ئهمڕۆ چوارشەممە26ی ئاب، دەزگای قەزایی ئێران لەسێدارەدانی دوو کەسی بە تۆمەتی ئەنجامدانی سەدان دزی چەکداریی و تهقهكردن له هێزه ئهمنییهكان لە چەند پارێزگایەک ڕاگەیاند.
ماڵپەڕی "میزان ئۆنلاین"ی نزیك له دەزگای دادوەری بڵاویکردەوە، (برا حەمەد و سەعید نەجەفی) دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکانی لێکۆڵینەوەی دادوەری و پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدان لەلایەن دادگای باڵاوە بە هەڵواسین لەسێدارە دراون.
ئاماژەی بەوەشکردووه، ئەو دوو کەسە تۆمەتبارکراون بە بڵاوکردنەوەی گەندەڵی و دروستكردنی پشێوی و هەروەها ئەنجامدانی کۆمەڵێک تاوان، لەوانە دزی چەکداریی بەرفراوان، هەڵگرتنی چەکی ئاگرین و تەقەمەنی نایاسایی، تەقەکردن لە کارمەندانی ئەمنی و خەڵک و بڵاوکردنەوەی تیرۆر.
ماڵپەڕی میزان، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەوان بەشێک بوون لە باندێک کە زیاتر لە 200 دزی چەکدارییان ئەنجامداوە، لەوانە هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکانی پارێزگاکانی تاران، ئەلبۆرز، مازەندەران، قوم و ئیسفەهان.
بەپێی ئامارهكانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران کە بنکەکەی لە نەرویج و پاریسە، دەسەڵاتدارانی ئێران لە ساڵی ڕابردوودا تاكۆ ئێستا لانیکەم هەزار و 639 کەسیان لە سێدارە داوە .
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان، لەوانە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئێران ئەو وڵاتەیە کە زۆرترین سزای لەسێدارەدان بەکاردەهێنێت، دوای چین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.