باواجی له‌كۆیه‌ داده‌نرێت، یه‌كێك له‌قوتابییه‌كانی مامۆستا هونه‌رمه‌ند ( زاهیر محه‌مه‌د) سه‌باره‌ت به‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندبۆ شاری كۆیه‌ ده‌كات ( كاتێكیش مامۆستا باكووری  له‌ساڵی (1957) وه‌ك مامۆستای وانه‌ی ئینگلیزی بۆ ناوه‌ندی كۆیه‌ هات ، به‌هۆی ئه‌و مامۆستایه‌وه‌ له‌بواری موزیك  و ئامێرژه‌نیندا زیاتر ده‌ركه‌وتین ، ئێمه‌ چه‌ند كه‌سێك بووین له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی بووین مامۆستا باكووری هه‌وڵیدائێواران له‌قوتابخانه‌ كۆببینه‌وه‌) (3)

چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی مامۆستا باكووری لێره‌وه‌ زیاتر گه‌شه‌ ده‌كات و ده‌ناسرێت و په‌یوه‌ندی دۆستانه‌و هونه‌رییانه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ( تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی)  و هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ی شاری كۆیه‌و هه‌ولێر فراوانتر ده‌بێت، له‌سه‌ر ده‌ستی هونه‌رمه‌ند ئه‌م قوتابیانه‌ بۆیه‌كه‌م جار فێری مۆسیقاده‌بن  وه‌ك :

1/ زاهیر محه‌مه‌د ئیبراهیم  (ڤیۆلۆن)

2/ئیبراهیم فه‌ره‌جوڵڵا   (ڤیۆلۆن)

3/ ئه‌كره‌م باقی  (عوود)

4/ سه‌ردار ئه‌حمه‌د(شمشاڵ)

5/ جان تۆماس (ده‌ف)

6/ نه‌شئه‌ت حه‌مید (ده‌ف)

7/ عه‌ونی عه‌لی مه‌ولود (ته‌پڵ)

8/كاكه‌ مه‌م قادر (عوود)

9/حه‌مید ئیسماعیل (كه‌مان)

10/ یوسف باكووری ( ئۆكۆردیۆن) (4)

یه‌كێكی دیكه‌ له‌ قوتابییه‌كانی كه‌ زۆر به‌ئه‌مانه‌ت و به‌ئه‌مه‌كه‌و‌ باس له‌ڕۆڵی مامۆستا باكوری ده‌كات كه‌ ڕۆڵی هه‌بووه‌ له‌فێركردنی ئامێری موزیكدا ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند ( سه‌ردار ئه‌حمه‌د عه‌بدولڵا 1945 _17/3/2019) ده‌ڵێت: ( مامۆستا باكووری ده‌ورێكی سه‌ره‌كی هه‌بوو كه‌ بگه‌مه‌ ئه‌و پایه‌ و ببم به‌ هونه‌رمه‌ند ) (5) 

 باكووری یه‌كێك بووه‌ له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی شاری كۆیه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (سێوه‌) كه‌به‌شداری هه‌ردوو ئاهه‌نگی شاری هه‌ولێر و كۆیه‌ ، ساڵی (1957) كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه‌ بۆ زیان لێكه‌وتووانی لافاوه‌كه‌ی شاری سلێمانی.

له‌ساڵی (1961) وه‌ك كاری مامۆستایه‌تیه‌كه‌ی ڕاژه‌كه‌ی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ شاری هه‌ولێر و نیشته‌جێ ده‌بێت ، له‌هه‌ردوو بواره‌كه‌دا وانه‌ وتنه‌وه‌و هونه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت، باكووری خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی هێمن و له‌سه‌ر خۆ ، به‌ڵام كه‌سێك بووه‌ هه‌میشه‌ حه‌زی له‌گه‌شت و سه‌یران و به‌زم و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی دۆست و یاران و باده‌ نۆشین ‌بووه‌ ، له‌هه‌ر شوێنێك بانگهێشت كرابێت خۆیی و ئامێری عووده‌كه‌ی له‌وێ بوون و خۆشیی و شادی و خه‌نده‌ی به‌ ڕۆحی ئاماده‌بووان به‌خشیوه و هه‌میشه‌ ژیانی خۆشویستووه گه‌شبین بووه‌‌‌، هونه‌رمه‌ند دوای ئه‌و میژووه‌ جوان و پرشنگداره‌ له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌  خۆی زیاتر سه‌رقاڵی نووسین كردووه‌، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا چه‌ند كتێبێكی به‌چاپ گه‌یاندووه‌ ، جگه‌ له‌ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان وتار و نوسینی هه‌بووه‌،  سوپاس بۆ خامه‌ی جوانی و خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت كه‌به‌و به‌رهه‌مه‌ جوانانه‌ كتێبخانه‌ی كوردی ئاوه‌دان كردۆته‌وه‌ :

