ئازا حه‌سیب قه‌ره‌داخی
۲۰۲۰/۲/۱٤
له شۆسته‌ی ئه‌مبه‌ری شه‌قامه‌كه
كوڕێك وه‌ستاوه
قاچی له‌سه‌ر لێواری شۆسته‌كه‌یه
چاوی بڕیوه‌ته ماشێنه تیژڕۆكان
چاوه‌ڕێیه كه‌ی خاو ده‌بنه‌وه
یان شه‌قامه‌كه چۆڵ بێت و
ئه‌م بپه‌ڕێته‌وه و
بگاته شۆسته‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر
كوڕه‌كه گوڵێكی سووری به‌ده‌سته‌وه‌یه
٭٭٭
له شۆسته‌كه‌ی ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌كه
كچێك وه‌ستاوه
قاچی له‌سه‌ر لێواری شۆسته‌كه‌یه
چاوی بڕیوه‌ته ماشێنه تیژڕۆكان
چاوه‌ڕێیه كه‌ی خاو ده‌بنه‌وه
یان شه‌قامه‌كه چۆڵ بێت و
ئه‌م بپه‌ڕێته‌وه و
بگاته شۆسته‌كه‌ی ئه‌مبه‌ر
كچه‌كه هیچی به‌ده‌سته‌وه نییه
٭٭٭
كه ماشێنه‌كان خاوبوونه‌وه
له یه‌ك كاتا
كوڕه‌كه و كچه‌كه
ئه‌مبه‌راو ئه‌وبه‌ر په‌ڕینه‌وه
كوڕه‌كه له شۆسته‌كه‌ی ئه‌وبه‌ر
ئاوڕی دایه‌وه بۆ ئه‌مبه‌ر
خه‌نده‌یه‌ك له‌سه‌ر لێوی بوو
هیچی به ده‌سته‌وه نه‌بوو
كچه‌كه له شۆسته‌كه‌ی ئه‌مبه‌ر
سه‌یری ئه‌وبه‌ری كرد
خه‌نده‌یه‌ك له‌سه‌ر لێوی بوو
گوڵێكی سووری به ده‌سته‌وه بوو.
--------------
٭ نزیكه‌ی بیست و پێنج ساڵ به‌ر له ئێستا هه‌مان دیمه‌نم به شێوازێكی دیكه نووسیوه. ئه‌وساش نووسیبووم ئه‌م دیمه‌نه‌م له جێیه‌ك خوێندۆته‌وه، نایه‌ته‌وه یادم.
٭ خۆشحاڵ بووم، ئه‌مڕۆ كاك حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن له كۆمێنتیكدا ئه‌وه‌ی بۆ ساغ كردمه‌وه و نووسیویه‌تی؛
شیعری یوسف ئهلسائیغه، ناوه‌ڕاستی ساڵانی حه‌فتا، له دوا لاپه‌ڕه‌ی (الفكر الجدید)دا بڵاو كرایه‌وه. ڕێز
٭ زۆر زۆر سوپاس. ئه‌مه خولیام بوو كه بیرم بێته‌وه ده‌قی كێیه. بێگومان بیرۆكه‌كه ئاوایه. وه‌لێ ده‌قه‌كه‌ی من ته‌رجه‌مه‌ی ئه‌و ده‌قه نیه
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.