Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 05:07

گوڵی ماڵئاوایی لەسەر گڵکۆی سەعدوڵا پەرۆش دانرا

ئەمڕۆ بە پەتای کۆرۆنا لە هەولێر کۆچی دوایی کرد
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنج شەمە (٢٩/ ١٠/ ٢٠٢٠)  سالار عوسمان بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، فەرهەنگ غەفوور (بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و لاوان) و بە یاوەریی ، بەڕێوەبەری بەشی چالاکیی وێژەیی و ژمارەیەک لە نووسەران و هونەرمەندان و هاوڕێیانی شاعیر و نووسەر و رۆشنبیر (سەعدوڵا پەرۆش)، لەدوای ناشتنی، چەپکەگوڵی ماڵئاواییان لەسەر گڵکۆیدا دانا و نزای لێخۆشبوون و ئاسوودەبوونی گیانیان بۆ کرد.
شایانی باسە کە سەعدوڵا پەرۆش شاعیرێکی زمانپاراو و دیاری کورد بوو، هەروەها لە یەکێتی نووسەران و لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و لەناو سەندیکا و رێکخراوەکاندا رۆڵی دیار بووە، هەر ئەمڕۆ بە پەتای کۆرۆنا لە هەولێر کۆچی دوایی کرد.

سه‌عدوڵڵا په‌رۆش ناوی ته‌واوی (سه‌عدوڵڵا سه‌عید مام شێخ)ه‌ له‌ ساڵی 1950 له‌شاری هه‌ولێر له‌دایكبووه‌و قۆناغه‌كانی خوێندنی سه‌ره‌تایی‌و ناوه‌ندی‌و ئاماده‌یی له‌و شاره‌ ته‌واو كردووه‌،هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ژیانی گه‌نجییه‌وه‌ خولیای شیعربوو، ده‌ستی به‌هۆنینه‌وه‌ی مرواری وشه‌كانی كرد.

په‌رۆش شیعری بۆ نیشتمان‌و گه‌له‌كه‌ی، بۆ سروشت‌و جوانی‌و عیشق‌و خۆشه‌ویستی نووسیوه‌.هه‌موو شیعره‌كانی به‌رز‌و جوانن، هه‌ندێكیان هێنده‌ ناسك‌و نازدارن، له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ كراون به‌گۆرانی‌و له‌گه‌ڵ موزیك‌و ده‌نگدا تابلۆیه‌كی زیندووی هونه‌ری به‌زری سترانیان نه‌خشاندووه‌.

ئه‌و خاوه‌نی چه‌ند دیوانێكی شیعرییه‌، یه‌كه‌م دیوانی به‌ناوی كۆشی ئارام له‌ساڵی 1969 چاپ‌و بڵاوكردۆته‌وه‌.

دوا دیوانیشی به‌ناوی (تینووتر له‌ئاو) له‌ساڵی 2018 بڵاو كرده‌وه‌.

چه‌ند دیوانێكی دیكه‌شی هه‌ن له‌وانه‌( شه‌وانی ته‌نیایی، ناسنامه‌ی با، نه‌فرین).

شیعره‌كانی  بۆ زمانه‌كانی دیكه‌ وه‌رگێڕدراون.

په‌رۆش پیاوێكی  كوردپه‌روه‌ر بوو، هه‌ر بۆیه‌ش هاوشانی تێكۆشانی كولتووری، وه‌ك پێشمه‌رگه‌ش به‌شداری شۆڕشی ئه‌یلول‌و شۆڕشی نوێی  كوردستانی كردووه‌، ئه‌ندامێكی چوست‌و چالاكی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد بوو، له‌دوای راپه‌ڕین چه‌ند خولێك به‌هه‌ڵبژاردن به‌سه‌رۆكی لقی هه‌ولێری یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد هه‌ڵبژێردرا‌و له‌رێی ئه‌و رێكخراوه‌ پیشه‌ییه‌وه‌ خزمه‌تی زۆری به‌بواری ئه‌ده‌بی‌و رۆشنبیری كوردستان كرد.


په‌رۆش زیاتر له‌نیو سه‌ده‌ له‌ كایه‌كانی ئه‌ده‌بی‌و رۆشنبیریدا خزمه‌تی كرد، شیعر‌و به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی وه‌ك یادگاری شیرینی ئه‌و به‌جێماون، هه‌میشه‌ به‌نه‌مری‌و زیندوویی ده‌مێننه‌وه‌.

ktv

ktv

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.