Erbil 7°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 01:02

پارێزگاری هه‌ولێر: سبه‌ی هاتوچۆ له‌نێوان پارێزگاکان قه‌ده‌غه‌ نییه‌‌

کوردستان TV
100%

 

پارێزگاری هه‌ولێر له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كوردستان تیڤی) تێیدا ئاماده‌ بوو، ڕایگه‌یاند، سبه‌ی یه‌كشه‌م له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی گشتی په‌رله‌مانی عێراق، هاتوچۆی نێوان پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانی تری عێراق قه‌ده‌غه‌كراو نابێت.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر ڕایگه‌یاند: دوێنێ هه‌ینی له‌ پڕۆسه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت زوڵمێك له‌ ئاواره‌كان كرا به‌هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوی به‌شێك له‌ ئاواره‌كان، بێگومان ئه‌وان سبه‌ی یه‌كشه‌م ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێن و پارێزگاكانی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی خۆیان بده‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان داخراو نابن و ده‌توانن به‌ ئاره‌زووی خۆیان بچنه‌ بنكه‌كان له‌ شوێنه‌كانی خۆیان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ بده‌ن و مافه‌كانیان نه‌فه‌وتێ.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگاره‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان قسه‌مان كردووه‌ و هیچ بڕیارێكمان نه‌داوه‌ بۆ داخستنی سنووری نێوان پارێزگاكان.

ئومێد خۆشناو جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاتوچۆی نێوان پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانی تری عێراق داخراو و قه‌ده‌غه‌ نابن.

پارێزگاری هه‌ولێر له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه‌ سبه‌ی یه‌كشه‌م به‌هۆی به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی عێراقه‌وه‌ سه‌رجه‌م بازاڕ و مۆڵه‌كان له‌ شاری هه‌ولێر داخراو ده‌بن، ئه‌مه‌ش به‌ بڕیاری كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ نه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ بابه‌تی ئه‌منییه‌وه‌ هه‌بێت.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی 498 بنكه‌ی ده‌نگدان هه‌یه‌ بۆ ده‌نگده‌ران و وه‌ك لیژنه‌ی باڵای ئه‌منی پارێزگاش سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌یه‌كی ئارام و ئازاد ته‌واو كردووه‌.  

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.