Erbil 20°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 11:51

که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: له‌ شیعره‌کانما باڵنده‌ش به‌لای منه‌وه‌ هێمایه‌ بۆ ئازادی 

كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: ئه‌گه‌ر هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كم له‌گه‌ڵ گۆرانی بێژ"كاروان عوسمان" هه‌بووایه‌ من بای ئه‌وه‌نده‌ ئازام  لێره‌وه‌ ده‌مگووت به‌ڵی
کوردستان TV
100%

خاتوونی شاعیری دڵ ناسك و قه‌شه‌نگ (كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د) له‌ ئێواره‌ شیعرێكدا كه‌سه‌نته‌ری ئاڵا له‌ شاری هه‌ولێر  بۆ شاعیری ناوبراوی رێكخستبوو، چه‌ند تێكستێكی نوێی خۆی له‌ دیوانه‌ نوێكه‌ی (زمانی باڵنده‌م ده‌زانی) بۆ ئاماده‌ بووان خوێنده‌وه‌، ئێمه‌ش له‌ ژووانێكی شاعیرانه‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكمان له‌گه‌ڵیدا ساز كرد چه‌ند پرسیارێكمان سه‌باره‌ت به‌ ژیانی تایبه‌تی  خۆی و شیعره‌كانی ئاراسته‌ كرد.  

هه‌ڤپه‌یڤین / كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

* كه‌ژاڵ و شیعر چۆن پێناسه‌ ده‌كه‌یت؟

- نابێ من خۆم پێناسه‌ی خۆم بكه‌م ،هه‌میشه‌ كه‌سانێكی پسپۆر له‌ بواری شیعروخوێندنه‌وه‌ی ئه‌زموونی شاعیره‌كان پێناسه‌یان بۆ شاعیره‌كان كردووه‌ ،یان له‌ چاوی خوێنه‌ر و بینه‌ری كۆڕه‌كانمه‌وه‌ حه‌قه‌ ئه‌و پرسیاره‌ بكرێت ،من خۆم هیچ شتێك له‌باره‌ی خۆم و شیعره‌كانم ناڵێم.

* ژووان و شیعر لای كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د چی ده‌گه‌نێت؟

- ژووان نیشتمانه‌ كه‌ ژووانێكی هه‌میشه‌ییه‌ ، له‌ دووریش بیت تۆ هه‌ر له‌و وڵاتی ،به‌ یاده‌وه‌رییه‌كانت، به‌ ڕگێكی مێژوویی كه‌له‌ منه‌وه‌ ده‌ست پێك ناكات درێژه‌ی هه‌یه‌، ده‌شتوانین بڵێن كه‌ سه‌ره‌تای مرۆڤایه‌تی لێره‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌.

