Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 14:28

کۆرۆنا نرخی زێڕی بەرزکردووەتەوە

به‌هۆكاری قەیرانی ئابووری جیھانی و؛ داخستی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان
کوردستان TV
100%

گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگەران، وشیار یاسین: بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دوو هۆکارە یەکەمیان؛ قەیرانی ئابووری جیھانی و دووەمیان؛ داخستی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان. - ''بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ رێژەی ھاوسەرگیری تەواو دابەزاندووە

بەھۆی قەدەغەی ھاتوچۆ و داخستنی فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان لە میانی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (COVID-19 )، ئاڵوگۆڕ و مامەڵە بازرگانییەکان سستییان تێکەوتووە و لەم چوارچێوەیەشدا، نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

لەئێستادا نرخی یەک مسقال زێڕی عەیار ٢١ بە ٣٠٥ ھەزار دینارە و لەمبارەیەوە گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگەران، وشیار یاسین ئاماژە بەوە دەکات کە نرخی زێڕ لە میانی پێنج ساڵی رابردوودا، وەک ئێستا بەرزنەبووەتەوە و ھۆکارەکەیشی بۆ بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی دەگەڕێنێتەوە.

وشیار یاسین لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ پرسێکی جیھانییە، ھۆکارەکەیشی سەدا٥٠ی زیاتر بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەڕێتەوە، چونکە فڕۆکەخانەکان داخراون و رێگای ھاتوچۆ نییە، پرۆسەی بازرگانییکردنیش بەگشتی راوەستا و نزیکەی پێنج ساڵ دەبێت نرخی نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی ئێستای''.


گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگەران ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئێستا رەنگە مانگانە یەک تۆن زێڕ مامەڵەی پێوە بکرێت لە کاتێکدا ساڵی رابردوو لە مانگێکدا، پێنج تا حەوت تۆن زێڕ مامەڵەی پێوە دەکرا، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە زۆرترین مامەڵەیان لەگەڵ ھەریەک لە کۆماری تورکیا و میرنشینی دوبەی ھەیە و ماوەی دوو مانگیشە ھیچ ئاڵوگۆڕێک لەگەڵ ئەم دوو وڵاتە نەبووە.


وشیار یاسین سەبارەت بە کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەسەر پڕۆسەی ھاوسەرگیری گوتی: ''بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ سەد لە سەد کاریگەری لەسەر پڕۆسەی ھاوسەرگیریی کردووە نەوەک نەوەد لەسەد، لەگەڵ ئەویشدا خەڵک مووچەی نییە کە پارەش نەبوو ھاوکات زێڕیش گران بوو، کەوایە پڕۆسەکە رادەوەستێت''.

گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگەران گوتیشی: ''ئەوانەی ئێستا دێنە بازاڕ زیاتر فرۆشیارن نەوەک کڕیار، چونکە خەڵک پارەی لەدەستدا نییە و پێویستی بە پارەیە، بۆیە بە پێچەوانەوەش ئێمە زیاتر زێڕ دەکڕین نەوەک دەیفرۆشین، تا ئەم ڤایرۆسەش مابێت، نرخی زێڕ بەم شێوەیە دەبێت''.


وشیار یاسین لەبارەی بوونی زێڕی ساختە لە بازاڕەکاندا گوتی: "زێڕی ساختە لە بازاڕدا زۆرە، زێڕی ئەو وڵاتانەی کە کوالێتی کۆنترۆڵیان باشە ئەوا کێشەی نییە، بەڵام زێڕی عێراق کێشەی ھەیە و زۆرجار زێڕ بەناوی عەیار ٢١ ھەناردەی بازاڕ دەکەن و دواتر بە عەیار ١٨ دەردەچێت، ئەمەش ئێمە تووشی گرفت دەکات بۆیە زێڕی عێراق بەبێ پشکنین ناکڕین".

لە ھەرێمی کوردستان ھەزار و ٧٠٠ دوکانی زێڕنگەری و ٢٨٥ شوێنکاری زێڕ ھەیە کە کاری کڕین و فرۆشتن، چاککردنەوە، وەرشەی سەربەخۆ، شوێنی چاپی لیرە و پاڵاوگە ئەنجام دەدەن و ماوەی دوو مانگ بوو بەھۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19 ) و راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ، سەرجەم ئەو شوێنانەش لە چوارچێوەی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆدا، داخرابوون.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.