مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە، بەبۆنەی 80 ساڵیادی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی ساڵەی دامەزراندنی پارتی، ئێوارە ئاهەنگێکی شایستەی ساز کرد. لە ئاهەنگەکەدا دکتۆر قەحتان تەها، باڵیۆزی عێراق لە قاهیرە و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسی، ئەکادیمی، ڕۆشنبیر، پەرلەمانتار و میدیاکاران، لەگەڵ کۆمەڵێک لە قوتابیانی کورد و عێراقی ئامادە بوون.
دکتۆر قەحتان تەها، باڵیۆزی عێراق لە میسر، لە گوتارێکدا پیرۆزبایی ئەم دوو بۆنەیەی لە سەرکردایەتی و لایەنگرانی پارتی کرد و ڕایگەیاند؛ بەشداریکردنی لەم یادەدا وەک ڕێزگرتنێکە لە خەباتی 8 دەیەی ڕابردووی ئەم حزبە و ڕۆڵی کاریگەری لە ژیانی سیاسی و نەتەوەیی عێراقدا. جەختیشی کردەوە کە پارتی بەشدارێکی سەرەکی بووە لە چەسپاندنی فرەیی و بەهێزکردنی ڕێبازی دیموکراسی لە وڵاتدا.
باڵیۆزی عێراق داوای کرد ئەم یادە ببێتە هەوێنێک بۆ نوێکردنەوەی پابەندییەکان بە کاری نیشتمانی هاوبەش و دانانی بەرژەوەندییەکانی عێراق لە سەرووی هەموو ڕەچاوکردنێکەوە. هەروەها ستایشی ڕۆڵی شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە قاهیرەی کرد لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و میسر.
شێرکۆ حەبیب، بەرپرسی مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە، وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی، مۆمێکی دیکەیە بۆ ڕێگای گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان. گوتیشی: ئەم یادە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی، کە درێژەپێدەری ڕێبازی بارزانی نەمر و کەسایەتییەکی دیاری بزووتنەوەی نەتەوەییە.
حەبیب جەختی کردەوە کە پارتی لە سەرەتای دامەزراندنیەوە یەکەم حزب بووە دروشمی دیموکراسی بۆ عێراقی بەرزکردووەتەوە و دیدگای حزبەکەش بۆ عێراق لەسەر بنەمای شەراکەت و ڕێزگرتن لە هەمەجۆرییە، نەک باڵادەستی و سڕینەوەی لایەنی بەرامبەر.
بەرپرسی مەکتەبی پارتی لە قاهیرە ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ بونیاد دەنێت. لە هەمان کاتدا، بە توندی هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی شەرمەزار کرد و بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق و نۆرمە دیپلۆماسییەکانی ناوبرد.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، دوو فیلمی دۆکیومێنتاری دەربارەی مێژووی پارتی و ژیان و خەباتی سەرۆک بارزانی نمایش کران، لەگەڵ نیشاندانی چەندین وێنەی مێژوویی کە گوزارشتیان لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی گەلی کورد دەکرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.