وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند کە تا ئێستا 600 ھەزار خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، عەلی عەباس جیھانگیر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەئێستادا، 37 ھەزار خێزانی ئاوارە ماوەن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و گوتی: ئەو 37 ھەزار خێزانە ئاوارەیە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستاندا، نیشتەجێن.
گوتیشی: زۆربەی ئاوارەکانی قەزای شنگال و ناوچەکانی دەورووبەری لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن.
عەلی عەباس جیھانگیر ئاشکراشیکردووە کە بەپێی ئەوەی لای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران تۆمارکراوە، تا ئێستا 600 ھەزار خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، عەلی عەباس جیھانگیر راشیگەیاند کە دەرگای گەڕانەوە لە بەردەم خێزانە ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان کراوەیە و گوتی: گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان پەیوەستە بە ژمارەیەک ھۆکار لەوانە خواستی خێزانە ئاوارەکان لەوەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان یان دەیانەوێت لە کەمپەکاندا بمێننەوە.
بەھۆی ھێرش و پەلامارەکانی داعش بۆسەر بەشێک لە ناوچەکانی عێراق لە ھاوینی 2014دا، نزیکەی پێنج ملیۆن و 500 ھەزار عێراقی ئاوارەبوون کە بەشێکیان وەک پەنابەر روویان لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئەورووپا کردووە.
حکوومەتی عێراق: تا ئێستا 600 ھەزار خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.