Erbil 31°C دووشەممە 03 ئاب 00:02

پارێزگاری هەولێر قەڵغانی ڕێزلێنانی بەخشییە تۆڕی میدیایی کوردستان

100%

لە پای گرنگیدان بە کارە پیشەیییەکان و پاراستنی میراتی مێژوویی و نیشتمانیی گەلی کوردستان، پارێزگاری هەولێر سەردانی تۆڕی میدیایی کوردستانی کرد و ڕێزی لە هەوڵەکانی ئەم دامەزراوەیە و دەرهێنەری دوو بەڵگەفیلمی مێژوویی گرت.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ی ئابی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی نینۆس نەمروود، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی کوردستان و ژمارەیەک لە کارمەندانی کەناڵەکە، بەشداریی لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا کرد کە بۆ ڕێزلێنان لە کارە میدیایی و هونەرییەکانی ئەم دامەزراوەیە ڕێکخرابوو.

لە میانی دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی و پێزانینی خۆی ئاراستەی تۆڕی میدیایی کوردستان کرد، کە هەمیشە لە بەرهەمهێنانی کارە ڕەسەنە میدیایی و نیشتمانییەکاندا پێشەنگ بووە. لەم چوارچێوەیەدا، ئومێد خۆشناو قەڵغانی ڕێزلێنانی بەخشییە دەرهێنەر (محەمەدی حاجی قادر)، لە پای ماندووبوون و دڵسۆزییەکەی لە بەرهەمهێنانی هەردوو بەڵگەفیلمی "کوردانی لەبیرکراو" و "عەرعەر و سەگەکانی عەجاج".

پارێزگاری هەولێر جەختی کردەوە، کە ئەم بەرهەمانە تەنها کارێکی هونەری نین، بەڵکو وەک بەڵگەنامەیەکی گرنگی مێژوویی، ڕۆڵێکی کاریگەریان لە پاراستنی یادەوەریی نەتەوەیی و گواستنەوەی ڕاستییەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو هەیە. دووپاتیشی کردەوە کە پارێزگای هەولێر هەمیشە پشتیوانی کارە هونەری و کولتوورییە ڕەسەنەکان دەکات کە خزمەت بە ناسنامەی نەتەوەیی دەکەن.

شایەنی باسە، بەڵگەفیلمی "کوردانی لەبیرکراو" تیشک دەخاتە سەر ژیان و چارەنووسی ئەو کوردانەی لە ململانێ مێژووییەکاندا دەنگیان کپ کراوە و بە پشتبەستن بە ئەرشیف و بەڵگە، بەشێک لە ڕاستییە شاردراوەکان دەسەلمێنێت.

هاوکات، بەڵگەفیلمی "عەرعەر و سەگەکانی عەجاج" باس لە یەکێک لە قۆناغە تاریکەکانی مێژووی کوردستان دەکات و لە ڕێگەی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان، ئازار و خۆڕاگریی قوربانییان وەک بەڵگەیەکی نەتەوەیی بۆ مێژوو تۆمار دەکات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.