Erbil 27°C شەممە 21 ئەیلوول 09:32

وەزیری تەندروستی: بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هەموو جیهانی خستووەتە دۆخێکی نالەبار

کوردستان TV
100%

لە ڕۆژی جیهانی تەندروستیدا د. سامان حسین بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ رایگه‌یاند: بە دروشمی ئەمساڵی ڕۆژی تەندروستی جیهانی، (بەیەكەوە دەتوانین بگەینە جیهانێكی دادپەروەرانەتر و تەندروستتر).

‏‎7ی نیسانی هەموو ساڵێک دیاریکراوە وەك رۆژی تەندروستی جیهانی و تیایدا گرنگی و پێویستی ڕەهەندەکانی تەندروستی بە بیر کۆمەڵگاکان و دەسەڵاتداران و سەرچاوە مرۆییەکانی سیستەمەکانیی تەندروستی دەهێنێتەوە، دەرفەت و هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی لەنێو تاکەکانی جیهان دەهێنێتە بیر و هزری هەمووان، هەرێمی كوردستان لەكات و ساتێكی هەستیار ئەم یادە دەكاتەوە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەموو جیهانی خستووەتە دۆخێكی نالەباری تەندروستی، تەندروستی تەنها خۆپاراستن نیە لە نەخۆشی و پەككەوتەیی بەڵكو تەواوبوونی جەستەو هزروباری كۆمەڵایەتی مرۆڤ ئامانجی یادكردنەوەی ئەم رۆژەیە لە سەرتاسەری جیهان.

‏‎بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی وانەیەكی گرنگە بۆ هەستكردن بەوەی كە خۆپاراستن زۆر گرنگترە لە چارەسەر، کابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەردەوام بایەخی بە سێكتەری تەندروستی داوەو لە پێشینەی كارەكانی بووە بە تایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆیە لەم رۆژەدا زۆر گرنگە بایەخێكی تەواو بە تەندروستی خۆمان بدەین، چونكە لە دۆخی كۆڕۆنا بایەخدان بە تەندروستی تاكەكەسی واتە پاراستنی تەندروستی كەسانیتر و بەمەش كۆمەڵگایەكی تەندروست بنیات دەنێین.

رێكارەكانی چاكسازی حكومی هەرێمی كوردستان لە كەرتی تەندروستی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێتە قۆناغێكی گرنگ بۆ پاراستنی هاوونیشتمانیان لە رووی دەروونی و جەستەیی، هەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا تاوەكو ئێستاش حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام هانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی داوە بۆ ئەوەی خزمەت بە هاوڵاتیان بكات چ لەرووی ماددی و هەم لەڕووی مەعنەوی سەرباری ئەو دۆخە داراییە سەختەی كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕدەبێت.

دیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ کە راگەیاندرا بێگومان هاندەرێک دەبێت بۆ ئەوەی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەران بەو پەڕی دڵسۆزیەوە ئاگاداری تەندروستی هاوونیشتمانیانی خۆیان بن کە جێگای خۆیەتی سوپاس و دەستخۆشی لە جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بۆ بەردەوام گرنگی پەرۆشی بەڕێزیان لەپێناو بەرژەوەندی تەندروستی هاووڵاتیان.

‏‎بەم بۆنەیەوە، جارێکی تر سوپاسێكی گەرم و بێپایەنی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی كەرتی تەندروستی هەرێمی كوردستان دەكەین كە لە هێڵی پێشەوەی رووبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنان و شەونخوون و ماندووبوونیان مایەی سەرکەوتن و سەلامەتی هاوڵاتیانە، هەر بەم بۆنەیەوە سەری رێزو نەوازش دەنوێنین بۆ قوربانیانی ئەم پەتایە بە گشتی و قوربانیانی كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، لە هەمان کاتدا بەڵێن و ئەرکمان دووپات دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لەسەر چاکردن و ڕیفۆرم کردنی سیستەمی تەندروستی و خزمەتکردنی هاووڵاتیان و بەرەوپێشبردنی ڕەوشی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان.

د. سامان حسین بەرزنجی
وەزیری تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
7 نیسان 2021

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.