پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەهۆی لافاوێکی وێرانکەر و ڕووچوونی زەوی لە چەند ناوچەیەکی نیپاڵ، لانی کەم 95 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی تریش بێسەروشوێنن. لە ناو بێسەروشوێنەکاندا ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری بیانی و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان هەن، ئەمەش وایکردووە وڵاتانی دراوسێ بە پەلە بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردندا بکەن.
ئەبی ناریان کاڤلی، وتەبێژی پۆلیسی نیپاڵ، ڕایگەیاند کە تا ئێستا گیانلەدەستدانی 95 کەس پشتڕاستکراوەتەوە، لە کاتێکدا لانی کەم 28 ئەفسەری پۆلیس لە ناو بێسەروشوێنەکاندان. بەرپرسانی گەشتیاری ئاماژە بەوە دەکەن کە 384 گەشتیار بێسەروشوێنن، کە 291یان خەڵکی ئەمریکا، بەریتانیا، مالیزیا و وڵاتانی ترن. هەروەها گومان دەکرێت ژمارەیەکی زۆر زیارەتکاری هیندی کە بە مەبەستی ئایینی بەرەو چیاکانی تیت چوو بوون، لە ناو لافاوەکەدا گیریان خواردبێت.
لافاوەکە دوای ئەوە دروستبوو کە ڕووباری "بەوتیکۆشی" و چەند ڕووبارێکی تری ناوچەکە ئاستی ئاویان بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرزبووەوە، ئەمەش بووەتە هۆی وێرانکردنی چەندین گوند، ڕێگەوبان و وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا. حکووومەتی نیپاڵ داوای هاوکاریی بەپەلەی لە چین و هیندستان کردووە؛ لای خۆیەوە شی جین پینگ، سەرۆک کۆماری چین، فەرمانی بە هێزەکانی وڵاتەکەی کردووە هەڵمەتێکی گەڕانی فراوان لەسەر سنوورەکان دەستپێبکەن و نەرێندرا مودی، سەرۆک وەزیرانی هیندستانیش، ئامادەیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی دەربڕیوە.
ناوچەی هیمالایا لە نیپاڵ ساڵانە لە وەرزی بارانباریندا ڕووبەڕووی کارەساتی سروشتیی هاوشێوە دەبێتەوە، بەڵام ئەمساڵ قەبارەی وێرانکارییەکان و ژمارەی قوربانییە بیانییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. شارەزایانی ژینگە هۆکاری چڕبوونی ئەم لافاوانە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و تێکچوونی هاوسەنگیی سروشتی ناوچە شاخاوییەکان دەگێڕنەوە، کە بووەتە هۆی ئەوەی لافاوە کتوپڕەکان بە هێزێکی وێرانکەرترەوە ناوچە نیشتەجێبوونەکان بگرنەوە و ژێرخانی گوندەکان لەناو ببەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.