Erbil 6°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 02:09

وەزارەتى شەهیدان: جینۆسایدى بارزانییەکان تاوانێکى گەورەى دژبە بەهاکانى مرۆڤایەتى و ئایین و سروشت و گەردوونە

کوردستان TV
100%

وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان له‌ ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییه‌كان ڕاگه‌ێندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا ڕایگه‌یاند: جینۆسایدى بارزانییەکان تاوانێکى گەورەى دژبە بەهاکانى مرۆڤایەتى و ئایین و سروشت و گەردوونە کە تیایدا ٨ هەزار مرۆڤى بارزانى بێتاوان تەنها بەهۆى کورد بوون و مێژووى بەرگرى کردن و تێکۆشانیان بۆ میللەتە ئازادیخوازەکەیان جینۆساید کران .

ده‌قی ڕاگه‌ێندراوه‌كه‌:

"جینوسایدی کورد" بەڵگەی داکوکی و به‌دواداچوونی جەنابی سەرۆک بارزانی له‌ سۆراخی قوربانیانی خێزانه‌ بارزانییه‌كان، و بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان ئەنفالکراوان لە ساخکردنەوەی ٣٨ ساڵه‌ی جینوسایدی بارزانییه‌كان کە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی، جەنگ و کۆمەڵ کوژی لە قەڵەم دراوە: بەیاننامەى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە یادى ٣٨ ساڵەى قوربانیانى جینۆسایدى بارزانییەکان بەڕێزان کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان و قوربانیانى جینۆسایدى بارزانیەکان ٣٨ ساڵ بەر لەئێستا و لەڕۆژێکى وەک ئەمڕۆدا ڕژێمى بەعسى ڕووخاو لە درێژەى پیادەکردنى سیاسەتى ڕەگەزپەرستانەیدا دژ بە گەلى ستەملێکراوى کوردستان ، هەستا بەکۆمەڵکوژى بارزانییەکان , کە ئەوە سەرەتاى پیلانێکى گەورە بوو بۆ لە ناوبردن و پاکتاوکردنى ڕەگەزى گەلێک کە دەیویست لەسەر خاکەکەى خۆى بە ئازادى بژى .

جینۆسایدى بارزانییەکان تاوانێکى گەورەى دژبە بەهاکانى مرۆڤایەتى و ئایین و سروشت و گەردوونە کە تیایدا ٨ هەزار مرۆڤى بارزانى بێتاوان تەنها بەهۆى کورد بوون و مێژووى بەرگرى کردن و تێکۆشانیان بۆ میللەتە ئازادیخوازەکەیان جینۆساید کران .

ئاشکرایە هەر ڕاستەوخۆ لە پاش ڕێکەوتننامە بەدناوەکەى جەزائیرەوە ڕژێم کەوتە داڕشتنى پیلانى قەڵاچۆ کردن و لە ناوبردنى گەلى کوردستان , بۆ ئەم مەبەستەش سەرەتا مەڵبەندى تێکۆشانى سەدەیەک خەبات و زێدى شۆرشگێرانیان لە بارزان کردە ئامانج ، ئەوە بوو هەر لە ساڵى ١٩٧٧ دا هەزاران خێزانیان بەرەو دیوانیەو شارەکانى باشوورى عێراق ڕاگوێزا , بە خەیالى خۆیان بۆ ئەوەى دایان ببڕن لە چیاو گوندەکانیان و دەرفەت نەمێنێتەوە بۆ خەبات و بەرگریى , دواتر بۆ ئۆردوگاکانى قوشتەپەو بەحرکە و هەریر و گۆڕەتوو دەوروبەرى هەولێر گوێزرانەوە و پیلانى نەخوازراوى رژێمى بەعسى روخاو بەردەوام بوو بۆ ئەنجامدانى جینۆسایدى بارزانییەکان ، تا لە دواهەمین ڕۆژى مانگى تەمووزى ساڵى ١٩٨٣ یەکەمین قۆناغى ڕەشبگیریى بارزانییەکان دەستیپێکردوو بە سێ قۆناغ لە ماوەى ١٢ ڕۆژدا نزیکەى ٨ هەزار مرۆڤى بێ تاوان دەستگیرکران و لە بیابانەکاندا بێسەروشوێن کران و هەزاران خانەوادە بێ باوک و دایک بێ جگەرگۆشە و هاوسەر ماڵوێران کران و لە دواى ئەو تاوانە کەوتنە ژێر بارى سەختى پەروەردەکردنى خێزان و منداڵەکانیان و لەوپێناوەدا تەمەنى خۆیان لەگەڵ رەنج و چاوەڕوانى کەسوکارە جینۆساید کراوەکان بەسەربرد.

