Erbil 15°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 13:50

هونه‌رمه‌ند لالۆ ڕه‌نجده‌ر و سروودی ئەی بەندیخانە  .....؟!

ئەی بەندیخانە تاكەی ئەمێنی، لاوانی گەلمان لەناو خۆت ئەچێنی ...!
کوردستان TV
100%

لەشۆرشه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی گه‌لی كورد، دژ بەداگیركەران و ناحەزان و دوژمنانی كوردستان، هاوشانی پێشمەرگە قاره‌مان و نه‌به‌ر‌ده‌كانی كوردستان، نوسەران و ڕۆشنبیران و شاعیران و هونەرمەندان وەك ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی لەبەرەی گەلە چەوساوەكەیانداتێكۆشاون و خه‌باتییان كردووه‌ و ، به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و هونه‌ری یان خوڵقاندووە،  بە خامە و هەستی بەرزیان  ئەدەبی بەرگریان  باڵاتر كرد و هونەرمەندان یش بەگەرووی كوردانەیان هونەری بەرگری  گەلی كوردییان پتەو تر و بەجۆشتر كردووە ، لە هەموو قۆناغەكانی شۆرشی كورد هونەرمەندانی ژەنیار و دەنگبێژ و سروود بێژ لەناو تیپە مۆسیقییەكان بەوپەڕی دلسۆزیی و كارامه‌یی ولەخۆبووردووییەوە بێ ووچان كاری هونەرییان ئه‌نجامداوه‌، ئەوەی لێرەدا مەبەستمە تیشكێك بخەمە سەر سروودی ( ئەی بەندیخانە ) ، بەڵام بەرلەوەی بچمە سەرباسەكەم لەنێو هونەری بەرگری نەتەوەكەماندا گەلێك سروود و مارش تۆماركراوون كەهەریەكەیان بۆسەردەمی خۆیی و تەنانەت ئێستاش گرنگی و بایه‌خی خۆیی و  هەریەكەیان پاشخانێكی هەیە  كە پێویستە ئاماژەیان پێبدرێت و بیان كەینە دیكۆمێنت و وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌خانه‌ی ئه‌رشیفی سروود دا سوودی لێوه‌ربگیرێت ،لەسەرەتای ساڵی (1984) لەڕێی تۆمارگای (پیرۆزە) لەشاری سلێمانی گوێبیستی سروودێك بووم بەناوی  ( ئەی بەندیخانە) لەگەڵ یەكەم بیستندا ئەو سروودە  لەڕوویی تێكست و میلۆدی و دەنگەوە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بیسەر دادەنا ، لەبەر گرنگی سروودەكە و كاردانەوەی تێكستەكە لەسەر ناخ و هەستم  لەخاوەن تۆمارگام پرسیی ئەو سروود بێژە كێیە ؟ بەداخەوە  هیچ زانیاری لەسەر نەبوو  تەنها وتی ئەوە كاسێتێكە هەمووی سروودە بەناوی ( تیپی هونەری چەوساوەكان ) بۆم هاتووە و بڵاوی دەكەمەوە، ئەو پرسیارە بێ وەڵامەم لەلا مایەوە تادوای ڕاپەڕین ، زیاتر كەوتمە دوای وەرگرتنی وەڵامەكەم  تا بۆم ڕۆشن بۆوە ئەو سروود بێژە هونەرمەند و پێشمه‌رگه‌ ( لالۆ رەنجدەر) ی ئازیزە  و لەنزیكەوە بەخزمەتی گەیشتم ، بەپێویستم زانی كە بكەومە دووی و زانیاری زیاتر لەسەر ئەو سروودە وەدەست بهێنم و لەنزیكەوە هونه‌رمه‌ند لالۆ رەنجدەر بدوێنم و چەند پرسیارێكی ئاراستە بكەم ، بەوپەڕی لوتفەوە وەڵامی درووستی پێ بەخشیم سەبارەت بەسروودی ( ئەی بەندیخانە) .

