Erbil 31°C یەکشەممە 13 ئەیلوول 17:37

لە کۆنگۆ ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی ئیبۆلا 7 هەزار کەسی تێپەڕاند

100%

دەسەڵاتدارانی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ ڕایانگەیاند، ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە وڵاتەکەدا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و لە 7000 حاڵەت تێپەڕیوە، ئەمەش بە خراپترین بڵاوبوونەوەی ئەم پەتا مەترسیدارە لە مێژووی ئەو وڵاتە دادەنرێت.

بەپێی دواین ئامارە فەرمییەکانی کۆنگۆ، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم شەپۆلەی پەتاکەدا 7022 حاڵەتی تووشبوون تۆمار کراوە. لەو ژمارەیەش 3398 کەس گیانیان لەدەست داوە و 1671 کەسی دیکە بە تەواوی چاک بوونەتەوە.

پەتاکە سەرەتا لە پارێزگای ئیتوری لە باکووری ڕۆژهەڵات سەری هەڵدا، پاشان بۆ ناوچە دوورەدەستەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور گوازرایەوە کە بەهۆی ململانێ سەربازییەکانەوە ژێرخانی تەندروستییان زۆر لاوازە. ئەم هەفتەیە بۆ یەکەمجار حاڵەتەکانی تووشبوون گەیشتنە پارێزگای حەوتەم، کە پارێزگای باشووری ئۆبانگییە و هاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئەفریقای ناوەندی و کۆنگۆ-برازافیل.

ئەم شەپۆلە لە ڤایرۆسەکە بەهۆی سلالەی بۆندێبۆگیۆوە دروست بووە، کە تاوەکو ئێستا هیچ ڤاکسین یان چارەسەرێکی پەسەندکراوی بۆ نەدۆزراوەتەوە. ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی بەرکەوتنی شلەکانی لەشەوە دەگوازرێتەوە و دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی توندی ناوەکی و دەرەکی، هەروەها پەککەوتنی ئەندامانی لەش.

شارەزایانی تەندروستی هۆشداری دەدەن کە بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە ناو قوتابخانەکاندا بەتایبەت لە پارێزگای ئیتوری، بووەتە مایەی نیگەرانییەکی زۆر بۆ کەسوکاری قوتابیان و کارمەندانی تەندروستی.

شایەنی باسە، لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا، ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کیشوەری ئەفریقادا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 15000 کەس.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.