خانەوادەى ستەملێکراوان و قوربانیانى جینۆساید وەنەبێ ڕژێم بە جینۆسایدى بارزانییەکان کۆتایى بە پیلانەکەى هێنابێ ، بەڵکو بە ئامانجى سڕینەوەى بوونى نەتەوەییمان بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتى قڕکردن و لەناو بردنى گەلەکەمان بە وێرانکردنى گوندەکان و ڕاگواستنى دانیشتووانەکەى لە ژێر ناوى (پرۆسەکانى ئەنفال) هەروەها کیمیابارانکردنى هەڵەبجە لە ساڵى ١٩٨٨ و چەندین ناوچەى ترى کوردستان ، کە دواجار هەموو ئەو تاوانکارییانە لە ژێر ڕۆشنایى یاساو پەیماننامە و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکاندا بەبوونى سەدان گۆڕى بەکۆمەڵ و هەزاران بەڵگەى یاسایى بە جینۆساید هەژمارکران و بە بڕیارى دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق لە ساڵى (٢٠١١) وەک تاوانى جینۆساید و دژى مرۆڤایەتى و جەنگ لە قەڵەمدرا .

کەس و کارى سەربەرزى شەهیدان لە کاتێکدا کە ئەم یادە کارەساتبارە ئەکەینەوە ، وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەى چارەنووسى قوربانیان ، چونکە تا ئەمڕۆش روفاتى بەشێکى زۆریان لە بیابانەکاندا گۆڕەکانیان نادیارە و لە هەوڵى بەردەوامداین بۆ دۆزینەوەى گۆرەکانیان و گەڕانەوەى ڕووفاتەکانیان . ئەگەرچى ئەم تاوانە بێ وێنەیە زامێکى قوڵى جەستەى نەتەوەکەمانە و ساڕێژبوونى ئەستەمە ، بەڵام مایەى شانازییە بۆ ئێوە و میلەتەکەمان بە گشتى کە ئەو شەهیدە سەربەرزانە لە یاد و زاکیرەى بە کۆمەڵى ملیۆناندا زیندوون و سەرچاوەى ئیلهامى ژیان و بەرخودانن و ئەنجامدەرانى ئەو تاوانە گەورەیەش لە دۆزەخى بیرەوەرى مرۆڤایەتى و مێژوودان .

هەرچەندە لەم ساڵدا بەهۆى بڵاو بوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و ڕێکارەکانى خۆ پارێزى تەندروستى نەتوانراوە وەک ساڵانى پێشووتر ئەم یادە بکرێتەوە ، بەڵام وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى بەرنامەى حکومەت ، هەموو تواناکانمان دەخەینەکار تا خزمەتى شایستە پێشکەش بە کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان و ئەنفالکراوان بکەین و یادى قوربانیەکان بەرز ڕابگرین و کاردەکەین بۆ بە جینۆساید ناساندنى ئەو تاوانانەى دەرحەق بە گەلەکەمان کراون،بەپێویستى دەزانین حکومەتى عێراقى فیدراڵ ئەرک و پابەندبوونى دەستوورى ویاسایى و بڕیارەکانى دادگا جێبەجێ بکات. نەمرىی بۆ قوربانییانى جینۆسایدى بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانى ڕێگاى ڕزگاریى کورد و کوردستان سەربەرزى و شکۆمەندىی بۆ کەسوکاریان .

وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.