1/ یه‌كه‌م كتێبی ، بابه‌تێكی وه‌رگێڕان بووه‌ له‌زمانی ئینگلیزییه‌وه‌ بۆ كوردی به‌ناوی  ( چۆنیه‌تی گۆرانی گوتن)

2/ سێ به‌رگ له‌ كتێبی (گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان) كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ (699) لاپه‌ڕه‌ و، هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ره‌ جوان و شیرینه‌كانی ( 47) هونه‌رمه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌مان .

3/ كتێبی  چیرۆكی هه‌ندێ گۆرانی كوردی ڕه‌سه‌ن .

4/  كتێبی  ته‌مه‌نێك ، گۆرانی و ئاوازو مۆسیقا و خۆشخوانی.

5/ كتێبی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌ له‌ (1957 تا 2008)

6/ كتێبی ئیزگه‌ ، مێژووی دامه‌زراندنی ڕادیۆی به‌غدای عه‌ره‌بی و به‌شی كوردی.

مامۆستا باكووری به‌هۆی ئه‌و ئه‌زموونه‌ دوورو درێژ و لێوریژه‌ له‌هونه‌ر بۆته‌ سه‌رچاوه‌و هه‌میشه‌ سوود له‌زانیارییه‌كانی وه‌رگیراوه‌ و خاوه‌نی ئه‌رشیفێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندی بواری هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردییه وه‌ك ( وێنه‌ و قه‌وانی گرامافۆن)‌،
هونه‌رمه‌ندله‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا چه‌ندجارێك خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی پێ به‌خشراوه‌و و ڕێز له‌مێژووی هونه‌ری گیراوه‌ ، هه‌روه‌ها خاوه‌نی دووه‌مین خه‌ڵاتی (ماملێ )یه‌ له‌ساڵی (2010) كه‌له‌لایه‌ن مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ری ماملێ وه‌ پێبه‌خشراوه‌و ،  باكووری  هونه‌رمه‌ند یه‌كێكه‌ له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری (بنكه‌ی مه‌قام) له‌شاری هه‌ولێر .

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ به‌رزه‌ی  نه‌ته‌وه‌كه‌مان ئێستا له‌ته‌مه‌نی (93) ساڵیدا ده‌ژی، به‌ته‌نیا و باری ته‌ندروستی ناجێگیره‌، و چه‌ند ساڵێكه‌ به‌ته‌نیا ده‌ژی، هیوای ته ندروستی باشی بۆ ده‌خوازم ، به‌چاوی ڕێز و حورمه‌ت و وه‌فاوه‌ له‌مێژووی جوانی هونه‌ری ده‌ڕوانم.

جه‌مالی ده‌لاك  16/6/2021
سه‌رچاوه : (1 و 4)   كتێبی  (كه‌شكۆڵی نووسینه‌كانم) وریا ئه‌حمه‌د ..باكووری  ، لاپه‌ڕه‌ (335) و (340)

(2)  كتێبی  تاریك و ڕوون،، لاپه‌ڕه‌ 3
(3) گۆڤاری چلاواز ،، ژماره‌(39) ئایاری 2009 ،دیمانه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (زاهیر محه‌مه‌د ئیبراهیم) لاپه‌ڕه‌ (40)

(5) چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌ردار ئه‌حمه‌د ، هوشیار عه‌بدولڕه‌حمان محه‌مه‌د ، گۆڤاری ( ڕه‌نگین ) ژماره‌ (16) شوباتی 1989.

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.