Erbil 6°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 03:01

سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم: هەزاران بارزانی، تەنیا لەبەر ئەوەی کورد بوون له‌لایه‌ن رژێمی پێشووی عێراقه‌وه‌ کۆمەڵکوژ کران

کوردستان TV
100%


مه‌سرور بارزانی ، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ساڵیادی جینۆسایدكردنی بارزانییه‌كان، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایده‌گه‌ێنێت: ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانیانی یەکێک لە دڕندانەترین و گەورەترین تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە کە 38 ساڵ پێش ئێستا، لە كردەوەیەكی نەژادپەرستانەدا ، هەزاران  مرۆڤی بێتاوانی بارزانی، تەنیا لەبەر ئەوەی كورد بوون، ڕاپێچی بیابانەكانی باشووری عێراق كرد و كۆمەڵكوژی کردن.
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم  راشیده‌گه‌ێنێت: جینۆسایدکردنی بارزانیەکان، بووە دەستپێكی چەند تاوانێکی دیکەی لەنێوبردن و وێرانكردنی كوردستان، كە لە ساڵانی دواتردا، ڕژێمی بەعس لە چەند قۆناغێكدا، دەستی بە شاڵاوەکانی ئەنفال و كیمیابارانکردنی هەڵەبجە و وێرانكردنی هەزاران گوند و شارەدێی كوردستان کرد، بەمەش پڕۆسەی کۆمەڵکوژکردنی خەڵكی كوردستان و وێرانکردن و سووتماککردنی کوردستان، گەیشتە ئەوپەڕی ستەمکاریی و دڕندەیی.
مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات: ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژیە دەکەینەوە ، لەگەڵ ئەوەی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقیش، ئەنفالكردنی گەلی كوردستانی بە جینۆساید و تاوانی جەنگ ناساندووە، كەچی تا ئێستا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە قەرەبووی كەسوكاری قوربانیان نەكراوەتەوە. کە ئەركێکی ئەخلاقی و یاسایی حكومەتی عێراقە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانیان و زیانلێکەوتووانی هەمووی ئەو تاوانانە بکاتەوە کە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام دراون . 
هه‌روه‌ها راشیده‌گه‌ێنێت: لەم یادەدا ، پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراون، دووپات دەكەینەوە و ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتکردنیان درێغی ناكەین.

 له‌ كۆتاییدا مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایده‌گه‌ێنێت: سەری ڕێز و نەوازش بۆ  قوربانیانی شاڵاوی جینۆسایدی بارزانیەکان و سەرجەم شەهیدانی گەلی کوردستان دادەنوێنین ، یاد و یادەوەرییان هەمیشە زیندوو بێت.
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.