بەرێوبەری راگەیاندنی ژووری بازرگانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دوای هاتنی شاندێكی بیست و پێنج كۆمپانیای ئەڵمانیا بۆ هەرێمی كوردستان بڕیارە دوو شاندی تری پۆڵەندا و چیك بێنە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی كاری بازرگانی ئەنجام بدەن. ئەسكەندەر محەمەد بەرێوبەری راگەیاندنی ژووری بازرگانی هەرێمی كوردستان به كوردستان تیڤی ڕاگهیاند، لە چەند رۆژی ڕابردوو شاندێكی بازرگانی ئەڵمانیا كە لە بیست و پێنج كۆمپانیا پێكهاتبوون هاتنە هەرێمی كوردستان و پێشانگایەكیان بۆ نمایشكردنی كەلوپەلەكانیان كردەوە و دواتر رۆیشتن بۆ بەغدا و پارێزگاكانی تر، ئەمەیش گرنگی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە كە شاندی بازرگانی دێن سەرەتا دێنە هەرێمی كوردستان دواتر دەچنە شارەكانی تر، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان بووەتە ناوەندێكی گرنگی بازرگانی بۆ وڵاتان. زیاتر گوتی، بڕیارە دوای هاتنی شاندی ئەڵمانیا دوو شاندی تری بازرگانی وڵاتانی پۆڵەندا و چیك بێنە هەرێمی كوردستان و ئێمەش هەموو ئامادەكارییەكمان بۆ هاتنی ئەوان كردووە و بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی زۆرترین وڵاتی دنیا بێن لە هەرێمی كوردستان كاری بازرگانی بكەن. ڕوونیشی كردەوە كە هاتنی شاندی وڵاتان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە و تەنیا لەمساڵدا تا ئێستە نزیكەی چل شاندی وڵاتانی دنیا هاتوون بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی كاری بازرگانی. هەرێمی كوردستان لە ڕووی بازرگانی و ئابوورییەوە لە گەشەسەندایە بەتایبەت دوای پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەقامیگرتر بوونی ناوچەكە.
دوو شاندی بازرگانی چیک و پۆڵەندا سەردانی کوردستان دەکەن
شاندهكان یهكهم سهردانیتیان بۆ ههرێمی كوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.