Erbil 16°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 15:22

جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی: دۆسیەی مووچەی پلە باڵاکان یەکلا دەکرێتەوە

کوردستان TV
100%


 جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، لە كۆی ئەو بەدواداچوونانەی كراون، لە هەموو هەرێمی كوردستاندا 1900 كەس بە پلەی باڵا خانەنشین كراون و تا ئێستا دۆسیەی 1418 كەس یەكلا كراونەتەوە، كە لەو ژمارەیە 715 كەس هیچ ئەوەلیاتێكی فەرمییان نەبووە و دەركەوتووە بە نایاسایی خانەنشین كراون.
سەعید هەركی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت: لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا وەك لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان لە هەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ یەكلاكردنەوە و وردبینیكرن لە دۆسیەی مووچەی پلە باڵاكان (وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، ڕاوێژكارەكان، ئەندامانی پەرلەمان)، بۆ ئەوەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداردا كۆبووینەوە.
ده‌شڵێت: خۆشبەختانە ئەوەی تا ئێستا كراوە ئەنجامی دڵخۆشكەر هەبووە و توانیمان بگەینە دەرەنجامێكی ڕوون، بۆ نموونە، وردبینی لەسەر 80 فایل كراوە و تەنها 33 كەس پلەی حەقیقیی وەزیریان هەیە، 168 كەس بە بریكاری وەزیر خانەنشین كراون. هەروەها وردبینی لە فایلی 148 كەس كراوە و دەركەوتووە تەنها 67 كەس پلەی فیعلیی بریكاری وەزیریان هەیە و 81 كەسیش  هیچ ئەوەلیاتێكیان نەبووە، بە دیاریكراویش تا ئێستا لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی 1418 كەس لە پلە باڵاكان تەواو بووە و تەنها 52 ناو ماون، كە لەم ڕۆژانەدا یەكلا دەبێتەوە.
سەعید هەركی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان راشیده‌گه‌ێنێت: بەپێی بڕیاری 76ی ئەنجومەنی وەزیران، هەر كەسێك بە پلەی نایاسایی خانەنشین كرابێت و ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەو پلەیەیان نەبینبێت، لێیان وەردەگیرێتەوە و مووچەكانییان ڕادەگیرێت، بێگومان ڕەنگە لە یەك تا دوو مانگی داهاتووشدا تەواوی ئەو مووچانە ڕابگیرێن، چونكە هێشتا وردبینكردن لە ناوەكان بەردەوامە.

ڕاشیگەیاند، هەر بەپێی بەدواداچوونەكانی ئەوان، ئەو مووچەیەی كە مانگانە بۆ پلە باڵاكان خەرج كراوە، نزیكەی 4 ملیار دینار بووە، بۆیە  ئەگەر پرۆژەی چاكسازی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، بۆ هەر مانگێك دوو ملیار و هەروەها كۆی ساڵانەش 24 ملیار بۆ سەرەوە بۆ خەزینەی حكوومەت دەگەڕێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.