Erbil 16°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 15:17

ئیسرائیل بۆ گواستنه‌وه‌ی گازی سروشتی درێژترین و قوڵترین پڕۆژه‌ له‌ژێر ده‌ریادا دروست ده‌کات

کوردستان TV
100%

یوڤال شتاینتز، وه‌زیری وزه‌ی ئیسرائیل، رایگه‌یاند وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌ی كاری ھاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ توركیا.

یوڤال شتاینتز له‌ رێپۆرتاجێكیدا بۆ میدیا روومییه‌كان، باسی له‌ پرۆژه‌ی ھێڵی بۆری گازی سروشتی رۆژھه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست (Eastmed) كرد.

وه‌زیری وزه‌ی ئیسرائیل، یوڤال شتاینتز ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ پرۆژه‌ی  Eastmed، گازی سروشتی ئیسرائیل و ئیداره‌ی روومی له‌ باشووری قوبرس ده‌گه‌ێنێته‌ ئه‌ورووپا و گوتی: "ئه‌م پرۆژه‌یه‌ تا بڵێی گرنگه‌. ده‌بێته‌ درێژترین و قوڵترین پرۆژه‌ كه‌ له‌ژێر ده‌ریادا دروست ده‌كرێت. ھیوادارین ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌مڕۆوه‌ له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵدا ته‌واو بكرێت".

یوڤال شتاینتز ئه‌وه‌ی راگه‌یاند كه‌ ئیسرائیل، گرنگی به‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌دات و پاڵپشتی ده‌كات و به‌رگریی له‌وه‌ كرد كه‌ ته‌ل ئه‌بیب و قوبرسی باشوور خاوه‌نی پرۆژه‌ی وه‌كو Eastmedن كه‌ دوو یان سێ ھێڵی بوری گازیان ھه‌یه‌.

وه‌زیری وزه‌ی ئیسرائیل، یوڤال شتاینتز ئه‌وه‌ی وه‌بیرھێنایه‌وه‌ كه‌ پێشتر گفتوگۆ له‌باره‌ی ھه‌نارده‌كردنی گازی ئیسرائیل بۆ توركیا ھه‌بووه‌، به‌ڵام نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌نجام و گوتی: "ئومێده‌وارم رۆژێك توركیا به‌شداربێـت له‌ ناوچه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ دیداری گازی رۆژھه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست. له‌ بری پێكدادان به‌شداریكردن ھه‌ڵده‌بژێرێت، ئومێده‌وارم ھه‌ڵوێسته‌كانی بگۆڕێت، ئێمه‌ ئاماده‌ین كاری ھاوبه‌ش له‌گه‌ڵ توركیا بكه‌ین. ده‌مانه‌وێت توركیا، له‌بری سه‌رچاوه‌یه‌كی پێكدادان وه‌كو ھاوبه‌شێكی ناوچه‌یی ببینین".

دوێنێ یوڤال شتاینتز سه‌ردانی باشووری قوبرسی كرد و به‌شداری له‌ رێوره‌سمی واژووكردنی یاداشتنامه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی تۆڕی كاره‌بای نێوان ئیسرائیل، یۆنان و ئیداره‌ی روومی له‌ باشووری قوبرس كرد.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.