فەرمانڕەوای نیویۆرک، ئاندرۆ کوۆمۆ رایگەیاند، بەھۆی تۆمەتەکانی ئەنجامدانی گێچەڵی سێکسی کە ئاراستەی کراون بڕیاریداوە دەست لەکاربکێشێتەوە.
ئاندرۆ کوۆمۆ دوای بەرزبوونەوەی دەنگەکان و زیادبوونی داواکارییەکان بۆ وازھێنانی لە پۆستەکەی بەھۆی بانگەشەکانی ئەنجامدانی گێچەڵی سێکسی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەست لەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.
فەرمانڕەوای نیویۆرک ئاماژەی بەوە کرد کە کارەکانی لەسەرکارلادانی چەند مانگێک دەخایەنێت و ئەمەش دەبێتە ھۆی بە فیڕۆدانی کات و پارە و نایەوێت ببێتە ھۆکاری ئەو زیانە.
ئاندرۆ کوۆمۆ کە بەردەوامبوو لە بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر ئەو بانگەشانە و کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی بە رەخنەگرتن لە راپۆرتەکەی داواکاری گشتیی نیویۆرک لیتیتا جەیمس دەستپێکرد.
فەرمانڕەوای نیویۆرک ئاماژەی بەوە کرد کە راپۆرتەکە ھەڵەی زۆری تێدا بووە و گوتی: "بانگەشەی ئەوەی کە ھەڵسوکەوتی ناگونجاوم کردووە لەگەڵ گەیشتن بە ئەنجامی گێچەڵی سێکسی، دوو شتی جیاوازن".
ناوبراو راشیگەیاند کە ئەم لێدوانانەی مانای ئەوە ناگەێنێت کە لە ناخەوە ئازاری 11 خانمی نەداوە و داوای لێبووردنی لەو خانمانە کرد.
فەرمانڕەوای نیویۆرک ئاماژەی بەوەکرد کە تەواوی بەرپرسیارێتی ھەڵسوکەوتەکانی دەگرێتە ئەستۆ، زیاد لە ئەندازە لە نزیکەوە مامەڵەی لەگەڵ خەڵک کردووە و شەرمی لە لەباوەشگرتن و ماچکردن نەکردووە و گوتی: "سنوورم لەگەڵ کەس نەبەزاندووە بەڵام نەمدەزانی سنوورەکان لە کوێ کۆتایی دێت. دەبوو لەم بابەتەدا رەچاوی جیاوازی نێوان تەمەن و کلتوورم بکردبایە، بەڵام نەمتوانی".
جێگەی باسە، جێگری یەکەمی کوۆمۆ، میلیسا دی رۆزا، دوێنێ دەست لەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.