مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشانگەی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیا (HITEX)ی كردەوە و ڕایگەیاند: ”دڵم خۆشە كە دەبینم ئاییندەی كوردستان بە دەستی كەسانی وا دەبێ، بێگومان ئەمە سەركەوتن و پێشكەوتنی كوردستان هەر لە ئێستاوە لە چاوی ئەوانەدا دیارە، بۆیە زۆرم پێخۆش بوو لەگەڵیان باسی ئەو داهێنانانە بكەم و بزانم چیان كردووە و بیرۆكەكانیان لە كوێ هێناوە، کە جێی شانازییە.“
ئەمڕۆ سێشەممە 6ی تشرینی یەکەم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشانگەی نێودەوڵەتیی تەکنەلۆجیا HITEX 2026ی لە هەولێر كردەوە.
لە سەرەتادا سەرۆكی حکوومەت بەشەكانی پێشانگەكەی بەسەركردەوە و لە نزیكەوە هەموو ئەو پێشكەوتنانەی دیت كە لە لایەن گەنجان و كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان و دەرەوە لە پێشانگەكەدا خراونەتە ڕوو.
دواتر لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكان، سەرۆكی حکوومەت خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند: ”دڵم خۆشە كە دەبینم ئاییندەی كوردستان بە دەستی كەسانی وا دەبێ، بێگومان ئەمە سەركەوتن و پێشكەوتنی كوردستان هەر لە ئێستاوە لە چاوی ئەوانەدا دیارە، بۆیە زۆرم پێخۆش بوو لەگەڵیان باسی ئەو داهێنانانە بكەم و بزانم چیان كردووە و بیرۆكەكانیان لە كوێ هێناوە، کە جێی شانازییە.“
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەدا سەبارەت بە بابەتی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی حکوومەت ڕایگەیاند: ”من دوێنێش لە ئاهەنگی دەرچوونی زانكۆی دهۆك داوام كرد كە هەموو پەرلەمانتارەكان بێنەوە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، چونكە بەڕاستی ئەمە بەرپرسیارێتییەكی نیشتمانیی ئەو كەسانەیە كە خەڵك دەنگی پێداون، هەقە ئەوانیش هەست بەو بەرپرسیارێتییە بكەن و وەفایان هەبێت بەرامبەر بەو دەنگانەی كە پێیان دراوە، ئێستا خۆیان دوور خستووەتەوە و نایەن پەرلەمان كارا بكەنەوە، ئەمە بەڕاستی ڕاكردنە لە بەرپرسیارێتی. هیوادارم هەموو پەرلەمانتارێك بێن، ئەگەر قسەشیان هەبێت، با بێن لە پەرلەمان قسەی خۆیان بكەن، من نازانم لە چی دەترسن؟ یەكێك حەز بكات لە پەرلەمان كە موڵكی میللەتە، لەوێ دەتوانێ هەرچی بابەت هەیە، هەرچی رەخنەی هەیە، هەرچی قسە و باس هەیە لە پەرلەمان بیكات، ئەمە پێویستە بە زووترین كات كارا بكرێتەوە و داواكارم پەرلەمانتارەكانی تر چیتر كات بەفیڕۆ نەدەن، چونكە پێویستیمان بە پەرلەمانە تەنانەت بۆ دروستكردنی حکوومەت، دەبێ پەرلەمان كارا بكرێتەوە بۆ ئەوەی هەنگاوی پێویست بۆ پێكهێنانی حکوومەتیش بهاوێژین.“
هەرچی پەیوەندیی بە بابەتی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانانەوە هەیە، سەرۆكی حکوومەت ئاماژەی بەوە كرد: ”دیار بوو ڕۆژێك هاوپەیمانان هەر دەدەچوون، چونكە ئەركی شەڕی داعش كۆتایی هاتووە و ئەو هێزە هێزێكی هاوپەیمانی بوو بۆ شەڕی داعش، بۆیە كە ئەم ئەركە تەواو بووە، ئێستا تەواو دەڕۆن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە پەیوەندیی ئەو هێزانە یان ئەو وڵاتانە لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان بەرەو كۆتایی دەڕوات. جارێ ئەوانە بە شێوەیەكی سیمبولیك لێرە بوون، ئەوە نەبوو بڵێی كە وەختی خۆیشی لە شەڕی داعش زۆربەی شەڕەكان هەر پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی كردیان. ئێستاش بەم شێوەیە هەم هێزەكانی عێراقی لە ئاستێكی باشتردان، هەم هێزی پێشمەرگە ئامادە و تۆكمە و لە ئاستێكی زۆرباش دایە كە بتوانێ ڕووبەڕووی هەر مەترسییەك ببێتەوە كە ڕوو لە عێراق و بە تایبەتی هەرێمی كوردستانیش بكات. بۆیە ئێمە مەترسیی ئەوەمان نییە كە بۆشایی ئەمنی دروست دەبێت، تەنیا خاڵ كە بە لای ئێمەوە گرنگە بابەتی دابینكردن و دەستكەوتی دژەدرۆنە، كەواتە هێزی بەرگریی دژی ئاسمانی كە لەوەوە پێموایە ئێمە پێویستییەكی زیاترمان بە هاوكاریی دۆستەكانمان هەیە لەگەڵ حكوومەتی فیدرالیش ئێمە بەردەوام لە گفتوگۆداین و لەگەڵ دۆستەكانیشمان بەردەوام لە گفتوگۆداین بۆ دابینكردنی بەرگریی دژی ئاسمانی، كە لەم ڕووەوە پێموایە دواتر ئێمە هیچ مەترسییەك نابینین.“
