Erbil 18°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 10:33

گۆرانی بێژ ئالین: خۆشی و مەینەتییەکان هەر پارچەیەکی کوردستان خۆشی مەینەتی منن

حكومەتی ئەڵمانیا گرنگی بە بواری هونەر و كەلتوور دەدات، بەتایبەتی هونەری باش بەبێ جیاوازی زمانەكان
کوردستان TV
100%

ئا/  خلیل سلێمان

گۆرانی بێژ ئالین لە رۆژئاوای كوردستان لە دایكبووە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێك دەبێت رووی لە وڵاتی غەریبی كردووە و لەوێوە بەردەوام بووە لە گۆرانی وتن، تا ئێستا چەندین بەرهەمی و دەیان كلیپی بڵاوكردۆتەوە، بەڵام ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت، هیچ بەرهەمێكی نەبووە، سەبارەت بەو بابەتە و چەند بابەتێكی دیكەوە ئەم گفتوگۆیەمان كرد.

سەرەتا ئالین تیشكی خستە سەر نەبوونی بەرهەمی هونەری لە ماوەی رابردوو و وتی: بێدەنگی و دوورە پەرێزیم لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بۆ سێ هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە من سەرقاڵی كار و ژیانی تایبەتی خۆم بووم، دووەمیشیان كاری دبلۆماسیم بە بێدەنگی ئەنجام دەدا، سێیەمیشیان لەبەر خۆ ئامادە كردن بوو بۆ بەرهەمێكی نوێی هونەری، ئێستا كلیپێكم بە زمانی سوریانی ئامادەیە لە چوارچێوەی ئەو بەرهەمەی كە باسم كرد.

لەبارەی سروودە نیشتمانییەكان ئالین دەڵێ: خەمی هەر چوار پارچەی كوردستان خەمی منە، و هەر چوار پارچەیان بۆ من وەك رۆژئاوا وان و جیاوازییان نییە، خۆشی و ناخۆشی و دەرد و مەینەتییەكان هەر پارچەیەكی كوردستان خۆشی و ناخۆش و مەینەتی منن، بەڵام لە ئێستادا رۆژئاوای كوردستان سەرچاوەی خەم و ناخۆشییە بۆ من، بۆیە ئەوەی لە توانامدا هەبێت بۆ رۆژئاوا ئەنجاممداوە چ لە رێگای كلیپەكانمەوە وەك كلیپ (یەكێتی برایەتی) تێیدا داوای یەكگرتن و برایەتی نێوان پێشمەرگە و شەڕڤانان دەكەم، هەروەها گۆرانییەكانی (بلبلێ دلشاد) و (ئەی فەلەك ژ بو تە دناڵم)، چونكە لەو كاتەدا ئەوەی لە باشووری كوردستان روویدا، هەمان شت بوو كە لە رۆژئاوای كوردستانیش روویدا وەك هێرشە دڕندەكانی تیرۆریستانی داعش لە رۆژئاوا و باشوور بەتایبەتی لە شنگال.

Ktv

لەرووی دبلۆماسیشەوە چەندین جار داوام لە دەوڵەتی ئەڵمانیا كرد پێویستە یارمەتیدەر بن بۆ بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان و بە زووترین كات ئازاد و ئارام بێت، لێرەوە داوا لە گشت هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكەم كە یەكتریان خۆش بوێت و لە یەكترییەوە نزیك بن و كاتی خۆیان بۆ برایەتی و یەكریزی تەرخان بكەن، چونكە چەند زوو یەكگرتوو بن ئەوەندە زوو رۆژئاوا ئازاد و ئارام دەبێت.

سەبارەت بە سەردانی كردنی رۆژئاوای كوردستان وتی: تا ئێستا سەردانی رۆژئاوای كوردستانم نەكردووە، هەستێكی بێ سنوور دەبێت بەجۆرێك ناتوانم چۆن باسی بكەم ناتوانم وەسفی هەستی خۆم بكەم، چونكە یەكێكە لە خەونە مێژینەكانم. بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی خەڵكەكە و هەست بە خۆشی و ناخۆشییەكانی بكەم، هەروەها بە ئاواتم بتوانم لە هەر چوار پارچەی كۆنسێرت ساز بكەم، چونكە لە هەر چوار پارچەی كوردستان هەواداری من هەیە و ئەوانیش وەك كوردانی رۆژئاوا كەس و خۆشەویستی منن.