1

بەندیخانە ئەو شوێنە ئازار بەخشەیە كە داگیركەرانی كوردستان  سیخاناخیان كردبوو له‌ ڕۆڵه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی گه‌لی كورد،  دوژمنانی  نه‌ته‌وه‌كه‌م به‌ندیخانه‌یان بۆكەسانی تێكۆشەرو  ئازادیخواز و شۆرشگێڕ درووست كرووە و  ژوورە تاریكەكانی بەندیخانە شوێنی ئازاردان و شەهیدكردنی سەدان لەرۆڵەكانی نەتەوەكەمانە بەدەستی جەللادە خوێنمژەكانی داگیركەر ، سروودی بەندیخانەش باس لەو ئازارە دەكات كە ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلەكەمان لە زیندانەكانی بەعسدا بەدڕندەترین شێوە ئازار دەدران و قارەمانانە ڕووبەڕووی جەللادەكان دەبوونەوە.

دكتۆر عه‌بدولواحید ئیدریس شه‌ریف ، به‌و شێوه‌یه‌ باس له‌سروودی به‌ندیخانه‌ده‌كات ..

(ئه‌م سرووده‌ باس له‌ دڕنده‌یی و خوێنخۆریی جه‌للاد و ژووری تاریكی به‌ندیخانه‌ وئازاردانه‌كانی زیندانی ده‌كات،له‌گه‌ڵ سروودی ( بووكی ئازادیی ) ی ( قانع) لێك نزیكن و به‌پێچه‌وانه‌ی خواستی دوژمن، زیندان ، نه‌ك زیندانییه‌ خاوه‌ن باوه‌ڕه‌كان نابه‌زێنێت ، به‌ڵكو ده‌بێته‌ هه‌وێنی ڕاپه‌ڕین و مه‌رگی زۆرداران ،ئه‌م وشه‌و ئاوازه‌ پڕ له‌هیوایانه‌، مرۆڤ هان ده‌دات به‌گه‌شبینیی بڕوانێته‌ دواڕۆژ و له‌وپه‌ڕی ووره‌ به‌رزییه‌وه‌ به‌ره‌نگاریی دژوارییه‌كانی ڕێی گه‌یشتن به‌ئازادیی ببێته‌وه‌ ) (*1).

ئەگەر خاوەنی تێكستی سروودی  بەندیخانە  خۆی قوربانییەكی ژوورە تاریكەكانی بەندیخانە نەبووبێت بێگومان ئەو هەستە بەرزە شۆرشگێڕییە و هیوا بەدوارۆژی ڕۆشن و پرشنگداریی گەلەكەی نەبووبێت ناتوانێت لەزیندانەوە  ئەو هۆنراوە بەرزە بنوسێت و ڕۆژێك بێت بەگەرووی خۆی بیچڕێت.

بۆئەو مەبەستە  لەلالۆ ڕەنجدەری سروود بێژم پرسیی دەكرێت بزانین  تێكست و ئاوازی  سروودی بەندیخانە هی كێ یه‌  و ساڵی چەند و لەكوێ تۆماركراوە ؟

لالۆڕەنجدەر : من هەروەك تاكێكی نەتەوەكەم هەمیشە خەمم لەوە دەخوارد كە بۆ دەبێت نەتەوەكەم خاوەنی ئەو هەموو جوانییە یە ، خاوەنی وڵات و ئاڵا و زمان و فەرهەنگ و كەلتووری خۆیەتی، بەڵام بەشمان داگیركاری و سەركوتكردن و زیندە بەچاڵكردن و لاوەكانمان لەژوورە تاریكەكانی زیندان توند دەكرێن ، بەهەرحاڵ  ساڵی (1977) لەهەیئەی  كه‌ركوك زیندانی بووم  لەژێر ئازارو ئەشكەنجەی جەللادەكانی بەعس  شانیان شكاندم و ئازارێكی زۆرم چەشت، بەڵام لەبەرئەوەی لەژێر ئەو هەموو فشارە دەروونی و جەستەییەدا هیچم نەدركاند و لەكۆتایی هەمان ساڵدا ئازادكرام، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێم  لەدوای شكاندنی شانم كەوتمە خەیاڵی ئەوەی  لەناخی پڕ ئازارمەوە  شتێك بۆ ئەو چوار دیوارە پڕ ئازارە كەپێی دەوترێت بەندیخانە  بنووسم ، بەڵی لەزیندان ئەو هۆنراوەیەم نوسی .