هاوكات سەرۆكی حکوومەت خەڵكی كوردستانی لەوە دڵنیا كردەوە و گوتی: ”ئێمە زۆر زۆر خۆشبینین بە ئاییندەی وڵاتەكەشمان و ئەو پەیوەندییە باشانەی ئێستا لەگەڵ حكوومەتی فیدرالیش هەیە، خەریكە كێشە و گرفتە كۆنەكانیش بەرەو چارەسەر دەبەن، ئەمەش هەمووی جێی دڵخۆشییە و ئینشائەڵا ئاییندەیەكی ڕووناكتر و باشتر و سەقامگیرتر چاوەڕێمان دەكات.“
تایبەت بە جموجۆڵەكانی ئەم دواییەی گرووپە توندڕەوەكان لە ناوچەكانی سنووری ماددەی 140 و هەندێك ناوچەی دیكەی عێراقی، سەرۆكی حکوومەت ئاماژەی بەوە كرد: ”لە هەر شوێنێك كەلێنی ئەمنی دروست ببێ، هێزی تیرۆریست و توندڕەو هەوڵدەدا سوودی لێ بكات، بۆیە پێویستە هەماهەنگییەكی باشتر لە نێوان حكوومەتی فیدرالی و هەرێمی كوردستان دروست بكرێت بۆ نەهێشتنی هیچ كەموكوڕی و كەلێنێك كە تیرۆریستان بتوانن سوودی لێ وەربگرن.“
لەبارەی ئەو پرسیارەش كە ئاخۆ تا چەند دڵخۆشن بەوەی كە گەنجانی ئێمە لە ڕووی تەكنەلۆژییەوە هێندە پێشكەوتوون كە بگەنە ئاستی جیهانی؟ سەرۆكی حکوومەت ڕایگەیاند: ”زۆر پێ خۆشحاڵم، بە تایبەتی ئەو گەنجانەی كە بینیم خۆیان داهێنانیان كردووە، هەر بیركردنەوە لە داهێنان ئەمە خۆی شتێكی زۆر دڵخۆشكەرە. شتی باشیشیان كردووە، ئەمە ڕێخۆشكەرە بۆ ئەوەی گەنجەكانمان بیر لە داهێنان بكەنەوە، بیر لەوە بكەنەوە خۆیان شتی نوێ دروست بكەن و بەشدار بن لە پێگەیاندن و پێشخستنی كۆمەڵگەی خۆیان. ئەمە گەورەترین دەستكەوتە بۆ ئێمە، چونكە بەڕاستی گەورەترین سەرمایە لە هەرێمی كوردستان نە سەرچاوەی ژێرزەوییە، نە هیچ شتێكی ترە، بەڵكوو خودی مرۆڤە، بە تایبەتی ئەو گەنجانە گەورەترین سەرمایەن بۆ نەتەوەكەمان،بۆ وڵاتەكەمان، خۆشحاڵم كە خۆیان ئەو هەستەیان هەیە كە دەتوانن بیر لە داهێنان بكەنەوە، بیر لە بەشداریكردن لە پێشخستنی وڵاتەكەیان، جێی دڵخۆشییە و شانازییان پێوە دەكەین.“
لە كۆتاییشدا لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی بودجەی 2027ی عێراق و ئەو دەنگۆیانەی باسی ئەوە دەكەن لەو بودجەیەدا تەنیا 13 ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان كراوە لە كاتێكدا شایستەكانی هەرێمی كوردستان 30 ترلیۆن دینارە، سەرۆكی حکوومەت گوتی: ”ئێمە داوای مافی خۆمان دەكەین، هیچ شتێكمان لە مافی خۆمان زیاتر داوا نەكردووە، بەپێی دەستوور، بەپێی ئەو ڕێژەیەی كە هەرێمی كوردستان لە كۆی گشتیی بودجەی عێراق چەندە، ئێمە داوای ئەوە دەكەین. بەپێی ئەو سەرژمێرییانەی كە كراوە، هەرێمی كوردستان بەبێ ناوچە دابڕێندراوەكان، تەنیا ئەو شوێنەی ئێستا لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانە بەپێی سەرژمێری 14.14%یە، كەواتە هەر ڕێژەیەك كە بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان دەكرێت، دەبێ بەپێی ئەو رێژەیە بێت، ئیتر ئەمە لە كۆی گشتیی بودجەی عێراق. ئەو ژمارەیەی كە بینیم یان باس كراوە، لە ڕاستیدا وەكوو فەرمی نەمانبیستووە كە تاكوو ئێستا هیچ بڕیارێك لەسەر ئەوە درابێت، قسە هەیە، هەریەك بە لایەكەوە هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی بودجە بۆ لایەنێكی تر زیاد بكات، بەڵام ئێمە لە هەرێمی كوردستان داوای شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، مافی هەرێمی كوردستان وەكوو خۆی دەكەین، داوای زیاترمان نەكردووە و بەردەوامیش دەبین، لە گفتوگۆداین، هەم لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەزیران، هەم لەگەڵ لێژنەی پەیوەندیدار لە پەرلەمان، لە وەزارەتی دارایی، لەگەڵ ئەوانیش شاندەكانی ئێمە لە هاتوچۆی بەردەوام دان لەگەڵ بەغدا، قسەی پێویستیش كراوە لەسەر ئەوەی كە ئێمە بتوانین شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان وەكوو خۆی دابین بكەین.“.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.