Ktv

سەبارەت بە گرنگیدانی حكومەتی ئەڵمانیا بەكاری هونەری جوان وتی: حكومەتی ئەڵمانیا گرنگی بە بواری هونەر و كەلتوور دەدات، بەتایبەتی هونەری باش بەبێ جیاوازی زمانەكان واتە تەنیا گرنگی بە گۆرانی بە زمانی ئەڵمانی نادات، بەڵكو ئەوانەی لە ئەڵمانیا دەژین ئەگەر بیانیش بن حكومەتی پشتگیرییان دەكات لە بواری هونەرییەوە لە رێگای دامودەزگا تایبەتییەكانی حكومەتی ئەڵمانی و خودی راوێژكاری ئەڵمانی ئەنگێلا مێركل و سەرۆكی ئەڵمانیا شتاین مایر راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو كارە دەكەن، مەبەستیان لەم هاریكارییە پێش خستنی هونەرە لە ئەڵمانیا، ئەمەش هەنگاوێكی باشە بۆ هاندانی هونەرمەندان بۆ پێشكەش كردنی جوانتر.

Ktv

سەبارەت بەو گۆرانیبێژە كوردانەی كە بە زمانی بیانی و ستایلی ئەمریكی وئەوروپی بەرهەمی هونەری پێشكەش دەكەن دەڵێ: وەك رای تایبەتی خۆم من پشتگیرییان دەكەم و بە كارێكی ئەرێنیی دەبینم و خراپ نییە و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم، چونكە لەو رێگایەشەوە دەتوانن خزمەت بە هونەر بكەن، لە هەمان كاتدا دەتوانن پرسی كورد لە رێگای گۆرانییەوە بەو وڵاتانەی بگەیەنن و نزیك ببنەوە لە كەلتووری وڵات و نەتەوەكانی دیكە.

لەبارەی هۆكاری گوتنی گۆرانی بە زمانی بیانی دەلێن ئالین وتی: من جگە لە زمانی سریانی بە كلدانی و ئاشوریش گۆرانیم وتووە، چونكە كورد و ئەم نەتەوانە هەزاران ساڵە بە یەكەوە دەژین لە كوردستان و ئازار و مەینەتی و خۆشییەكانمان هاوبەش بووە، بۆیە یەاكێك لە ئاواتەكانم ئەوە بووە كە لە رێگای هونەرەوە گوزارشت لە برایەتی نێوان كورد و ئەم نەتەوانە بكەم و هیوادارم توانیبێتم لەو رووەو سەركەوتوو بم.

Ktv

ئالین سه‌باره‌ت به‌ نوێكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌ كۆنه‌كانی هونه‌رمه‌ندان دووبارە ده‌ڵێن وتی: به‌ڕای من ئاساییه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ندێكی گه‌نج هه‌ڵسێت گۆرانییه‌كی یه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی پێش خۆی دووباره‌ بكاته‌وه‌ و بیڵێت، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك حه‌قی ئه‌و گۆرانییه‌ و هونه‌رمه‌نده‌كه‌ش بدات، من ئه‌و قسه‌یه‌ ناكه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌م كردووه‌ و پێشتر گۆرانی هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌م وتوته‌وه‌، نه‌خێر ئه‌گه‌ر منیش خۆم هه‌ست بكه‌م كه‌ مافی گۆرانییه‌كه‌ یان هونه‌رمه‌نده‌كه‌ ناده‌م، ئه‌و كات رێگا به‌خۆم ناده‌م كارێكی له‌م جۆره‌ ئه‌نجام بده‌م و داوا له‌ جه‌ماوه‌ری خۆیشم ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر تێبینی ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ ئه‌و گۆرانیانه‌م شێواندووه‌ كه‌ دووباره‌یان ده‌كه‌مه‌وه‌، تكایان لێده‌كه‌م رێگام پێمه‌ده‌ن و بڵێن تۆ مافی ئه‌وه‌ت نییه‌ ئه‌م كاره‌ بكه‌یت، چونكه‌ گۆرانییه‌ ئه‌سڵییه‌كه‌ت شێواندووه‌.

Ktv

لە كۆتاییدا ئالین دەڵێ: هیوادارم گشت هێزە كوردستانییەكان لە هەموو پارچەكانی كوردستان گوتاریان یەك بخەن و یەكگرتوو بن بەتایبەتی كوردانی رۆژئاوا، چونكە ئەوان بە كاتێكی هەستیار وناسكدا تێپەڕ دەبن و باشترین چارەسەر بۆ گرفتەكانیان لە ئێستادا یەكگرتن و هاوكاری كردنی یەكترە، هیوای ئازادی و ئاوەدانی بۆ گشت پارچەكان دەخوازم، هەروەها بە پێویستی دەزانم پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بكەم بەبۆنەی هەڵبژاردنیان بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دڵنیاین كوردستان ئاوەدانی و پێشكەوتنی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت لە گشت بوارەكانی ژیاندا.

كوردستان تیڤی/ كامران

گۆرانی و مۆسیقا میدیا هه‌ڤپه‌یڤین ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.