له میانه‌ی كۆنفرانسێكی زانستی نێوده‌وله‌تی به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی ١٠٠ ساڵ له‌سه‌ر ده‌مه‌زراندنی خوێندنی ڕۆژھه‌ڵاتناسی له زانكۆی یاگیلۆنیان ، زیاد ره‌ئووف نوێنه‌ری حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان له پۆلۆنیا ھه‌موو به‌شدارانی كۆنفرانسه‌كه‌ی، كه زیاتر له ١٥٠ ڕۆژھه‌ڵاتناس و توێژه‌ری پۆلۆنی و عه‌ره‌ب و تورك و ئیرانی و زانستانی وڵاتانی تری جیھان و ھه‌ندێك له دیپلۆماتكاران له‌نێویان باڵوێزی ئیماراتی عه‌ره‌بی و كۆنسولی گشتی ئۆكراینا بانگھێشت كرد بۆ كۆنسێرتێكی مۆسیقای كوردی و نانخواردنی ئێواره.
له‌سه‌ره‌تا كۆمه‌ڵێك له ڕه‌وه‌ند و قوتابیانی كوردستانی، به‌شێكیان به جلوبه‌رگی كودی پێشوازیان له میوانان كرد و نوێنه‌ری حكومه‌تی ھه‌رێم له ووتارێكدا به‌خێراتنی كردن و سوپاسی ئاماده‌بووانی كرد بۆ توێژینهكانیان له بواری ڕۆژھه‌ڵاتناسی له‌وكاته ھه‌ستیاره‌ی كه ھه‌موو ڕۆژھه‌ڵات و به‌تایبه‌ت ڕۆژھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێی تێپه‌ڕده‌بێ و له‌ھه‌موو كات زیاتر پێویست ھه‌یه به له‌یه‌كتێگه‌یشتن و دیالۆگ و پێكه‌وه ژیان. سوپاسێكی تایبه‌تی زانكۆی یاگیلۆنیانی كرد بۆ كردنه‌وه‌ی كوردهلۆجی و گرینگی دانیان به زمان و كولتوری كوردستان، ھه‌روه‌ھا بۆ ھاوكاری و ھه‌ماھه‌نگی زانكۆی ناوبراو له‌گه‌ڵ زانكۆكانی ھه‌رێمی كوردستان .
لای خۆیه‌وه ڕاگری به‌شی ڕۆژھه‌ڵاتناسی زانكۆی یاگیلۆنیان له ووتارێكدا سوپاسی نوێنه‌ری حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی و ڕێكخستنی ئه‌و كۆنسێرتهو بانگھێشتكردنی به‌شداربووان بۆ نانخواردنی ئێواره و ناساندنی كه‌لتورو مۆسیقای ڕه‌سه‌نی كوردی.
ھه‌روه‌ھا سوپاسێكی زۆری به‌ڕێزیانی كرد بۆ زیاتر له بیست ساڵ ھه‌ماھه‌نگی و یارمه‌تیدانی به‌شی ڕۆژھه‌ڵاتناسی زانكۆی یاگیلۆنیان له كراكۆڤ .
دواتر تیپی مۆسیقا و گۆرانی '' سیانه‌ی هه‌مه‌دان'' به‌به‌شداری هونه‌رمه‌ندی ناسراو سه‌عدوڵڵا نه‌سیری كۆنسێرتێكی موسیقا و گۆرانی كوردی پێشكه‌شكرد و ئاماده‌بووانی سه‌رسام كرد.
پاشان ئاماده‌بووان له‌كاتی نانخواردنی ئێواره ده‌رفه‌تیان بوو زیاتر یه‌كتر بناسن و ئاڵوگۆڕی ڕاو بۆچونیان بكه‌ن له‌سه‌ر بارودۆخی كوردستان و ڕۆژھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست .
شایه‌نی باسه له ڕۆژی یه‌كه‌می كۆنفرانسه‌كه له سه‌ره‌تای مه‌راسیمی ده‌ستپێكردنی،به‌ڕێز سوڵتان بن محمد القاسمی به‌شدار بوو وه مه‌دالیای زێڕی زانكۆی یاگیلۆنیانی پێ به‌خشرا . سه‌رۆكی زانكۆ به‌ڕێز ڤۆیچیخ نۆڤاك له ووتاره‌كه‌ی له كاتی بهخێرھاتنكردنی نوێنه‌ری حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به بارودۆخی سوریا‌و ڕۆژئاوا كرد و گوتی نابێ جیھان ڕێگا بدا كورد وا موعامه‌له بكرێ و دیسان تووشی كاره‌سات بێ .
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.