2

دوای ئازادبوونم  لەساڵی (1978)  پەیوەندیم كرد  بەڕیزەكانی پێشمەرگەوە بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیم  پۆشیی و لەگەڵ براو هاوڕێ پێشمەرگەكانم  بەردەوام لە جەولەدا بووین لەناوچە ئازادكراوەكان  و بەردەوام بەدەم ڕێوە  سروودە  نەتەوەیی و شۆرشگێرییەكانم دەووت بەگشتی و بەتایبەتی سروودی  ئەی بەندیخانە .

 تیپی هونه‌ری چه‌وساوه‌كان كێ بوون؟

دكتۆر عه‌بدولواحید ئیدریس شه‌ریف ، ئه‌و تیپه‌ هونه‌رییه‌ به‌وشێوه‌یه‌ پێناسه‌ ده‌كات و نوسیویه‌تی ( تیپی هونه‌ری چه‌وساوه‌كان له‌ساڵی (1982) له‌چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ند و كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ی هونه‌ر دۆست پێكهاتبوو، به‌پێچه‌وانه‌ی تیپه‌كانی دیكه‌، ئه‌م تیپه‌ گه‌ڕۆك بوو له‌گونده‌ ئازادكرا و دووره‌ ده‌سته‌كانی ڕژێم چالاكی هونه‌رییان ئه‌نجام ده‌دا، یه‌كێك له‌ چالاكییه‌كانی یان كۆتایی كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كانیان به‌سروودی شۆڕشگێڕانه‌ ده‌ڕازانده‌وه‌ و سروودبێژ ( لالۆ ڕه‌نجده‌ر) داینه‌مۆ و دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م تیپه‌ بوو ، سرووده‌كانیان ئاوێته‌بوو له‌ده‌ربڕینی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و چینایه‌تی ، ئازادبوون له‌دانان و وتنی جۆری سرووده‌كان) (*2)

هونه‌رمه‌ندی سروودبێژ لالۆ ڕه‌نجده‌ر یش گه‌واهی ده‌دات و ده‌ڵێت : لەساڵی (1982) لەگوندی بالیسان  بۆیەكەم جار لەگەڵ ( تیپی هونەری چەوساوەكان) كە تیپێكی هونەری بەرگری گەڕۆك بووین لەوێ تۆمارم كرد،   واتە هۆنراوەی  ( ئەی بەندیخانە  ) هۆنراوەی  منەو  دەبێت ئەو ڕاستیەش بڵیم  كە دوو كۆپلەی سروودەكە  ( شەهید شەماڵی باخ ) بۆی زیادكرد ئەویش دەرەئەنجامی ئەو زامە پر سوێیە  بەو ڕووحە پڕ ئازارەوە كە ( دكتۆر ڕێبازی) برای  بەدیل گیراو  لەقەسابخانەكەی موسڵ لەسێدارە درا ، شەهیدكردنی براكەی ببووە هەوێنی ئەو دوو كۆپلەیە، دووبارە لەساڵی (1983)  لەگەڵ هەمان تیپ،  لەگوندی ( گۆپ تەپە) ی دەشتی كەركوك  تۆمارمان كردەوە و بەباشی بڵاوكرایەوە.

3

سەبارەت بە میلۆدییەكەی  دەبێت ئەوەش بڵیم  كە من سوودم  لە گۆرانیەكی هونەرمەندی خۆشەویست  كاكە ( حەسەن گەرمیانی ) وەرگرت گۆرانیەك بەناوی ( زەردەی دەم كەل ) و هەندێك دەستكاریم كردو،  و ئاوازی ئەو گۆرانیيە هی هونەرمەندی ژەنیاری گەورە مامۆستا ( خالید سەركارە ) .

دوای ئەوەی  كە لە زاری هونەرمەند لالۆ ڕەنجدەرەوە  ناوی مامۆستا خالید سەركارم بیست ، ڕاستەوخۆ پێوەندیم به‌ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( خالید سه‌ركار) ه‌وه‌ كرد، سەبارەت بەو ئاوازە  و له‌وه‌ڵامدا فەرمووی، بەڵێ ئەوە ئاوازی منە و لەساڵی (1973) لەسەر هۆنراوەی ( زەردەی دەم كەل ) دامنا و دەبێ ئەوەش بۆئێوە ڕوون بكەمەوە ئەو هۆنراوەیە ، هۆنراوەی  بەڕێز ( فەتاح كەریم ) ە  ناسراو بە ( كاوە ) ئەندامی تیپی نواندنی سلێمانی بوو ، دواتر هونەرمەندی خۆشەویست كاكە (حەسەن گەرمیانی)  زۆر بەجوانی خوێندی و بووە جێی سەرنج و ڕەزامەندی گوێگرانی دەنگی كاك حەسەن گەرمیانی و تیپی مۆسیقای سلێمانی .

