Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 01:05

 چوار هاوڕێکەی شەکرە بناسە!

رەق بوون و گیرانی بۆرییە بچووکەکانی خوێن
کوردستان TV
100%

نەخۆشی شەکرە ناسراوە لای هەمووان کە بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکرە لە ناو خوێندا، خودی ئەم حاڵەتە زۆرجار بێ نیشانەیە، بەڵام هەندێک نەخۆش هەستی پێ دەکەن بەوەی کێشیان دا دەبزێت یان میز زۆر دەکەن و شەو خەبەریان دەکاتەوە چەند جارێک یان دەمیان ووشک دەبێت و زوو زوو تینویان دەبێت و زۆری دیکە. 
بەڵام شەکرە زۆربەی جار، تۆ بڵێ لە سەدا ٥٠، بە تەنیا خۆی نایەت بەڵکو کۆمەڵێک نەخۆشیی دیکەش دێنێت لەگەڵ خۆی کە ئێستا باسیان دەکەین. ئەمە گرنگە چوونکە دەبێت پزیشکەکەت لەگەڵ دەست نیشان کردنی شەکرەکە کار بکات لەسەر دۆزینەوە و چارەسەری هاوڵەکانی شەکرە.
گروپی یەکەم\ نەخۆشی رەق بوون و گیرانی بۆرییە گەورەکانی خوێن: ئەمە مل دەنێت بەرەو جەڵتەی دڵ و جەڵتەی دەماغ. یەک بەیەکی هۆکارەکانی درووست بوونی ئەم حاڵەتە دەبێت چارەسەر بکرێن وەکو بەرزی پەستانی خوێن (زەخت) و بەرزی چەوری خوێن و کێش زۆری و قەڵەوی و کەم جووڵەوەیی و تەمەڵی. پێویستە نەخۆش دەرمانی دژە چەوری خوێن بەکار بهێنێت گەر بێت و چەورییەکانیشنی نۆرماڵ بن!
گروپی دووەم\ رەق بوون و گیرانی بۆرییە بچووکەکانی خوێن: ئەمە تووشی پەک کەوتنی گورچیلە و پەک کەوتنی دەرمارەکانی لاشە و لە دەستددانی بینینی جاوت دەکات. گرنگە هەر لە سەرەتاوە پزیشک یەک بە دوای یەکی ئەمانەدا بگەڕێت و چارەسەریان بکات هەتا نەگەنە خراپ بوونی تەواو. 
خۆش بەختانە ئەم گروپە زۆربەی زۆری تەنها بە رێک کردنەوەی رێژەی شەکرەکە لە خوێندا چارەسەر دەبن. واتە تەنها کۆنترۆڵی شەکرەکەت بکەیت زۆر گرنگە.
گروپی سێییەم\ لە دەستددانی هێزی جووت بوون. ئەم حاڵەتە لە پیاواندا ڕوو دەدەن، زۆر جار نەخۆش دەی بەستێتەوە بە پیر بوونەوە، بەڵام خۆی شەکرەکە دەیکات. چارەسەری هەیە بەڵام جۆرا و جۆرە و یەکەم هەنگاو بە کۆنترۆڵی شەکرەکە دەست پێ دەکات.
گروپی چوارەم\ برین و کون بوونی پێ و قاچەکان: ئەمەشیان هۆکاری زۆرە، سەرەتا کۆنترۆڵی شەکرەکە گرنگە، پاشان هەندێک ئامۆژگاری کە چۆن ئاگادری بێت، دوواتر چارەسەری دەست بە جێ.
شەکرە هاوەڵی دیکەشی هەن بەڵام ئەوانە کەمترن بۆیە باسمان نەکرد. لە بیرت بێت کاتێک پشکنینی خوێن دەکەیت بۆ شەکرە و ئەتەوێت بزانیت چۆنە،دایم ئاگات لە هاورێکانی شەکرەش بێت. ڕاستە ئەمە واتە فەحسی زیاتر و واتە پارە سەرف کردنی زیاتر، بەڵام لە سەرەتاوە پارەیەک و ماندووبوونێکی زیاتر بکە تا دوواتر پارەیەکی دە قات سەرف نەکەیت. لە بیرشت بێت گەر هیچ کام لەم هاوڕێیانەی شەکرەت لە ئێستادا پێ حەل ناکرێت تەنها جگەرە تەرک بکە…تکایە تەرکی بکەن.
د. زانیار نووری ئاغال
پزیشکی پسپۆڕی هەناوی

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.