دادگای رەسافەی بەغدا بە بڕیارێکی دادوەری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی ڕاگرت و سیروان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارەکانی دژی کۆڕەک تیلیکۆم ڕاگیران و جێبەجێ ناکرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23ـی ئابی 2026، دادگای رەسافەی بەغدا بڕیارێکی دەرکرد بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم.
سیروان بارزانی، خاوەنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: "هەر وەک گوتم، بڕیاری نادادپەروەرانەی سەرۆکی دەستەی گەیاندنی عێراق نایاسایی بوو، بۆیە ئەمڕۆ سەلمێندرا و بڕیاری فەرمانساڵاری (أمر ولائي) لە دادگای رەسافەی بەغدا دەرچوو بۆ ڕاگرتنی ئەو بڕیارەی دژی کۆرەک تیلیکۆم دەریکردبوو".
سیروان بارزانی گوتی: بڕیارەکانی دژی کۆڕەک تیلیکۆم ڕاگیران و جێبەجێ ناکرێن.
پێشتر، دەستەی گەیاندنی عێراق ئاشکرای کردبوو کە بەهۆی پابەندنەبوونی بە ڕێنماییەکان، نووسینگەی سەرەکیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە ناوچەی جادریە و سێ بنکەی دیکەی فرۆشتنی لە بەغدا داخستووە. هاوکات هەڕەشەی راگرتنی تەواوەتیی خزمەتگوزارییەکانی کۆڕەک تیلیکۆمی دەکرد. لە بەرانبەردا، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ئەو هەنگاوانەی بە نایاسایی و سیاسی لە قەڵەم دا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.