Erbil -1°C ھەینی 29 تشرینی دووەم 07:29

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا: ده‌بێت ئێران بێبه‌ش بکه‌ین له‌و سه‌رچاوانه‌ی کەبۆ پشتیوانیی تیرۆر به‌کاریان ده‌هێنێت

پۆمپیۆ: بانگه‌وازی كرد بۆ یه‌كگرتن دژ به‌ شه‌ڕه‌نگێزیی ئێران
کوردستان TV
100%

  
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مایك پۆمپیۆ بانگه‌وازی كرد بۆ یه‌كگرتن دژ به‌ شه‌ڕه‌نگێزیی ئێران و به‌ پێویستی زانی ئه‌و وڵاته‌ بێبه‌ش بكرێت له‌و سه‌رچاوانه‌ی بۆ پشتیوانی دارایی تیرۆر به‌كاریان ده‌هێنێت.

له‌ یه‌كه‌م وێستگه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌ورووپا، مایك پۆمپیۆ دوێنێ گه‌یشته‌ ئیتاڵیا و ده‌ستی به‌ دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی كرد له‌و وڵاته‌. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا به‌یانی ئه‌مڕۆ له‌ ڤاتیكان سه‌ره‌تا به‌شداریی له‌ سێمپۆزیه‌مێكدا كرد و پاشان له‌گه‌ڵ هاوتا ئیتاڵیه‌كه‌ی، لویگی دی مایۆ كۆبووه‌وه‌.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌ردوو وه‌زیر تاوتوێی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسیی-بازرگانیی و ئابوورییه‌كان، شه‌ڕی ناوخۆی لیبیا و بابه‌ته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان كرد.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، پۆمپیۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا ستایشی ئیتاڵیای كرد له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی له‌باره‌ی لیبیا، ئه‌فغانستان، عێراق و سزاكانی سه‌ر رووسیا و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی دژ به‌ حكوومه‌ته‌كه‌ی نیكۆلاس مادورۆ له‌ ڤێنیزوێلا گرتوویه‌ته‌به‌ر.

- ''ده‌بێت ئێران بێ به‌ش بكرێت له‌و سه‌رچاوانه‌ی بۆ پشتیوانی دارایی تیرۆر به‌كاریان ده‌هێنێت''

پۆمپیۆ جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه‌ هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی‌ ئه‌مریكا له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا دژی ''ئێران كه‌ پشتیوانی تیرۆر ده‌كات'' نه‌گۆڕاوه‌، ئه‌وه‌شی وه‌بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ به‌رپرس ده‌زانن له‌ هێرشی سه‌ر كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودیی.

‌ هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: ''ده‌مانه‌وێت ئێران بێبه‌ش بكه‌ین له‌ به‌كارهێنانی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی هه‌میشه‌ بۆ پشتیوانییكردنی هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ جیهان به‌كاریهێناون''.

گوتیشی: ''پێویست به‌ یه‌كگرتن ده‌كات دژ به‌ شه‌ڕه‌نگێزیی ئێران كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه‌''. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ له‌گه‌ڵ هاوتا ئیتاڵیه‌كه‌ی گفتوگۆیان كردووه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی كۆمپانیای هێڵى ئاسمانیی ئێران، ماهان ئێر.

سه‌باره‌ت به‌ دواین ره‌وشی لیبیا، پۆمپیۆ تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كاری له‌پێشینه‌ی ئه‌مریكا ده‌سته‌به‌ركردنی ئاگربه‌سته‌ له‌و وڵاته‌ و رایگه‌یاند: ''گرنگترین شت لێره‌دا كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژیه‌ له‌و وڵاته‌دا. ئومێده‌وارین ئه‌‌و كۆنفرانسه‌ی له‌ به‌رلین له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ساز ده‌كرێت هاوكاربێت له‌ فه‌راهه‌مكردنی ئاشتیی له‌و وڵاته‌دا''.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، ئه‌و پرسیاره‌ی بێ وه‌ڵام هێشته‌وه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ یه‌كه‌مین ساڵیادی كوشتنی رۆژنامه‌نووسی سعوودیی، جه‌مال خاشقچی ئاڕاسته‌ی كرا، كه‌ له‌ كۆنسوڵخانه‌ی سعوودیه‌ له‌ ئیستانبوڵ كوژرا.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.