* تێڕوانی تۆ له‌ ئاستی شاعیرانی ئافره‌ت چۆنه‌؟

- من یه‌ك خۆزگه‌ ده‌خوازم وه‌ك چۆن سه‌رچاوه‌ی زۆر گه‌وره‌ و كتێبی باش هه‌یه‌ له‌ سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی  مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی كه‌ زۆربه‌ی باسی تواناكانی پیاوان كراوه‌ له‌ بواری نووسیندا ،كتێبێكیش هه‌بێت كه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ بێت ، كۆكراوه‌ی  باسی مێژووی هه‌موو شاعیران و نووسه‌رانی ئافره‌ت بكات، بۆ نموونه‌ كه‌سێكی وه‌كو "مه‌ستوره‌ی ئه‌رده‌ڵانی" شه‌رفخانی ئه‌رده‌ڵانی،كه‌ شیعری له‌ سه‌ده‌كانی نۆزده‌ نووسیوه‌ ،ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی یه‌كه‌م مێژوو نووسی كوردیشه‌ ، كه‌ مێژووی ئه‌رده‌ڵانیشی نووسیوه‌ته‌وه‌ ،دوای  نه‌مانی خه‌سره‌و پاڵانی هاوسه‌ری و تێكشكانی ئیمارانی ئه‌رده‌ڵانی،  ئه‌و یه‌كه‌م مێژوو نووسی كورده‌، به‌ڵام ئێمه‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌مان خوێندۆته‌وه‌ كه‌ باسی ئه‌و مێژووه‌ بكات، چه‌ندین شاعیری ترمان هه‌یه‌ مێژووه‌كه‌یان وونه‌ ،تائێستاش باس نه‌كراوه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژن بوون، ژن ئه‌بێ  خۆی خه‌می ئه‌مه‌ بخوات، كه‌سێك ناێیت له‌ جیاتی ئێمه‌ خه‌م بخوات،  بۆیه‌ منیش هه‌ر له‌سه‌ره‌تای شیعره‌كانم  به‌وه‌ ناسرام "قه‌له‌مه‌كانتان بشكێنن كه‌س وه‌كو خۆم مێژووی بوونم تۆمار ناكات و رۆمانی خه‌مم نانوسێت "  ئه‌و منه‌، مه‌به‌ستم من نییه‌ مه‌به‌ستم له‌ ئافره‌ته‌، له‌ مێیینه‌یه‌، له‌ره‌گه‌زی مێییه‌ ،له‌ ژنه‌، كه‌ ئه‌بێ  خۆی مێژووی  بوونی خۆی بنووسێت.

ktv

* جگه‌ له‌ خاك ، دایك ، خوشك ، برا  كه‌سێكی تایبه‌ت هه‌یه‌ تۆ شیعری بۆ بنووسیت؟

- زۆر كه‌س له‌وانه‌یه‌ به‌ دوای ئه‌و پرسیاره‌نه‌وه‌ بێت كه‌ له‌ هه‌موو شاعیرێك ده‌كرێت، ئه‌م  شیعرانه‌ له‌ كۆتایی بۆ كێیه‌ ؟ ئه‌وه‌یان گرنگ نییه‌، ئه‌وه‌ی گرنگه‌  تاچه‌ند به‌رێزت كه‌ شیعره‌كه‌ت خوێنده‌وه‌ ، بیر له‌ په‌یوه‌ندیه‌كی سۆزداری ده‌كه‌یته‌وه‌  كه‌ له‌گه‌نجیتیا ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ت كردووه‌ ئه‌مه‌ كاری شاعیره‌ ، كه‌ هه‌ست له‌ دڵ و ده‌روونی ئافره‌ت ،پیاو ، منداڵ  هه‌موویان بجوڵێنێت  بتگه‌رێنێته‌وه‌ بۆ یاده‌وه‌رییه‌كانی خۆت..ئیتر یاده‌وه‌ری عه‌شق و سۆزداری بێت ، یان یاده‌وری هه‌رپه‌یوه‌ندییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی تری ناو كۆمه‌ڵگای خۆت بێت ، یان ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای خۆت بێت ، من زۆرجار باسی په‌یوه‌ندی خۆمم كردووه‌ له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌رێك بووه‌ كه‌له‌ ئاسمانه‌وه‌ دێت به‌ ناوی  هاورێ (ئه‌ستێره‌ نستانییه‌كان) من هاوڕێم هه‌یه‌ له‌ وڵاتی ئه‌ستێره‌كان له‌ رۆژی له‌دایك بوونم دێن بۆماڵمان وێنه‌ی ره‌ش و سپی مه‌ریخ و زه‌وی و مانگم پیشان ده‌ده‌ن ،ئه‌مه‌ كاری شاعیره‌ كه‌ خه‌یاڵ بوورژێنی هه‌ر یه‌كێ له‌ ئێمه‌ له‌ قۆناغێك له‌ قۆناغه‌كانی ژیانماندا  بیرمان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌  كه‌ له‌وانه‌یه‌ كه‌سێك هه‌بێت له‌ هه‌ساره‌كانی تر رۆژێ له‌ رۆژان ئێمه‌ پێی بڵێن سڵاو، واته‌ ئێمه‌ میلله‌تێك بین سه‌یری ئه‌و گونده‌ نه‌كه‌ین كه‌وه‌كو خۆمان تیا ئه‌ژین، ئێمه‌ له‌و گه‌ردوونه‌ ئه‌ژین كه‌واته‌ ده‌بێ كۆنتاكمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتان و هه‌موو مرۆڤ ،ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ش  كه‌ له‌ئه‌ستێره‌كان ده‌ژین .

