ئه‌سته‌مه گۆرانییه‌ك بتوانێت سنووره‌كانی خه‌یاڵ تێك بشكێنێت و ئاوێته‌ی رۆحی مرۆڤ بێت، ئه‌و ده‌مه‌ی گۆرانییه‌ك ده‌بێته پێناسه‌ی میلله‌تێك له‌وێدا داهێنانی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ندێك ده‌بێته مۆرك و پایه‌ی هونه‌ری ئه‌و میلله‌ته.
گۆرانیبێژی سه‌ركه‌وتوو به‌رهه‌می نه‌مر له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه، كه سه‌رجه‌م خاسیه‌ته هونه‌رییه‌كان له نێو گۆرانی و به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانیدا به‌دی بكرێت و، هه‌وڵه هونه‌رییه‌كانیشی ته‌نها بۆ سات و كات و سه‌رده‌م نه‌بێت، به‌ڵكو ڕوانین بێت بۆ ئاینده‌یه‌كی دوور، كه ئه‌مه‌ش به‌شێكه له ڕه‌سه‌نایه‌تی و ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌و ڕۆحه‌ی كه ده‌به‌خشرێته به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كه. یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده پێشه‌نگ و باڵاده‌ستانه‌ی كه بۆ هه‌میشه به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی ڕۆحێكی نوێ به ئێمه‌ی گوێگر و بینه‌ر ده‌به‌خشێت هونه‌رمه‌ندی گه‌وره(مه‌زهه‌ری خالقی)ـیه. كه توانیویه‌تی به به‌رهه‌مه ده‌گمه‌ن و دانسقه‌كانی و به چریكه‌ی پڕ له سیحری قوڕگی هاواره‌كانی سه‌دا و سۆزی ده‌نگی بچێته نێو ڕۆحمان و بۆ هه‌میشه له نێو هزر و خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌مان به زیندوویی بمێنێته‌وه، كه بێگومان ئه‌مه‌شیان گه‌وره‌یی و زیره‌كی و باڵاده‌ستیی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند خالقی ده‌گه‌یه‌نێت، كه چه‌ندین ساڵ به‌ر له ئێستا توانیی له ڕێگه‌ی ئه‌و میلۆدییه كوردییه پڕ تام و چێژانه‌ی كه هه‌رگیز له ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤی كورد جیانابێته‌وه كاریگه‌ریی ئه‌وتۆ بێنێته نێو گۆرانی و موزیكی كوردی و ئێمه‌ی كوردیش هه‌ست به بوونی ئه‌و میلۆدی و ئاوازانه بكه‌ین، كه گوزارشت و بنه‌مان بۆ گۆرانی و موزیكی كوردی، له ڕووی هونه‌رییه‌وه خالقی توانیی ئه‌و میلۆدییانه بێنێته نێو گۆرانیی كوردی، كه ڕه‌سانه‌یه‌تی هونه‌ری كوردی و مۆركێكی تایبه‌تی كوردی بسه‌لمێنێت و به هیچ شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری موزیك و میلۆدی بیانی له‌سه‌ر نه‌بێت و خاڵێكی دیكه‌ی هونه‌ریی گرنگ كه له كاره پڕ له داهێنانه هونه‌رییه‌كانی خالقی به‌دیار ده‌كه‌وێت ئه‌وه‌یه، كه هونه‌رمه‌ند توانیی به ستایلێكی ئۆركسترایی كاره هونه‌رییه‌كانی به شێوازی هاڕمۆنی و دابه‌شكردنی موزیكی چڕ و پڕ به‌رهه‌م بێنێت، كه لێره‌شدا چه‌ند موزیكزانێكی كورد ڕۆڵ و كاریگه‌ریی ئه‌وتۆیان هه‌بووه له ئه‌نجامدانی ئه‌م به‌رهه‌مانه، به تایبه‌ت موزیكژه‌ن و دانه‌ری به توانا مامۆستا (موحتهبای میرزاده) و هونه‌رمه‌ندی موزیكژه‌ن (حه‌سه‌ن یوسف زه‌مانی). كه ئه‌مه‌ش وه‌ك ده‌ستپێكی گرنگ و پڕ به‌ها ده‌ستنیشان ده‌كرێت له به‌رهه‌مه نایابه‌كانی خالقی.
پاشان ده‌نگی خالقی ئه‌و ده‌نگه‌یه كه تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و ستایلێكی تایبه‌ته له نێو هونه‌ری گۆرانی كوردی و هه‌موو شێوازه زانستییه هونه‌رییه‌كان و خاسیه‌ته‌كانی هونه‌ری تێدا به‌رجه‌سته‌یه. كاتێك گوێ له گۆرانیه‌كانی ده‌گرین، سۆزێكی پڕ له تام و چێژی كوردی ده‌به‌خشێته ڕۆحمان و چریكه و سه‌دای قورگی ده‌مانباته نێو دنیایه‌كی خه‌یاڵی و گوزارشته له دیمه‌نه جوانه‌كانی كورد، بۆیه جێگه‌ی شانازییه‌كی گه‌وره‌یه، كه ئێمه‌ی كورد خاوه‌نی هونه‌رمه‌ندێكی مه‌زنی وه‌ك خالقین.
به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی خالقی بۆ ئێستا و بۆ ئاینده‌ش بوونه‌ته قوتابخانه‌یه‌كی هونه‌ری گرنگ، كه گه‌یشتن به‌و پایه گه‌وره هونه‌ریه‌ش زیره‌كی و ئه‌وپه‌ڕی توانا و داهێنانی هونه‌ریی گه‌ره‌كه، هه‌ر بۆیه‌ش خالقی به‌سه‌دا و چریكه‌ی پڕ له سیحری قورگی و ئه‌و ستایله هێمن و ئارامه‌ی كه هه‌ڵیبژارد توانی باڵاده‌ستی هونه‌ری خۆی بسلمێنێت و تێكه‌ڵی هونه‌ر و خه‌یاڵمان بێت و بۆ هه‌میشه باڵاتر و نه‌مرتر به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی له نێو ڕۆح‌دا جێگیربن و ببێته ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ دوێنێ و ئه‌مڕۆ و سبه‌ی گۆرانی و موزیكی كوردی.
ن/ هه‌ڵبه‌ست سه‌ڵاح
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.