وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاند: ئاسانكاری بۆ مۆڵەتی هەناردەكردن دەكەین تاوەكو داهاتی ناوخۆی وڵاتەكەمان زیادبكات، ئاماژە بەوەشدەكات: برنجی عەنبەری خۆماڵی دەخرێتە نێو ماددەكان پسوڵەی خۆراكەوە.
حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاندووە:، ئەمساڵ نزیكەی چوارده ملیۆن و پێنسهد هەزار دۆنم زەوی كراوە بە گەنم و وەزارەتەكەمان بەردەوامە لەكاركردن بۆ ئەوەی ئاسایشی خۆراكی وڵاتەكەمان پارێزراو بێت و بەرهەمەكانی وڵاتەكەمان بگەیەنێتە ئاستی خۆژێنی.
ئاماژە بەوەشدەكات: وەزارەتی كشتوكاڵ لایەنی هەناردەكار نییە بەڵكو رۆڵەكەی ئەوەیە هانی جوتیاران بدات بەرهەمەكانیان زیاد بكەن، تاوەكو رێگری لە هاوردەكردنی بەرهەمی بیانی بكرێت.
حەمید نایف ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەردەوامن لە هەناردەكردنی خورما و جۆ بۆ ئێران و لەلایەن كەرتی تایبەتیشەوە نزیكەی چوار هەزار تۆن تەماتەوە باینجان و خەیار هەناردەی سعودیە كراوە و هەموو جۆرە ئاسانكاریەكیش دەكەین بۆ ئەو كەسانەی داوای مۆڵەتی هەناردەكردن دەكەن تاوەكو داهاتی ناوخۆیی وڵاتەكەمان زیادبكات.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، پرۆسەی كڕینەوەی برنج لە جوتیارانی وڵاتەكەمان بەردەوامەو بۆ ئەمساڵیش پێنسهد هەزار دۆنم كراوە بە برنج و پێشبینی دەكەین، بەرهەمەكەی بگاتە سێسهد هەزار تۆن، ئەوەش وادەكات برنجی عەنبەر و یاسەمینی خۆماڵی بخرێتە نێو ماددەكانی پسوڵەی خۆراكەوە و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.