Erbil 15°C شەممە 04 ئایار 16:41

عێراق هەوڵ دەدات تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێژەی لەسەدا 30 کەمبکاتەوە

ئامانج لەو هەنگاوە زیادكردنی قازانجە بۆ هەر بەرمیلێك كە بەرهەم دەهێندرێت
کوردستان TV
100%


حكوومەتی عێراق رایگەیاند، هاوكات لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەشێوەیەكی بەرچاو دابەینی تۆماركردووە، هەوڵ دەدات بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو كۆمپانیا بیانیانەی نەوت كە لەو وڵاتە كار دەكەن، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێژەی 30 لەسەدا كەم بكاتەوە.

لەوبارەوە راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق، عەبدولحوسێن هەنین لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی نیمچە فەرمی ئەلسەباح رایگەیاندووە "حكوومەت، وەزارەتی نەوتی راسپاردرووە كە دەست بە گفتوگۆ بكات لەگەڵ ئەو كۆمپانیا بیانیانەی نەوت كە لە وڵاتدا كار دەكەن، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و بوودجەی بەكاربردن كەم بكاتەوە، بێ‌ ئەوەی كاریگەری هەبێت لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان".

گوتیشی: ئامانج لەو هەنگاوە زیادكردنی قازانجە بۆ هەر بەرمیلێك كە بەرهەم دەهێندرێت لە كاتێكدا كە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكاندا لە سەرەتای مانگی ئاداری رابردووە، 50 لەسەدا بەهاكەی لەدەستداوە.

راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق، عەبدولحوسێن هەنین ئەوەشی خستووەتەڕوو كە لە چوارچێوەی كەمكردنەوەی تێچووی بەرهەمهێنان بەو رێژەیەی دیارییكراوە، بڕی سێ ملیار دۆلار دەگەڕێتەوە سەر بوودجەی گشتی كە لەبەر دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا، ناتواندرێت پەسەند بكرێت.

لە 12ی ئەم مانگەدا (ئۆپێك + بەرهەمهێنەرانی سەربەخۆ) لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان بە 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا رێككەوتوون.

لەچوارچێوەی رێككەوتنەكەدا، وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێك، نۆ ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەم دەكەنەوە.

هەر لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا، عێراق لە سەرەتای مانگی ئایارەوە تا حوەزەیرانی داهاتوو، یەك ملیۆن و 61 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەم دەكاتەوە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.