نێردەى تایبەتى یونیسێف بۆ سوریا، فران ئیكویزا رایگەیاند، پێنج ملیۆن منداڵى سورى پێویستییان بە هاوكارى مرۆیى هەیە ، كە دوو ملیۆن و 600 هەزاریان ئاوارەى ناوخۆیى سوریان.
نێردەى تایبەتى یونیسێف بۆ سوریا، فران ئیكویزا و گوتەبێژى یونیسێف، ماریكزى میركادۆ لە نووسینگەى نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێف راپۆرتێكیان دەربارەى دۆخى منداڵانى سوریا پێشکەشکرد و تێیدا ئاماژەیان بەوەکرد، پێنج ملیۆن منداڵى سورى پێویستییان بە هاوكارى مرۆیى هەیە كە دوو ملیۆن و 600 هەزاریان ئاوارەى ناوخۆیى سوریان.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی یونیسێف، لانیكەم 250 منداڵ لە بەندیخانەكانى باکوری سوریادان کە بونەتە بارگرانییەکی زۆر بۆ دەسەڵاتی خۆجێی یەکینەکانی پاراستنی گەل ( یەپەگە).
ئیكویزا سەرنجى میدیاکانی بۆ سەر قەبارەى قەیرانەكەى سوریا راكێشا و بە توندترین و ئاڵۆزترین و سەرسوڕهێنترین قەیرانى لەقەڵەمدا.
فران ئیكویزا، رایگەیاند تامانگى ئەیلولى ئەمساڵدا هەزارو 792 حاڵەتی پێشێلكردنى مافى مرۆڤ لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكانەوە تۆمارکراوە کە بریتین لە كوشتن، برینداركردن، ناردن بۆ سەربازى، ڕفاندنى منداڵان و هێرشكردنە سەر قوتابخانە و دامەزراوە تەندروستییەكان.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، لەمساڵدا و لەسەرەتاى مانگى كانونى دووەمەوە تاكو كۆتایى مانگى ئەیلول 657 منداڵ گیانیان لەدەستداوە و 324ى دیكەش برینداربوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.