دووباره‌ پرسیارم ئاراستەی هونەرمەند لالۆ ڕەنجدەر كردەوە و وتم ئێوە بەدەنگە پر جۆشەكەتان ئەو سروودەو چەندین بەرهەمی سروودی ترتان لەگەڵ ئەو تیپە مۆسیقیە تۆماركرد ، ئایا ناوی هونەرمەندە ژەنیارەكانت لەیاد ماوە  پێم باشە  خوێنەران لەلایان رۆشن بێت ئەو دەست و پەنجە زێرینانە بەو هەستە نیشتمانیی و كوردانەوە لەناوچە ئازادكراوەكان هاوكارتان بوون بزانێن كێن  ؟

من لێرە جارێكی تر سپاس و ستایش و ڕێزم بۆ هەموو ئەو هونەرمەندە ژەنیارە خۆشەویستانە لەو ڕۆژگارە سەختەدا هەموو كات هاوكارمان بوون  دەست و پەنجەو هەستی بەرزی هونەری ئەوان بوون  كەئێمەیان زیاتر هان ئەدا بەردەوام بین  و كاری نوێ بخوڵقێنین ، هەروەها سپاس و حورمەت بۆ هەموو ئەو ئازیزانەی هاوكارمان بوون  ، ئەوەی لەیادم مابێت ئەو هونەرمەندە خۆشەویستانە لەگەڵماندا كاری هونەرییان دەكرد وەبەتایبەت لەسروودی بەندیخانەدا  ( مامۆستا مەجید خۆشناو  ژەنیاری كەمان بوو  ، مامۆستا قەمبەر  ژەنیاری كەمان ، سیار بامەڕنی  ژەنیاری گیتار ، مامۆستا محەمەد  ژەنیاری گیتار خەڵكی  شارۆچكەی دوكان بوو  وەهەروەها هەندێك ژەنیاری خۆشەویست و بەتوانا كەبەنهێنی لەشاری سلێمانی یەوە  هاتبوون  بۆئەو كاتە نەیاندەویست  ناویان ئاشكرا بكرێت ) وە ئەوەی لەیادما ماوە   لەو سروودەو  سروودەكانی تردا كۆرسمان لەگەڵدا بوو  ( شەهید سەردار و شەهید كامەران و چەندپێشمەرگەیەكی ) تربوون ، بەداوای لێبوردنەوە كەناتوانم ناوی هەموویان بهێنم چونكە تەمەن هەڵكشاوە و  لەیادم نەماون  دەبێت بەگەورەیی خۆیان بمبەخشن ،

نزیكەی (44)  ساڵ بەرلەئێستا ئەو هۆنراوەیە له‌ژووره‌ تاریك و پڕ ئازاره‌كانی زیندانی بەعسدا نوسراوە ، لەوپەڕی وورە بەرزی  و هیوا بەخۆبوون و دڵنیابوون لە هەڵهاتنی خۆری ئازادی بەو گەشبینییەوە شاعیر دەنگ هەڵببڕێ و پڕ به‌گه‌رووی هاواربكات و  بڵێ: 

