ئەمڕۆ یەکشەممە 4 ی تەممووزی 2021 ئەنجومەنی باڵای ئابووری هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی دۆخی ئابووری و ڕێکخستنەوەی داهاتی گشتی و باشترکردنی بژێوی هاووڵاتیان تاووتوێ کرا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە کاری لەپێشینەی حکومەت، دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەت ، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ لە پێناو برەودان بە داهاتە گشتییەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان بۆ ئەوەی بتوانێت هاوکات لەگەڵ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران ، بەردەوامیش بێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئەنجامدانی پڕۆژەکان و ڕەخساندنی هەلیکار بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ، ڕێکخستنەوەی باج و رسومات و میکانیزمی کۆکردنەوەی باجەکان تاووتوێ کرا و بڕیاردرا ، جێگری سەرۆکی حکومەت ، سەرپەرشتی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی باج و رسومات بکات.
دووپاتیشکرایەوە کە کابینەی نۆیەم هیچ باجێکی زیاد نەکردووە ، بەڵکو تەنیا شێوازی کۆکردنەوەی باجەکانی ڕێکخستووەتەوە و ئەو باجانەی پێشتر بە پێی یاسا دانراون، کۆیان دەکاتەوە بە بێ ئەوەی کاریگەرییەکی نەرێنی لە سەر بژێوی هاووڵاتیان و بەتایبەتی چینی هەژار ومام ناوەندی کۆمەڵگە و جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەبێت.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها جەخت لە دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و دیاریکردنی نرخ و ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و بەرزبوونەوەی نرخ کرا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییانە بە ڕەچاوکردنی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و بەکاربەرانی هەرێمی کوردستان
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا و لە پێناو کارئاسانیکردن بۆ وەبەرهێنەران و نەهێشتنی ڕووتین و لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا، بڕیاری دابەزاندنی دەسەڵاتەکانی تایبەت بە کەرتی وەبەرهێنان ومۆڵەتدان بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان درا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.