* پرسیارێكی تایبه‌ت ده‌رباره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه‌باس له‌ په‌یوه‌ندی به‌رێزتان له‌گه‌ڵ گۆرانی بێژی كۆچ كردوو (كاروان عوسمان ) ؟

- من له‌ ده‌زگایه‌كی تری ڕاگه‌یاندن وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌م داوه‌ته‌وه‌ ، ئاماده‌ نیم جارێكی تر وه‌ڵامی بده‌مه‌وه‌ ،هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ی گۆرانی بێژێكی گه‌نجه‌ ویستویه‌تی شیعری من بكات به‌ گۆرانی ، وه‌ك چۆن چه‌ندین  شیعری من كراوه‌ به‌ گۆرانی، كچانیش كردوویانه‌ به‌ گۆرانی، به‌ڵام كه‌س باسیان ناكات، چونكه‌ كچن به‌ڵام ئه‌و (كاروان عوسمان)  تووشی كێشه‌یه‌ك بوو، تاوانێكی كردووه‌و سزای خۆشی وه‌رگرتووه‌ ، له‌سه‌ر تاوانه‌كه‌ی . هه‌رمنیش هاوڕێی نه‌بووم، زۆرێك له‌ شاعیره‌كان و پیاوه‌كان و ئافره‌تانیش له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆرانی بێژه‌ كه‌ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ تازه‌ بوو  هاوڕێی بوون،  ئه‌گه‌ر هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ك هه‌بووه‌ من بای ئه‌وه‌نده‌ ئازام  لێره‌وه‌ ده‌مگووت به‌ڵی،  به‌ڵام دڵنیا به‌ كه‌هیچ شتێك نییه‌، خه‌یاڵی خه‌ڵكه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ركه‌سێكی ناسراو دروستی ده‌كه‌ن .

* دواپرسیار باس له‌ دیوانه‌ نوێكه‌تان بكه‌ین (زمانی باڵنده‌م ده‌زانی) بۆ ئه‌م مانشێته‌؟

- به‌ڵێ هه‌رده‌م شیعره‌كان هی ئه‌و دیوانه‌و دیوانه‌كانی تریش ئه‌و پرسیارانه‌یان هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ بۆچی چۆن زمانی باڵنده‌ت ده‌زانی؟ ده‌بێ شیعره‌كه‌ بخوێنیته‌وه‌  بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت یاری كردنێكه‌ به‌ زمان ،به‌ وشه‌، به‌هۆی خوێندنه‌وه‌یه‌كی زۆر له‌ بواره‌كانی ئه‌ده‌بیات و مێژووی وڵاته‌كه‌ی خۆمان كاریگه‌ری له‌سه‌رمان هه‌بووه‌ ئه‌م پرسیارانه‌ی دروست كردووه‌ .

له‌ شیعره‌كانما باڵنده‌ش به‌لای منه‌وه‌ هێمایه‌ بۆ ئازادی كه‌ له‌لای هه‌مووشمان ئه‌و مانایه‌ وایه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێم زمانی ئه‌و سیمبوله‌ی ئازداییه‌م ئه‌زانی زمانی ئه‌و جوانییه‌م ئه‌زانی ، زۆر سیفه‌ت كه‌تۆ له‌ باڵنده‌ ده‌یبینیته‌وه‌ ،كه‌ سنووره‌كان نازانێ، ئه‌فڕێ به‌ ئاسمانێك كه‌ هه‌مووی به‌خۆی ئه‌زانێت و دڵی پڕه‌ له‌ خۆشه‌ویستی بۆ هه‌مووان.  