بێشك بزانە ئەی بەندیخانە

ئەتكەین بەجێگەی گوڵ و ڕەیحانە 

لەدوای ڕاپەڕینەوە   ئەو شوێنانەی پێش ڕاپەڕین جێی ئازار و ئەشكەنجەدان و شەهیدكردنی ڕۆڵە چاونەترس و قارەمانەكانی ئەم گەلە بوون  وەك  ( حامیەی سلێمانی  ، ئەمنە سورەكە  و سجنی گەورەی سلێمانی ( پاركی دایك )  و شوێنی ئێستای پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان  و بێگومان لەشاری دهۆكیش) بەداخەوە  یەك كۆپلە  لەو سروودە وەك تابلۆیەك دانەنراوە  تا نەوەی نوێ بزانن كەڕۆژگارێك بوو ئەم شوێنانە جێی ئازاردان و ئەشكەنجەدانی شۆرشگێڕان و ئازادیخوازن بووە   و ئێستا لەسایەی خوێنی پیرۆزی شەهیدان و ڕاپەڕینی  قارەمانانەی  گەلەكەمان بۆ تە شوێنی پشوودان  و ئارامكەرەوەی ڕووحی ئینسانەكان، لالۆی هونەرمەندیش  هاوڕای بۆچوونەكەی من بوو  ووتی :

كاتێك ئەو هۆنراوەیەم نوسیی لەو شوێنانەی تۆ ئاماژەت پێدان  ڕۆژانە گەنج و لاوی كورد لەلایەن جەللادەكانی بەعسەوە ئازار و ئەشكەنجە دەدران وشەهید دەكران وە خۆشم یەكێكم لەو قوربانیانە و لە زینداندا ئەو بیرۆكەی نوسینی هۆنراوەیەم لەلا دروست بوو، كەچی بەداخەوە تا ئێستا  لەهیچ شوێنێك لەو باخ و پاركانە تەنها یەك دێڕی ئەو هۆنراوەیەی من بەرچاو ناكەوێ ، هەركات بیری لێدەكەمەوە هەست بە ناهەقییەكی زۆر دەكەم كەبەرامبەرم دەكرێت  وە دڵنیاش بن بێدەنگییەكەم  تەنها بۆئەو ڕەوشتە بەرزەی  كوردو كوردستان پەروەریەم دەگەڕێتەوە .

تا داگیر كەرانی كوردستان بوونیان هەبێت و تا زیندان و بەندیخانەكانی دوژمنه‌ خوێنمژ و دژە مرۆڤەكانی كوردستان لێوڕیژبن لە مرۆڤی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی كورد ،  سروودی ئەی ڕەقیب و سەرجەم سروودەكانی تر بەگشتی و سروودی بەندیخانە بەتایبەتی هەردەمێنن و بەردەوام لەگەرووی  هونەرمەندانی سروود بێژ و گەنج و لاوی كورد بەكوڕو كچەوە  بەدەنگی بەرزی میللەتێكی مافخوراو  هەردەوترێتەوە و دەدرێت بەگوێی ناحەزان و داگیركەرانی كوردستان .

4

كورته‌یه‌ك له‌ژیانی  پێشمه‌رگه‌و هونه‌رمه‌ندی سروودبێژ لالۆ ڕه‌نجده‌ر ...!

ناوی  ( ڕه‌نجده‌ر مسته‌فا عاسی ) یه‌ له‌ساڵی (1956) له‌خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژاری شاری كه‌ركوك چاوی به‌ تاڵیی و شیرینه‌كانی ئه‌م ژیانه‌ پڕ مه‌ینه‌تی و كوێره‌وه‌رییه‌ هه‌ڵهێناوه‌.

