Erbil 20°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 14:36

وەزارەتی شارەوانی و ئاژانسی VNGی هۆڵەندی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد

کوردستان TV
100%


وه‌زیری شاره‌وانی: واژووكردنی ئەو یاداشتنامەیە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی ئابووری و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هۆڵەندا و رەخساندنی هەلی كار بۆ هاووڵاتییان.

له‌راگه‌یاندراوێكدا وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزاری هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 23 - 5 - 2021 ، یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن بۆ باشكردنی توانای خۆگونجاندنی كۆمەڵگەكانی خانەخوێ و ئاوارە و پەنابەران لە عێراق و هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی ئابووری و رەخساندنی هەلی كار، لەلایەن وەزارەت و ئاژانسی هەماهەنگی نێودەوڵەتیی كۆمەڵەی شارەوانییەكانی هۆڵەندا واژوو كرا.
له‌راگه‌یاندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تدا هاتووه‌: كە ئەم رێككەوتننامەیە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی ئابووریی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هۆڵەندا و رەخساندنی هەلی كار بۆ هاووڵاتییان.
ده‌قی راگه‌یاندراوی وه‌زاره‌ت:
ئەمڕۆ یەكشەممە (23ی ئایاری 2021) بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و میشێل لیت ئاخت نوێنەری ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی كۆمەڵەی شارەوانییەكانی هۆڵەندا و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی و بەرێوەبەرانی وەزارەتی شارەوانی و تیمی ئەندازیاران و نوێنەری ئاژانسی VNG ڕێوڕەسمی واژووكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و ئاژانسی VNG لەلایەن ساسان عەونی وەزیری  شارەوانی و گەشتوگوزار و نوێنەری ئاژانسی VNG سەبارەت بە باشكردنی توانای خۆگونجاندنی كۆمەڵگەكانی خانەخوێ و ئاوارە و پەنابەران لە عێراق و هەرێمی كوردستان واژوو كرا.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی ڕێوڕەسمەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا ناوەڕۆك و گرنگیی لێكتێگەیشتنەكەی بۆ میدیاكان و ئامادەبووان خستەڕوو و لە بەشێكی وتارەكەیدا سەبارەت بە پرۆژەكە  ئاماژەی بەوە كرد كە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی شارەوانییەكانی هۆڵەندا VNG، یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن بۆ باشكردنی توانای خۆگونجاندنی كۆمەڵگەكانی خانەخوێ و ئاوارە و پەنابەران لە عێراق و هەرێمی كوردستان، واژوو كرد. گوتیشی: ئەم پرۆژەیە لەلایەن فەرمانگەی هاوكاریی مرۆیی و سەقامگیری لە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا، بەشێوەی بەخشەر، پارەی بۆ تەرخان دەكرێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەمڕۆوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
سەبارەت بە گرنگی یاداشتنامەكە و كاریگەری لەسەر پەرەپێدانی هەماهەنگی و  پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لایەنی حكوومەتی هەرێم و هۆڵەندا گوتی: بە واژووكردنی ئەم یاداشتنامەیە، قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی ئێمە و حكوومەتی هۆڵەندا بۆ ئاستێكی باشتر و بەرەوپێشچوونی زیاتر دەستپێدەكات، ئاواتەخوازین لەدوای واژووكردنی ئەم لێكتێگەیشتنە بواری زیاتری هاوكاری و پاڵپشتی رێكخراوە هۆڵەندییەكان بە پرۆژە و واژووكردنی یاداشتنامە و كاری گەورەتر لەنێوان دامودەزگەی حكوومەتی هۆڵەندا و رێكخراوەكانیان، لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێتە ئاراوە.
سەبارەت بە هاوكاری و كارەكانی ئەو ئاژانسە لە رابردوودا لەگەڵ دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە كرد كە ئاژانسی  VNGی هۆڵەندی لە چوارچێوەی پرۆگرامەكانی MASAR  و LOGOREP2 پێشتریش لە چەندین سێكتەری دیكەدا هاوكاری و پاڵپشتیی فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لە سنووری پارێزگای دهۆك و هەولێر كردووە، لە بواری ئاو و ئاوەڕۆ و كردنەوەی زنجیرەیەك خولی هەمەجۆر بۆ كارمەند و ئەندازیارانی بەڕیوەبەرایەتیی ئاوی دهۆك و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری دھۆک و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆکانی دھۆک، پرۆژەی سندوقی كۆكردنەوەی جلوبەرگ بۆ كەسانی كەمدەرامەت و كەمپی ئاوارەكان بە ھاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی دھۆک، هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری راوێژکاری لە بواری کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک و كردنەوەی وۆرك شۆپ و سازكردنی سیمینار و ڕاهێنانی فەرمانبەران لەسەر بابەتە هەمەجۆرەكان.
سەبارەت بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی یاداشتنامەكە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ: ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە گرنگییەوە لە واژووكردنی ئەو لێكتێگەیشتنە دەڕوانین و لەپێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیانمان پابەند دەبین بە جێبەجێكردنی خاڵەكانی، بە دڵنایییەوە تەواوی پاڵپشتیی بەهێزی پڕۆژەکە دەکەین و هەماهەنگی پێویست بۆ سەرجەم چالاکییەکانی دەکەین و کارمەندی پێویست و تایبەتمەند بۆ ڕاپەراندنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە دابین دەکەین و هەرچی پێویست بێت بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوە لەسەر ئەنجامەکان و هەڵسەنگاندن و هەماهەنگی و چاودێری پێشوەچوون لەگەڵ لیژنە ڕاوێژکارییەکان دەکەین.


دارشتنه‌وه‌ی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.