Erbil 34°C شەممە 28 ئەیلوول 16:20

راوێژکاری باڵای هێزەکانی هۆڵەندا: شانازی دەکەم بەوەی کە کارم لەگەڵ کورد و پێشمەرگە کردووە

کوردستان TV
100%


ئەمرۆ 7ی ئەیلولی2021، لە دیوانی وه‌زارەت، سەربەست لەزگین بریکاری وەزیری پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ یان راوێژکاری سەربازی هێزەکانی هۆڵەندا لەکونسوڵخانەی گشتی ئەو وڵاتە لە هەولێر کرد.
لە دیدارێکدا، کە عه‌مید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی وپەیوەندیەکانی وەزارەت ئامادەبوو راوێژکاری باڵای هێزەکانی هۆڵەندا لەهەولێر، کۆتایی ئەرکەکەی بە سەربەست لەزگین بریکاری وەزیری پێشمەرگە راگەیاند.
لە سەرەتادا، بریکاری وەزیری پێشمەرگە ستایشی کۆڵۆنێڵ یان راوێژکاری هێزەکانی هۆڵەندا لەهەولێر کرد لەپای ئەو کارانەی، کە لەرابردوودا ئەنجامی داون لەبوارەکانی هەماهەنگی و هاوکارییەکانیان و پێدانی راوێژ بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان. 
راشیگەیاند: شانازی بە پێکەوەکارکردنی هێزی پێشمەرگە وهێزەکانی هاوپەیمانان لەنێویاندا هێزەکانی هۆڵەندا دەکەین، کە رۆڵی گرنگیان هەبوە لە یارمەتیدانی پێشمەرگە بەتایبەت لەبواری مەشق و راهێنان.
لەلایەن خۆشیەوە راوێژکاری هێزەکانی هۆڵەندا لە هەولێر گوتی: شانازی دەکەم بەوەی، کەکارم لەگەڵ کورد و پێشمەرگە کردوە و دڵسۆزی و گیانفیدایی پێشمەرگە لەبیرناکەم، گوتیشی هیوام بە پەیوەندی دۆستایەتی نێوان وڵاتەکەم و کوردستان هەیە، کە گەشەی زیاتر بە خۆیەوە ببینێ.
له‌كۆتایی دیدارەکەدا، بە بۆنەی ماڵئاوایی کردن له‌راوێژکاری هێزه‌كانی هۆڵەندا و وەک رێزلێنانێک لە به‌رامبه‌ر ئه‌رك و كاره‌كانی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ تابلۆێکی قەڵای دێرینی هەولێری لەلایەن بریکاری وەزیری پێشمەرگەوە پێشکەش کرا.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.