ktv

  ده‌قی تێكستی "زمانی باڵنده‌م ده‌زانی"  له‌ نووسینی شاعیر  كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د

له‌م وڵاته‌ رووگرژه‌یا

هاوڕێم نییه‌

دره‌خت نه‌بێ

سه‌رم له‌ ده‌رگا ده‌ربێنم

یان په‌نجه‌ره‌

سڵاوم لێده‌كه‌ن.

جارێك به‌كراسێكی سه‌وز‌و

به‌ ته‌نووره‌یه‌كی گوڵ وردی به‌هاره‌وه‌.

جارێكیش به‌ تیشێرتێكی

له‌ گه‌رمادا پڕوكاوی هاوینه‌وه‌.

هه‌ندێك جاریش،

به‌نیگایه‌كی زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوی پایزه‌وه‌.

دوایین جاریش..

به‌پاڵتۆ ئاودامانییه‌كه‌ی زستانه‌وه‌،

رووخۆشانه‌ سڵاو ده‌كه‌ن.

له‌م وڵاته‌

بچكۆلانه‌، كاسبه‌دا

كه‌ نازانێ دانیشتن ‌و

سه‌یران ‌و

ته‌مبه‌ڵی چییه‌،

خزمم نییه‌..

هه‌ر باڵنده‌ی ده‌نگخۆش نه‌بێ!

ئیشم نییه‌..

له‌م وڵاته‌ ده‌ست به‌خورما ‌و

قاوه‌یه‌دا،

هه‌ر خوێندنه‌وه‌ ‌و

نووسینه‌وه‌ی مه‌راق نه‌بێ!

شه‌وێك نییه‌،

به‌چه‌پكێ خه‌یاڵی سه‌وزی

كوژراوه‌وه‌

سه‌رنه‌كه‌مه‌ سه‌ر سه‌رین!

ناتوانم دڵخۆشبم

له‌م خه‌ونه‌ كابوسه‌دا!!

نه‌خێر.. ناتوانم رێگایه‌ك بدۆزمه‌وه‌

له‌م شه‌وه‌ رووناكه‌ كوێره‌دا!!

مه‌حاڵه‌ پێكه‌نین

له‌م وڵاته‌، ترش‌و تاڵ ‌و مۆنه‌دا.

دره‌ختی غه‌ریبیی، هه‌ر غه‌ریبیی ده‌گرێت.

به‌یانی زوو بمبینه‌ له‌ گه‌له‌ریی شار

چۆن مێزێكم داناوه‌ ‌و

گه‌زۆی تۆفیقی حه‌ڵواچی

ده‌به‌شمه‌وه‌!

ده‌مه‌وێت ئه‌و خه‌ڵكه‌ش

هه‌روه‌كو خه‌ڵكی لای خۆمان

شیرین شیرین بچنمه‌وه‌.

له‌م وڵاته‌

زیاد له‌ پێویست جدییه‌دا

كه‌ هه‌ر وه‌كو ده‌ریای مردوو

ویقاری مه‌له‌وانه‌كانیشی تێكنادات!

ده‌مه‌وێت..

ره‌شه‌باكه‌ی سلێمانی

یان بابه‌گوڕگوڕی كه‌ركووك

یان په‌ڕه‌سێلكه‌ی سه‌رشێتی

شێخی چۆلیی پیره‌ هه‌ولێر

یان شندۆخانه‌كه‌ی دهۆك بم.

له‌م وڵاتی

داری خورما‌و زه‌یتوونه‌دا

حه‌ز ده‌كه‌م،

هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه‌

یان ئه‌ڵوه‌نه‌كه‌ی خانه‌قین،

هه‌نجیری هیران ‌و نازه‌نین

یان رێواسی قه‌ندیل بم.

