فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، سبەی چوارشەممە شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ماف و شایستە داراییەکان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 و جێگیرکردنی مووچە، سەردانی بەغدا دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: لە چوارچێوەی بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، سەبارەت بە پابەندییەکان و ماف و شایستەکانی هەرێم لە بودجەی گشتیی 2027، ڕۆژی چوارشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە شاندەکە پێکهاتووە لە: سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و نوێنەری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوە کردووە، شاندی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەنجام دەدات بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش و دادپەروەرانە لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەکان و مافەکانی هەرێم لە بودجەی 2027، جەختیش دەکاتەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە و بۆ ساڵی 2027ـیش بەردەوام دەبێت، بە شێوەیەک هیچ بیانوویەک بۆ دواخستن، ڕاگرتن یان کەمکردنەوەی شایستە دارایییەکانی هەرێم نەمێنێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەسەر کۆی مافە دارایییەکان دەکرێت، لەوانە: مووچە و شایستەی مووچەخۆران، پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، خانەنشینان، زیندانییانی سیاسی، کەسوکاری شەهیدان، سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، هەروەها شایستەکانی هەرێم لە خشتەکانی میلاک و پلەی وەزیفی، خەرجییەکانی بەکاربردن، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، خەرجییەکانی سەروەری و حاکیمە و سەرجەم ئەو مافانەی بەپێی دەستوور و یاسا دیاری کراون.
بەتایبەتی جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە شایستە دارایییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە یاسای بودجەی 2027 بە شێوەیەکی یاسایی جێگیر و پارێزراو بن، بە جۆرێک مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوتای ناوچەکانی دیکەی عێراق بن وەک دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری لێداوە، هەروەها شاندی هەرێم پێداگری دەکات کە مووچە و شایستە داراییە بنەڕەتییەکان لە پێوەری خەرجیی ڕاستەقینە (الإنفاق الفعلي) و هەر کۆتوبەندێکی دیکە دوور بخرێنەوە و میکانیزمێکی ڕوون و جێگیر بۆ ناردنیان دابنرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.