Erbil 22°C پێنجشەممە 14 تشرینی دووەم 16:33

ئه‌رکی ورووژاندنی ئه‌فراندنی هونه‌ری کاریکاتێر

ئه‌فراندن، ده‌توانرێت به‌ ئه‌ركی سروشكاریی ناوبنرێت
کوردستان TV
100%

هه‌ندرێن خۆشناو
 ئه‌م ئه‌ركه‌ له‌وه‌دا كورت ده‌بێته‌وه‌، كه‌ نیگاره‌ كاریكاتێرییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پێكدێن له‌ چه‌ندین نیگار، كه‌ بابه‌تێك له‌چه‌ندین گۆشه‌نیگاوه چاره‌سه‌رده‌كه‌ن ‌، له‌نێو ئه‌م نیگارانه‌شدا نیگارێك یان زیاتر ده‌ستپێشخه‌ربوون له‌ ورووژاندنی ئه‌م بابه‌ته‌، مه‌سه‌له‌كه‌ش ته‌نیا له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ ناوه‌ستێت، به‌ڵكو ئه‌و نیگاره‌ كاریكاتێرییه‌ زۆرانه‌ له‌سه‌ر چه‌ندین شتی تر یه‌كانگیرن، بۆ نمونه‌ شێوازی نیگاركێشان و ئه‌و ئامرازانه‌ی به‌كاردێن له‌ نیگاركێشاندا و كه‌سایه‌تیه‌كان و ئاماژه‌ و سیمبوله‌ به‌كارهاتووه‌كان له‌ كاریكاتێره‌كاندا و چه‌ندین شتی هاوشێوه‌ی تریش، كه‌ كۆمه‌ڵێك نیگاری كاریكاتێریی كۆده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ نمونه‌ به‌كارهێنانی (حه‌نزه‌ڵه)ی پاڵه‌وان وه‌كو سیمبولێك له‌لایه‌ن (ناجی ئه‌لعلی) كاریكاتێریسته‌وه‌، وایكرد زۆرێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی كاریكاتێریست به‌دوای كه‌سایه‌تیه‌كی هاوشێوه‌ بگه‌ڕێن، بۆ به‌كارهێنانیان وه‌كو سیمبولێك له‌ كاره‌كانیاندا، كاریكاتێره‌كه‌ی پاشا (لویس فیلیپ)ی هونه‌رمه‌ند (هێنری دۆمیێ) كه‌ له‌سه‌ر شێوه‌ی هه‌رمێ كێشابووی، هانی زۆرێك له‌ هونه‌رمه‌ندانی دا كه‌ هه‌مان بیرۆكه‌ له‌خۆبگرن، و ئه‌و كاریكاتێرانه‌ی كه‌ وێنای پاشایان ده‌كرد له‌سه‌ر شێوه‌ی هه‌رمێ رۆژ به‌رۆژ له‌ زیادبووندابوون، تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ بووه‌ هۆی ڕق و تووڕه‌بوونی پاشا، هه‌روه‌ها به‌خشینی ئێسكه‌ كه‌لله‌ی ئاژه‌ڵێكی دیاركراو بۆ مرۆڤێك، كه‌ له‌ ده‌ستپێشخه‌ری هێنرێ دۆمیێ بوو، كه‌ كه‌لله‌ی سه‌ری هه‌ندێك له‌ ناوداره‌كانی كرده‌ ئێسكه‌ كه‌لله‌ی مه‌یمون، ئه‌م نمونانه‌ش ئاشكران له‌ مێژوودا، چونكه‌ یان خاوه‌نی جێكاری دیارن وه‌كو حاڵه‌تی (هه‌رمێ)یه‌كه‌، یان له‌ قۆناغه‌ سه‌ره‌تاكانی پێشكه‌وتنی كاریكاتێرن، وه‌كو حاڵه‌تی ئێسكه‌ كه‌لله‌ی مه‌یمونه‌كه‌، یان چه‌ند هۆیه‌كی تر، ئه‌و بابه‌تانه‌ش كه‌ ناتوانرێت خاوه‌نه‌ ده‌ستپێشخه‌ره‌كانیان دیاریبكرێن نایه‌نه‌ژماردن.

ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بابه‌تێك به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر به‌كاربێت، ئه‌وا هونه‌رمه‌ندی كاریكاتێریست كاتی دیتنی بابه‌تی كاریكاتێرێك، ئه‌وا به‌ شێوه‌یه‌كی خۆڕسكانه‌ به‌دوای ئه‌گه‌ره‌كانی تری بابه‌ته‌كه‌دا ده‌گه‌ڕێت، زۆرجاریش له‌ هه‌مان بابه‌ت به‌ بابه‌تێكی دیكه‌ ده‌رده‌چێت، هه‌تا كاتێك كاریكاتێریست به‌رهه‌مێكی خۆی ده‌بینێت، بابه‌ته‌كه‌ پێشده‌خات و هه‌ڵگێڕ و وه‌رگێڕی ده‌كات، و هه‌وڵ ده‌دات تیشك بخاته‌ سه‌ر هه‌موو گۆشه‌كانی بابه‌ته‌كه‌، بۆیه‌ كاتێك كه‌ كاریكاتێرێك ده‌كێشێت، نیازی ئه‌وه‌ی نیه‌ كه‌ كاریكاتێرێكی دیكه‌ له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت بكێشێت، ده‌بینیت بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێبكات چه‌ندین هێڵ ده‌خاته‌ سه‌ر كاغه‌زه‌كه‌، ئه‌نجام چه‌ندین كاریكاتێر دێنه‌ به‌رهه‌م، كه‌ زۆرجار كاریكاتێری یه‌كه‌میان باشترینیان نیه‌.

به‌ مانایه‌كی تر ئه‌ركی ورووژاندنی ئه‌فراندن، ده‌توانرێت به‌ ئه‌ركی سروشكاریی ناوبنرێت، كاتێك كه‌ كاریكاتێرێك سروش به‌ كاریكاتێریست ده‌به‌خشێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاریكاتێرێكی دیكه‌، ئه‌و كاریكاتێره‌ نوێیه‌ش سروش ده‌به‌خشێت بۆ كاریكاتێرێكی دیكه‌ و هتد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ شتێكی باوه‌، و له‌سه‌ر زۆربه‌ی كاریكاتێره‌كان جێبه‌جێ ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌موو كاریكاتێرێك كرداری سروش به‌خشین ده‌كات، یان هه‌موو كاریكاتێره‌كان له‌ كاریكاتێری تره‌وه‌ وه‌رگیراون.

 

كوردستان TV

شێوه‌کاری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.