وه‌ك هه‌رمنداڵێكی ئاسایی له‌شاری كه‌ركوك ساڵی (1962) خراوه‌ته‌به‌رخوێندن ، قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌و شاره‌ ته‌واوكردووه‌، به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌وه‌ كه‌ شاره‌ دێرینه‌كه‌ی كوردان (كه‌ركوك)  به‌هۆی سیسته‌مه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كی حوكمڕانانی عێراقه‌وه‌ پێوه‌ی ده‌ناڵێنێ و دانیشتوانه‌كه‌ی هه‌میشه‌ چه‌وساونه‌ته‌وه‌ و زوڵمیان لێكراوه‌و به‌هۆی چه‌وساندنه‌وه‌ی ( نه‌ته‌وایه‌تی و چینایه‌تی) دا ، هه‌ستی گڕگرتووی دانیشتوانه‌كه‌ی وه‌ك بڵێسه‌ی بابه‌گوڕگوڕ به‌رده‌وام له‌ خرۆشان و قوربانیدان و له‌مه‌ته‌رێزی به‌رگریدابوون تا شاره‌كه‌و هه‌سته‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كه‌یان بپارێزن ، ئه‌و هه‌سته‌نه‌ته‌وه‌ییه‌ و ڕۆحه‌ به‌رنگاربوونه‌وه‌یه‌ له‌ناخی لالۆدا له‌یه‌كه‌م ساته‌كانی هه‌ست به‌خۆبوونه‌وه‌ چرۆی كردووه‌ و هه‌روه‌ك خۆشیی ئاماژه‌ی پێده‌كات و ده‌ڵێت ( شەهید دایە نەزمی دایكم گەورەترین قوتابخانەی من بووە، هەمیشە بە ڕۆحێكی نەتەوەییەوە منی پەروەردە كردووە، قسەكانی ئەو ئێستەش لە گوێمدا دەزرینگێتەوە و بەوپەڕی پیرۆزییەوە دەیانڵێمەوە، هەروەها یەكێك لە گوتەكانی شەهید دایە نەزمی دایكم ئەوەبوو كە دەیگوت "هەر میلەتێك دەوڵەتێكی سەربەخۆی نەبێت ماڵەكەی لە ژێر ڕەشماڵێكی دۆم و قەرەجەكاندایە، هەر رەشەبایەك هەڵبكات كەلوپەلەكانی فڕێ دەداتە ئەم گۆڕەوە، بۆیە منیش لە ژێر كاریگەری دەیان و سەدان گوتەی دایە نەزمیدا پەرەم بە بیری نەتەوەیی خۆم داوە).(*3).

7

له‌ ته‌مه‌نی (18) ساڵیدا ، ( 1974) وه‌ك هه‌رتاكێكی ئه‌م نیشتمانه‌ لالۆ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆڵنه‌ده‌ر پێوه‌ندی ده‌كات به‌ شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌، له‌دوای نسكۆی ساڵی (1975) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاری كه‌ركوك و بۆمه‌به‌ستی درێژه‌دان  و دابینكردنی بژێوی ژیان  ده‌بێته‌ كرێكار و ڕۆژانه‌ هێز و  وزه‌ی جه‌سته‌ی ده‌فرۆشێت له‌به‌رامبه‌ر نان دا.

به‌ڵام ڕۆژانه‌ ئه‌و سته‌م و داگیركاریی و زوڵمه‌ی پیاوانی به‌عس به‌خه‌ڵكی شاری كه‌ركوكی ده‌كه‌ن ، ئه‌وانه‌ له‌ناخی هونه‌رمه‌نددا كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت و ده‌بێته‌ ڕقێكی پیرۆز به‌رامبه‌ر به‌دوژمن ،له‌ساڵی (1977) له‌لایه‌ن چه‌ته‌وڵه‌كانی ڕژێمی به‌عسی فاشسته‌وه‌  قۆلبه‌ند ده‌كرێت و  ده‌خرێته‌ نێو ژووره‌ تاریكه‌كانی زیندانه‌وه‌ ته‌نها تاوانی كوردبوون بووه‌ ..!

له‌ساڵی (1978) ئازاد ده‌كرێت و خۆیی ده‌گه‌یه‌نێته‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان و به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تی ده‌پۆشێت  و له‌نێو ڕیزه‌كانی  كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی كوردستان ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌، له‌ پێشمه‌رگایه‌تیدا ده‌ست به‌ خوێندنه‌وه‌ و نووسین و، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا ده‌ست به‌ سروود خوێندن  و گۆرانی ڕامیاری ده‌كات.

له‌كاتی پێشمه‌رگایه‌تیدا له‌ساڵی (1983) له‌گه‌ڵ خاتوو ( خه‌رامان ) ژیانی هاوسه‌رگیری پێكدێنێ و ده‌بنه‌ خاوه‌نی كوڕو كه‌نیشكه‌یه‌ك به‌ناوه‌كانی ( ئارام و ده‌ریا) .

هونه‌رمه‌ند له‌شاخ جیا له‌خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك ، له‌هه‌مانكاتیشدا و وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی پێشمه‌رگه‌ درێژه‌ی به‌ تێكۆشانی هونه‌ری داوه‌ وه‌ك سروود بێژ و ئه‌كته‌ری شانۆگه‌ری له‌ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی كوردستان دا.