من له‌وڵاتی جه‌ڕه‌ش ‌و

قه‌ڵای عه‌جلون ‌و

عه‌قه‌به‌ ‌و

وادی ڕه‌مدا

حه‌زده‌كه‌م..

قۆرییه‌ چایه‌كی

له‌سه‌ر پشكۆ ده‌مكراوی

كه‌نار به‌حره‌كه‌ی چوارقوڕنه‌

یان كه‌پرێكی سه‌یرانگای دوكان بم.

زۆر حه‌ز ده‌كه‌م

پیاسه‌یه‌كی پاركی ئازادیی

یان گڵكه‌ند

یان شه‌قامێكی بازاڕی

جووت قاوه‌ بم.

په‌یكه‌ری مۆمبم

له‌چاڤی لاند، یان

سه‌رچنارێكی هه‌میشه‌

گه‌شاوه‌ بم.

بمبینه‌ چۆن

وه‌كو گیایه‌كی كه‌لله‌ڕه‌ق

له‌سه‌ر به‌رده‌ڵان ده‌ڕوێم ‌و

په‌ل بۆ خاكی به‌یار ده‌كوتێ

ڕه‌گی بیر ‌و

یاده‌وه‌رییم.

له‌م وڵاتی تاجه‌دا

حه‌زده‌كه‌م بڵێم

رۆژێك له‌ رۆژان

وڵاتی منیش مه‌لیكی هه‌بوو

خۆ ئه‌گه‌رچی

ئه‌و بێ تاج بوو

بێ ده‌وڵه‌ت بوو

به‌ڵام مه‌لیكی كوردستانی ناوبوو،

ئه‌و شێخ مه‌حمودی حه‌فید بوو.

ئای خودایه‌

چه‌ند مێژوویه‌كی ره‌نجه‌ڕۆم؟!

من كه‌ هاتم:

زمانی باڵنده‌م ده‌زانی

سپیده‌ ده‌چوومه‌ سه‌ربان

جامێك ئاوم داده‌نا ‌و

كه‌وچكێك له‌ چاوه‌ڕوانی.

من هودهوده‌كه‌ی

سلێمان بووم وه‌ختی خۆی،

كه‌ رۆیشتم

ده‌وریان ته‌نیم به‌گومان.

كه‌ هاتمه‌وه‌

عه‌رشی شیعرم دۆزییه‌وه‌ ‌و

خۆم نه‌دۆڕاند.

ده‌مزانی..

زویره‌ باڵنده‌ كه‌ نادوێ

په‌سته‌ زۆر په‌سته‌

له‌ ئینسان.

من كه‌ هاتم، ده‌متوانی گۆرانی بڵێم

هاوارم ده‌كرد (كاڤۆلكم لێ لێ)

یان (ئه‌ی قومری بۆ ده‌گری)

زمانی باڵنده‌م ده‌زانی!

به‌ڵام ئێستا

كوا خوڵقم

له‌م وڵاته‌ بێ خوڵقه‌دا؟!

هه‌ر هێلانه‌ چێده‌كه‌م

بۆ نیگه‌رانی.

من كه‌ هاتم

ده‌متوانی قسه‌ی خۆشبكه‌م

له‌م وڵاته‌ شه‌نگ‌و شۆخ ‌و

بێ فیزه‌دا،

سوراوم ده‌دا له‌ لێوی غوربه‌ت

له‌تاو تاڵیی،

كڵۆیه‌ك شه‌كرم ده‌خسته‌

سه‌ر زمانی!

ئێستا كوانێ

كوا ماڵی هه‌یه‌ ژیانم

وه‌ك چۆله‌كه‌،

هه‌ر زیكه‌ زیكه‌ جریوه‌م

به‌ته‌نیا، فڕین ده‌زانم

عه‌ممان

7/7/2016

كوردستان تیڤی/ كامران

ئەدەب میدیا هه‌ڤپه‌یڤین ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.