ئەمڕۆ دووشهمه 30-8-2021 لە دیوانى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەى نێوان وهزارهت و بانکە بازرگانییەکان بەڕێوەچوو، تا کۆدی بێ هاوتایان پێ بدرێت بۆ دابەشکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان.
دواى کۆبوونەوەکە ئاوات شێخ جەناب وەزیرى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا رایگهیاند: بەپێی یاسای چاکسازى لە هەریمى کوردستان کە لە مانگى حەوتى ساڵى 2020وە جێبەجێ کراوە، بڕگەیەکى تێدایە تایبەت بە کردنەوەى ئەژمێری بانکى بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، لەمڕۆوە ئەو بڕیارە چووهتە واری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەى مووچەخۆران لە ڕێی بانکەوە مووچەکانیان وەرگرن، ئەویش هەم بۆ پێدانى مووچە، هەروەها بۆ وەرگرتنى بارکۆدى بێ هاوتایە بۆ ئەوەى مووچەخۆران بۆ تەواوى کاروبارەکانى خۆیان ئەو ئەژمارە بەکار بێنن.
راشیگهیاند: کە یاساى چاکسازى تایبەت لە ڕێکخستنەوەى کەرتى بانکى ئەوە کارەکانى چووهتە وارى جێبەجێکردنەوە.
لەلایەن خۆیەوە د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرپەرشتیارى لیژنەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازى له كۆنگره رۆژنامهوانییهكهدا رایگهیاند: لە ساڵى 2020وە هەنگاوى زۆر جدى نراون بۆ جێبەجێکردنى یاساکە، گرنگترین خاڵیش سوودوەرگرتن بووە لە سیستمى بایۆمەترى، ئەوانەش بە بڕینى مووچەى زیادەى ئەوانەى لە مووچەیەک وەردەگرن کە تا ئێستا 20 هەزار مووچەى مووچەخۆرانى زیادە راگیراون.
ئاماژهی بۆ ئهوهشكرد: ئێستا زانیاریى تەواو بۆ هەموو وەزارەتەکان ڕەوانەکراونەتەوە و تەواوى مووچەخۆرانى مەدەنى و وەزارەتى ناوخۆش (هێزەکانى ناوخۆ) هەنگاوەکانى تەواو کراوە، بە گشتى فەرمانبەران بایۆمەترییان بۆکراوە، لەگەڵ کۆدی بێ هاوتا تەواوى زانیارییەکان لەبارەى مووچەخۆرانەوە دەکەونە دەست دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و تا ئێستاش یەک ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆر بایۆمەترییان بۆ کراوە و سیستمەکەش لە تۆمارکردن بەردەوامە.
راشیگهیاند: ئێستا کۆدی بێهاوتاى تەواوى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کراوەتەوە و رادەستى وەزارەتى دارایی کراوە و ئێستاش ڕادەستى بانکە بازرگانییەکان دەکرێت و لەو سیستمەدا پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و سیستمى ئەلیکترۆنى بانکى کارى لەسەر دەکات کە نزیکەى 20 بانک کاردەکەن و هەموویان بە سیستهمێکى ئەلیکترۆنى هەموو بانکەکان بەیەکەوە دەبەستنەوە.
عەبدولحەکیم خەسرۆ گوتیشی تا ئێستا 450 هەزار موچەخۆرلە کوردستان ئەژمێری بانکیان بۆ کراوە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.