9

  ناوی ( لالۆ ) بۆ بۆته‌ پێشگری  ناوه‌كه‌یی و به‌ لالۆ ( ڕه‌نجده‌ر ناسراوه‌ ...؟

هونه‌رمه‌ند له‌ ساڵی (1980)  وه‌ك ئه‌كته‌رێك به‌شداری ده‌كات له‌شانۆگه‌رییه‌ك به‌ناوی (لالۆ) له‌و شانۆگه‌رییه‌دا ڕۆڵی كه‌سایه‌تیه‌ك ده‌بینێ به‌ناوی  لالۆ ، له‌و ساته‌وه‌  نازناوی (لالۆ) ده‌بێت پێشگری ناوه‌كه‌ی .

له‌ ڕاپه‌ڕینی ساڵی (1991) وه‌ك تێكۆشه‌رو پێشمه‌رگه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری كه‌ركوك  و به‌ زێدو نیشتمان و بنه‌ماڵه‌كه‌ی شاد ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام خۆشییكه‌ی به‌رده‌وام نابێت و به‌هۆی تۆپ بارانی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ ، تۆپێك به‌ر ماڵی هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ لالۆ ڕه‌نجده‌ر ده‌كه‌وێت وكاره‌ساتێكی خوێناوی ڕووده‌دات  ئه‌ویش به‌شه‌هیدبوونی ( دایك و هاوسه‌ر و كچ و خوشكه‌كه‌ی) .

دوای ئه‌و كاره‌ساته‌ تراژیدیایه‌و ژیانه‌  لێوڕیژ له‌هه‌ورازو نشێوه هونه‌رمه‌ند ڕق ئه‌ستوورتر و به‌په‌رۆشتر ده‌بێت كه‌ له‌سه‌ر هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی به‌رده‌وام بێت و كۆڵ نه‌دات .

له‌ساڵی (1994) له‌ گه‌ڵ خاتوو ( تانیا) ژیانی هاوسه‌ری پێكدێنێته‌وه‌، به‌رده‌وامی ده‌دات به‌ژیان و كاره‌ هونه‌رییه‌كانی، هونه‌رمه‌ند ئێستا له‌شاری هه‌ولێر ده‌ژی و خاوه‌نی چه‌ندین سروودی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ (‌   بۆ ده‌بێ ، هه‌ستن ئه‌ی لاوه‌كان  ، بۆدوژمنی گه‌وج ، ڕابن ڕابن ، كه‌ركوك ، به‌ندیخانه‌ و نه‌ورۆز ...تاد ) .

شه‌هیدان نه‌مرانی مێژوون ، دروود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی خانه‌واده‌ی  پێشمه‌رگه‌و هونه‌رمه‌ندی سروود بێژ لالۆ ڕه‌نجده‌ر و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان .

تێكستی سروودی ئەی بەندیخانە... 

ئەی بەندیخانە تاكەی ئەمێنی

لاوانی  گەلمان لەناوخۆت ئەچێنی

وابووی بەژووری قوڵ و تەنگ نەفەس

لەبۆ میللەتی هەژارو بێ كەس

دیوارەكانت هە وەك پۆلایە

ژوورەكەت تاریك  وا بێ چرایە 

لێدانی  قامچی نانی شەومانە

پەتی سێدارە لەگەردنمانە

ئێش و ئازاری  برینداری بەند

هەڵئەگیرسێنێ ڕاپەرین و جەنگ

ڕاپەڕینێكی شۆرشگێڕانە

بۆنەهێشتنی ئەو فاشستانە

بێ شك بزانە ئەی بەندیخانە

ئەتكەین  بەجێگەی گوڵ و ڕەیحانە

تێك ئەدەین دەرگا و دیوارەكانت 

پەت ئەخەینە مل جەللادەكانت

جه‌مالی ده‌لاك 28/5/2021

سه‌رچاوه‌ : (*1)  كتێبی  سروود و گۆرانی نیشتمانی و به‌ره‌نگاریی كوردی له‌كرمانجی خواروودا ، لاپه‌ڕه‌ ( 214)

(*2) سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، لاپه‌ڕه‌ ( 212)

(*3)  دیدار له‌گه‌ڵ  هونه‌رمه‌ند لالۆ ڕه‌نجده‌ر ،، گه‌رمیان گلی  7/8/2019 ، سایتی وشه‌ .

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.