ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، هەر ئەگەرێک بۆ ناردنی هێزی سەربازیی وڵاتانی ئەوروپا بۆ خاکی ئۆکراینا، بە واتای تێوەگلانی ڕاستەوخۆ لە جەنگ لەگەڵ ڕووسیا دێت.
پووتین لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان، کە لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە لووتکەی (18)ـی سەرکردەکانی گرووپی "بریکس" لە نیودلهێ ئەنجامیدا، جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ هیچ نیازێکی بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی ئەوروپا نییە. ئاماژەی بەوەشدا کە دەستەبژێری ئەوروپی بە مەبەست هاووڵاتییانی خۆیان بە بیانووی "هەڕەشەی ڕووسی" دەترسێنن، لە کاتێکدا هیچ پاساوێک بۆ ململانێ لەگەڵ ئەوروپادا بوونی نییە.
سەبارەت بە دۆخی ئەوروپا و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان لە ئەڵمانیا، پووتین ئەو دەرەنجامانەی بۆ "هەڵە سیستەماتیکەکان"ی سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا گەڕاندەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووریدا. گوتیشی: "دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، ڕۆژئاواییەکان گەیشتنە قۆناغێک کە پێیانوابوو هەموو شتێک ڕێگەپێدراوە."
سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو قەیرانەی ئێستا لە ئۆکراینا هەیە، ئەنجامی پیلانێکی ڕۆژئاوایە بۆ لکاندنی کیێڤ بە هاوپەیمانیی ناتۆوە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخە تراژیدییەیە کە ئێستا ئۆکراینا تێیکەوتووە.
پووتین لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەبارەت بە پەیوەندییە ئابوورییەکان ڕەخنەی لە سیاسەتی وزەی ئەوروپا گرت، بەتایبەت وازهێنانیان لە گازی سروشتیی ڕووسیا و پەنابردن بۆ سەرچاوەی تر بە تێچوویەکی زۆر گران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.